نەبەز سابونچی
شەهیدانی رێکخراوی سلێمانی(۳٤) ساڵ بەر لەئێستا، رژێمی عێراق دەستەیەک لە قارەمانانی رێکخراوی سلێمانی لە سێدارەدا، ئەو هەڵۆیانەی دوای ئەوەی رژێم ئەنفالی کوردستانی کرد نەیانهێشت گیانی بەرگریی لە جەستەی کوردایەتیدا بمرێت، شانە لێکترازاوەکانیان گرێدەدایەوەو بوونە پشت و پەنای پێشمەرگە پارتیزانەکان و دابینکەری خۆراک و داو دەرمان و پەیداکردنی تەتەر و چارەسەری بریندارەکان..
شەهیدان
جەباری حاجی رەشید - ناوی نهێنی "باوەڕ".
مامۆستا ئەحمەدی سهناعە - ناوی نهێنی "گمۆ".
وەستا بــــەکری دارتاش - ناوی نهێنی "پۆڵا".
عەتای حاجی ئەحمەد - ناوی نهێنی "زانا".
حهمە رەحیم حهسهن - ناوی نهێنی "شەماڵ".
ئهگهر باسی شۆڕشی نوێ بکرێت دەبێت باسی رۆڵی رێکخستن بکەیت ئەگەر باسی رێکخستنیش کرا دەبێت باسی شۆڕەسواری رێکخستنەکانی ئەو سەردەمە"رێکخراوی سلێمانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان" ئەحمەدی سهناعە و هاوڕێکانی بکرێت. باسی زیندان و ئەشکەنجەو دڕندەیی جەللادەکانی حکومەتی بەعس بکەیت، دەبێت باسی خۆڕاگریی و ورەبەرزی ئەحمەدی سهناعە بکرێت، پاڵەوانی ناو زیندان.
پیاوێک بەقەد گمۆ شانازی و سەروەری هەیە، کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا ئهحمهدی سهناعه.
ئهحمهد محهمهد وەتمان، ناسراو بە شەهید"مامۆستا ئەحمەدی سهناعە، ساڵی(١٩٥٠) لە شارۆچکەی چوارتا لە دایکبووە، لە شارباژێڕ بووەتە مامۆستای شۆڕش، لە سەرەتای ساڵانی شەستەوە تێکەڵ بە کاروانی خەبات بووە.
لە ساڵی(١٩٧٦)دا، پەیوەندی بەڕێکخستنەکانی کۆمەڵەوە کردووە بەهاوڕێ سوورەو پاشانیش بەهاوڕێ گمۆ ناسراوە .لەڕۆژی(١٢)ی مانگی چواری ساڵی(١٩٨٩) رێکخراوی سلێمانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، ئەکەوێتە بەر شاڵاو و پەلاماری دائیرەی ئەمنی سلێمانی، بەهۆی چەند خۆفرۆشێکەوە زۆر لە ئەندامانی چالاک و بەتوانای ئەو رێکخراوە بەلێپرسراوەکەیانەوە نەمر"جەباری حاجی رەشید" دهستگیر ئهكرێن.
لە پێش هەموویانەوە مامۆستا ئهحمهدی سهناعە دهستگیرئەكرێت، ئەوکاتە مامۆستا ئهحمهد لێپرسراوی چاپەمەنی و بڵاوکراوەی رێکخراوی سلێمانی بووە، لە ماڵەکەیدا ئامێری چاپ كردن و رۆنیو و کۆمەڵێک بەڵگەنامەی کۆمەڵەو یەکێتی دهستی بهسهردا ئەگیرێت .
لەکتێبی شەهیدان"جەباری حاجی رهشید و هاوڕێکانی" بەشێکی زۆر لەو زیندانیانە کە حوکم ئەدرێن و دوای راپەڕین ئازادئەبن، یادداشت و بیرەوەرییەکانی ئەو رۆژگارەی ناو زیندانیان گێڕاوەتەوە بەتایبەت رۆژانی ئەمنەسوورەکە، کە چۆن جهللادهكان دڕندانە رەفتاریان لەگەڵ کردوون، چۆن دائیرەی ئەمن ویستویەتی بەهەر نرخێک بێت تەواوی رێکخستنی سلێمانییان پێ ئاشکرا بکات.
هەروەها هەر لەوکتێبەدا بەشێوەیەکی گشتی باس لە خۆڕاگریی و ورەبەرزی ئەو پۆلە تێکۆشەرەی ناو زیندان کراوە، لەناویاندا مامۆستا ئهحمهد وەک هاوڕێکانی باسیانکردووە، هیچ شێوازێکی لێدان و ئەشکەنجەو هەڵواسین نەماوە کە لەگەڵیدا بەکارینەهێنن. لەماوەی(9) مانگدا، کەم رۆژ هەبووە هەڵواسین و لێکۆڵینەوەی نەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو زەبرو زەنگەشدا جەللادەکان نەیانتوانیوە سەری بەرزی پێ نەوی بکەن و قەڵای ورەو خۆڕاگریی بلەرزێنن، بەجوامێریی و ئازایەتی خۆی جەللادەکانی سەرسام کردووەو هەر ئەوانیش ناوی پاڵەوانی زیندانیان لێناوە، تا ئەوکاتەی لە سێدارە ئەدرێت و خۆی ئەکات بەقوربانی رێکخستن و هاوڕێکانی، تاقە وشەیەک چییه نایدرکێنێ .
نەمر مامۆستا ئەحمەد، لەگەڵ چوار هاوڕێی قارەمان و خۆڕاگریی تردا لە(١٦/١٠/١٩٩٠) حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەکرێت و لە (7/11/1990) لە سێدارە دەدرێن و لە (18/11/1990) لە گۆڕستانی کەرخ لە بەغداد دەکرێن بەژێر گڵەوەو لاشەکانیان نەدرایەوە بەکەسوکاریان.
نەمران، جەباری حاجی رهشید، وەستا بهکری دارتاش، حهمە رەحیم، عەتا حاجی ئەحمەد، مامۆستا ئەحمەدی سهناعە، سڵاو لەگیانی پاکی ئەم پۆلە تێکۆشەره. مامۆستا ئهحمهد، لەپاش خۆی چوار رۆڵەی بەجێهێشتووە بە ناوەکانی"هیوا، هێرۆ، هێشوو، هێڤار" درود بۆ رۆحی هەرچی شەهیدانی کوردستانە.
بابەتی زیاتر