عەلی محەمەد چوارتایی*



ئەوکات پڕبوو لە خۆشەويستى، خۆشەویستییەکى بێوێنە هەبوو لە نێوان مرۆڤ و خاک و چیادا، دواڕۆژێکی پڕ لە هيوامان له پێشبوو کە ئەویش ئازادی بوو، بۆ مرۆڤ بۆ خاک و بۆ عاشقانی نیشتمان..
ئەوکات دارگوێزە قژ سەوزەكانى نيشتمان هاوڕێی هەميشەیمان بوون. هەوری سپی و دڵۆپە بارانەکانی ئاسمان میوانی سەنگەر جەستەی تەزیومان بوون!
شاناخسێ مەڵبەندی عیشق و ئەوینمان بوو، شەوە تار و تاریکەکانی جێژوانی مەمەکانی ئالان بوون، ڕەز و هێشووی سووری ترێش شەرابی ڕۆحمان بوون، ئاوی سارد و هاژەی چەمی کاڕەش دڵۆپی سپی چاومان بوون.
مانگى 9/ ساڵى1987 پردى كاڕەش، وەرزى هاتنی پايز بوو گەڵا قەرسیلەییەکانی جەستەی هاوین دەوەرین و ڕەنگيان وەك ئاڵتون زەرد ئەبوو، سەرماى پايز لووتكەى گمۆى دەتەزاند و شنەى شەماڵ ماڵئاوایی لە هەزاركانى دەكرد و سەرما و سۆڵە خۆی ئامادە دەکرد بۆ لە ناوبردنی دار و درەختە کەساسەکان.
لە بنکەی کاڕەش دوو ژوورمان هەبوو بۆ ئەوەى خۆمان لە زستانى سەختى شاناخسێ بپارێزين بڕياردرا ژوورێكى گەورەتر دروست بكەين، ئەندازيار و وەستاى دروستكردن شەهيدى نەمر "حاجى سەراوى" بوو. خەلفه و شاگردەکانی ئێمەبووین بە چەند ڕۆژێک ژوورێكی گەورەمان دروستكرد، وەرزی زستانی دامێنی گمۆ زۆر سەخت بوو، هێندە بەفر دەباری ڕێگاکان دەگیران و کەس نەیدەتوانی هاتووچۆ بکات! شەوانە بەفری ڕۆح سپی کلو کلو دەباری سەرتاپا شاخ و شوێنەکانی سپی پۆش دەکرد. سپێدەی بەیانی کە لەخەوی شیرین هەڵدەساین ڕندووی بەفری سپی دەرگا و پەنجەرەی ژوورەکەمانی دەبەست و زۆر بەناخۆشی دەمانتوانی بێینەدەرەوە.
دوو سێ پێشمەرگە بەخاکەناز بەفرەکەیان ڕادەماڵی شوێنى هاتووچۆیان دەکردەوە! دیسانەوە ڕەشەبایەکی بەهێز دەهاتوو ڕندووی گەورەی دروستدەکرد، دیسانەوە ڕاماڵینی بەفر دەستی پێدەکردەوە.
ڕۆحى نەمران شاد بێت ڕۆژە سەختەكانى شاخ هەرگیز بيرناچنەوە، سڵاو لەو مێژووە ئاڵتونییەی شاخ.
________
* پێشمەرگەى دێرین و خاوەن ئەرشیفێکى دەوڵەمەندى وێنەکانى تیپى ٣٧ى شارباژێڕ.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved