عه‌باس عه‌بدولڕه‌زاق
    به‌شی یه‌كه‌م


 
كاتێك ئەگەرەكانی رووخانی رژێمی به‌عسی دیكتاتۆری لە ئارادابوو، تا كۆتا كۆبوونەوە فراوانەكەی سەركردایەتی و كادیرەكانی "ی.ن.ك" لە قاسمەڕەش، ره‌وانشاد "نەوشیروان مسته‌فا" لەو کۆبوونەوەیەدا سێ ئەگەری سەرەكی خستەڕوو یەکیان خۆئامادەكردنمان بوو بۆ راپەڕین، ئەمە لەكاتێكدابوو زۆربەی گونده‌كانی سەر سنوور تا نزیكی شارەكان چۆڵكرابوون..
دواتر كاك "فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر" كۆبوونەوەی لەگەڵ كادیرانی دەزگای راگەیاندن ئەنجامدا بۆ خۆئامادەكردن، كۆمەڵێك كاسێتى هاندان دژ بە رژێمى بەعس، لەلایەن هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتییەوە هێنابوو بۆ رادیۆ تائێستاش دانەیه‌كم له‌لاماوه‌، لەوێش من راپۆرتێكم پێشكەش بەكاك فه‌ره‌یدون كرد لەبارەی چۆنێتی خۆگەیاندن بەكەرەستەكان و دامودەزگاكانی تەلەفزیۆن و به‌كارخستنەوەی.
هەرلەوێش خۆم ئامادەكرد لەیەكێك لە میحوەرەكانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ براده‌راندا دابەزم، پێش راپەڕین كاك نەوشیروان پلانی رزگاركردنی شارو شارۆچكەكانی دانابوو، دابەشی كردبوو بەسێ میحوەرەوە، هەروەها پێمووتن من و كامێراكەم ئامادەین، پێیانباشبوو، كاك نه‌وشیروان وتی:
"ئاگادارتان دەكەمەوە چاوەڕوانبن."
ئەو راپۆرتەى پێشکەشم کردبوو بریتیبوو لە چۆنیەتی پاراستنی وێستگەی تەلەفزیۆنەكان، دواتر وەگه‌ڕخستنەوەیی و دامەزراندنی كەناڵێكی كوردی ئازاد. هێزەكانی پێشمەرگە لەبنكەكانەوە بەڕێكەوتن بەرەو سەر سنوورەكان، منیش چاوەڕێی بروسكەی. كاك فەره‌یدون بووم، دواتر بروسكەكەم پێگەی، به‌ڵام لە كاك فه‌ره‌یدونەوە نەبوو لەلایه‌ن كاك "ملازم عومەر"ەوە بوو.
دوابەدوای بروسكەكە نامەیه‌كی شه‌هید "شەوكەتی حاجی موشیر"م پێگەیشت كە ده‌ڵێت لەسەر داوای ئەو بووە، سڵاوی له‌ مام رۆسته‌م و كاك شێخ عه‌بدولكەریمی شەدەڵە كردبوو..
من پێمخۆشبوو لە میحوەری سلێمانی كەركوكەوە بڕۆم، بەڕێكەوتم بۆ سنوور، لە گوندی "...." كاك ملازم عومەرو كاك شەوكەتی حاجی موشیرو مام رۆسته‌م  و كاك شێخ عه‌بدولكەریم و كۆمەڵێك پێشمەرگەی هاوڕێم لەوێ بوون، هەموومان چاوەڕوانی سه‌عاتی دەستپێکردن بووین، دواتر باسی چۆنێتی دامەزراندنی تەلەفزیۆنم، بۆ كاك عومەرو كاك شەوكەت و مام رۆسته‌م و كاك شێخ عه‌بدولكه‌ریم كرد، پێموابوو گاڵتەیان بەعه‌قڵم دەهات.!
به‌ڵام هەرتەنیا سەریان بۆ ئەلەقاندم "راپەڕین دەستی پێكرد لە بیرەوەرییه‌كی جیاوازدا باسی دەكەم" بێگومان راپەڕینی سلێمانیم تۆماركردو هه‌ر بۆ مێژوو پێمخۆشه‌ ئه‌وه‌ش بڵێم، نەمدەزانی ماڵمان لەكوێیه‌، دوای زیاتر لە پێنج ساڵ ئاگام لە ماڵ و مناڵەكانم نەمابوو شوێنیانم نەدەزانی! شەوێك لەمزگەوتی "عه‌لی كەمال" دەخەوتم كاك شەوكەت و برادەرەكان پێیانوابوو دەڕۆمەوە بۆ ماڵی خۆمان، تا بەڕێكەوت لەكاتی تۆماركردنی رۆژانە ره‌وانشاد "دڵشاد محه‌مه‌د عه‌لی"م، بینی، دڵشاد كاتی خۆی پێكەوەبووین، ئەو ماڵی ئێمەی پێدەزانی، رۆژانە سەردانی كاك شەوكەت و برادەرەكانم دەكرد. لەڕزگاركردنی كەركوك بەشداریم كرد. برادەران هاوكاریان كردم لەوێستگەی تەلەفزیۆنی كەركوك جێگیربووم. ئەوكات بەتالیۆنی "..." كاك "سه‌ید ئەحمه‌د حه‌مەلاو" لێپرسراوی بوو، دڵشاد لەگەڵمابوو، هەرلەوكاتەدا چەند كەسێك دەیانوویست "...." بەگه‌ڕی بخەن، لەوانە كاك "نوری هونەر" لەلایه‌ن كاك نەوشیروانەوە راسپێدرابوو، كاتێك ئەوهات من كارمەندەكانیشم بانگهێشتكردبوو، لەوێ ره‌وانشاد "ئیسماعیل خه‌یلانی"م، ناسی، دواتربوو بەهاوڕێم و هاوكاری دەكردم هەروەها سەردانی ماڵی "ئه‌بو تیمو"م، كرد لەوێ كاك "خەبات عه‌زیز"م، بینی كە دواتر كاریگەریی زۆری هەبوو لە دامەزراندنی ته‌له‌فزیۆندا.
ئێمە تەلەفزیۆنمان ئامادەی پەخش كرد، ئەوكات ره‌وانشادان، نەوشیروان و كاك قادری حاجی عه‌لی، لە كه‌ركوك بوون، كاك قادر لێپرسراوی دەزگای راگەیاندن بوو، من بەوردی هەموو كارەكەم پێڕاگەیاند، كاك قادر وتی:
"با لەگەڵ كاك نەوشیروان قسەبكەم."
دواتر پێیانووتم جارێك خۆمان ئاگادارت دەكه‌ینەوە، ئەوكات شەڕەكانی لای سه‌ربازگه‌ی خالید زۆر قورس بوو، منیش ماوه‌یه‌كی زۆر لە كه‌ركوك بووم بەكاك قادرم وت:
"چەند رۆژێك ئەڕۆمەوە بۆ سلێمانی گەر هەر گۆڕانكارییه‌ك بوو بەجیهازی بێتەلەكان ئاگادارم بكەرەوە خۆم دەگەیه‌نمە كه‌ركوك." ئەو ماوەیەی لە كەركوك بووم، رۆژانە دەگەڕام وێنەم دەگرت، تائێستاش له‌یادی رزگاركردنی كه‌ركوداو لە تەلەفزیۆنەکانەوە نیشان ده‌درێ.
ئەو ماوەیەى کە لە کەرکوک بووم (30)ی رۆژم پێچوو، لەگەڕانەوەمدا لە چه‌مچه‌ماڵ كاك خەباتم بینی، باسی پاشه‌كشه‌ی دەكردو شەڕ كەوتبووە دەوروبەری كه‌ركوك، لە چیمەن شەڕێكی قورس بوو، خەبات ترێلەیه‌كی گەورە رادیۆی هێنابوو، سەركەوتم له‌گه‌ڵیداو گەڕاینەوە بۆ سلێمانی شەو گەیشتین و ترێلەكەمان بەبڕیاری برادەران لای بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی كە ئەوسا بارەگای "ی.ن.ك" بوو، بەجێهێشت و رۆیشتینەوە بۆ ماڵەوە، بڕیارماندا سبەی یەكترببینین. دواتر من و خەبات عه‌زیز یەكترمان بینی، خەبات باسی ترانس پۆزەرێكی كرد كە دەتوانین پەخشی لۆكاڵی بۆ ناو سلێمانی بكەین.
خەبات ترانس پۆزەرەكەی هێنابووه‌ ماڵی ئێمە، كاسێتێكی سرود كه‌ كاتی خۆی لە شاخ مونتاجم كردبوو بەڤیدیۆكەی خۆم ئامێرەكەمان ئیش پێكردو پەخشمان پێكرد، به‌ڵام زۆرباش نەبوو، دواتر گواستمانەوە بۆ ماڵی خوشكێكی خەبات لە سەرچنار، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خانووه‌كه‌یان له‌به‌رزیدابوو كاتێك كه‌ تاقیمانكرده‌وه‌ بەجوانی وەریدەگرت.
دوای ئەوە رۆیشتین بۆ شاخی ئەزمەڕ نزیكی شوێنی رسیڤەرەكانی un  جێگیرمان كرد، پەخشێكی ئەزموونیمان ئەنجامداو دواتر پەیوەندیمان بەدەزگای راگەیاندنەوە كرد، وتمان كەناڵەكە ئامادەی په‌خشە.
لەوێش وتیان بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆزە ئەگەر تەلەفزیۆنەكە هەبێ خەڵك كەمتر ئاگای لەڕادیۆ دەبێت، ئەو بۆچوونه‌ كاك "ئازاد چالاك" پێیگەیاندین له‌ (27/3/1991) دواتر ره‌وانشاد "قادری حاجی عه‌لی و ئازاد چالاك"م، بینی وتیان زۆرباشە ئێوە لەدوای كاتەكانی رادیۆ پەخشێكی ئەزموونی بكەن بابزانین بارودۆخەكە بەچ لایه‌كدا دەكەوێت.
(30) رۆژ ئەم پەخشە ئەزموونییەمان بەردەوام بوو، ئەوە بوو كۆڕەوی خەڵكی كوردستان دەستیپێكرد، ترانس پۆزەرەكەمان پێچایەوەو بردمان لە بارەگای هەڤاڵ "مام جه‌لال" داماننا. دواتر بۆ مام شه‌رحی ئامێرەكەمان كرد.
بارەگای رادیۆ گوازرایەوە بۆ گەڵاڵە ئەو ترانس پۆزەرەیان لەگەڵ خۆیان بردەئەوێ، ئێمە "عه‌باس و خەبات و دڵشاد" دوای ئەوەی هێزەكانی هاوپه‌یمانان بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان دژە فڕینیان جێبەجێكرد ئێمە كەوتینە گەڕان بەدوای ئامێرەكانی "....." لە تەقوێكانی كوردستان، لە كەركوك بەهۆی ئەو ماوەیە په‌یوەندیمان دروستكردبوو كاك "ساڵح دەربەنی" هاتەلامان هاوكاریمانی دەكرد هەرلەوكاتەدا من نامەیه‌كم پێگەیشت لە "ئه‌بو تیمو" كە سەرپەرشتیاریی تەكنیكی تەلەفزیۆنی كەركوك بوو، داوای دەكرد ئەو برادەرانەی كە كاتی خۆی لە تەله‌فزیۆن كاریان كردووە بابگەڕێنەوە دواتر بەرنامەیه‌ك دادەنێین پێكەوە، بڕیارماندا لە "قه‌رە هەنجیر" یەكترببینین.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved