کتێبی سیستمی فیدراڵ لە دەوڵەتی ئیماراتدا
نووسینی: عەبدوڵڵا عەنزی
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: سەردار عەبدولکەریم
ساڵی چاپ: ٢٠١١
لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران
لەم سەردەمەدا دەوڵەتانی جیهان دابەش بوون بەسەر دەوڵەتی ناوەندی و دەوڵەتی فیدرالدا.
تعێمە جورف بەم جۆرە پێناسەی دەوڵەتی ناوەندی دەکات: دەوڵەتێکە یەک بارستەی دەستوری و یاسایی هەیە و ملکەچی یەک حکومەتی ناوەندیە کە بەبێ رکابەر کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی هەڵدەسوڕێنێ.
یەحیا جەمەلیش سەبارەت بەدەوڵەتی فیدرال دەڵێت: کۆمەڵێک دەوڵەتۆکەیە یان کۆمەڵێک ویلایەتە لەهەندێ کاروباردا ملکەچی یەک دەسەڵاتی یەکگرتوون و لەهەندێ کاروباری تردا سەربەخۆن و ملکەچی دەسەڵاتی تایبەتی خۆیانن.
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت باسی بکەین دەوڵەتی فیدرالە، یەکێتی فیدرالی نێوان دەوڵەتان و دەوڵەتۆکەکان لەسەردەمی مۆدێرندا یەکێکە لەو سیستمە هەرە باوانەی کە بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە پێکدێ، لەڕوی تیۆریەوە دەوڵەتی میرنشینە عەرەبەکان(ئیمارات) بەدەوڵەتێکی فیدرال دەژمێردرێ، مادەی یەکی دەستوری کاتی دەڵێ دەوڵەتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەوڵەتێکی فیدراڵی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە و لێرە بەدواوە لەدەستورەکەدا بەیەکێتی یان فیدراسیۆن ناوی دێت.
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بریتیە لەزانینی گرنگترین ئەو هۆکارانەی کەکاریان کردۆتە سەر پەیدابون و پێکهێنانی فیدراسیۆنەکە و تاوتوێکردنی دامودەزگا سیاسیە فیدرالیەکان و ئەرکەکانیان و بەراورد کردنیان لەگەڵ دامودەزگای هاوشێوەی خۆیان، ئەم توێژینەوەیە مەیدانیە، پشتی بەستووە بە کۆمەڵێک چاوپێکەوتن و توێژینەوە، کەسەبارەت بە دەوڵەتی ئیمارات کراوە، بایەخی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە ئەزمونی فیدرالی دەوڵەتی ئیمارات لە ئەزمونە تایبەتەکانی جیهانی عەرەبە، چونکە جیهانی عەرەب چەند ئەزمونێکی یەکگرتنی بەخۆوە دیوە کەسەرکەوتو نەبون، بەڵام ئەزمونی ئیمارات تەمەنێکی زۆری هەیە و هەلومەرجە ناوخۆی و گوشاری دەرکی هاندەربوون لەخێرا پێکهێنانی فیدراسیۆنەکە.
فیدراسیۆنی ئیمارات لەحەوت ئەندام پێکدێ کە ئەمانەن: (ئەبو زەبی،دوبەی، شارجە، راسولخەیمە، فجێرە، عەجمان،آم القیوین)
ڕوبەری هەموو دەوڵەتەکە دەوروبەری ٧٨،٠٠٠ کیلۆمەتری دوجایە.