عەبدوڵڵا كەریم مەحمود
لە(1)ی تشرینی یەكەمی ساڵی(1982) (70) پێشمەرگەی تیپی(57)ی سەگرمەو تیپی(51)ی گەرمیان و تیپی(55)ی قەرەداغ، وەك هێزی پشتیوان، بۆ پشتگیریی و بەرگریی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە بازیانەوە مەسافەیان وەرگرت، بەناو رەبایە و سەربازگە و بۆسەی هێزەكانی سوپای سوپای عێراقدا، خۆیان گەیاندە گوندی"شیلە خان" بەدرێژایی رێگاكە باران دەباری، ئێوارەكەی پەڕینەوە بۆ بەری"زێوێ" لەوێوە گەیشتنە"دۆڵی جافایەتی" لە گوندی"وڵاغلو"ەوە روویان كردە"گەڵاڵە"و"سەفرە"و"زەرون"و"هەرزنەو بێتوش" بەردەوام بوون لەڕۆیشتن تا گەیشتنە"بێورانی خوار"و"بێورانی ژوورو" هەنگاوی خێرایان نا بۆ"قاسمەڕەش" تا گەیشتنە ناوچەی ئالانە، لە(15/10) لەگوندی ئاڵوەتان گیرسانەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران، سەراپا ناوچەكەیان تەنیبوو، پێش ئەوەی هێزەكه بگات، چەند پێشمەرگەیەك لەوێبوون، پاشەكشەیان كردبوو، لە شەوی(17/18/10/1982) هێزی پاسداران هێرشێكی چڕ و بەربڵاویان كردەسەر گوندی ئاڵوەتان و تێكیانشكاندن، لە سەعات(12)ی شەودا تۆپبارانی سەنگەری پێشمەرگەكانیان كرد، لە سەعات(4) لەچەند قۆڵێكەوە زنجیرە هێرشێكیان كرد(18) پێشمەرگە لە لوتكەیەكی بەرزی زنجیرە شاخی ئاڵوەتان رووبەڕوویان وەستانەوە، فاتیح سەنگاوی، توانایەكی بێ سنووری هەبوو، كارە قورس و دژوارەكان بەودەسپێرا. رۆڵی پێشەنگ و دیاری هەبوو، پاسدارەكان لەگەڵ پەلامارەكانیان بۆ سەر سەنگەری پێشمەرگە پڕ بەگەرویان هاواریان دەكرد:
"دەڕۆین.. دەڕۆین، ناوەستین، تا دەگەینە بەهەشت.."
لەوكاتانەدا فاتح سەنگاوی بەتفەنگەكەی مشتی لێدەگرتنەوە، بەفیشەكی گڕداری موفرەد دەیان جەستەی لێدەخستن و پێیدەوتن:
"ئێستا یەك.. بەیەك دەگەن بە بەهەشت"
تەنیا كامێرای فۆتۆ و ڤیدیۆ دەیتوانی ئەفسانەی ئەو داستانانە وەك خۆی تۆمار بكات، لە سەعات(11)ی پێش نیوەڕۆ، پێشمەرگەكان تا دوافیشەك بەرگریان كرد، لەبەربێ فیشەكی كشانەوە روویان كردە شاخی"كونە مشكێ" كە بەرزاییەكی ستراتیژیی بوو، لەبەرسەختی شەڕەكە فاتیح سەنگاویی و شاخەوان خەسرەو لە مەفرەزەكەیان دابڕان، كەوتنە ناو مەفرەزەی پێشمەرگەكانی تیپی(51)گەرمیان. دواتر ملازم خولە و هێزی خۆشناوەتی، پێشمەرگەكانی سەگرمەیان بەدیلگرت، مەحمود سەنگاوی و سیروان دێڕەشەیی پێیانووت:
"ئەم شوێنە زۆر سەختە ئێمە(28) پێشمەرگەمان لێدانابوو، ئێوە پێشمەرگەی زۆرتری لێدابنێن"
ملازم خولە وتی:
"ئیوە بڕۆن، من هەشت پێشمەرگەی لێدادەنێم"
پێشمەرگەكانی سەگرمە بۆ پشوو روویانكردە ناو گوندی"كونە مشكێ" هەموویان ماندوو و چڵكن بوون، خۆیان و جلەكانیان شۆرد، تاریك و لێڵی بەیانی(22/10/1982) بوو، دەنگی گرمەی تەقینەوەی R.B.Gو هاوەنەكان، سەراپا ناوچەكەی هەژاند، سوپای پاسداران بەجۆرێك پێشڕەویان كردبوو، نزیكی سەنگەری پێشمەرگەكان ببوونەوە، ملازم عومەری لێپرسراوی مەكتەب عەسكەری روویكردە پێشمەرگەكانی(57)ی سەگرمەو وتی:
"شەڕێكی زۆرتووندو سەخت، لەسەرشاخ بەرپابووە، ژیانی ملازم خولەو پێشمەرگەكانی خۆشناوەتی لە مەترسیدایە، بەڵكو بەخێرایی فریایان بكەون، پێشمەرگەكانی سەگرمە، بەجلە تەڕەكانیانەوە، خۆیان بەست. بەخێرایی بەناو ئەو بەفرەدا خۆیان گەیاندە سەنگەرەكان، ملازم خولە پێكرابوو، فەقەراتی شكابوو، چەند پێشمەرگەیەك شەهیدو بریندارببوون، پاسدارەكان تەنیا یەك شوێنیان لەسەر زنجیرە چیای سەختی"سەری گۆم" گرتبوو، لەوێوە دەسڕێژیان لە پێشمەرگەكان دەكرد، شوێنە ستراتیژ و سەختەكەی تریان بۆ نەگیرابوو.
ملازم عومەر وتی:
"گەر ئێوە بتوانن ئەو شوێنە سەختەی"سەری گۆم" بگرنەوە، كۆنترۆڵی ناوچەكە دەكەن"
مەحمود سەنگاوی لەگەڵ فاتیح سەنگاوی و وریای شێخ رەشیدو هیوا باڕۆیی و ستار سەنگاوی و شاخەوان خەسرەو و چەند پێشمەرگەیەك و(11) پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی ئێران، لەبەری گۆمەوە هەنگاویانا، بۆ ئەوەی بگەنە ئەوشوێنەی كە بەملازم خولەی وت:
"گرنگ و سەختە"
كاتێ بەخۆیانزانی، ئەوشوێنە پڕە لە پاسدار و جامانە سوورەكان، بواری گەڕانەوەیان نەمابوو، بەڕاكردن خۆیان گەیاندە شیوەكەی بەردەمیان و ملەیەك. پاسدار و جامانە سوورەكان بەهەموو جۆرە چەكێك پێشمەرگەكانیان داگرتەوە، مەحمود سەنگاوی بەعوسمان هەڵدەیەری وت:
"ئێمە لێرە بەرگریی دەكەین، تۆ سەركەوە بۆسەر ئەو شاخەی پشتی خۆمان و لەوێ دامەزرێ، یەكسەر ئێمەش دەگەینە ئەوێ .پێشمەرگەكان لە گردی"كونە مشكێ" بەرگرییەكی باشیان كرد، سەعات(1)ی پاش نیوەڕۆ ئەو بەرزاییەیان گرت، شوێنێكی ستراتیژیی بوو، فاتیح سەنگاوی و وریای شێخ رەشید و خالید باڕۆیی لە سەنگەرێكدا بوون، مەحمود سەنگاوی و شاخەوان خەسرەو لە سەنگەرێكی نزیكیان بوون لە كونە مشكێ، دواتر حەمەی كاك هەمزەی دۆڵی پڵنگان گەیشتە لایان، بە مەحمود سەنگاویان وت:
"ئێمە هاتووین، ئێوە بەدل بكەین"
گولە هاوەن لەم بەروئەوبەری سەنگەرەكانی دەدان، لەوكاتەدا هێلیكۆپتەرێكیان بینی، لەبەرامبەریان نیشتەوە، ئەسپێك و هێسترێك و دۆشكەیەكی كالیبەری بەرپەنجا یان داگرت، دوای(5) دەقیقە دۆشكەكەیان دامەزراندو سەنگەرەی پێشمەرگەكانیان بێژا، فاتیح سەنگاوی بە درێژایی شەو نەنووستبوو، ماندووبوو. لەپاڵ بەردێكدا لە خەوێكی قوڵ دابوو، لەناكاو گولەی دۆشكە كە لەبەردەكەی تەنیشتیدا، تەنیا قاچەكانی جوڵا، مەحمود سەنگاوی بانگی وریای شێخ رەشیدی كرد، وتی:
"وریا.. وریا گولەی ئەو دۆشكەیە فاتیحی پێكا"
بەخێرایی خۆیان گەیاندەلای، جۆگەلەیەك خوێنیان بینی بەفرەكەی سوور كردبوو، گولەی دۆشكەكە بەردەكەی بڕیبوو، لەسەری فاتیحی دابوو. چوار پێشمەرگە تەرمی فاتیح سەنگاویاندا بەكۆڵیاندا. خستیانەسەر ئێسترێك، هەدوو دەستی لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕببۆوه، وریای شێخ رەشیدو خالید باڕۆیی تەرمەكەیان لە سەرچیای"گۆم" بردە خوارەوە، پێشمەرگەیەك تراژیدیای مەرگی فاتیح سەنگاوی لە فۆتۆیەك كرد بەهێمای پێشمەرگەی نیشتمان.
* فاتیح رەئوف رەحیم، ناسراو بەفاتیح سەنگاوی، لە(1966) لە ناحیەی سەنگاو لە دایكبووە، بەهۆی هەلومەرجی نائاسایی و دژواری ژیانەوە، دەستبەرداری خوێندن بووەو كاری جووتیاری و شوانی كردووە، لە(1978) لە تەمەنی(12) ساڵیدا، پەیوەندیكردووە بەڕیزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانى کوردستان-ەوە، لە ساڵی(1981) لە تەمەنی(15) ساڵیدا بوو بە پێشمەرگە لە مەفرەزەی(2) لە كەرتی(4)ی جەباری. لە(1981- 1982) كرا بەجێگری فەرماندەی مەفرەزەو دواتر بووە بە فەرماندەی مەفرەزه لە كەرتی(3)ی هەمەوەند، لە بەیانی(23/10/1982) لەسەرشاخی"كونە مشكێ" پێكراو دوا هەناسەی سپارد، تەرمەكەیان لە شێنێ ناشت، دواتر تەرمەكەیان دەرهێنایەوە لەڕێوڕەسمێكی شكۆمەندانەدا لە گۆڕستانی سەنگاو بە خاكیان سپارد.
فاتیح سەنگاوی، لە هەڵمەتی بروسكە ئاسای نەبەردی و داستانەكاندا، هەمان توانای لە بننەهاتووی ئەفسانەیی مامە ریشەی كەرتی(4)ی جەباری و حەمە رەشەكەی كەرتی(3)ی هەمەوەندی هەبوو زەمەن بوارینەدا. تراژیدیای ئەم فۆتۆیەی مەرگی فاتیح سەنگاوی، ناخ و ویژدانی مرۆڤ و دنیای هەژاند. شەهید فاتیح سەنگاوی، دایكی زۆر خۆشدەویست، بە بەردەوامی باسی سۆزی میهرەبانی دایكی بۆ هاوڕێ پێشمەرگەكانی دەگێڕایەوە، لە جەولەكەدا ئەم كۆپلە هۆنراوەی بۆ هاوڕێكانی دەخوێندەوە:
دایە گیان بۆ من مەگری من مەلاوێنە
لە جاران زیاتر خەندە بنوێنە
سەیری خوێنی كوڕەكەت بكە، چەند گەش و جوانە
دەڵێی شەبەقی بەری بەیانە
سەری هەڵداوە لەم كوردستانه..
سەرچاوەو پەراوێز:
* سەنگەر عەبدوڵڵا، هەڵمەتی بروسكەی نەبەردییەكانی فاتیح سەنگاوی، سەنگاو، ژمارە(10)ی خولی دووەم، بەهاری(2011، ل 80 - 99)
بابەتی زیاتر