عهباس عهبدولڕهزاق
بهشی پێنجهم و کۆتایی
یەكەم لۆگۆیی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان..
وەك پێویست كارەكانمان پێشنەدەكەوت نەمانتوانی گەشە بە بەرنامەكانمان بدەین، ئامێری پەخشەكان لە شاخی دوو برای پشتی قەیوان دامهزراو زۆر شوێنەكەمان سەخت بوو بۆ گەیاندنی كاسێتی بەرنامەكان جاری واهەبوو بەفر زۆر دەباری كارمەندەكان بەپیادە سەردەكەوتن تا دەگهیشتنە شوێنی خۆیان زۆر بەناڕەحەتی..
هەڤاڵ "مام جهلال" نیازی سەفەری هەبوو بۆ دەرەوەی وڵات لە سكرتارییهتهوە ئاگاداریان كردمەوە كە سەردانی قەڵاچوالان بكەم، لەماڵهكهی خۆی یەكترمانبینی، پێشتر لەگەڵ دادە هێرۆ دانیشتین لەبارەی كارە ڤیدیۆییەكانمان لە شاخ و تەلەفزیۆن گفتوگۆمان زۆر كرد. هێرۆ خان هەمیشە پشتگیریمانی دەكرد، دادە هێرۆ فەرمووی سبەی سەردانی ماڵەوەتان دەكەم دەمەوێت هەندێ لەو كارانەی خۆت ببینم.
دواتر چوومە خزمەتی مام، بەگشتی باسی تەلەفزیۆنمان كرد، دواتر قسە هاتەسەر ئاڕم و ناوی تەلەفزیۆن، ئایا وەك رادیۆ بیكەینە گەلی كوردستان یان بە Puk Tv بێت؟ لەسەر ئەویش قسەمان كرد، برادەران پێیانوابوو دەبێت بۆبەرەی كوردستانی بێت.
مام فەرمووی:
"نەخێر ئەوە پێتدەڵیم بەناوی یەكێتیی دەبێت."
واتا تەلەفزیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت. جەنابیان سەفەریان كرد بیرۆكەكەمان باسكرد بۆ شێوەكاران بۆئەوەی دیزاینێك لەشێوەی بورجێك لەناوەڕاست puk Tv نووسرابێت لەخوارەوە قاعیدەیهكی بۆ كرابێت بەنووسینی كوردی نووسرابێت "تەلەفزیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" سەری بورجەكە ئەستێرەیەكی سوور هیمای شەهیدانی پێوەبێت، كاك "ناسر تۆفیق" شێوەكارێكی دەستڕەنگین بوو، ئەو ئاڕمەی كێشابوو هێنای رای ئێمە وەرگرێت.
منیش پێمباشبوو كاك ناسر لە نامەیهك بۆ من بەمشێوە باسی دەكات:
"برای زۆر رێزدارم كاكە عەباس وا دەبێتە نزیكەی ٣٠ ساڵ تۆ یەكەم كەس و تاكە كەس بووی ناوی بەندەت ھێنا، لەلای منەوە ھەستم بەوەفایەكی گەورە كرد. وەلێ دەربارەی ئاڕمی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، ئەوە كاری منە."
لە شەوی (٣١/١٢/١٩٩١) لە قەڵاچوالان دابەزێنرا ئەو شەوەی كە پێش دەنگوباس پێشكەشكردن لەسەرمێزی مایكەكە نانمان ئەخواردو "جەمال غەمبار" كەوچكەكەی لەتەنیشت مایكەكە دانابوو لەبیری چووبوو لای بەرێ. لەكاتی وێنەگرتن من فریای كەوتم و لام برد ئەگینا ھەموومان دەبووین بەفیلم.
دواتر كە ھاتینە بیناكانی زانكۆ دوای ئەوەی بڕیار درا ستۆدیۆی دووی ههواڵ دروست بكرێ، بەندە ئەركی سەرپەرشتی ستۆدیۆكەم گرتەئەستۆ، كاك ناسر لەنامەكەیدا نووسیوێتی ئۆرجیناڵی ئەو ئاڕمە تائێستا لەلای خۆی پارێزراوە وێنەیەكی بۆ ناردووم. ئەو ئاڕمە بوو بەئاڕمی كردنەوەی تەلەفزیۆن، چەند رۆژێك بەردەوام بووین، ئەوكات كاك "قادری حاجی عهلی" سەرپەرشتیاری دەزگای راگەیاندن بوو، هەروەها لێپرسراوی بەرەی كوردستانی-ش بوو، وادیار بوو لەناو بەرەی كوردستانی داوایان كردووە كەناڵەكە ببێت بەكەناڵی بەرەی كوردستانی، هیچ نەبێت ئاڕمەكە وای لێ بكرێت گوزارشت بێت له بهرهی كوردستانی. كاك قادر، ناردی بەدواما لەبارەگای بەرەی كوردستانی یەكترمان بینی پێیووتم:
"ئەو ئاڕمە بگۆڕن."
منیش عهرزم كرد:
"مام كە سەفەری كرد پێووتم ئهو ئاڕمه نابێت بگۆڕێت، با بگەڕێتەوە یان بروسكەی بۆ بكەین بزانین رازی دەبێت."
وتی:
"كاكە من خۆم قسەی لەگەڵ ئەكەم لەسەر مهسئولییەتی من."
منیش ناچاربووم. بەمشێوەمان لی كرد PUk TV كەمان وەك خۆی مایەوە لە شوێنی نووسینەكەی لەشوێنی "یەكێتی نیشتمانیی كوردستان" نووسیمان "تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان" بەوشێوەیە تێمانپەڕاند. كە مام گەڕایەوە یەكەم بینینمان زۆر لێم تووڕە بوو فەرمووی:
"بۆچی ئەو ئاڕمەت گۆڕیوە."
دادە هێرۆ داكۆكی لێ كردم و وتی:
"قوڕبەسەرە فشارێكی زۆری لەسەربوو چی بكات."
لەوكاتەدا كاك قادر گەیشت عەرزی مامی كرد:
"ئەوان نەیانوویستووە بیگۆڕن من داوام لێ كردوون بیگۆڕن."
لەوێ داوام لە مام كرد كە رێگامان بدات ستۆدیۆیهك لەناوشار دروست بكەین لە یەكێك لەژێر زەوییەكانی ساختمانەكانی زانكۆ، لەبەرئەوەی هاتووچۆمان بۆ بەرنامەكان زۆر زەحمەت بوو. جەنابیان رازی بوو، ئەوكات ئەوشوێنەی هەڵمان بژاردبوو "بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی ئۆتۆمبێل" لێ بوو، بڕیار بوو ستۆدیۆكە ئەنجام بدهین هەموومان لەوشوێنە كۆبووینەوە، چەند ئەندامێكی نوێمان بۆهات، چەند ئەندامێكی بەشی تەكنیكی پەخش لە مەڵبهندەوە بۆیان رەوانە كردین كە دواتر رۆڵی گرنگیان بینی و بوون بەكادیری تەكنیكی ناودار.
هەروەها لە ئیدارەو تەنسیق بەشی دۆبلاجی منداڵان، لەوماوەیەی كە لەستۆدیۆكانی قەڵاچوالان بووین كاك "مهسعود بارزانی" سەردانی سلێمانی كردو كۆبوونەوەیەكی جەماوەریان كردبوو دواتر داوایان لە مەكتهبی سیاسی كردبوو لە تەلەفزیۆنەكە پەخش بكرێت، كاك قادر پێیووتم:
"بۆیان بڵاوبكەرەوە."
منیش وتم:
"بابزانم چۆن وێنەیان گرتووە."
زیاتر ترسم لە دەنگەكەی بوو، یان با فهحسی بكەین ئەوجا بڵاویبكهینهوه، ئەو برادەرانەی لقی چوار لەگەڵ ناو بهختیارێكدا هاتبوون وتیان پێویست ناكات ئێمە خۆمان هەموو كارەكانمان كردووە، تەلەفۆنم بۆ كاك قادركردو پێمووت:
"گەر كەموكورتی تێدا بێت من مهسئول نیم"
كاك قادر وتی:
"خۆیان چۆنیان دەوێت ئەوەیان بۆ بكەن."
منیش كاسێتەكەم لێ وەرگرتن كە بەرنامەكانمان نارد لهگهڵ كاسێتهكهی بهڕێز مهسعود بارزانی، كەكاسێتەكە بڵاوكرایەوە هەوادارانی پارتی پاڵەپهستۆیان دەكرد قسەی قیژوقاژو قسەی نەشیاو تێكەڵی وتەكانی جەنابی كاك مهسعود بووبوو، من بەپەلە تەلەفۆنم بۆ كاك قادر كرد پێمووت:
"چی بكەین بیپچڕێنین."
دواتر تەلهفۆنم بۆ لقی چوار كرد ئەوانیش كەوتنە تەلەفۆن تەلەفۆن كاری، لە كۆتایی وتارەكەدا بەجیهاز لەگەڵ شاخ قسەم كردو وتم:
"لای بەن كاسێتی دوای ئەوە دابنێن."
دواتر لەلقی چوارەوە لیژنەیهكیان سەردانی كردم منیش پێمووتن ئەو برادەرانەی خۆتان تەنانەت رێگەیان نەدا ئێمەیش فهحسی كاسێتەكە بكەین ئێمە پێشتر ئاگاداری كاك قادرمان كردۆتەوە پێشمووتن من بەپێی ئەزموونی خۆم جەختم لەسەر دەنگەكەی كردەوە.
بابەتی زیاتر