یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری
بۆردی هۆشیاری
چالاکی
ئەرشیف و مێژوو
ڕۆژمێرى ڕووداوە مێژووییەکانى (ی.ن.ک)
چاوپێکەوتننەکان
سەروەرییەکان
یادى شەهیدان
ئەلبوومى تێکۆشەران
دۆکیۆمێنتارى
بیروڕا
توێژینەوە
کتێبخانە
میدیا
چەمکناسی
هۆشیاری حیزبی
سەرەکی
یادى شەهیدان
چۆن تهرمی.. شههید بێستوون گهیهنرایهوه شاری سلێمانی؟
2024-10-16
ئاسۆ محەمەد كوردستانی
نەرویژ
مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی(۱۹٨٦) لە سەرگەڵوو بووم بە مەبەستی سەردانیكردنی براكانم كە پێشمەرگە بوون لەو سنوورە بهناوهكانی"دلێر، كاوە، شەهید بەختیار" هەواڵم پێگەیشت كە باوكم و چەند هاوڕێیەكی باوكم بەگەڵابەیەكی سكانیای(١٢) به تەنێ شەكر و چاوە لە شارەوە خۆی گەیاندۆتە ناوچە ئازادكراوەكان و لە گوندی قزلەر لە ماڵی هونەرمەند و پێشمەرگەی كۆچكردو رهوانشاد"حەمە جەزا" لایداوە بۆ نان خواردن و پشوودان.
بۆ شەو چوومە گوندی شەدەڵە باوكم و شەریكەكانی كە لەهەمانكاتدا هاوڕێ و هاوخەباتی باوكم بوون لە ماڵێك دانیشتوون لەگەڵ دلێری سەید مەجید بەرپرسی دارایی یەكێتی و دلێری تەیبی بەقاڵ میوەیان ئەخوارد و گفتوگۆیان ئەكرد و تەقەی مامەڵەیان بوو. یەكێتی ئەیویست ئەو باره شەكر و چایە لە باوكم بكڕێتەوە بەنرخێكی هەرزان و گونجاو بۆ سەركردایەتی و پێشمەرگەكانی یەكێتی لەو سنوورە، دلێری سەید مەجید بە محەمەد كوردستانی باوكمی وت:
"كاك محەمەد گیان بۆ بەهەرزان ئەو لۆرییە شەكر و چایەمان پێ نافرۆشی؟ تۆ چوار كوڕت پێشمەرگەی یەكێتییە، بەشێكی ئەم شەكر و چایە كوڕەكانی خۆت ئەیخۆنەوە لە بارەگاو سەنگەرەكان".
بۆ بەیانی كە لە خەو هەڵسام لۆرییەكە بەتاڵ كرابوو پڕ كرابوو لە فەردەی گەورە لەناوكە بستەو ناوكە كولەكەی ئێرانی بەمەبەستی بردنەوەی بۆ ناوشار و قازانج. بەرەو قزلەر كەوتینەڕێ من و باوكم و شۆفێری لۆرییەكە كە ناوی سەیفەدین بوو، لە قزلەر لاماندا بۆ نانی نیوەڕۆ و چووینە ماڵی كاك حەمە جەزای رەحمەتی، دوای نانخواردن شەهید"مام هێرش" و كاك"حەمەجەزا" و باوكم لە حەوشە خۆڵاوییەكە بە چرپە چرپ قسەیان ئەكرد و سەیری ئەملاوئەولای خۆیان ئەكرد نەوەكو پێشمەرگەیەك یان كەسێك گوێی لێ یان بێت، من هیچیان لێتێنەگەیشتم و نەمزانی باسی چی ئەكەن، چونكە زۆر بەنهێنی ئەدوان لەگەڵ یەكتری!
دواتر خودا حافیزیمان كردو لە قزلەرەوە بەڕێكەوتین هاتینە گوندی هەناران، گەڵابەیەكی سكانیای پڕ لە فەردەی گەورە و بچووكی ناوكە بستەو كولەكەمان باركردبوو، بەمەبەستی ئەوەی دنیا تاریك بێ و لەكانی كوردەو كانی بەردینەوە بهشەو خۆمان بكەین بەناو شاری سلێمانیدا. لەگوندی هەنارانی سەروو من و كاك سەیفەدین لای لۆرییەكە ماینەوەو لەژێر درەختێكی گەورەی دەرەوەی گوندەكە، بەدار و ئاگر قۆرییە چایەكمان لەسەرنا، محەمەد كوردستانی باوكم و حسێن بایز و هاوڕێیەكی باوكم بەناوی شێخ ئەحمەد بەلاندگرۆزەرێ بەرەو شار رۆیشتن و پێیانووتین:
"دەڕۆین بەرەو شار و رێگە تاقی ئەكەینەوە و دێینەوە بۆلاتان، پێش تاریكبوون ئێوەش بجوڵێن بەرەو قەراخ شاری سلێمانی و لەوێ چاوەڕێمان بكەن تادێینەسەر رێگەكەتان" .
دوای چەند كاتژمێرێ شەهید مام هێرش و كاك حەمە جەزای رەحمەتی و دوو پێشمەرگە بەلاندگرۆزەرێك هاتن بۆ لامان و سنووقێكی تەختەی لاكێشەیان داگرت كە هێشتا كەم كەم خوێنی لێ ئەچۆرا، بە پەلە پەل لەناو لۆرییەكە لەژێر بارەكان شاردیانەوە، مام هێرش دوای چەند دڵۆپێك فرمێسك كە بەچاویدا هاتەخوارەوەو تایەی لۆرییەكەی ماچ كردو وتی:
"بێستون گیان خوات لەگەڵ، ئامانەتی ئێوەو ئەو سنوقە بگاتە شوێنی خۆی و بەسەلامەتی بگەڕێنەوە ناو شار".
خودا حافیزییان لە ئێمە كرد و رۆیشتنەوە بەرەو گوندی قزلەر، من ئەوكاتە تێگەیشتم كە ئەو سنوقە تەرمی شەهید بێستوونەو چەند رۆژێ پێشتر لە سەرگەڵو شەهید بووەو دوای چەند رۆژێك بەخاكسپاردنی لەژێر خاك دەریانهێناوە بۆ ئەوەی بەو لۆرییەی باوكم لەگەڵ ئەو بارە قاچاخه لەگەڵ خۆمان بیبەینەوە بۆ سلێمانی و لەوێ بە خاك بسپێرێ بۆ ئەوەی كەسوكار و ئازیزەكانی بچنەسەر گۆڕ و گڵكۆكەی!
ئەوكاتەش كە شەهید مام هێرش و كاك حەمە جەزا لە قزلەر كۆبوونەوە لەگەڵ باوكم بۆ ئەو مەبەستە بووە، نزیك ئێوارە كەوتینە رێگا لەگەڵ كاك سەیفەدین، ئەو شۆفێری گەڵابەكە بوو منیش لە تەنیشتی بووم لە پێشەوەو بارێكی قاچاخ و تەرمێكی شەهیدمان لەژێر بارەكە شاردۆتەوە، كاتێك نزیك قەراخ شار بووینەوە، كاك سەیفەدین روویكردە من و پێیوتم:
"ئاسۆ گیان ئێستا تۆ ئەزانی ئێمە لەناو ئەم لۆرییە چیمان باركردووە، شتێكمان پێیە لە بۆمبی ئەتۆم ترسناكترەو حوكمی زیاترە، ئەبێت زۆر وشیاربیت هەر كاتێك زانیت ئەكەوینە بۆسەی جاش و سەربازەكانی حكومەت ئەبێت خۆمان رزگار بكەین و رابكەین بۆ ئەوەی دەستگیرنەكرێین و نەكوژرێین، ئەگەر بكەوینە بەردەستی حكومەتی بەعس بەتەرمی شەهیدەكەوە، لە ئەمنەكەی سلێمانی ئەوەندە ئەشكەنجەمان ئەدەن تا رۆحمان دەرئەچێت".
بەگاڵتەوە وتی:
"ئەوەندەمان لێ ئەپرسن رەنگە پێمان بڵێن ئەو قازییە ناوی چییە كە حافز ئەسەدی سەرۆكی سوریا ژنی لهلا مارە كردووە".
بەڕاستی شەوێكی پڕ لە تراژیدیی و ترسناك و ناخۆشبوو، تانزیكی شار ئەبووینەوە زیاتر ترسمان لێ ئەنیشت و دڵمان خێراتر لێی دهدا. رێگایەكی تاریك و چۆڵبوو ئێمەش لایت و هەموو رووناكییەكی لۆرییەكەمان كوژاندبۆوە بۆئەوەی لەچاوی سەربازگەو بۆسەكانی دوژمن نەبینرێین، لەناكاو چاومان كەوت بە تارمایی دوو كەس بەرەو رووی ئێمە ئەهاتن، تۆزێك ترساین، بەڵام كە نزیكبوونەوە زانیمان بێ چەكن و هاووڵاتین، كە نزیكتربوونەوە سەیر ئەكەین باوكم و كاك ئەحمەدی شەریكیەتی بەپێ بەڕێگاكەدا هاتوون بۆ لای ئێمە، باوكم بەسەیفەدینی شۆفێری وت:
"تا قلیاسان مەوەستەو رێگاكە سەلامەتە و حوسێن بایز پارەیەكی زۆریداوە بەجاشەكانی بەكری فاتەو ئەمشەو لەسەر ئەم رێگایە بۆسەكەیان لابردووە، بەڵام نابێت بزانن كە ژێر بارەكە چی تێدایە".
كاتێك لە مەترسی رزگارمان بوو چووینه ناو قلیاسان ئۆتۆمبێلێكی بچووكی جی ئێڵ لە پێشمانەوە بوو كاك ئەحمەد و حوسێن بایزی تیا بوو، من و باوكم و كاك ئەحمەد چووینەسەر باری لۆرییەكەو فەردەكانمان هەڵدایەوەو تەرمی شەهید بێستوونمان دەرهێناو خستمانە سنوقی ئۆتۆمبێلە بچوكەكەو لە كۆڵانێكی تاریك رایانگرت نزیك ئەو ماڵەی كە بڕیاربوو بارەكەی لێ دابگرین، لە یەكێك لەماڵەكان لە قلیاسان بارە بستەو ناوكە كولەكەكەمان هەر بەجاشەكان داگرت، بەڵام كاتێك لۆرییەكە بەتاڵكرا بۆنی تەرمی شەهیدەكە بە ئاشكرا هەستت پێ ئەكرد و بڵاوبووبۆوه تەنانەت بەشێك لە خوێنی شەهید بێستون لەناو لۆرییەكە هەر مابۆوە و شڵەژان و ترس لە چاومان ئەباری، ترسێكی زۆرمان لێنیشت كاتێك لەپڕدا عومەری فاتە برای بەكری فاتە كە مەفرەزە خاسەی حكومەت بوون، لەگەڵ چەند چەكدارێكی جاش هاتن بۆ ئەو ماڵەی بارەكەمان داگرتبوو، عومەری فاتە روویكردە باوكم و لێ ی پرسی:
"تۆ كاك محەمەد كوردستانیت و خاوەنی ئەم بارە قاچاخەیت، ئێمە مەرجێكمان هەیەو بەڵێنمانداوە بە حیزبی بەعس كە خیانەتی لێ نەكەین".
سەیرێكی منی كردو بە باوكمی وت:
"ئەم كوڕەت پێشمەرگەی تیپی(٤٧)ی پێرەمەگرون نەبێت كە ئێمە كێشەی زۆرمان هەیە لەگەڵ ئەو تیپە تێكدەرە".
بەدەم قسەكردنەوە عومەری فاتەی جاش سەیرێكی ناوشانمی كرد بەلایت بۆ ئەوەی بزانێ جێگەی بەستنی تاقم و تفەنگم پێوەدیارە یاننا! باوكم وتی:
"ئەوە كوڕمە خوێندكارەو كاسبە وەكو باوكی، خەڵكی كاسب سەروكاری نییە لەگەڵ سیاسەت و حیزبایەتی".
بەڵام چونكە پێشتر لەڕێگەی كاك حوسێن بایز دەمیان چەوركرابوو پارەیان وەرگرتبوو كێشهمان نەبوو تەنیا خەمی بۆنی تەرمی شەهیدەكەو خوێنەكەی نەبێت هیچ ترسمان نەبوو، باوكم كیسەیەكی بەدەستەوەبوو چەند شوشەیەك عەتر و بۆنی لێ دەرهێناو دای بە جاشەكان و بە عومەری فاتهی وت:
"رەنگە هەفتەی داهاتوو بارێك لەم عەترانەمان هەبێت بینێرین بۆ ئەودیوو بۆ ئێران بۆ قازانج و بەشی ئێوەشی لێ بدەین".
لەوەڵامدا عومەری فاتە وتی:
"ئێمە چەكدارین و جاشین هەموو ئیشێ بۆ پارە ئەكەین، چیتان ویست لای ئێمەوە رێگەتان بۆ ئەكەینەوە بەو مەرجەی چاوتان لێمان بێت و لە قازانج شەریكیمان بكەن و تەداخولی سیاسەت نەكەن".
هەرجاشێك وەك سواڵكەر و نەدیدە شوشە بۆنێكیان هەڵگرت و لە دەم و چاو و لەشی خۆیاندا، بۆنی عەتر وابڵاوبۆوە، كەسیان بۆنی تەرمی شەهیدەكەو خوێنەكەیان نەكرد!
بەهەردوو ئۆتۆمبیل"لۆری و جی ئێڵ" بەرەو گەڕەكی زەرگەتە رۆیشتین و شەو هەموومان چووینە ماڵی كاك سەیفەدین و ئەو سنوقەی تەرمی شەهیدەكەی تیابوو لە حەوشەی پشتی ماڵەكە شاردمانەوە تا بەیانی، هاوژینی كاك سەیفەدین بەبێ ئەوەی كەسمان باسی ئەو سنووقەمان كردبێت، هەستێكی سەیری لا دروست بوو بوو، زوو زوو ئەیپرسی ئەو سنوقە چی بوو بردتانە پشت ماڵەكە هەست ئەكەم ئەم ماڵە رۆحیانەتێكی تیایەو میوانەو لەگەڵ ئێوە هاتووتە ماڵەكەمان، هەرچەند باوكم وتی:
"ئەوە پڕە لە قفڵ و كلیلی ئێرانی".
بەڵام بڕوای نەكردو بەترسەوە چووە ژووری خۆی بۆ نووستن، بەیانی كە خەبەرم بۆوە سەیر ئەكەم دنیا رووناكە و باوكم و ئەوان نانی بەیانی ئەخۆن وتم:
"باوە گیان خۆ ئەوە رۆژهەڵات و دنیا رووناك بۆتەوە، كەی شەهیدەكە بە خاك ئەسپێرین".
باوكم وتی:
"كوڕی باوە تاریك و روون لەگەڵ دووكەسی نزیكی شەهید بێستون شەهیدمان بە خاك سپاردو فاتیحەمان لەسەری خوێند پێش ئەوەی رۆژ هەڵبێ، ئێستا كەسوكارەكەی لەسەر گڵكۆ و دوامەنزڵی كوڕە قارەمانەكەیانن لە گردی شەهیدان".
هەزاران سڵاو لە گیانی پاك و ناوبانگی پڕ لە جوامێریی و نەبەردی و سەربەرزی شەهید "بێستون و شەهید مام هێرش و محەمەد كوردستانی" و رهوانشاد حەمە جەزای هونەرمەند و كاك سەیفەدین و كاك حوسێن بایز رۆحیان شاد بێت.
هیوای تەمەندرێژیی و لەش ساخی دەخوازم بۆ كاك ئەحمەد و ئەو پێشمەرگانەی كە لەو كارە جوامێرییە بەشدار و ئاگاداربوون.
تێبینی بۆ خوێنەرانی ئەم بیرەوەرییه تراژیدییە:
من ئەم بیرەوەریی و مێژووە پڕ لە نەبەردییە بۆ ئەوە نانووسمەوە كە خۆم و بنەماڵەكەم وەك پاڵەوان و قارەمانێك نیشانی ئێوەبدەم، بەڵكو ئەمەوێ تا لەژیاندابم لەم مینبەرەوە ئەو رووداوه مێژووییانە بنووسمەوە وەك خۆی و ئەرشیفی بكەم كە بەچاوی خۆم دیوومە یان بیستوومە یان بەشداربووم تێیدا، ئەگەر نموونەی ئەم رووداوە بهێنمەوە بەرچاوی خۆم ئێستا تەنیا من و كاك ئەحمەد لە ژیاندا ماوین لەگەڵ ئەو دوو پێشمەرگەیەی لەگەڵ شەهید مام هێرش و كاك حەمە جەزا تەرمی شەهیدەكەیان هێنا، هەواڵی هیچ كەسێكیان نازانم. بەشی زۆری ئەو كارەكتەرانەی لەم كارە خۆنەویستە بەشداربوون ئێستا لە ژیاندانین و شەهیدن یان كۆچی دواییان كردووه، هیوادارم مافی كەسم نەخواردبێت لەم نووسینەو زامی هیچ بەڕێزێكم نەكولانبێتەوە لەگەڵ رێزدا.
بابەتی زیاتر
تەرمی ئارام یان دزی! ئێوارەیەکى کانوونى یەکەم
داستانى قەڵاسنج.. سەلماندى کە هەرگیز یەکێتى لە بننایەت
حەمە تیماری ئەفسانەكەی برزوت - بالۆسە