نیازی مسته‌فا ساڵح كه‌ریم



شه‌هید"جه‌باری حاجی ره‌شید"ی مه‌لا ئیبراهیم، كه‌ ناسرابوو به‌هاوڕێ باوه‌ڕ له‌ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا، له‌ به‌رواری(2/12/1945) له‌ شاری سلێمانی له‌ دایكبووه‌، كوڕێكی زیره‌ك و زاناو چالاك بوو، له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ زۆر نزیكبوو له‌ باوكیه‌وه‌، هه‌میشه‌ هاوشانی و پشتیوانی بووه،‌ له‌ هه‌ڵوێست و كاره‌كانیدا، قسه‌خۆش و سوعه‌به‌ت چی بوو، خاوه‌نی بیروباوه‌ڕ و رۆشنبیرییه‌كی به‌رزبووه‌، خوێندنی سه‌رەتایی و دواناوه‌ندی و پاشان كۆلێژی كشتوكاڵی ته‌واوكردووه‌ له‌ زانكۆی سلێمانی.
شه‌هیدی‌ نه‌مر له‌ ساڵی(1960) تێكه‌ڵ به‌كاروانی خه‌بات بووه‌و‌ چۆته‌ ریزی یه‌كێتی قوتابیانه‌وه،‌ پاشان رووده‌كاته‌ ریزه‌كانی"پ.د.ك" هه‌ر له‌وساوه‌ ئیزگه‌و چاپەمه‌نی له‌ناوماڵی حاجی ره‌شیدی باوكیا حه‌شارداوه‌و‌ كاریان پێكردووه‌، ئه‌وكاته‌ خانووه‌كه‌یان له‌سه‌رجاده‌ی كاوه‌ بوو. له‌سه‌ره‌تای هه‌فتاكاندا په‌یوه‌ندی به‌ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌ كردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ر رێنمایی ئه‌و رێكخستنه‌ له‌ ساڵی(1974) به‌شداری له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا كردووه‌، له‌ ساڵی(1976)دا، چالاكانه‌ له‌ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا به‌نهێنی كاریكردووه‌، له‌ ساڵی(1982) بووته‌ ئه‌ندام كه‌رتی شه‌هید‌ ئه‌نوه‌ر زۆراب، له‌ ساڵی(1987) بووه‌ته‌ لێپرسراو و سه‌رپه‌رشتیاری رێكخراوی سلێمانی و‌ كه‌ركوك و‌ به‌غدا.
شه‌هید جه‌بار رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له ‌به‌رده‌وامبوونی خه‌باتی ژێرزه‌مینی، پاش كۆچی دوایی باوكی و گواستنه‌وه‌ی خانووه‌كه‌یان له‌جاده‌ی كاوه‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌كی عه‌قاری له‌ ساڵی(1970) له‌ناو خانووه‌كه‌‌ی عه‌قاریشدا كه‌ به‌رامبه‌ر كارگه‌ی جگه‌ره‌‌ بوو كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رجاده‌ی سالم، چه‌ند شوێنێكی شاراوه‌ی كردبوو بۆ حه‌شاردانی نهێنییه‌كان و بڵاوكراوه‌كان و ئه‌و چه‌كانه‌ی هه‌یانبوو.
پاشان ئه‌م خه‌باته‌ ژێرزه‌مینییه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ ناو ماڵی خۆی له‌سه‌ر گرده‌كه‌ی سه‌رچنار، لەو رۆژه‌ سه‌ختانه‌داو له‌به‌رده‌ست ئه‌و رژێمه‌ دڕندانه‌ی به‌عسدا. زۆر بوێرانه‌ و نه‌ترسانه‌ كار و چالاكییه‌كانی ده‌بردبه‌ڕێوه‌ له‌ناوماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ گردی سه‌رچنار، ئامێری چاپ و ئیزگه‌ی دانابوو، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ شوێنی تایبه‌تی دروستكردبوو له‌خانووه‌كه‌یدا، هه‌رله‌سه‌ره‌تای دروستكردنی خانووه‌كه‌وه‌، زۆر جێگای نهێنی بۆ حه‌شاردانی شتومه‌كه‌كانی رێكخراو و هه‌ندێجار بۆ حه‌وانه‌ی هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئه‌هاتنه‌ناو سلێمانییه‌وه دروستكردبوو‌‌.
ئه‌م مرۆڤه‌ ژیره‌، جگه‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و‌ خێزانی زۆر به‌رزڕاگرتبوو، مرۆڤێكی ته‌ندروست و دڵسۆزبوو، په‌سند لای هه‌موو كۆمه‌ڵانی كوردستان و‌ به‌تایبه‌تی شاری سلێمانی‌. به‌داخه‌وه‌ له‌كاتی ئه‌نجامدانی كارێكی رێكخراوه‌كه‌ی له‌ به‌رواری(22/1/1990) له‌ بازگه‌ی تاسڵوجه‌ ده‌ستگیرده‌كرێ و‌ له‌ (16/10/1990) له‌گه‌ڵ چوار هاوڕێی تری شەهیدان، مامۆستا ئەحمەدی سه‌ناعە و وەستا بەکری دارتاش و عەتای حاجی ئەحمەد و حه‌مە رەحیم حه‌سه‌ن، بڕیارى لە سێدارەدانیان بۆ دەردەکرێ و‌ له‌ڕۆژی(7/11/1990) له‌لایه‌ن جه‌للاده‌كانی رژێمه‌وه‌ حوكمه‌كه‌ جێبەجێده‌كرێ، پاش روخاندنی رژێم له‌ ساڵی(2003) كه‌سوكاری شه‌هید جه‌بار و هاوڕێكانی، چوونه‌ به‌غدا و پاش گه‌ڕانێكی زۆر توانیان گۆڕ‌هه‌ڵكه‌نی زیندانی ئه‌بوغرێب بدۆزنه‌وه‌و شوێنی ته‌رمی هه‌موویان بدۆزنه‌وه‌ له‌یه‌ك گۆڕدا.
ئه‌م شه‌هیدانه‌ ئه‌هێنرێنه‌وه‌‌ بۆ سلێمانی به‌ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌ له‌لایه‌ن هه‌موو چینه‌كانی گه‌لی كورده‌وه‌ پێشوازییان لێ كرا. له‌پاش خۆی سێ چه‌پكه‌ گوڵی به‌جێهێشتووه‌، كوڕێك به‌ناوی ره‌نج  دوو كچ به‌ناوی كانی و‌ كه‌نار، هاوسه‌ره‌كه‌شی شه‌مام خان مه‌حمود شه‌وقی، ئه‌م خانمه‌ هه‌ر هاوسه‌ری ژیانی شه‌هید‌ جه‌بار نه‌بوو، به‌ڵكو هاوڕێی بوو له‌ هه‌ڵگرتنی نهێنییه‌كانی و‌ كاره‌ سیاسییه‌كانی و هاوسه‌ری خۆشی و‌ ناخۆشیشی بوو. رۆحی شادبێت هه‌میشە یادی لەناوماندا سەربەرزدەمێنێت سەرفرازی بۆ خێزان و خانەوادەكەی تۆمار دەكرێت كە شێرە پیاوێكیان پەروەردە كرد.
___________

زانیارییه‌كان وه‌رگیراوه‌ له‌: فاتم حاجی ره‌شید.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved