ئاوات كۆكەیی
وردەكارییەكانی رووداوەكانی كۆتایی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی(1975)و درووستبوونی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" هەر لە هەمانساڵدا. ئاشكراو زانراون و تا رادەیەكی زۆر بۆ هەموولایەك روونبۆتەوە، تەنانەت رووداوەكانی دواتریش و بەتایبەت كە ساڵێك دواتر شۆڕشی نوێ هەڵگیرسایەوە، قسەوباسی زۆری لەبارەوە كراوە، زیاتر لە سەدان نووسراو و پڕۆگرامیشی لەبارەوە بەرهەمهاتووە.
بەگشتی ئەو قۆناغەی مێژووی نێوان كۆتایی شۆڕشێك و سەرەتای شۆڕشێكی دیكەی كورد لە باشووری كوردستان، بۆ هەموولایەك روونەو لێرەدا پێویست بەهەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ناكات، بەڵام ئەوەی كە پێویست دەكات هەمیشە لەبارەیەوە بنووسرێت و لێی بدوێین، چیرۆكی بە غەدر شەهیدكردنی پێشمەرگەكانی مەفرەزەكەی بادینانە لەلایەن سەركردایەتی كاتی-ی ئەوسای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، چونكە غەدرێكی گەورەو كارێكی نەخوازراوی ئەوتۆبوو كە بووە سەرەتای شەڕێكی ناوخۆیی دەیان ساڵەو بەهەزاران كوردی تێدا كوژرا.
بەرنامەی مەفرەزەكەی بادینان
دوای دامەزراندنی یەكێتی لە سوریا، دەستەی دامەزرێنەر كە لەوێ بوون، كەوتنەخۆ بۆ كۆكردنەوەی ئەو تێكۆشەرانەی لەو وڵاتە بوون و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی رەوانشادان"مام جەلال و كاك نەوشیروان" چەندین خولی سەربازیی و رامیاری و هۆشیاریی نیشتمانیان بۆ كرایەوەو وردەكاریی قۆناغەكەیان بۆ رووندەكردنەوە، ئەركەكانی قۆناغی نوێی خەباتی چەكدارییان بۆ باسدەكردن، یەكێك لە خاڵە بنەڕەتییەكانی ئەو وانەو رێنماییانەی كە لە خول و وانەكاندا بۆیان باسدەكرا، لەكاتی رۆیشتنەوەی دەستەی چەكدار بۆ كوردستانی باشوور، خۆ بەدوورگرتن و خۆپارێزی بووە لە هەر گرفت و كێشەیەكی ناوخۆیی لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسیی هەر پارچەیەكی كوردستان و هەر هۆزو تیرەیەكی كورد. خاڵی بنەڕەتی و كۆتایی لە ئەركی پێشمەرگەكاندا بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی شۆڤێنیانەی بەعس و پیلانی تەرحیلكردنی كوردستان بووە لەلایەن بەعسی فەرمانڕەوای ئەوسای عێراقەوە.
دیارە ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگە سازو تەیاركران و بڕیاردرا لە یەكەم ساڵڕۆژی دامەزراندنی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" جاڕی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بدرێت، ئەوەبوو لەڕۆژی(1/6/1976) یەكەم دەستە لەو پێشمەرگانەی لە سوریاوە ئامادەكرابوون، رەوانەی كوردستان كرانەوە كە دواتر بە مەفرەزەكەی بادینان ناوی دەركرد.
مەفرەزەكەی بادینان، یەكەم پۆلە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ بوو كە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی بەهاوكاری دۆستەكانیان لە سوریاوە بەخاكی توركیادا گەیاندنیانەوە بۆ كوردستان، ئەو پێشمەرگانە بەگەشتنیان بەكوردستان بەفەرماندەیی نەقیبی ئەندازیار ئیبراهیم عەزۆ كەوتنە دانانی پلانی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و جاڕی سەرلەنوێ خەباتی چەكداریی كوردیان دایەوە بە گوێی یارو نەیاردا.
پێشوازی لە پێشمەرگەكانی بادینان
ئەوپێشمەرگانە پێكهاتبوون لەلاوە شۆڕشگێڕەكانی ناوچەكانی"زاخۆ، شەنگال، شێخان، عەینزالە، ئامێدی، دهۆك، تەلعەفەر" و زۆر شوێنیدیكە. هەموویان مەشقی جەنگی و خولی كادیرانیان بینیبوو، هەندێكیان جووتیار و هەندێكیشیان خوێندكاری زانكۆ بوون، بەڵام بەگشتی بیروباوەڕێكی پتەویان هەبوو، بەورەی جەنگاوەرانە بەرەو ناوچەكانی خۆیان دەچوون و جەماوەری بادینان پێشوازی گەرمیان لێكردن، پێشتریش كادیرو پێشمەرگەبوون لەڕیزەكانی پارتیداو بەشداریی هەمووشەڕەكانی ساڵانی(1974- 1975)ی نێوان شۆڕشی ئەیلول و حكومەتی عێراقیان كردبوو.
ژمارەیان(37) پێشمەرگەبوو، بەگەیشتنیان بۆ كوردستان لەیەكەم بەرنامەدا بوون بەچوار مەفرەزەو فەرماندەی مەفرەزەكانیش بریتیبوون لە "ئیبراهیم عەزۆ، عیزەت ئیسماعیل شەنگالی، عومەر ئیبراهیم رەشید، عەبدولجەبار عەبدولغەنی سندی"و وەك لەسەرەتاشەوە باسمانكرد فەرماندەیی گشتیی هەمووشیان ئیبراهیم عەزۆ بووە.
ماوەیەكی باش بەناوچەكاندا گەڕان و دەستیانكرد بەپەیوەندیكردن بەدۆستە نزیكەكانی خۆیان و مژدەیان دەدا بەخەڵك كەوا شۆڕشی چەكداری دەستپێدەكاتەوە، لەماوەیەكی كەمیشدا ئەركەكانی خۆیان بەباشی ئەنجامداو تۆوی رێكخستنیان چاند، باسی جۆشدانەوەی خەبات و شۆڕشی نوێیان دەكرد.
هەر لەسەرەتاشەوە لەلایەن نەیارانەوە هەوڵی شەهیدكردنی ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێكانی درا، بەڵام لەو بارودۆخە سەختەدا خۆیان راگرت و بەهیچ شێوەیەك تەسلیمی ئەو واقیعە نەبوون كە شەڕی ناوخۆ لەسەر دەستی ئەوان هەڵگیرسێت، كەچی لە دواجار هەر بەو جۆرەو بەدەستی كوردو لە پەنا دۆستایەتیدا، فێڵیان لێكراو تیاچوون.
دیارە گێچەڵەكان هەر بەردەوام بوون و ئەوانیش تا مەرگ خۆیان لە شەڕی ناوخۆ و كێشەی لاوەكییەوە پاراست، بەڵام دیارە پیلانی شەهیدكردنیان و كۆتایی هێنان بەشۆڕشی نوێ، پیلان و بڕیاری كۆتایی بكەرانی ئەو تاوانەبووە، بۆیە كەوتنە جۆرەها فێڵ و شێواز بۆ گەیشتن بە مەرامەكانیان، دەستیان لە هیچ شتێك نەپاراست.
شەهیدكردنی پێشمەرگەكان لە ئەشكەوتی باڤێ و زیندانی موسڵ
بەداخەوە، ئەوەی نەدەبوو رووبدات روویدا، لەئەنجامداو لەچەند شوێنێكی جیاجیا بەكۆمەڵ دەیاندا بەسەر چەند پێشمەرگەیەكی مەفرەزەكاندا، دواجار چەند كەسێكیان لێ شەهیدكراو زۆرینەشیان بەدیلی بران بۆ ئەشكەوتی"باڤێ" لەسەر سنوور و لەوێ تێكڕایان لەڕۆژی(19/10/1976) گولـلەباران كران.
لەیەكێك لەو هێرشانەی چەكدارەكان کردیانە سەریان، چوار پێشمەرگە توانیان خۆیان دەرباز بكەن و بە زەحمەتێكی زۆر و هیلاكبوونێكی زۆرترەوە خۆیان رزگار كرد، بەڵام كەوتنە بۆسەی جاشەوەو برانە قەسابخانەكەی موسڵ، دوای ئەشكەنجەو ئازارێكی زۆر، رۆژی (20/3/1977) هەرچواریان لە سێدارە دران، ئەوانیش بریتیبوون لە شەهیدان"عەبدولڕەحمان شەنگالی، حسێن ئەحمەد ئەحمەد میرانی، رەشید محەمەد، جاسم محەمەد ئەحمەد" بەوجۆرە تەواوی مەفرەزەكەی بادینان، لە ئەشكەوتی باڤێ و قەسابخانەكەی موسڵ شەهیدكران و كۆتاییەكی خەمناك بووە چارەسنوویان.
كورتەیەك لەبارەی شەهید"ئیبراهیم عەزۆ"وە
شەهیدی فەرماندە ئیبراهیم عەزۆ كە لەخەباتی نهێنیدا نازناوی"جەبار"ی هەبوو، ساڵی(1949) لەگوندی"گرڤر"ی سەربەناحیەی زومار لە خێزانێكی جووتیار لەدایكبووە، ساڵی(1960) خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی گرڤر تەواوكردووە. ساڵی(1963) خوێندنی ناوەندی لەناوەندی "الحریە" لەشاری موسڵ تەواو كردووە. خوێندنی ئامادەیی بەشی زانستی لە ئامادەیی"المركزیە" تەواوكردووە، ساڵی(1969 - 1970) كۆلێژی ئەندازیاریی بەشی كارەبای لە زانكۆی موسڵ تەواوكردووە بەپلەی دووەم لەسەر ئاستی زانكۆی موسڵ.
شەهید كەسێكی خۆشەویستبوو لەنێو هاوڕێیانی زانكۆیدا، ئارام و كەمدوو بووە، بەرپرسی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بوو لە زانكۆی موسڵ و لایەنگیریی باڵی مەكتەبی سیاسیی"پ.د.ك" بوو. زۆر دڵ گەرم بوو بۆ دۆزی كورد و خەونی بەوەوهدەبینی كە كوردستان بەئازادكراوی ببینێت. ئامادەی قوربانیدان و بەگژاچوونەوەی مەترسییەكان بووە، كەسێكی هێندە بیرتیژ و لێزان بوو دەیتوانی بەگفتوگۆ و دیالۆگ بەرامبەرەكەی رازی بكات، پەلەی نەدەكرد لەبڕیاردان، بەڵام هیچ كات رارانەبووە لەكاتی بڕیارداندا. پاش تەواوكردنی خوێندن دەرگای خۆبەختكردن بۆ دەرچوانی كۆلێژی ئەندازیاری بەشی كارەبا دەكرێتەوە و پەیوەندی دەکات بەخزمەتى سەربازییەوە لەسەربازگەی"غزلانی" و پاشان سەربازگەی "تاجی". لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران بەشداریكردووە لە خولی بەكارهێنانی موشەكداو لەسەرئاستی خولەكەش پلەی یەكەم بەدەستدەهێنێ كە"نەقیبی ئەندازیار" بوو، دوای ئەوەش جارێكیدیكە رۆیشتە كۆماری میسری عەرەبی و بەشداری خولی سەربازیی و ئەفسەرانی كردووە و لەوێش پلەی یەكەمی بەدەستهێنایەوە.
كادرێكی چالاكی رێكخستنەكانی"كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان" بووە، دوای ئاشكرابوونی رۆیشتووەتە سوریاو لەوێ لەگەڵ دەستەی دامەزراندنی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" ئاشنایی زۆری پەیداكردووەو وەك یەكەم فەرماندەی یەكەم مەفرەزەی پێشمەرگە دیاری دەكرێ. دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری كوردستان و دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدار، لەماوەیەكی كەمدا لەگەڵ هاوڕێكانیدا رۆڵی گرنگیان گێڕا بۆ ناساندنی یەكێتی و شۆڕشی نوێ بەخەڵك، بەڵام بەداخەوە، لەڕۆژی(19/10/1976) تێكڕایان بەغەدر شەهیدكران.
بابەتی زیاتر