ئالان محەمەد جەزا
شەهیدی فەرماندە مام هێرش سەرتیپی تیپى(۱۷)ی زمناكۆ بوو لە شەڕێكی كەموێنەدا و بەرامبەر بەجاش و خۆفرۆشەكان لە(٨/٩/١١/١٩٨٧) شەهید دەبێ..
شەهیدی فەرماندە، محەمەد ئەحمەد ناسراو بەمام هێرش ساڵی(١٩٥٤) لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی لە بنەماڵەیەكی خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەریی كوردستان چاوی بەدنیا هەڵهێناوە. لەبەرهەژاری نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات.
ساڵی(١٩٧٦) لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بەڕابەرایەتی(ی.ن.ك) پەیوەندیكردووە بەمەفرەزە سەرەتاییەكانەوە و یەكێكبووە لە پێشمەرگە ئازا و خۆنەویست و قارەمانەكان، لەزۆربەی چالاكییەكانی سنوورەكەی بەشداریكردووە.
ساڵی(١٩٧٨) بەشداری كارەساتی هەكاری كردووە، لەبەر لێهاتوویی و قارەمانێتی لە ساڵی(١٩٧٩)دا، كراوە بەفەرماندەی مەفرەزەكانی ناوشار، زۆر ئازایانە لەو ماوەیەدا چەندین پیاوانی سەر بەڕژێمی بەعسی بە سزای گەل و شۆڕش گەیاندووە، هەربۆیە دام و دەزگاكانی رژێم وێنەی مام هێرشیان لابووە بۆناسینەوە و دەستگیركردنی، لەكاتی ئەنجامدانی چەند چالاكییەك لەناوشاردا لە شەوێكی ساردی زستاندا پاش بەئەنجامگەیاندنی چالاكییەك، بەهۆی دەستگیركردن و ئیعترافی كەسێكەوە مام هێرش دەستگیردەكرێت، پاش ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر رژێم نەیتوانی وشەیەكی پێبدركێنێت، دواجار بەهۆی وریایی خۆی لەگەڵ هاوڕێكانی توانیان لە ساحیبەی زیندانى(حامیە)ی سلێمانییەوە هەڵبێن.
مام هێرش لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا چەندین پلەو لێپرسراوێتی پێسپێردراوە، پاش پەیوەندیكردنی بەهێزی پێشمەرگەوە كراوەتە فەرماندەی كەرت لە مەكتەبی عەسكەری، دوای ماوەیەك گوێزراوەتەوە بۆ شارباژێڕ، دواتریش بۆ تیپی(١٧)ی زمناكۆ.
وەك رێزلێنان لە ئازایەتی و ماندوبوونی لە ساڵی(١٩٨٤) لەلایەن سەرۆك"مام جەلال"ەوە دەمانچەیەكی خەڵات كردووە. لەژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی و فەرماندەیی چەندین چالاكی گەورەی كردووە وەك (سەركردایەتی، كارەساتی هەكاری، قەیوان ماوەت، سەرجادەی سلێمانی، گرتنی ناحیەی قەرەداغ، داستانی دوودارە، زۆربەی چالاكییەكانی ناوشاری سلێمانی)و چەندین نەبەردی دیكە.
لەژیانی پێشمەرگایەتیدا سێجار بەسەختی برینداربووە و لەكەناری مەرگ گەڕاوەتەوە. لە ساڵی(١٩٨٦) بێستوونی برای ناسراو بە(مام شۆڕش) كە لەلای خۆی پێشمەرگە بووە شەهید دەبێت. مەخابن لە شەوی لە(٨/٩/١١/١٩٨٧) لە گوندی چەرمەگا و لە داستانێكی خوێناویدا دژ بەجاش و سەربازەكانی رژێمی بەعس شەهید دەبێ و دەچێتە ریزی كاروانی نەمرانەوە.
هەزاران سڵاو بۆ رۆحی نەمری شەهید مام هێرش و تێكڕای شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان.
بابەتی زیاتر