دەرسیم پێشەوا
دانمارک



عەبدولڕەحمان مەولود محەمەد عەبدولعەزیز ساڵەیی، ناسراو بە کاروان، لە دایکبووی ساڵی(1968)ی گوندی مەلاقەرە لە سنووری شارەدێی دیبەگە.
رەحمان مەلاقەرە(کاروان) ئەندام کۆمیتەی هەولێری ئاڵای شۆڕش(یەکێتی) لەڕۆژی(٢١/١/١٩٨٧)دا، دوای چالاکییەک و ئاگادارکردنەوەی ئەمنی هەولێر لەلایەن(دکتۆر م. ع. ع) لە پەیمانگای تەکنەلۆجی لە شاری موسڵ لەلایەن ئەمنی هەولێر گیرا، کە لە پۆلی یەکەمی پەیمانگاکە بوو.
لەسەر داوای بنەماڵەی شەهید کاروان و هاوڕێکانی شەهید، ناوی دکتۆرەکەم بەپیت نووسیوە. بۆیە هیوادارم کەس داوای ئاشکراکردنی ناوەکە نەکات، شەهید کاروان، چونکە خوێندکارێکی زیرەک و لە دەیەمین یەکەمەکانی ئامادەیی بازرگانی هەولێر بوو، لەم پەیمانگایە وەرگیرابوو. کاروان دەیزانی دەگیرێ و سەرەڕای ئەوەی ئاگادارکرابووەوە لەوەی کە هاوڕێیەکی گیراوە و لەژێر ئەشکەنجەی سەختدایە، بەڵام ئەو لە وەڵامی هاوڕێ حەسەن خونچە و هاوڕێ لوقمان محه‌مەد ئه‌مین عه‌لی زاهیر ناسراو به‌ کاروان، کە دواتر ئەویش لە ڕۆژی(٥/١١/١٩٨٩)دا، له‌لایه‌ن ئه‌منی هه‌ولێر له‌ شاری موسڵ شه‌هید کراو، گوتویەتی:
"دڵنیام و متمانەم بەخۆم هەیە کە هەرگیز جەللادانی بەعس ناتوانن ئیعترافم پێبکەن، بۆیە خۆم ناشارمەوە."
ئەو ئەوەندە لەخۆی دڵنیا بووە کە جەللادە فاشیستەکانی بەغدا ناتوانن هیچ نهێنییەکی لێ وەرگرن، بەڵام ئەو نەیزانی جەللادەکان لەژێر ئەشکەنجە شەهیدی دەکەن!
نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵی(2004)دا، ئەو دکتۆرەی هێنایەوە هەولێر و کردی بەڕاوێژکاری تەندروستی خۆی بۆ کاروباری تەندروستی دەرەوە، لە وەزارەتی شارەوانی لە هەولێر لەناو دۆسیەی ئەو دکتۆرە نووسراوە:
"پارچە زەویەکی باش و گەورەی لە شوێنێکی پڕ بایەخ بدرێتێ لەپای ئەو خزمەتەی کە بۆ گەل و نیشتمان کردوویەتی.."
دیارە پارتی و نێچیرڤان بارزانی بەگرتدان و شەهیدکردنی رۆڵە قارەمانەکانی هەڵگری دروشمی(کەم بژی و کەڵ بژی) بەدەستی خۆفرۆشان بەخزمەتکردنی گەل و نیشتمان دەزانێت؟
کاروان مەلاقەرە، تەنیا(٢٣) بیست و سێ رۆژ مایەوە و لەڕۆژی(٢/١١/١٩٨٧)دا، لەژێر ئەشکەنجە و بەهۆی ئەشکەنجەی دژوار و کاریگەری مانگرتنەکەی لە(خواردن، خواردنەوە و قسەکردن) گیانی سپارد، چونکە رۆژ لەدوای رۆژ و سات لەدوای سات بەهۆی مانگرتنەکە، جەللادانی ئەمنی بەعسی هەولێر هۆڤیانەتر و رقاوی تر ئەشکەنجەیان دەدا، تا کار گەیشتە ئەوەی لەژێر ئەشکەنجە گیانی بەخشی و بەمشێوەیە(کەم ژیا و کەڵ ژیا).
رەحمان مەلاقەرە(کاروان) زیندانییەکی خۆڕاگر، ورەبەرز، چاونەترس و نهێنی پارێزبوو، تەنیا شەش رۆژی یەکەم وەڵامی ئەفسەری لێکۆڵینەوەی دەدایەوە، دواتر بۆ ماوەی حەڤدە رۆژ و شەو بەمانگرتن لە(نانخواردن، خواردنەوە و قسەکردن) وەڵامی ئەشکەنجەی دڕندانە و نامرۆڤانەی جەللادانی ئەمنی بەعسی دەدایەوە، کە ئەو گیرا و لە ئینفرادی بوو، رۆژانە چەند جارێک بۆ ئەشکەنجە دەریاندەهێناو دەیانبرد، خۆم لە ژووری چواری زیندانی ئەمنی هەولێر بووم و دەنگوباسەکانی خۆڕاگریی و مانگرتنەکانی دەگەیشتە ژوورەکەمان.
ئەو لەدوا ساتی قسەکردن بە ئەفسەری لێکۆڵینەوە و جەللاد دەڵێت:
"بێزم نایە نانتان بخۆم، ئاوتان بخۆمەوە، تەنانەت خۆم زۆر لەوە بە گەورەتر و بەرزتر دەبینم کە وەڵامی پرسیارەکانیشتان بدەمەوە، بۆیە بەباوەڕبەخۆبوون و سەربەرزییەوە لەبری خواردن، خواردنەوە و وەڵامدانەوە، بێدەنگی و مانگرتن تا شەهید بوون هەڵدەبژێرم."
پرسیاریان لێ دەکرد، ئەو بەبزەیەک سەیری دەکردن، کە مانای ئەوەبوو(گەمژەینە پێتانم گوت وەڵامتان نادەمەوە، بۆ تێناگەن، ئێوە ناتوانن بە ئەشکەنجەش بمهێننە قسە و ناچارم بکەن وەڵامتان بدەمەوە!)
خواردنیان بۆ دێنا، ئەو بە ئاماژە دەیگوت:
"نانتان ناخۆم ئێوە فاشیستن.!"
ئاویان بۆ دێنا، بە زمانی جەستە دەیگوت:
"ئاوی دەستی جەللاد ناخۆمەوە.!"
فەلاقەیان دەکرد، کارەبایان لێدەدا و هەڵیاندەواسی، ئەو ورتە لە دەمی دەرنەدەچوو، پەنای نەدەبردەبەر هاوارکردن، یان ئاخ و ئۆف هەڵکێشان! کاروان لەبری هاوار و نوزانەوە، خەندە دەبوونە میوانی لێوەکانی و وەکو ئەوەی پێیان بڵێت:
"بە ئەشکەنجەدانم، کردەوەی نامرۆڤانەی بەعسیانەتان، رەفتاری فاشیستانە و داگیرکەرانەتان، خەندە و خۆشی بۆ منداڵان و نەوەی داهاتووی ئەم کوردستانە بەرهەمدێنم.!"
بەڵێ کاروان خاوەنی بەڵێنی خۆیی و پارێزەری دروشمی(کەم بژی و کەڵ بژی) بوو، هەروەکو بەڵێنیدا ئیعتراف نەکات، نەیکرد، هەروەکو باوەڕی بەدروشمی(کەم بژی و کەڵ بژی) هێنابوو، هەر وا ژیا.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved