عهباس عهبدولڕهزاق
بهشی سێیهم
مام هەستاو دەرگای كردەوەو هاواری كرد:
"كێ لەوێیە بۆ ئوسوڵتان نییە ئاوێ چایەك قاوەیەك بێنن."
لەنزیكمەوە دانیشت و وتی:
"بەنیازن چی بكەن."
منیش هەربەهێمنی عەرزم كرد كە فیلمەكان لەسەر داوای جەنابتان تەسلیمی كاك "دكتۆر كەریم"م، كردووە. من دەموویست گلەیی بكەم بۆچی تائێستا هیچ دەنگی نییە؟ چایان بۆ هێناین نەخشەی دابەشبوونی "تەقویەی" تەلەفزیۆنی عێراقم لابوو بەوردی پلانەكانمان بۆ باسكرد. وادیاربوو بیری له قسهكانم دەكردەوەو وتی:
"نیوەڕۆ میوانی منی پێكەوە نان دەخۆین."
منیش پێكەنیم و وتم:
"لەگۆچانەوە بۆ دەعوەتی نیوەڕۆ، وادیارە دەستكەوتی گەورهمان بەدەستهێناوە بۆ ئەوەی دەستكەوتەكان زیاتر بێت، ئێمە چاوەڕوانی گەڕانەوەی جەنابتانین بۆ سلێمانی بۆئەوەی پەخشەكەمان دەست پێ بكەین."
ئەوكات رۆژانە ماوەی كاتژمێرێك پەخشی ئهزموونیمان ههبوو، دواتر لەسەرنان خواردن قسەمان كرد. مام رووى تێکردم و پێیووتم:
"چیتان پێویستە بۆتان بكەم."
منیش وتم:
"هیچمان پێویست نییە."
دوای نان خواردن، نامەیەكی نووسی بۆ دارایی، ئەوكات لەقەڵاچوالان بوو رهوانشاد "عومەر غەریب" لێپرسراو بوو، بڕێک پارەی خستەبەردەستمان و بروسكەیەكی بۆ مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی نارد ئەوكات مامۆستا "عەبدوڵڵا" لێپرسراوی بوو، لە مەڵبەند ژوورێكیان بۆ دابینكردین. مام ئهوهشی پێووتم:
"لە سلێمانی گردبوونەوەیەكی جەماوەری گەورە ئەنجام دەدەین بەبۆنەی شۆڕشی ئەیلولهوه خۆت ئامادەبكە، هەم وێنەی بگرن و هەمیش پەخشی بكەن."
شەو گەیشتمەوە سلێمانى، هەرکە گەیشتمە ماڵەوە پێیانووتم لە مەڵبەندەوە مامۆستا عەبدوڵڵا زۆر تەلەفۆنی كردووەو پێیووتووین کە گەڕایەوە با تەلەفۆنم بۆ بکات.
ئەوشەوە بهتهلهفۆن هەندێ قسەمان كردو پێیووتم بۆ سبەی وەرە بۆ مەڵبەند بزانین پێداویستییەكانى ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە چییە؟ لەمەڵبەند لەگەڵ لیژنەی ئامادەكردنی مەراسیمەكە كۆبووینەوەو داوام لێ كردن سەكۆیەكی بەرز لەبەرامبەر "ستەیجەكە" لەمدیویشەوە بڕوانێتە جەماوەرەكە بۆ ئەوەی بتوانین بەجوانی روماڵی بكەین بۆ ئەوەى دەنگێكی پاكمان دەستكەوێت. لەسەر "مونەسەكەوە" وایەرمان راكێشا بۆلای سهكۆكەی لای خۆم، لەگەڵ "خەبات عەزیز"دا، ژوورێكمان وەرگرت.
کۆبوونەوەمان بەسەرجەم برادەرانیش کردو سازو ئامادەمان کردن، لەبارەی پەخشەكەشەوە تا ئەوساتە تەنیا مەڵبەندى (1)ى سلێمانى و من و خەبات عەزیزو مامۆستا "جەمال عەزیز" لە پەیوەندییەكان دەمانزانی پەخشى راستەوخۆ دەكرێت.
كاتی ئهوهیه لهسهر چۆنێتی پهخشهكه راوهستم بۆئهوهی بزانن بهچ فێڵ و ماندووبوونێك دهستمان به پهخش كرد. ترانس پۆزەرەكان تەنیا كاری ئەوەیە، ئاماژه "اشارة" كەركوك وەرگرێ و تەقویەی بكات بۆ سلێمانی، خهبات ئامێرێكی پێ بوو(UHF) بۆ (VHF)لە ڤیدیۆوە دەیگوازتەوە بۆ ناو ئامێرەكە ئەویش پەخشی دەكرد. تەقوێكەی لای تانكی ئاوەكەی تووی مەلیك كە ماوهیهك بوو رژێم داینابوو، ئێمە بەموڵكی خۆمانمان دەزانی، خەبات پێشنیازی كرد هەرلەوێوە پەخش بكەین، لەبەرئەوەی تەنزیم كراوە، بەجوانی شار وەردەگرێت.
هەرلەوێ مهفرەزەیهكی سەربازی دانرابوو بۆ حیمایەی ئەو شوێنە رۆژێك پێشتر لەگەڵ كاك "جەبار فهرمان" قسهمان كرد ئهویش لەگەڵ كاك ئاواتی شێخ جهناب ئەوكاتە لێپرسراوی ئەمنی شاربوو ئهویش بەبێدەنگی بەتەنسیق لەگەڵ مامۆستا جهمال عهزیز سەربازەكانیان لەوێ دوورخستەوە لە ساختمانەكانی پشتەوە دانرا. بۆ نیوەڕۆ خواردنم بۆ بردن، لەوێ دوو پاسەوانی مهدەنی لێ بوو پێشتر تەنسیقمان لەگەڵ كردبوون پێمانووتبوون هەرتەلەفۆنێك لەکەرکوکەوە بێت وەڵام بدەنەوە بڵێن هیچ نییە هەرخۆیانن.
لەخواریشەوە مەفرەزهیهكمان دانابوو بۆئەوەی كەس سەرنەكەوێت بۆلای تانكییهكان، ئامادەكارییهكان بەباشی كرابوو، كاك "بهختیار" خزمی خەبات بوو، ئۆتۆمبێلێكی لهجۆری مێگ زەمینی عهسكەری پێبوو، بانگمان كردبوو بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكات. كاك "حسێن" خوشكەزای خەبات، ئەویش بەههمانشێوە هاوكاری دەكردین. پێشتریش داوامان لەمەڵبەند كردبوو كێ كامێراو ڤیدیۆی هەیە با پهیوەندیمان پێوەبكەن بۆئەوەی سوود لە وێنەگرتنەكانیان وەرگرین.
بابەتی زیاتر