"بادینان، پرچی مێژووت شیتاڵ شیتاڵ بكەرەوە
تۆو خوێنەكەی برایم عەزۆ بەهەق وەڵام بدەرەوە
كام فەرماندەو كام رابەرت هەبووە
یاخود بینیوە وەكو سەیدا ئازادەكەی هاتبووە لات
لە سەنگەرەكەی  پێشەوەدا مشتووی تفەنگەكەی بگرێ هەر بەپێوە شەهید بكرێ"





شەهید"ئیبراهیم عەزۆ" ناسراوە بە جەبار، ساڵی(1949) لە گوندی"گرڤر"ی نزیك كۆمپانیای نەوتی عەین زالەی سەربەناحیەی زوممار لە دایكبووە، ساڵی(1969-1970) كۆلێژی ئەندازیاری بەشی كارەبای لە زانكۆی موسڵ تەواوكردووەو پلەی دووەمی لەسەر ئاستی بەشەكەی  بەدەستهێناوە.
لێپرسراوی لیژنەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە لە زانكۆداو سەر بەباڵی مەكتەبی سیاسی بووە، دوای تەواوكردنی خوێندن لە سوپای عێراقدا ناوی بەئەفسەر هاتووەتەوەو خولی راهێنان‌ و مەشقی سەربازی لە میسر و یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو بینیوەو پلەی "نەقیب"ی هەندەسەی وەرگرتووە لە بەشی رۆكێت لە سوپای عێراقدا.
ساڵی(1970) لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی ماركسی - لینینی  كوردستان، بووەتە ئەندامی كۆمەڵەو ئەندامی كۆمیتەی شاری بەغدای كۆمەڵە بووە، هەمیشە ماڵەكەی ببووە شوێنی كۆبوونەوەی سەركردەكانی كۆمەڵە وەك شەهیدان"خاڵە شیهاب، ئەنوەر، جەعفەرو  جەبار فەرمانی نەمر".
شەهید ئیبراهیم عەزۆ، پیاوێكی بەتوانابوو بۆ رێكخستنەكانی كۆمەڵە، كاتێك لەلایەن حكومەتی به‌عسی دیكتاتۆرییەوە ئاشكرابوو لەڕۆژی(16/9/1975)دا، لەگەڵ چەند برادەرێكیدا دەچنە موسڵ‌ و دواتریش عەین  زالە، لەوێوە بە قاچاغ دەچنە وڵاتی سوریاو لەوێ خۆیان بە هەڤاڵ"مام  جەلال" دەناسێنن ‌و دەستبەكاری شۆڕشگێڕانە دەكەن.
شەهید، ئیبراهیم عەزۆ، فەرماندەی یەكەم دەستەی چەكداری شۆڕی نوێ بوو كە لە سوریاوە نێردرایەوە بۆ كوردستان، ئەوكاتە كوردستان خاڵی بوو لە  پێشمەرگە، تەنیا سیخوڕ و پۆستاڵ رەشی فاشیستەكانی لێبوو، نەجمەدین  بیوك كە ناسرابوو بە"نەجۆ" ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی گەیاندەوە كوردستان، نەقیب ئیبراهیم عەزۆ، فەرماندەی دەستەی پێشمەرگەكانی ناوچەی بادینان بوو، گەیشتنە نزیك رووباری"هیزل" لە پشتی زاخۆ و  لەگەڵ پێشمەرگەكانی تر یەكیانگرتەوە، كە نەخشەی رۆیشتن بەرەو  بادینان دابنێن تا بەسەلامەتی بگەنە شوێنی خۆیان، چونكە شارەزایان لەگەڵدا نەبوو، ئەو پێشمەرگانە ژمارەیان(37) كەس دەبێ، بەپێی  بەرنامەی فەرماندەکەیان کە ئیبراهیم عەزۆیە دەكرێن بە چوار مەفرەزەوە، فەرماندەی مەفرەزەی یەكەم ئیبراهیم عەزۆ، دووەم، عزەت ئیسماعیل شەنگاری، سێیەم، عومەر ئیبراهیم ره‌شید، چوارەم، جەبار مەلا غەنی سندی بوون.
ئەو چوار دەستەیە بۆجێبەجێكردنی ئەركەكانیان دابەشبوون بەسەر  ناوچەكانی: زاخۆ، ئامێدی، دهۆك‌ و كەوتنە چالاكی سیاسی ‌و رێكخراوەیی، پێشمەرگایەتی، فەرماندەی مەفرەزەكان زۆربەیان پێشتر لە شۆڕشی  ئەیلولدا یان كادیربوون یان پێشمەرگە بوون ‌و شارەزایی تەواویان  هەبوو لە ئاشناكردنی خەڵكدا.
 ئەو پێشمەرگانە یەكەم دەستەی پارتیزانەكان بوون، هەڵبژاردەی لاوە شۆڕشگێرەكانی ئەو ناوچەیە بوون، هەموویان مەشقی جەنگییان پێكرابوو و خولی پەروەردەكردنی  كادیرانیان بینیبوو، جگە لەوەی لە هەموو شەڕەكانی ساڵانی(1974)و (1975)دا، بەشداریانكردبوو و پێشمەرگە و كادیری سیاسی بوون لەناو"پ.د.ك"دا.
لەناو پێشمەرگەكاندا خەڵكی ناوچەكانی: زاخۆ، دهۆك، شێخان، عەین  زالە، تەلعەفەر و شەنگاریان تێدابوو، هەندێكیان جووتیار و هەندێكیشیان خوێندكاری زانكۆ بوون، بەڵام بەگشتی بیروباوەڕێكی پتەویان هەبوو، بەورەی جەنگاوەرانە بەرەو ناوچەكانی خۆیان دەچوون ‌و جەماوەری  بادینان پێشوازی گەرمیان لێكردن ‌و هاوكاریانكردن.
ئەو دەستەیە ماوەیەكی باش لەناوچەكەدا دەگەڕان ‌و دەستیانكرد بەپەیوەندییكردن بەدۆستە نزیكەكانی خۆیان ‌و مژدەیاندەدا بەخەڵك كەوا شۆڕشی چەكداری دەستپێدەكاتەوە، ئەوەبوو لە ماوەیەكی كەمدا ئەركەكانی خۆیان بەباشی ئەنجامداو تۆوی رێكخستنیان چاند، باسی جۆشدانەوەی خەبات ‌و شۆڕشی نوێیان دەكرد بەڕابەرایەتی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" بەتایبەت ئیبراهیم عەزۆ زۆر لەناوچەكەدا  دەسوڕایەوەو باسی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی بۆ دەكردن و بەناوی"ی.ن.ك" قسەی بۆ خەڵك دەكرد، هەر لەسەرەتاشەوە زۆر هەوڵی شەهیدكردنی ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێكانی درا، بەڵام لەو بارودۆخە سەختەدا خۆیان راگرت‌ و درێژەیان بەئەركی گرانی سەرەتای شۆڕشی نوێدا. دواتر بەشێوازێكی پیلان بۆداڕێژراو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك دەستگیركران لەلایەن"قیادە  مۆقەتە- واتە پارتی" بەشێوازێكی دڕندانە لەڕۆژی(١٩/١٠/١٩٧٦) لە ئەشكەوتی"پاڤێ" لە دەڤەری بادینان  شەهیدكران.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved