مەریوان ئەحمەد لاوە
شەهید عەبدولجەبار رەشید محەمەد مەلا ئیبراهیم- هاوڕێ باوەڕ ساڵی(1944) لە سلێمانی لەدایكبووەو قۆناغەكانی خوێندنی بەسەركەوتوویی و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی كشتوكاڵی لەسلێمانی بەدەستهێناوە، ساڵی(1960) تێكەڵاوی كاروانی خەبات بووەو چووەتە ریزی یەكێتی قوتابیانى پارتی دیموكراتی كوردستان..
هەر لەوساڵانەدا دەزگای چاپەمەنی لە ماڵەكەیدا حەشارداوەو بڵاوكراوەكانی شۆڕشی پێ چاپكردووە. سەرەتای حەفتاكان پەیوەندیكردووە بەڕیزەكانی كۆمەڵەوەو ساڵی(1974) بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە. لە(1976) چالاكانە كەوتووەتە كار و بەدەیان شانەو ئۆرگانی لە كەسانی بەتوانا و دڵسۆزی لە ریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان رێكخستووە.
ساڵی(1982) بەهۆی دڵسۆزیی و چاونەترسی و فراوانبوونی ئەو ئۆرگانانەی كە كاری تێداكردووە، كراوەتە بەرپرسی پۆلی شەهید ئەنوەر زۆراب، ساڵی(1987) بووەتە لێپرسراوی رێكخراوی رێكخستنەكانی سلێمانی و كەركوك و بەغدا. دوای ئەنفال و كیمیابارانكردنی ناوچەكان كە هێزی پێشمەرگە پاشەكشەیكرد بۆ سەر سنوور و پاشان مەفرەزەی پێشمەرگە وەك پارتیزان لەناوچە چۆڵكراوەكاندا مابوونەوە و ئەركی خواردەمەنى و دەرزی و دەرمان و پێداویستییەكانی تر كەوتە سەرشانی رێكخستنی سلێمانی، هەر لە دوای ئەنفال پۆلێك پێشمەرگە لە سنووری قەرەداغ بەسەختی برینداربووبوون كە یەكێك لەوانە كاك ئازاد-ی سەرتیپی(57)ی سەگرمە بوو، ئەركی چارەسەری کاک ئازاد كەوتە سەرشانى رێكخستنی سلێمانی بەتایبەت شەهید جەبار و چەند هاوڕێیەكی وەکو خاتوو شەمام شەوقی هاوسەری کاک جەبار.
شەهید جەبار شەو و رۆژی خستە سەریەك، هەر رۆژەی لەشارێك بوو، یان بەدواداچوونی هەڤاڵانی دەكرد، تا لەئەنجامدانی چالاكییەكانیدا لەبازگەی تاسڵوجە رۆژی(22/1/1990) كەوتە بۆسەی جەللادەكانی رژێمی بەعسەوەو رۆژی(16/10/1990) لەگەڵ چوار هاوڕێی رێكخراوی سلێمانی، شەهیدان"مامۆستا ئەحمەدی سەناعە، وەستا بەكری دارتاش، حەمە رەحیم، عەتای حاجی ئەحمەد) بڕیاری لە سێدارەدانیان بەسەردا دراو لە (٧/١١/١٩٩٠)ی هەمان ساڵ ئەو پێنج قارەمانە بەیەك بڕیار لە سێدارەدران.
بابەتی زیاتر