شەهید"خالیدە رەش" بەیەكێك لەفەرماندە هەرە ئازاو چاونەترسەكانی ئەوێ رۆژێی تیپی(12)ی سۆران ئەژماردەكراو لەناو جەماوەریش پێگەیەكی تایبەتی هەبوو. خۆشەویستی ئەو بۆ خەڵك و شۆڕش و كوردایەتی خۆشەویستییەكی جیاواز و خۆنەویستانەبوو هەربۆیە بۆچوونەكانی هەڵوێستەكانی رێزلێگیراو بوو لەلایەن سەرووی خۆی، لەلایەن جەماوەری ناوچەكە.
بۆ زیاتر زانیاری لەسەر ئەم شەهیدە خۆڕاگرە هەڤاڵ"معین مستەفا" ناسراو بە"شاهۆ" جێگری مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە و پێشمەرگە و كادیر لەتیپی(12)ی سۆرانی ئەوكات، دەربارەی شەهید خالید وتی:
"لە مێژووی دروستبوونی تیپی12ی سۆران لە بەهاری ساڵی 1982 تاكو راپەرینی ساڵی 1991، كۆمەڵێك پێشمەرگە و فەرماندەی زۆر قارەمان و ئازاو دڵسۆزی لێهەڵكەوت، بەشێكی زۆریان گەیشتە كاروانی نەمران و شەهید بوون، بەشێكیتریان ئێستا كادیر و فەرماندەی پێشكەوتووی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"ن و هەمان رێبازی هەڤاڵانی شەهیدەكانیان درێژە پێدەدەن.
تیپی(12)ی سۆران یەكێك لە تیپە هەرە ئازاكانی ئەوێ رۆژێ بوو، بەسەدان چالاكی و نەبەردی ئەنجامداوە، هیچ لوتكەو شاخێ، پێدەشتێ، گوندو شارێ نەمابوو چالاكی نەبەردییەكانی تیادا ئهنجام نەدات و خوێنی پێ نەبەخشێ، دەیان فەرماندەی شەهید و سەدان پێشمەرگەی شەهید گەواهی ئەوێ رۆژێن.
یەكێك لەو تیپانەیە كە زۆرترین فەرماندەی شەهید بوون. یەكێك لە فەرماندە شەهیدەكان فەرماندەی كەرتی چوار خالید عهزیز مهعروف-ە ناسراو بە خالیدە رەش، ناوبراو بەرزتر لە ورە، ورەیەكی بەرزتر لەدارچنارەكەی سەروچاوی كۆڵان، لە خۆڕاگریدا ئیرەیی پێ دەبرا. هێندە مەزن بوو كێوەكانی هەندرێن و كۆڕەك لە ئاستیدا تەپۆڵكەو بناربوون، بەهەموو واتای خۆشەویستی خۆشەویستبوو. شەهید لە ساڵی 1985 كاتێ كرایە فەرماندەی كەرتی چوار لەبەرخۆشەویستی و دڵسۆزیی و ئازایەتی خۆی، كەرتەكە بەشێوەیەكی باش گەشەی كرد تا شەهیدبوونی.
لەشەوی 7/8 مانگی 9ی 1987 لەكاتی ئەنجامدانی داستانێكی تری یهكێتی لە دۆڵی خانەقاو وەرتێ، كە سەركەوتنێكی تری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، تیپی 12ی سۆران بەشێك لەو هێزە بوو، شەهید خالیدە رەش وەكو فەرماندەی كەرتی چوار و ئێمەش لەگەڵیابووین 25 پێشمەرگە بووین 13 پێشمەرگەیان تازە ببوون بەپێشمەرگە، یەكەم شەڕبوو بەشداربوون. شەوێكی زۆر تاریكبوو مۆڵگەی چەتە جاشەكانمان بۆ نەدۆزرایەوە بەهەڵە ئاراستەكەمان وەرگرت لەكاتی دەستپێكی شەڕ و كاتژمێر سفر جاشەكان ئێمەیان لە دواوە دایەبەردەستڕێژی گولە.
ئەوكات زانیمان ئێمە بەهەڵە رۆیشتووین و شوێنەكەمان بەهەڵە كردۆتە ئامانج، بەهۆی هەڵەكەوە هێزەكەمان پەرتەوازە بوو و لێكدابڕا، تەنها شەش كەسمان ِرووەو جاشەكان پەلامارمان دەستپێكرد، بەڵام جاشەكان لە دەرەوەی مۆڵگەكەیان دامەزرابوون بۆیە زیانێكی زۆریان لێداین لە ئەنجامدا سێ بریندار كە دوانیان شەهید بوون یەكێكیتر عەدەد R.B.G بوو، چیمان بۆ نەكرا تەنها توانرا بریندارەكان دەرباز بكەین كە بەداخەوە دوان لە بریندارەكان پاش ماوەی نزیكەی كاتژمێرێك شەهیدبوون، یەكێك لە شەهیدەكان خالیدە رەش فەرماندەی كەرتەكەمان بوو. درود بۆگیانی شەهید خالیدە رەش دەنێرین."
ژیاننامهی شههید خالیده رهش:
ناوی تەواوی "خالید عهزیز مهعروف"ه، ناسراوه بەخالیدە رەش. له گوندی بنمیرد، قەزای رواندوز له(1/7/1957) هاتۆته دنیاوه. تا شەشی سەرەتایی خوێندووە، ساڵی(1976) پەیوەندی بەڕێكخستنهوه كردووهو یهكێكبووه له مهفرهزه سهرهتاییهكان و ساڵی(1977) پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەوە كردووه.
لهكاتێكیشدا كه تیپهكان دروستدهبێت، لە تیپی(12)ی سۆران لە دەستەی تیپ درێژه بەپێشمەرگایەتی دهداو لهبهر شارهزایی لهكاری پێشمهرگانه و ئازایهتییهكهی كۆمهڵێ بهرپرسیارێتی پێدهدرێ وهكو:
- لە ساڵی (1983) كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی تیپ.
ـ لە ساڵی (1984) لەبەرئازایی و لێهاتوویی كراوەتە جێگریی كەرت.
ـ لە ساڵی (1985) كراوەتە فەرماندەی كەرتی (4)ی شەهیدان.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداری زۆربەی داستان و نەبەردی و بەرگرییەكانی سنوری تیپى(12)ی سۆرانی كردووەو رۆڵی بەرچاوی بینیوە لە هەڵمەت و هێرشەكاندا لەوانە: گرتنی فهوجی ئاكۆیان، لێدانی فهوجی دۆڵی خانەقا، گرتنی رەبیەی باسرمە، گرتنی قاتع جەیشی شەعبی تەق تەق، گرتنی رەبیەی بەردی بازنان لەگەڵی عەلی بەگ، داستانی رزگاری.
له ژیانی پێشمهرگایهتیدا دووجار برینداربووە لە ساڵی(1985) لهكاتی تۆپبارانكردنی ناوچه ئازادكراوهكان بهدهستی رژێمی بهعس، تۆپێك بەرماڵەكەی دهكەوێ و خێزانەكەی"سەروەر وەسمان" بەسەختی برینداردهبێ و بەهۆی سەختی برینەكەیهوه هەمان ساڵ شەهید دهبێ.
بۆ مێژوو شەهید خالید یەكێكبووە لەو فەرماندە چاونەترسانەی هەرگیز حسابی بۆ گولەی دوژمن نەكردووە، كەسایهتییەكی بەسەنگ و كۆمەڵایەتی بووه لەگەڵ پێشمەرگە و جەماوەری ناوچەكە. جگە لەخۆی برایەكی تری بەناوی"خاڵ سیسۆ" شەهید بووه لەڕۆژی رزگاركردنی شاری كەركوكی قودسی كوردستان لە(20/3/1991).
شههید خالید، خێزاندار بووەو ناوی هاوسەرهكهی"سەروەر وەسمان وسو"وهو خاوهنی سێ منداڵ بوون بهناوهكانی "پشتیوان، هەژار، نارین".
بهداخهوه ئهم پێشمهرگهو فهرمانده قارهمانه له دۆڵی خانەقا ـ لەپاككردنەوەی جاش و جەیش شەعبی رژێم له شەوی(7/8 مانگی 9ی 1987) دهچێته كاروانی نهمرانهوه.
ئەو بنەماڵە شۆڕشگێڕ و كوردپەروەرە خاوەنی(١١) شەھیدن، لە پێناوی كوردایەتیدا. بەناوەكانی:
١- شەھید مام كهریم.
٢- شەھید عهبدوڵڵا.
٣- شەھید خالید عهبدوڵڵا.
٤- شەھید محهمهد.
٥- شەھید ئیدریس.
٦- شەھید ئهحمهد.
٧- شەھید مهعروف.
٨- شەھید حهمد ئهمین خەزای.
٩- شەھید خاڵ سیسۆ.
١٠- شەھید خالیدە رەش.
١١- شەھید سەروەر وەسمان، ھاوسەری خالیدە رەش.
بابەتی زیاتر