ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی
ئێستا(45) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەرشەهیدكردنی مەفرەزەیەكی هاوبەشی پێشمەرگەی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" و"پارتی سۆشیالیستی كوردی سوریا" كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا ئەو حزبەی كوردی رۆژئاڤا هاوكاریی مادی و پێشمەرگەیی یەكێتی دەكرد.
پارتی سۆشیالیستی كورد لە سوریا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی"ی.ن.ك"دا" دەستی هاوكاری بۆ درێژكرد و لەهەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێشدا رۆڵی گرنگی بینی لە پەیداكردنی چەك و تەقەمەنی و گواستنەوەی ئەو تەقەمەنیانە بۆ باشووری كوردستان. هەمان پارت ئێستا بەناوی پارتی چەپی دیموكراتی كورد لەڕۆژئاڤای كوردستان چالاكی سیاسی دەكات و تائێستاش هەر وەك هاوپەیمانی یەكێتی ماوەتەوە.
یەكێك لەو تێكۆشەرانەی پارتی سۆشیالیست لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەدا شەهید كرا"حسێن عاموودا"یە. شەهید حسێن ناوی تەواوی حسێن ئەحمەد-ەو ساڵی(1958) لەشاری عاموودای رۆژئاڤای كوردستان لەدایكبووەو لە هۆزی كۆرمی-یە. پۆلی شەشەمی ئامادەیی لەشاری عاموودا تەواوكردووەو ژیانی هاوسەرگیریی پێكنەهێنابوو. ساڵی(1977) پەیوەندیكردووە بەپارتی سۆشیالیستی كوردی سوریاوە. یەكێك لەو شۆڕشگێڕانە بوو هەر زوو بەدەنگ بانگەوازەكەی سەرۆك"مام جەلال"ەوە چوون بەمەبەستی یارمەتیدان و پشتیوانیكردن لەشۆڕشی نوێی باشووری كوردستان.
هەر لەوساڵەدا وەك گەنجێكی خاوەن بڕوا بەخەباتی رزگاری كوردستان، پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی یەكێتییەوە كرد وەك پێشمەرگەیەك ئەركەكانی خۆی بەماندووبوونێكی زۆرەوە لە گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بەشۆڕشی باشووری كوردستان جێبەجێكردووە، بەتایبەت لەگەڵ مەفرەزەكەی شەهید ملازم حەسەن خۆشناودا.
هەر لەوپێناوەداو لەڕۆژی(13/10/1977) لەكاتێكدا چەك و تەقەمەنیان لەڕۆژئاڤاوە دەگەیاندە باشووری كوردستان، لەگەڵ پۆلێك پێشمەرگەی هاوبەشی حزبەكەی و یەكێتی كەوتنە بۆسەی نەیاران و چەكدارە عەشائیرەكانی باكووری كوردستانەوەو دوای بەرگرییەكی سەخت شەهید كران. ئەوە زیانێكی گەورەبوو بەر شۆڕشی نوێ كەوت. جگە لەشەهیدبوونی پێشمەرگەو فەرماندەكانی هەردوو حزبی هاوپەیمان. تەواوی چەك و تەقەمەنییەكانیش كەوتنە دەستی دوژمن كە لەناویاندا زیاتر(10) دۆشكا هەبوو.
شۆڕشی نوێ بەپێچەوانەی شۆڕشەكانی دیكەی كوردستانەوە، وەك شۆڕشێكی میللی و نەتەوەیی نیشتمانپەروەرانەوە ناوی خۆی لە مێژوودا تۆماركردووەو نیشتمانپەروەران لەهەموو بەشەكانی دیكەی كوردستانەوە بەدەنگییەوه هاتوون و هەڵوێستی كردارانەیان هەبووە. بەتایبەتیش خەڵكی رۆژئاڤای كوردستان كە لایەنێكی سەرەكی بوون لە پشتیوانیكردنی شۆڕشەكە.
هاوكات شارەكانی قامیشلۆ دێریك و گوندەكانی ئەو دەڤەرانە بنكەی سەرەكی شۆڕشی نوێ بوون، لەوێ پێشمەرگەی یەكێتی راهێنانی سەربازی دەكردو خەڵكیش چەك و تەقەمەنییان بۆ پەیدادەكردن.
* سەرچاوەی زانیاری، بنەماڵەی شەهید حسێن لە شاری عاموودا.
بابەتی زیاتر