یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری
بۆردی هۆشیاری
چالاکی
ئەرشیف و مێژوو
ڕۆژمێرى ڕووداوە مێژووییەکانى (ی.ن.ک)
چاوپێکەوتننەکان
سەروەرییەکان
یادى شەهیدان
ئەلبوومى تێکۆشەران
دۆکیۆمێنتارى
بیروڕا
توێژینەوە
کتێبخانە
میدیا
چەمکناسی
هۆشیاری حیزبی
سەرەکی
یادى شەهیدان
لەساڵیادى شەهیدانى رێکخراوى سلێمانیدا.. وەستا بەکرى دارتاش چیایەک لەورە
2024-11-07
مەریوان ئەحمەد لاوە
شەهید وەستا بەکرى دارتاش، یەکێک لەو پێشمەرگە قارەمانانەى ناوشاربوو کە لە ساڵى(1973)وە پەیوەندى بەڕێکخستنەکانى"کۆمەڵەى رەنجدەرانى کوردستان"ەوە کردووە، تا دوا هەناسەشى دەستى لە خەبات هەڵنەگرت و بەشاهیدى هاوڕێکانى رۆژبەڕۆژ ورەبەرزتر و چالاکتر دەینواند، لەشارى کەرکوک و هەولێر و بەتایبەتى سلێمانى خاوەنى چەندین چالاکى جۆربەجۆربوو..
لەدواى ئەنفالەکان و شکستى هێزى پێشمەرگە، وەکو ئەوەى بەڕژێمى بسەلمێنن کە شکست ناتوانی لە تێکۆشان ساردیان بکاتەوە، لەگەڵ هاوڕێکانیدا"جەبارى حاجی رهشید، حهمە رەحیم، عەتا حاجی ئەحمەد، مامۆستا ئەحمەدی سهناعە.." کۆمەکى جیاجیایان بەگەرووى رژێمى فاشیستى بەعسدا دەبرد بۆ پارتیزانەکان.
بەوەوە رانەوەستان و لەڕێی ئەو رۆنیۆ و دەزگاى چاپەوە چەندین پۆستەر و بەیاننامەیان چاپ کرد و بڵاوکردەوە تەنها مەبەستى سەرەکیشیان ئەوەبوو بەدوژمنى بسەلمێنن هێزى پێشمەرگە و"ی.ن.ک" ماوەو شکستى نەهێناوە و شۆڕش بەردەوامە، رژێمى فاشیستى بەعسیش شێتگیربووبوو بەو چالاکییانەى کە لەشارەکاندا ئەنجامدەدران، لەڕێی سیخوڕ و چەتەکانى دەوروپشتییەوە هەرچەندیان دەکرد نەیاندەتوانى خۆیان بخزێننە ناو ریزەکانى رێکخراوى سلێمانییەوە کە شەهید جەبارى حاجى رەشید بەڕێوەی دەبرد، ئەوەندە لێزان و خاوەن ئەزموون بوون دەزگا جاسووسییەکانى رژێمیان تووشى سەرەگێژە کردبوو.
بەداخەوە دواجار جوڵەى سەرکردە و فەرماندە لێهاتووەکانى ئەم رێکخراوە دەوەستێنرێ و بەهۆى چەند سیخوڕێکەوە ئاشکرا دەبن و یەک یەک دەکەونە داوى جەللادەکانى بەعسەوە، هەربۆیە شەهید وەستا بەکرى دارتاش لە ژوورى سێدارە و لەسەر نایلۆن نامەیەک بۆ منداڵەکانى دەنووسێ و ئامۆژگاریان دەکا و تیایدا روونیدەکاتەوە و ئاشکراى دەکات چ سیخوڕێک لەناو ریزەکانیاندا پەپکەی خواردووە تا گەیشتووەتە ئەوەى بەتەواوى ژەهرى خۆى رشتووە، ئەمەى خوارەوە وێنە و نووسینى ئەو نامەیەیە کە شەهید وەستا بەکر نووسیوێتى:
خێزانی زۆر ئازیزم / مناڵە خۆشەویستەكانم هیوام خۆشیتانە
1. من كەوتمە داوەوە بە هاندانی ( )، ( ) ئەوەی دیوارەكانی دوكانی بۆ ڕەسم كردین ئەو شاهید بوو بەسەرمانەوە، ئەمە بە شوێنی خۆی بگەیەنن.
2. من لە پیناوی نیشتماندا لە سێدارە ئەدرێم بۆیە داوا و تكام وایە جلی ڕەشم بۆ مەكەن چونكە پێمانەوە نایەت، ڕێگەی (تسجیل و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) لە مناڵەكان مەگرن بابەئارەزوی خۆیان بەكاری بهێنن، هیچ خەفەت بۆ من مەخۆن و ئاگاداری دواڕۆژی خۆیان بن، ئەوەی من ئەمەوێت تەواوكردنی قوتابخانەكانیانە.
3. هەوڵ بدەن ئەو شتانەی كە ئێستا ماون لە ماڵدا دوژمن ئەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت بۆ ماوەیەك پەرش و بڵاوی بكەنەوە تاكو بەردەستیان نەكەون، سەبارەت بە عەرزەكەی كە هەمانە من باسم نەكردووە ئێوەش تاكو وەزع بە بارێكدا ئەكەوێت باسی مەكەن كە وەزع كەمێك چاك بوو ئەو كاتە چیتان بەباش زانی وای لێ بكەن، ئەوەی لەسەرەتادا بووە هۆی توش كردنم (................) بوو.
4. لەگەڵ سیروان لە دوكان شتم هەڵگرتبوو دەری بهێنن ئەگەر سودی هەبوو بۆخۆتان سودی لێ وەربگرن بە پێچەوانەوە بە ئارەزوی خۆتان، لە مخزن لە پشتی دەرگای سەرەوە بەینی دەرگا و تەبەدۆرەكە شتم هەڵگرتووە ئاگاداربن،ـــــ زۆر زۆر چاوی عبدلله ی برات ماچ ئەكەم لەگەڵ برا و خوشك و كەسەكانم، چاوی سیروان +شاخەوان+تۆڵە گیان + شێنێ ی خۆشەویستم ماچ ئەكەم شەوانە لە جیاتی من چاوی شیروان ماچ بكەن بەداخەوە ئەوەندە تەمەنم نەبوو تەنها جارێكیش لە باوەشم بگرتایە زۆر شانازی ئەكەم جێگام چۆڵ نی یە شانازی ئەكەم كە مناڵەكانم بونە مناڵی شەهید بەڵام داواكارم بە قسەی هیچ هاوڕێیەك نەكەونە داوەوە و سیقەیان زۆر كەم بێت.
لە كۆتایدا بە خواتان ئەسپێرم، ئێستا لە ژورێكی 2م × 2م پێنج كەسین من + كاك جبار + كاك عەتا أحمد محەمەد + حمە ڕحیم + مامۆستا أحمد چاوەڕوانی دوا ڕۆژی ژیانین).
ژیاننامەى شەهید وەستا بەکر
ساڵی(1947) لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەریی شاری سلێمانی لەدایكبووە. هەر لە منداڵییەوە هەستی بەئازارەكانی میللەتەكەی كردووە، بۆیە دوای تەواوكردنی خوێندنی ناوەندیی تێكەڵ بەكاروانی خەبات بووە. لە شەستەكانی سەدەی رابردودا پەیوەندیكردووە بەڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستانەوە و دواتریش لەناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا درێژەی بەخەباتداوە. ساڵی(1967) بۆتە پێشمەرگەو تا ساڵی(1970) بەردەوامبووە.
ساڵی(1973) پەیوەندییكردووە بەڕیزەكانی"كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان"ەوەو بە هاوڕێ (پۆڵا) ناسرابوو. ساڵی(1988) كراوە بەسەرپەرشتیاریی رێكخستنی بابەگوڕگوڕی كەركووك. رۆژی(٥/١١/١٩٨٩) لەلایەن پیاوەكانی رژێمی بەعسی رووخاوەوە دەستگیركرا.
رۆژی(١٦/١٠/١٩٩٠) لەدادگایەكی كارتۆنیدا فەرمانی لە سێدارەدانی بەسەردا دراو رۆژی(٧/١١/١٩٩٠) لەگەڵ پۆلێ شەهیدی تردا "جەبارى حاجی رهشید، حهمە رەحیم، عەتا حاجی ئەحمەد، مامۆستا ئەحمەدی سهناعە.." ئازایانە چوونە بەرپەتی سێدارەو گیانی خۆیان كردە قوربانی كوردستان.
دوای ئازادكردنی عێراق لە چنگی رەشی بەعسییان، رۆژی(٢٥/٥/٢٠٠٣) تەرمی پیرۆزیان لەگۆڕستانی كەرخی شاری بەغداوە هێنرایەوە بۆ شاری سلێمانی و لە گۆڕستانی گردی سەیوان بەخاك سپێردرانەوە.
بابەتی زیاتر
تەرمی ئارام یان دزی! ئێوارەیەکى کانوونى یەکەم
داستانى قەڵاسنج.. سەلماندى کە هەرگیز یەکێتى لە بننایەت
حەمە تیماری ئەفسانەكەی برزوت - بالۆسە