ئازاد سەراوی


زەوی وشك و كزر و بێ باران بوو، بێ دڵدانەوەی یاران بوو، تازە نسكۆ وەكو پەرچەمی شۆڕەبی سەری خاكی نەواندبوو، وەك و زریان و كڕێوە دار و بەردی تەزاندبوو، هەرەس زۆر نەبوو هاتبوو، گوانی شۆڕشی دۆشی بوو، هێندە نەبوو بەعس بادەی گلانی ئەسپی ئەیلولی نۆشی بوو، بەعس سەرەتای خۆشی بوو. وڵات كش و مات و چەمی بوو، لەژێرباری خەمی هەرەس، زەوی وشكەڵان و كزر، تاریكی باڵی كێشا بوو، رووناكی نادیار و بزر، ئەو رۆژانە لەنێو تەپووتۆزی هەرەس، بارانی شۆڕشی نوێ دایكرد، شۆڕەبی سەری هەڵبڕی و دار و درەختیش سەمای كرد.
زەوی تەڕ و پاراو بووەوە، لەدوای یەكەم نەرمە باران مامۆستا غەفور لەوێ بوو، ئەسپی هەتاوی زین كردو بەرەو ئاسۆ بەڕێوەبوو. بەڵام ئەفسوس كام لوتكە بەرز و بڵندە بەچڵكاوخۆری خۆماڵی سەریان بڕی، داوی راوەكەوی خۆخۆر، سنگی چیاو شاخی دڕی. زۆر لە هەڵۆی ئەو كێوانە كەوتنەداو، بوونە پێخۆری راوچی و نێچیری راو، بەڵام بەنەمری مانەوە، خۆفرۆشانیش خرانە ناو زبڵخانەو فڕێدرانە سەرە نوێلكی مێژووەوە، لە مەزادخانەی مێژوودا هەڕاج كران.
مامۆستا"غەفور ژاژڵەیی" پیاوێك لەڕەشە رێحانە، كێوێك لە شكۆی پیاوانە، ملوانكەیەك لە گەردانە، بۆ گەردنی ئەو كێوانە، دەگمەن وەكو حەوت دەرمانە. ژاژڵە، وەكو دووجەمسەرو، دوو قوتابخانەی چوون یەك بوو، قوتابخانەی شۆڕش و قوربانیدان. قوتابخانەی فێربوونی زانست و ژیان، لەهەردوو قوتابخانەكە پیاوی ژیرو رۆشنبیر و داناو زانا هەڵكەوتن و سەركەوتن و جێگەدەستی خۆیان نەخشان، لە شۆڕشدا خاوەن پێشمەرگەو پێشەنگ بوون، لەزانستدا خاوەن ئەزموون و قەڵەم بوون، بوونە سەرمەشقی تێكۆشان.
گوندی ژاژڵە، لەبێشەیدا شێر و بەوری زۆری هەبوون، یەكە یەكە دەهاتنەدەر، هەنگاوی خێرایان دەنا بۆ كێوان، هێندە گورج بوون لەڕۆشتندا هەر زوو ون دەبوون لەچاوان، ئەوان وا بوون بۆ كوردستان، بوونە پاسەوان و زێوان. مامۆستا غەفور، لوتكەی هەڵوێست و خەبات بوو. لەكۆمەڵەی ژێكافەوە، هەتا شۆڕشی ئەیلول و تا دەگاتە شۆڕشی نوێ، مەشخەڵی رێگەی رزگاری و ئاڵای شەكاوەی وڵات بوو، لەڕێگەی گەلدا نەسرەوت كۆڵی نەدا، ژیانی پڕ لەتێكۆشان و بەسەرهات بوو.
بیری نەتەوەیی و خەمی خاك و خۆڵی نیشتمان لەكوێ بوایە مامۆستا غەفور لەوێ بوو، لەهەركوێیەك گوڵێك هەڵ پڕوكایەو بژاكایە لەهەرلایەك شاخێك هەرەسی بێنایە مامۆستا غەفور خەمی بوو، لەهەرشوێنێكی كوردستان كوردێك خوێنی بڕێژایە، پێشمەرگەیەك شەهید بوایە، مامۆستا غەفور لای خۆی پرسەیەكی بۆ دادەنا، لەهەرقەدپاڵ و لاپاڵێك و بێشەیەك، پێشمەرگەیەك دەركەوتایە، یان بەهەورازێكی كوڕدا جەنگاوەرێك سەركەوتایە مامۆستا غەفور دڵشاد بوو لە ناخەوە پێدەكەنی.
شارباژێڕ لەگەڵ موكریان نێوانیان چەند هەزار میلە، لە قەندیلدا بەیەك دەگەن، نێوان سلێمانی و مهابادیش یەكجار دوورە كەچی باوەش پێكا دەكەن، هەردوێنێ بوو لە قەندیلدا، لە جێژوانێكی ژێكافدا، مامۆستا غەفور و هێمن كۆبوونەوە، لەدوای گفتوگۆ و لەیەك گەیشتن لەدوای بەرنامە داڕشتن، لەدوای تامی شیلەی گوڵی ژیانەوە، دوای دیدارێك جیابوونەوە، رایەڵەو زایەڵەی نێوان هێمن موكریانی شاعیر لەگەڵ مامۆستا غەفور چییە، تەنها هاوخەمی یەك خاك و بیری بەرزی نەتەوەییە.
لە شۆڕشی ئەیلولدا پێشمەرگەو فەرماندەو قارەمانی چەندین داستان و نەبەردی بوو، یەكێك لەسەر لقە گەورەو بەهەڵمەتەكان بوو. مامۆستایەكی رۆشنفكرو خوێندەوارێكی ناوازەی سەردەمی خۆی بوو، هێندە خولیای بیری نەتەوەیی و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانەی زاخاو دراو بەبیری شۆڕشگێڕانەو هزری نەتەوەیی و ئازادیخوازانەبوو، كاتێك بۆن و بەرامەی، ژێ كاف و هۆنراوە رەوان و پاك زمان و نیشتمانییەكانی هێمن موكریانی گەیشتبوو، ناوە سینەی پەنگ خواردووی، بۆ دیداری"هێمن"ی شاعیرو گوڵ و گوڵزاری قەندیل و دۆخی سیاسی و هەنگاوەكانی "ژێ كاف" چووبووە قەندیل لەوێ بەدیداری هێمنی زمان شیرین و مەندیلە هەمیشە سپیەكەی سەری قەندیل، مێزەری بەفر، شادبوو.
لەساڵی(1978) لەسەر داوای سەركردایەتی یەكێتی چووە شاخ و بووە پێشمەرگە، یەكێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەی سۆشیالستی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فەرماندەی لقی بزوتنەوەی سۆشیالست بوو، لە تەمەنی كورتی پێشمەرگایەتیدا وەكو سەركردەیەكی جەسورو جوامێرو كەسایەتییەكی بەهێز لەڕووی سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەوە دەركەوت و ناسرا.
سەرەتای هاوینی ساڵی(1978) لەداستانی بیشوانی گوندی دڕی، كە"ئەحمەد فه‌تحوڵڵا"و پێنج پێشمەرگەی تر لەوێ شەهید بوون، مامۆستا غەفوریش لەو داستانەدا دوای بەرگرییەكی كەم وێنە بربنداربوو. بەرەبەیانی یەكەم رۆژی هاوینی ساڵی(1978) رژێم گەمارۆی هاوینەهەواری بیشوانی دڕی دابوو، كە ئێوارەی پێشووتر پۆلێك پێشمەرگە بۆ پشودان روویان كردبووە ئەوێ، مامۆستا غەفور بەبرینداری دەربازی ببوو، هێشتا برینەكەی ساڕێژ نەببوو، هێشتا خوێنی گەشی بەشێخەڵ و بنەدارو تاشە بەردو تاوێرەكانی بیشوان و بەرد بەردەوە وشك نەببوو، هێشتا دەمی برینەكەی دانەخرابوو. رەشە داڵێك بەسەرسەریەوە نیشتەوەو خەنجەری ژەهراوی لێدا! نامەردێك لە شیرنەی خەودا شەهیدی كرد، هەر بەڕاستی پایز بووە وەرزی هەڵوەرین و خەزان لەوساتەوە هەتا ئێستا، باڵخ بۆنی خوێنی لێدێ، پیرەلیاس پرسەی گرتووە، مەحوی گەورە لە ئاستی ئەو تاوانەدا خۆی و شیعری، بۆ بەرەوخوار رۆشتوون و هێشتا نەگەڕاونەتەوە، دەڵێن سەری هەڵگرتووە، ئەو لەخۆڕا نەیوتبوو، لە وشكیە مەلەی مەخلوق.
بەهار، هاوین، پایزی ساڵی(1978) سێ وەرزی جیاو سێ وێستگەبوون لەژیانی پڕ لە خەبات و سەروەری و قوربانیدانی مامۆستا غەفور، لە بەهاردا بووە پێشمەرگە، لە هاویندا لە بیشوان بریندار بوو، لە پایزدا شەهید بوو.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved