رۆڵی ژنان لە پەرەپێدانی کاری رێکخراوەییدا
(ی. ن. ک) وەک نمونە
ئەم نامیلکەیە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران بە چاپ گەیشتووە. دەتوانین گرنگی ئەم نامیلکەیە لەوەدا کورت بکەینەوە کە زۆر بە پوختی ئاماژە بۆ رۆڵی ژنان دەکات لە کاری سیاسیدا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکاتە نمونە.
سێ نوسەر ژن لەم نامیلکەیەدا بە سێ بابەتی جیاواز بەشدار بوون:
یەکەم- ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لە کاری رێکخستندا: ئەم بەشەی یەکەمی نامیلکە لە لایەن جەمیلە شێخ مەحمود نوسراوە. سەرەتا نوسەر باسی مێژووی بەشداری ژنان دەکات لە خەباتی سیاسی و چەکداری یەکێتیدا. دواتر ئاماژە بۆ پاشەکشەی ئاستی بەشداری ژنا دەکات و ئاستەنگەکانی ژنانی یەکێتی دەکات لە کاری سیاسیدا و لەم چەند خاڵەدا کورتی دەکاتەوە:
١- هیچ پیاوێک هاوژینەکەی خۆی یاخود خوشکەکەی خۆی یاخود کچەکەی خۆی نەهێناوەتە ناو کۆمیتەیەک و دەرگای کاری رێکخراوەیی بۆ ژنانی ناو خێزانەکەی خۆی نەکردۆتەوە.
٢- زۆربەی ئەندامانی کەرتەکانی ژنان نەخوێندەوار یان بە تەمەن بوون.
٣- بەشی زۆری کچان لە دوای هاوسەرگیری وازیان لە کاری سیاسی و ریکخراوەیی هێناوە.
دواتر نوسەر لە چەندین خاڵی دیکەدا کێشەی منداڵ بوون، داب و نەریتی کۆمەڵایەتی، خێزان، هۆکاری ئابوری شرۆڤە دەکات و بە هۆکاری سەرەکی ناویان دەبات بۆ نەهاتنە پێشەوەی ژنان لە کاری رێکخستن و سیاسیدا.
لە بەشێکی تری نوسینەکەدا کە تایبەتە بە هەڵبژاردن و میکانیزمی پلە بەرزکردنەوە لە ناو یەکێتیدا، نوسەر ئاماژە بۆ سیستەمی کۆتا دەکات کە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەسەند کراوی کۆنگرەی سێیەمدا بە رێژەی ٢٠٪ دیاری کراوە.
دووەم- ژنان و کارا کردنی پەیڕەو و پرۆگرامی حزب:
ئەم بەشەی دووەمی نامیلکەکە لە لایەن پارێزەر نیگار عومەر نوسراوە. لەم بەشەدا چەندین خاڵی گرنگ وەک بنەمای سەرەکی کارکردن لە ناو یەکێتدا پێشنیاز کراوە. بنەمای هەرە سەرەکی بۆ کارکردنێکی دروست لەناو حزبدا بە بۆچوونی نوسەر بنەمای سۆشیال دیموکراتییە. 
نوسەر لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆ پەسەندکراوی کۆنگرەی سێیەم شیدەکاتەوە. لەم بەشەدا ئەو بڕگانە بە نمونە دەهێنێتەوە کە تایبەتن بە کاری ژنان. بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە نوسەر ئاماژە بە هەندێ ژمارە و داتا دەکات و دەڵێت: (ژمارەی ئەندام مەکتەبی ژن لە سەرجەم  مەکتەب و دەزگاکاندا ١٠ ژنە، لە کاتێکدا ژمارەی پیاو ٧١ کەسن. ژمارەی ژن لە ناو ئەندامانی ئەنجومەنی مەکتەب تەنها ٢ دانەیە و پیاوان ١٦٨ کەسن.
سێیەم- سیستمی کۆتا بۆ بەشداری ژن: ئەم بەشە لە نامیلکەکە لە لایەن خاتو شلێر رەشید نوسراوە. لەم بەشەدا ئاماژە بۆ فراوان بوونی پەیڕەوکردنی سیستمی کۆتا دەکات لە ژیانی سیاسیدا و جۆرەکانی سیستمی کۆتا باس دەکات. 
سەبارەت بە کۆتای ژن نوسەر لەو باوەڕەدایە کە سیستەمی کۆتای ژنان بەرپرسیارێتی لەسەر ژنان هەڵئەگرێت و ئەیخاتە ئەستۆی حزب و حکومەت، چونکە سیستمی کۆتا کاتێک دەکرێتە پەیڕە و کە ژن نەتوانێت بە دەنگی سەربەخۆی خۆی سەرکەوێت، بۆیە دەبێت پاڵپشتی یاسایی و هاندانی هەبێت لە لایەن حزبەوە بۆ راماڵینی ئاستەنگەکان.
لە سەرەتای نوسینەکەدا، نوسەر ئاماژە بۆ زاراوەی کۆتا دەکات و لەو باوەڕەدایە کە لە بنەڕەدا وشەکە لاتینییە و  بە واتای بەش دێت و سەرەتا لە لایەن ئابوری ناسەکانەوە بەکار هاتووە و دواتر پەڕێوەتەوە بۆ نێو دنیای سیاسەت. نوسەر باسی مێژوی کۆتا دەکات و دەڵێت: سەرەتا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەکار هاتووە و وەک سیاسەتی قەرەبووکردنەوە دانراوە بۆ ئەو گروپانەی کە بێبەش بوون لە بەشداری سیاسی. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەندێ جار خاوەن کارەکانیش پەیڕەوی ئەوەیان کردووە کە سیستمی کۆتا دابنێن بۆ هەندێ کرێکار بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی رەش پێستەکان. نوسەر لەو باوەڕەدایە کە سەرۆک جۆن کیندی یەکەم کەس بووە لە ساڵی ١٩٦١ ئەم زاراوەیەی بەکار هێناوە.
لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەدا نوسەر دەچێتە سەر باسی ئامانج لە پەیڕەوکردنی سیستمی کۆتا. لەمەڕ کۆتای ژنان لەو باوەڕەدایە کە ئامانجی سەرەکی لەو کارە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی بەشداری ژنانە لە ژیانی سیاسیدا. نوسەر ئامانجەکان لە چەند خاڵێکدا چڕ دەکاتەوە، لەوانەش:
١- دابینکردنی لانی کەمی کورسی پەرلەمان بۆ ژنان.
٢- گۆڕینی تێگەیشتنی مانای یەکسانی لە شێوازی کۆن و کلاسیکەوە بۆ شێوازێکی مۆدێرن.
٣- قەرەبووکردنەوەی ژنان بەرامبەر ئەو کۆسپانەی کە لەکاتی هەڵبژاردن دێتە بەردەمیان.
٤- تێگەیشتنی تازە بۆ یەکسانی دروست دەکات.
٥- تواناکانی ژنان زیاتر دەردەخات.
لە بەشێکی دیکەدا، نوسەر دێتە سەر باسکردنی سیستمە جیاوازەکانی کۆتا، لەو باوەڕەدایە کە هەر وڵاتە و جۆرێک لە سیستمی کۆتای تایبەت بە خۆی پەیڕەو دەکات و بەمجۆرەی خوارەوە پۆڵینی کردوون:
١- سیستمی کۆتای دەستوری.
٢- سیستمی کۆتای یاسایی.
٣- سیستمی کۆتای حزبی.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved