عه‌باس عه‌بدولڕه‌زاق
به‌شی چواره‌م
ئێوارەی رۆژی (۹/۱۱) لە یاریگای سلێمانی، جهماوەرێكی زۆر ئامادەی مەراسیمەكە بوون، منیش لەسەر سەكۆكەی خۆم بووم. چاوەڕوانی هاتنی هەڤاڵ "مام جه‌لال" بووین. من بۆ خۆم دڵەڕاوكێیهكی سەیر دایگرتبووم، به‌ڵام لەگەڵ هاتنی هەڤاڵ "مام جه‌لال" هەموویم لەبیرچۆوە.
كاتێ هەڤاڵ "مام جه‌لال" و برادەران لەپشتی "منصهة" كەوە، ئاگام لێ بوو مام لەگەڵ كاك جه‌بار قسەیان دەكرد، كاك جه‌بار ئاماژەی بۆلای ئێمە كرد واتێگەیشتم پرسیاری ئێمە بكات. مهراسیمەكە دەستی پێكردو پاش چه‌ند كاتژمێرێك و له‌كۆتاییدا من لە سهكۆكەی خۆم دابەزیم لەگەڵ خەبات و حسێن و بهختیارو چەند پێشمەرگەیه‌ك بەڕێكەوتین بۆ تووی مەلیك. لەژووری ترانس پۆزەرەكان ئەو ڤیدیۆ‌و كامێرایەی لەشاخیش پێمبوو ئەو دیمەنانەی راپه‌ڕینی پێ تۆماركرابوو یەكەم پەخشی تەلەفزیۆنی پێ پەخشكرا.
ئەو كاسێتانەی كە لەمەراسیمەكەدا كۆمانكردبوەوە، ئەوه‌ی خۆم كە كوالیتی ده‌نگ و وێنەی باشبوو سەرەكی بوو، هەروه‌ها كاسێتێكی سروودم پێ‌بوو كە لە ستۆدیۆكەی بەرگەڵو مونتاژم كردبوو. خەبات فیشەكانی ئامادەكرد، تا ئه‌و چركه‌یه‌ش تەلەفزیۆنی كه‌ركوك پەخشی بەردەوام بوو. لەپڕێك پچڕا‌و به‌سرودی "ئه‌ی كاكی پێشمه‌رگه"ی حه‌مه جه‌زا دەستمان بە پەخشهكەمان كرد، ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئەو سرودانە بەردەوام بووین تا من كاسێتەكەی خۆم بەوردی سه‌یركرد بۆ دڵنیایی، ئەوجا كاسێتی مەراسیمەكەمان پەخشكرد به‌لای زۆر كەسەوە جێی بڕوا نەبوو، بۆ دڵنیایی بۆئەوەی بزانین پەخشەكە باشە لەگەڵ خه‌بات دابه‌زین لە گەڕەكەكانی تووی مەلیك، هەرچەند ئێوارەكەی بە "ئۆمبلاس" لەلایەن رێكخستنەكانەوە ریكلامیان بۆ كردبوو. خەڵكی زۆربه‌ی گەڕهكەكان تەلەفزیۆنیان هێنابووە ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانیان و لە دەوری كۆبوبوونەوە. ئێمه كاری خۆمان ته‌واو كرد، كه گەڕابووینەوە، لە كەركوكەوە تەلەفۆنیان كردبوو پێیانووتبوون ئەوە چییە ئه‌و په‌خشه چۆن چووه‌ته‌سه‌ری!؟ پرسیاریان لهكارمهندو پاسه‌وانه‌كان كردبوو ئه‌وه چییه له‌سه‌ری؟
پاسەوانەكە پێیووتبوون كەسی لێ نییە، كە ئێمە لەوێ بووین ئه‌ندازیار "....." تەلەفۆنی كردبوو پێیووتبوون:
"چۆن كەسی لێ نییە ئەی ئەوە چییە پەخش دەكرێت.؟ "
ئەویش بهپاسهوانهكهی وتبوو ئەو جیهازە بكوژێنەوە، پاسەوانەكەش پێیووتبوو باشە ئەوە ئەیكوژێنمەوە، پاسەوانەكە چاوی لەئێمە داگرت، پێی‌ووت:
"كاكە گەر بڕواناكەی خۆت وەرە بۆ ئێرە."
مەراسیمەكە تەواو بوو، دووبارە سرودەكانمان دائەبەزان، هەندێ لەو فیلمانەی لەشاخ مۆنتاژمان كردبوو. جارێكی‌تر مەراسیمەكەمان دووبارەكردەوە. بەمشێوەیە یەكەم پەخشمان دەستپێكرد دوای تەواوبوونی، ترانس پۆزەرەكانمان خستەوە شوێنی خۆیان و پەخشی كەركوك دەستی پێكردەوە! لەگەڵ خەبات و حسێن و كاك به‌ختیار گەڕاینەوە ناوشار جموجوڵێكی سەیر كه‌وتبووه ناوشار. خه‌بات وتی:
"بابڕۆین بۆلای ماڵی "مام ساڵح" بابزانین پەخشەكه چۆن بووە؟ مام ساڵح شاره‌زای ته‌له‌فزیۆن بوو و به‌تایبه‌تی لە بواری ترانس میترەكان-دا، له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك كاری ده‌كرد، مام ساڵحم له‌ماڵی خۆیان ناسی، ئەویش زۆر بەدڵی بوو، منیش پێمووت:
"پێویستمان بەشارهزایی هەمووتان دەبێ."
ئه‌وه‌ی لای من بووبووه جێی پرسیار، ئەوەبوو كەسیان باسی ترانس میتەرەكانیان نەدەكرد نەیادەوت لەكوێ دانراوە؟ كە گەڕامەوە بۆ ماڵه‌وه وتیان لە قەڵاچوالانەوە په‌یوەندیان كردووەو وتویانە كە هاتەوە با تەلەفۆنمان بۆ بكات مام ئیشی پێیەتی، منیش تەلەفۆنم كرد وتیان مام ئیشی پێتە، كه هاته‌سه‌ر ته‌له‌فۆنه‌كه مام پێی‌ووتم:
"دەستانخۆشبێت سبەی خۆت و ستافەكەت بێن بۆ قه‌ڵاچوالان چاوه‌ڕوانتانم."
منیش تەلەفۆنم بۆ ستاف كرد كه به‌یانی لە مەڵبه‌ند ئامادەبن بۆ ئەوەی بڕۆین بۆ قەڵاچوالان، بۆ به‌یانیه‌كه‌ی خەبات مام ساڵحی ئاگاداركردبوو، له‌گه‌ڵ رێزێكی تایبه‌تم بۆ مام ساڵح، به‌ڵام پێمباش نەبوو له‌و سه‌ردانه له‌گه‌ڵمان بێت. لەكۆبوونەوهكەمان لەگەڵ مام. كاتێك ماممان بینی رێزێكی زۆری لێناین، من یەكەم كەس قسەم كرد، ئاماژەم بەهەموو لایهنەكانیدا، دواتر مامۆستا جه‌مال عه‌زیز باسی كاتی پەخشەكەی كرد لەناوشار. مام لەمنی پرسی:
"رای خه‌ڵك چۆن بوو له‌سه‌ر مه‌راسیم و وتاره‌كه؟"
منیش ئه‌وه‌ی راستی بوو له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا پێمووت كه خه‌ڵك زۆریان به‌دڵ بوو بوو جۆش و خرۆشێكی زۆری خستبووه ناویان و ته‌نانه‌ت زۆرێك له خه‌ڵك ته‌له‌فزیۆنه‌كانیان هێنابووه ده‌رێ و به‌كۆمه‌ڵ ته‌ماشایان ده‌كرد! به‌تایبه‌تی له‌وكاته‌دا كه جه‌نابیان ده‌ڵێ: كه‌ركوك قودسی كوردستان-ه.
هەروەها مامۆستا جه‌مال-یش، قسەكانی منی پشتڕاستكردەوە، مام وتی:
"ئەوه‌ی ئێوە كردوتانە زۆر گرنگ بوو."
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كاك عومه‌ر فه‌تاح-یش ئامادەبوو، مام به‌كاك عومه‌ری وت:
"كاك عومەر هەریەكەو دەمانچهیهكیان بەرێ، هیچیش مه‌ده به‌كاك عه‌باس، من نازناوی "كاكی تەلەفزیۆن"ی ئەدەمێ لەبری عه‌باسی ڤیدیۆ."
كە گەڕاینەوە خۆمان ئامادە دەكرد بۆ دامەزراندنی ستۆدیۆی جێگیر لەشوێنێك تایبەت بەخۆمان كە لە بەشەكانیتردا باسی ده‌كەم.
بابەتی زیاتر