ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی


شەهید"عەبدولحەمید تەحلو عومەر میرانی" ساڵی(1948) لەگوندی"سویدیە"ی بناری چیای قەرەچووخ سەر بەقەزای دێرك لەخۆرئاوای كوردستان چاوی بەدونیا هەڵهێناوە، خوێندنی سەرەتایی لەگوندەكەی تەواوكردووەو لە دەستپێكی دامەزراندنی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"دا، لەساڵی(1975) پەیوەندیكردووە بەڕیزەكانی ئەو رێكخراوەوەو چەندین خولی رێكخستن و سەربازیی لەشام بینیوە، یەكێك لەپێشمەرگەكانی مەفرەزەكەی بادینان بوو بەفەرماندەیی شەهید ئیبراهیم عەزۆ.
روڵێكی كاریگەری گێڕاوە لەناو ئەو هێزەی گەڕانەوە بۆ دەڤەری بادینان بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش دژ بەداگیركاری رژێمی ئەوسای عێراق. جگە لەوە، شەهید عەبدولحەمید میرانی، كادیرێكی چالاك و رۆشنبیری سەردەمی خۆی بووەو كەسایەتییەكی بەجوڵە بووە لەناو خەڵكی ناوچەكانی میران و كۆچەران لەخۆرئاوای كوردستان.
بەمەبەستی پەیداكردنی پشتیوانی بۆ یەكێتی و شۆڕشی نوێ بەتایبەتی پەیوەندی پتەو و بەهێزی هەبووە لەگەڵ مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش، كە زۆربەی كادیرەكانی ئەو پارتە لەوكاتەدا وەك خەڵكی یەكێتی خزمەتیان دەكرد بۆ چەسپاندنی یەكێتی لەناو خەڵكی خۆرئاوای كوردستاندا. جێی داخە عەبدولحەمیدو هاوڕێكانی لەمانگی(10)ی ساڵی(1976) لەدەڤەری بادینان بەكتوپڕ دەكەونە داوی كۆمەڵێك جاشە عەشائیرەكانی ناوچەی ئولودەرە لەباكوری كوردستان و دواتر دەبرێنە ئەشكەوتی"باڤێ" لەدوای مانەوەیان بۆ چەند رۆژێك، كومەڵكۆژ دەكرێن و بۆ هەمیشەیی ناویان بەزیندوویی لەمێژووی كاروانی كوردایەتیدا دەمێنێتەوەو بكەرانیش شەرمه‌زاری مێژوو دەبن.
شەهید عەبدولحەمید خاوەنی دوو كوڕو دوو كچە بەناوەكانی"ساڵح و ئەحمەدو عەدلەو رەفعە" هاوسەرەكەشی ناوی"وتعە ئیبراهیم‌"ە، كە لەئێستادا لە گوندی سویدیەی خۆرئاوای كوردستان نیشتەجێیە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved