ی.ن.ک پێناسەی حزبێکی سۆسیال دیموکرات
نووسینی: نەجمەدین فەقێ عەبدولڵا
لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران
 ساڵی چاپ: ٢٠١٢
لەدوای ئەو هەلومەرجە تازەیەی هاتە کایەوە، لە هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، کۆتاییپێهاتنی جەنگی سارد و سەرهەڵدانی سیستمی جیهانیی تاکجەمسەری، برەوسەندنی ئۆلگووی دیموکراسیی لیبراڵی و پاشەکشەی ئۆلگووی سۆسیالیستی و سیستمە تۆتالیتاری و دیکتاتۆرییەکان، ئەو هەلومەرجە نێودەوڵەتییە تازانە هاوکێشە سیاسییەکانی گۆڕی و لەنا گۆڕانکارییەکانیشدا هەموو بزووتنەوە و پارتە چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان تووشی قەیرانی بونیادی و فکری و سیاسیی بوونەوە و بەشی هەرە زۆریان پووکانەوە و هەندێکیشیان گۆڕانی ریشەییان بەسەردا هات و لەئەنجامدا تێکەڵ بەدیموکراسی پەرلەمانی و لیبرالیزم بوون.
دیارە ی.ن.ک لەناو ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەدا، تووشی ئەو جۆرە قەیرانە بونیادی و فیکرییە نەبوو کە چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان تووشیبوون،  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبو لەبەر رۆشنایی هەلومەرجە تازەکان، وەڵام بەپێداویستییە فیکری و سیاسییەکانی سەردەمی تازەی تاکجەمسەری و جیهانگیری بداتەوە و بەرگ و پۆشاکی دەورانی شۆرشی چەکداری و حزبی نایەکگرتووی(فکری-سیاسیی) نیمچە بەرەیی فڕێ بداو هەنگاو هەڵهێنێ بەرەو پێشەوە، لەو رووبەڕووبوونەوە هەستیارەی یەکێتی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانیشدا یەکێتی نەیدەتوانی هەروا سووک و ئاسان روو لە ئۆلگووی دیموکراسیی لیبراڵیی رۆژئاوایی بکات، لەبەر ئەوەی یەکێتی وەکو حزبێکی نیمچەبەرەیی لەڕووی پێکهاتەی فیکری و سیاسییەوە پێشینەو پاشخانێکی نیمچە شۆڕشگێڕانەی نیمچە رادیکاڵی هەبووە و بەجۆرێک لەجۆرەکان بڕوای بەسۆسیالیزم هەبووە، وە خۆی بەپشت و پەناو پێشڕەوی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەناساند، یەکێتی لەدوای لەپاش راپەڕین بەرەو حزبێکی سۆسیال دیموکرات وەرچەرخا، کەرەستەیەکی لەمێژیینەو لەوەو پێشی فیکری سیاسیی و زەمینەیەکی لەباری تیادا بووە بۆ تەبەننیکردنی هزری سیاسیی سۆسیال دیموکرات.
حزبی سۆسیال دیموکرات لەهەر شوێن و کۆمەڵگەیەک بێت دەیەوێ لەڕێگای گەمەی دیموکراسییەوە بگاتە دەسەڵات بەمەبەست و ئامانجی ئەنجامدانی بەرنامەی ریفۆڕمی کۆمەڵایەتی بەقازانجی چین و توێژە زەحمەتکێش و کەمدەرامەتەکان، ئەنجامدانی ریفۆرمی ئابوری-کۆمەڵایەتی بەئاراستەی هێنانەدی زەمینەی ماددی بۆ خۆشگوزەرانیی چین و توێژە کارکەرو بەرهەمهێن و کەمدەرامەت و بێکار و زەحمەتکێشەکان کە ئەمانە بناغەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنێت لەلای سۆسیال دیموکراتەکان، ئەمەشە جیاوازی و هێڵی جیاکەرەوە لەگەڵ سیستمی دیموکراسی لێبراڵیی رۆژئاوایی، کە لە ماهییەتی خۆیدا موحافزکارانەیە( کۆنسێرڤاتیڤە) چونکە بەپێچەوانەی ئامانجی سۆسیال دیموکراتەکان، ئامانجی سەرەکی و راستەوخۆی لیبرال دیموکراتەکان بریتییە لەوپەڕی بەرگریکردن لەبەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی  و کۆمەڵایەتییەکانی چینە داراو دەوڵەمەندەکان و قووڵکردنەوەی زیاتری قەڵەشتی نێوان دەوڵەمەندەکان و هەژاران و کەڵەکەکردنی زیاتری سەروەت و سامانی کۆمەڵایەتی لەچنگی کەمینەیەکی کەمی کۆمەڵدا، لەبەرامبەردا زیاتربوونی ئاستی هەژاری.
ئەم جیاوازیەش باسمان کرد لەنێوان دیموکراتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی لیبڕالیدا، جیاوازییەکی هزری و سیاسیی و ریشەییە، یەکێتی لە هەموو حیزبە لیبڕاڵ دیموکراتەکانی دەوروبەری خۆی جیادەکاتەوە، لەهەمانکاتدا یەکێتی وەکو هەر حزبێکی تری سۆسیال دیموکرات کە بڕوای بەهێنادی کۆمەڵگەی خۆشگوزەران هەیە لەڕێگای دیموکراتی و ریفۆڕمی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بەهیچ شێوەیەک خوازیاری هەلوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان نییە و بڕوای بەشۆڕشی توندوتیژی کۆمەڵایەتی نییە بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم بەواتا مارکیسییەکەی، هەر ئەوەش هێڵی بنەرەتی و جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ چەپە سوننەتیەکاندا( تەقلیدییەکاندا) کەبڕوایان بەدیموکراتی پەرلەمانی نییە، بەڵکو خوازیاری ئەوەن لەڕێگای شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە خاوەندارێتی تایبەتی نەمێنێ و لەڕێگای داسەپاندنی سیستمێکی تری دیکتاتۆری و تۆتالیتارییەوە، بەپێچەوانەوە سۆسیال دیموکراتەکان ویستویانەو دەیانەوێ لەڕێگای دیموکراتی پەرلەمانییەوە، لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە بەرنامەی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو یاسایانە دابڕێژن و بەسەر دەوڵەمەند و کۆنە پەرستەکاندا بیسەپێن و لەرێژەی قازانج و دەوڵەمەندیی و سەروەت و سامانەکانیان کەمبکەنەوە، بەکاربهێنرێت بۆ خۆشگوزەرانی گشتی، کە ئەمەش پێوسیت بەشۆڕش و توندوتیژی و پشێوی کۆمەڵایەتی ناکات.

واتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەنگاوێکی کۆنکرێتی نا بەرەو تەبەننیکردنی ئۆلگووی سۆسیال دیموکراتیزم وەک رەوتێکی سیاسیی کۆمەڵایەتی میانڕەوی ریفۆرمخواز لە نێوان رەوتی دیموکراسی لیبراڵیی رۆژئاوایی و رەوتی دیموکراسیی شۆڕشگێڕانەی رادیکاڵ کە دیموکراسیی پەرلەمانی رەتدەکاتەوە.

ئامادەکردنی: زانیار ئیبراهیم

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved