بەکری حاجی سەفەر .. پێشمەرگە و فەرماندە و سەرکردەیەکی دێرینی خەباتی کوردایەتی، ساڵی ١٩٤٢ لە شارە جوانەکەی پێنجوێن چاوی بەژیان هەڵهێناوە، خوێندنی سەرەتایی لە پێنجوێن و ناوەندی لە شاری هەڵەبجە تەواودەکات، هەر لە شاری هەڵەبجە و لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا ساڵی ١٩٥٦ تێکەڵی سیاسەت و خەباتی کوردایەتی دەبێت.
لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە دەچێتە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ساڵی ١٩٦١ دەکرێتە ئەندامی لێژنەی ناوچەی هەڵەبجە، ساڵی ١٩٦٣ کرایە کارگێڕی ناوچە و ساڵی دواتر دەکرێتە لێپرسراوی لێژنەی ناوچەی پێنجوێن، هەر ئەو ساڵە و پاش دروستبوونی ناکۆکی لەناو پارتی، پاڵپشتی باڵی مەکتەبی سیاسی دەکات. ساڵی ١٩٧٠ دەچێتە شاری بەغدا، هەر لە بەغدا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات، ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە نێوان ڕژێم و کورد، پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات، دوای هەرەسی شۆڕش بەردەوام دەبێت لە خەبات، لە تشرینی دووەمی ١٩٧٦ پەیوەندی بە مەفرەزە سەرەتاییەکانەوە دەکات.
لە کۆبوونەوەکانی کادرانی کۆمەڵە لەساڵی ١٩٧٨ دووجار بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان هەڵدەبژێررێت، ساڵی ١٩٨٣ دەکرێتە لێپرسراوی مەڵبەندی یەک، لەسەرەتای ساڵی ١٩٨٦ لێپرسراوێتی بەرەیەکی فراوانی لە دۆڵە ڕووتەوە تا کارێزە پێ سپێردراوە، لە ڕاپەڕینەکەدا ئەرکی لۆجستیکی گرتووەتە ئەستۆ.
لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستاندا، بەئەندامی پەرلەمان هەڵدەبژێررێت، دوو جار بۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند هەڵدەبژێرێت، جاری دووەم دەکرێت بە سکرتێری ئەنجومەنەکە، بە داخەوە ئەم سەرکردە و کەڵە تێکۆشەرەی کورد بەهۆی نەخۆشیەوە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ کۆچی دوایی دەکات.
بۆ بەرزڕاگرتن و هێشتنەوەی خەباتی ئەم سەرکردە، خاتوو ئەمیرە محەمەد کتێبی (سەفەری سەختی خەبات)ی لە سێ بەرگ و لە زیاتر لە (١٥٠٠) لاپەڕەدا لەسەر نووسیوە، لەم کتێبەدا نووسەر هەموو ئەو نامە و بەڵگەنامانەی کۆکردووەتەوە کە پەیوەندیان بە کاک بەکری حاجی سەفەرەوە هەبووە، ئەم کتێبە لەلایەن مەکتەبی بیر و هۆشیاری و لە چوارچێوەی بە ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە چاپ گەیەنراوە،
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت:
((خەونێکی دێرینی بەندە، وەک بەشدار و خەمخۆری نەفەوتانی ڕەنجە بێ سنورەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کارکردن بووە بۆ نووسینەوەی مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی، ئەویش لەڕێی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و تۆمارکردنی بیرەوەری و شایەتیی داڕێژەران و جێبەجێکارەکانی بنیاتنانی قەڵای بەرگری و نەسرەوتن، لە ڕۆژگارە سەخت و تاریکەکانی قۆناغێکدا، کە میللەتێکی بێ پشتیوان و بەش مەینەت هەڕەشەی لەناوبردنی گەیشتبووە سەر ئێسقان.
یەکێک لە سیمبولە دیار و هەڵکەوتووەکانی چیرۆکی بەرگری و چۆک دانەدان، کاک بەکری حاجی سەفەرە یادی بەخێر ..)).
بابەتی زیاتر