دەرسیم پێشەوا
دانیمارک
(4٤) ساڵ لەمەوبەر و لەدوا نیوەڕۆی رۆژی(١٨/١١/١٩٨٠)دا، لە نزیک گوندی پیرانەڕەش لەناوچەی سەنگەسەر، دوو فڕۆکەی سەمتی رژێمی بەعس، بەدۆشکە و شەستتیر و رۆکێت و نارنجۆک، پەلاماری هێزێکی پێشمەرگەیاندا و بوونە هۆکاری شەهیدکردنی کادیری رۆشنبیر، سەرکردەی دواڕۆژ و هەڵبەستوانی شۆڕشگێڕ شەهید "جەمیل رەنجبەر"و هەشت هاوڕێی تری پێشمەرگەی هەرێمەکانی چوار و هەشتی یەکێتی و بریندارکردنی کۆمەڵێک پێشمەرگەی تر، کە تەواوی شەهیدەکان کادیر و پێشمەرگەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوون..
شەهید جەمیل رەنجبەر، هەڵبەستوان، رۆشنبیر و مرۆڤێکی بەمانای وشە مارکسی، لینینی، نوێنەری پرۆلیتاریا، هەژاران و رەنجدەرانی کوردستان بوو، ئەو کادیرێکی بەتوانای سەرکردایەتی داهاتووی رەنجدەر و زەحمەتکێشان بوو، بەڵام بەداخەوە، شەهیدبوونی ئەو، ئارام، ئازاد هەورامی، شەهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، جەمالە رەش، سەفا کەرکوکی، یوسف شەریف، سەعدی خەلیل(سیروان) خالید سابیر(نەبەز)، حەیدەر جوکل، جەمیل ئەحمەد مەحمود(دەرسیم) و دەیان شەهیدی تر، رێگەی خۆشکرد بۆ هاتنەپێشەوەی دەیان و سەدان کەسی تری بێتوانا.
شەهیدانی پیرانەڕەش ئەوانەی خوارەوەن:
1- جەمیل ساڵح عەزیز جەمیل، ناسراو بەمامۆستا جەمیل رەنجبەر(1948/ هەولێر/ قوشتەپە/ گۆمەگڕو). رۆشنبیر و هەڵبەستوان بوو، لەڕۆژی(١٤/٥/١٩٧٧) دەستگیرکراوە، لەڕۆژی(١٨/٨/١٩٧٩) ئازادکراوە و کۆتایی هەمانساڵ پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە. لێپرسراوی لیژنەی شەهید ئاودێر و بەرپرسی سیاسی هەرێمی(8)ی دەشتی هەولێر بووە. لەڕۆژی (١٨/١١/١٩٨٠) لەگەڵ هەشت پێشمەرگەی هاوسەنگەریدا لە پیرانەڕەشی ناوچەی سەنگەسەر بەر بۆردومانی فڕۆکەی بەعس کەوتن و ڕەوانشاد کران.
2- جەنگی ئەسعەد کاکەخان(1957/ هەولێر/ کۆیە) پێشمەرگەی هەرێمی(8)ی دەشتی هەولێر.
3 - حەسەن ئیسماعیل حاجی عوسمان، ناسراو بەپێشڕەو(1957/ هەولێر/ دیبەگە/ بیرەبات)، لەساڵی(1978)دا، بۆتە پێشمەرگە لە هەرێمی(8)ی دەشتی هەولێر.
4- حەسەن یونس(هەولێر) پێشمەرگەی هەرێمی(8)ی دەشتی هەولێر.
5- دڵشاد محەمەد قادر کەریم(1953/ هەولێر/ کۆیە) لە ساڵی(1978)دا، لە هەرێمی(8)ی دەشتی هەولێر بۆتە پێشمەرگە.
6- رەئوف عەلی حەسەن، پێشمەرگەی هەرێمی(4).
7- سامی ساڵح حەمەد مەحمود خەندان(1957/ هەولێر/ دیبەگە) لەناوەڕاستی ساڵی حەفتاکانی سەدەی رابردو پەیوەندی دەکات بەڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و دواتر لە مانگی ئەیلولی ساڵی(1980)دا، لە هەرێمی(8)ی دەشتی هەولێر دەبێتە پێشمەرگە.
8- سدیق ئیبراهیم حەسەن مەحمود(1957/ سلێمانی/ ماوەت/ گاپیڵۆن/ وڵاغلو) لەڕۆژی(٥/٣/١٩٧٨)دا، لە هەرێمی(4) بۆتە پێشمەرگە.
9- محەمەد خدر حەمە خدر(1954/ گۆمتان/ ناودەشت/ قەڵادزە/ سلێمانی).
بابەتی زیاتر