عه‌باس عه‌بدولڕه‌زاق
    به‌شی دووه‌م

"ئەبو تیمو" پێیووتم پارچەی یەدەگتان بۆ دەنێرم. بۆ ئەو كارە كاك "ساڵح دەربەنی"مان دەستنیشانكرد بۆئەوەی پردی پەیوەندی نێوانمان بێت.
باسی ئەوە كرا خەبات بۆ كەركوك بچێت، من رازی نەبووم. چونكه تائەوكاتە خەبات كارمەندی تەلەفزیۆنی كەركوك بوو، ئەگەر بیرم یارمەتیم بدات، وابزانم "ئەبو تیمۆ" ئیمزای دەستبەكاربوونیشی بۆ كردبوو.
ئەوەشم بیرنەچێت ئەبو تیمۆ، نەخشەی شوێنی تەقوێكانی بۆ ناردین، دەستمانكرد بەكۆكردنەوەیان و زۆربەی ئەو شوێنانەی كە دەچووینەسەری بەداخەوە وێران كرابوون..!
خەبات عەزیز، خۆی لەبەشی ترانس پۆزەرەكان بوو، ئەچووینە هەرشوێنێك پارچەی ترانس پۆزەرەكانی كۆدەكردەوە، تەنانەت بۆ شارۆچكەی سمبێڵ و ھاوینەھەواری سوارە تووكەی نزیك شاری دھۆكیش چووین، بۆ كۆكردنەوەی ترانس پۆزەرەكان، بەھەمانشێوە ئەوانەی شاری كەركوكیشمان كۆكردەوە، لەزاخۆ كاك "جەمیل" مان هەبوو، شارەزای ئەلكترۆنیات بوو، رامان سپارد بگەڕێن و بەردەوامبن لە دۆزینەوەی ترانس پۆزەر.
ئێمە چەند ترانس پۆزەری "INC" مان دەستكەوت، بۆ تاقیكردنەوەی ئەو ئامێرانە ناچاربووین ئەو ترانس پۆزەرەی لە رادیۆ دامان نابوو بهێنینەوە بۆ سلێمانی، لە قەڵاچوالان نیمچە وەرشەیەكمان دانا.
دەستمانكرد بەچاك كردنیان، هەرپارچەیەكمان كەم بوایە كاك ساڵح دەربەندیمان دەنارد بۆمانی دەهێنا. دوای ئەوەی مفاوەزات لەگەڵ رژێمی بەعسی دیكتاتۆری دەستیپێكردو لیژنەی تەنسیق دانرا، دوو ترانس پۆزەریان لەلای تانكی ئاوی تووی مەلیك دانا بۆ ئەوەی پەخشی تەلەفزیۆنی كەركوك پەخش بكاتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی. هەندێ لەو كارمەندانەی لەسەری دانرابوون كەمتر پەیوەندیان بەئێمەوە هەبوو.
ساڵح دەربەندی، بەهۆی ریسیڤەرەكەی دەربەندیخانەوە هاتوچۆی كەركوكی دەكردو پێداویستییەكانی ئێمەشی جێبەجێدەكرد، هەمیشە پەیوەندیمان لەگەڵی هەبوو.
لە (٤/١٠) هەڤاڵ "مام جەلال" سەردانی بارەگای رادیۆی لەگەڵاڵە كردبوو باسی ئەو ئامێرەی كردبوو كە كاتی خۆی لەگەڵ كەرەسەكانی رادیۆ ناردبووی. ئەوانیش پێیان راگەیاندبوو كە "عەباسی ڤیدیۆ" بردویەتی، مام توڕەدەبێ و دەڵێت:
"بەبڕیاری كێ بردویەتی؟"
كاتی خۆی لەگەڵ كاك یوسف زۆزانی قسەم كردبوو، كەی كاتی هات بۆ مامی روونكاتەوە بۆچی بردومە؟ هەرلەوێ بروسكەیەكم بۆ دەكەن كە بچم بۆ شەقڵاوە، وادیاربوو هەڤاڵ مام جەلال زۆر توڕە بووبوو لێم. دوایی ئەو راستیانەم بۆ ئاشكرابوو ئەو بروسكەیەی بۆیان كردووم بەمەبەستی سزادانم بووە، نەك هەر ئەوە كۆمەڵێك شتیتریشیان خستبووەسەری، كاتێكیش كە بروسكەكەم پێگەیشت، هێشتا بیرم لەوە دەكردەوە رەنگە ئەو بانگ كردنە بۆ كاری راگەیاندن و وێنەگرتن بێت.
كەرەسەكانم كۆكردەوەو رۆیشتم لەلیژنەی تەنسیق لەوێ "جەمال غەمبار"م، بینی پێكەوە سەردانی كاك "شێخ سالار" مان كرد كە ئەوسا لێپرسراوی لیژنەی تەنسیق بوو، نامەكەیان بۆ نووسیم كەوتمەڕێ بۆ شەقڵاوە لە (١٥/٤) لەوێ كاك مەلا یاسین-م، بینی پێمووتن بروسكەم بۆ كراوە، وتی:
"ئەزانم ئێستە عەرزی مامی دەكەم."
كاك "حاكم قادر" هاتەدەرەوە منی بینی دەستبەجێ وتی:
"ئەرێ چیت كردووە وا مام زۆر توڕەیە لێت."
هەرئەوكاتە مەلا یاسین هات وتی:
"مام دەڵێت بالێرە بێت دوایی دەیبینم."
بەحاكمم وت هیچ لەخۆمدا شك نابەم. دەتوانم بڵێم لێرەوە سەرەتای دەستپێكردنی دامەزراندنی تەلەفزیۆنە، لەبەرئەوەی پێشتر زۆر پەرتوبڵاو كارەكانمان دەكرد كەسیش زۆر بەگرنگییەوە كارەكەمانی هەڵنەدەسەنگان، دوای دوو كاتژمێر مەلا یاسین بانگی كردم و وتی:
"فەرموو بڕۆ مام چاوەڕوانتە."
دواتر رێنماییان كردم بۆ ژوورە تایبەتەكەی مام، دوای كەمێك جەنابی تەشریفی هێناو لەدوای خۆی دەرگای ژوورەكەی داخست.
دوای ئەحواڵ پرسینێكی سارد، دانیشتین مام پێیووتم:
"بانگم كردویت بۆئەوەی بزانم بۆبەبێ پرس كار دەكەیت و هاوكاریی دامودەزگاكانی یەكێتی ناكەیت، یەكەم بۆچی فیلمی وێنەكان كە دەیگریت تەسلیمی یەكێتی ناكەیت بۆئەوەی سوودی لێ وەرگرن. دووەم ئەو ئامێری تەلەفزیۆنە بۆ بەبێ پرس بردووتە."
ئاشكرابوو بۆم كە لەڕادیۆ مامیان لێ پڕكردوم، مام زۆر بەتوڕەییەوە چاویلكەكەی چاكدەكردەوە. منیش زۆر بەهێمنی پێمووت بۆم هەیە بەرگریی لە خۆم بكەم، مام وتی:
"دەی بزانم بڵێ."
وتم:
"بۆ خاڵی یەكەم."
مام وتی:
"خاڵی یەكەمم ناوێت، بڕۆرە سەر خاڵی دووەم."
منیش پێمووت:
"لەگەڵ كاك یوسف زۆزانی جێگری لێپرسراوی دەزگای راگەیاندن، قسەم كردبوو، ئێمە كۆمەڵێك ئامێری لەو شێوەیەمان كۆكردۆتەوە پێویستیمان بەو ترانس پۆزەرە بوو بۆئەوەی ئەوانیش چاك كەینەوە، ئێستا ئێمە (١٠) ئامێری لەو شێوەیەمان هەیە."

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved