سەباح مەرگەیی*



ئەمە، نە چيرۆكە و نە درۆى زەمانە، بەڵكو راستيیەكى حاشا هەڵنەگرە و بۆ مێژوو ئەيگێڕمەوە، هەرچەند نووسينەكەم سادەیە بەڵام هيوادارم خزمەتێكى بچكۆلە بەڕابردوى شۆڕشى نوێ و يەكێتى و گەلەكەم بکەم، هيواخوازم لە كەموكوڕيیەكانى ببوورن و نيگەرانى دروست نەكات بۆ كەس، داواكارم لە گەنجان و هەرزەكارەكانيشمان باچىتر شۆڕشى نوێ و پێشمەرگەكانى ئەوێ دەمێ نەكەن بەمەزەى كاتەكانيان..
لە ناوزەنگەوە هێزێكى پێشمەرگەى هاوبەش كە پێكهاتبوو لە بەشێك، لە هەرێمەكانى(٢،٥،٨) لەگەڵ مەفرەزەيەكى مەكتەبى عەسكەرى وەک دەستەی پاڕێزگاری لەگەڵ كاك سەيد كەريم كە بەبڕیاری سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دانرابوو سەرپەرشتى هەرێمى(٨) بكات، بەڕێکەوتين بەرە و ناوچەكانى خۆشناوەتى و هەولێر، هەر هەرێمە دوايى بچێتەوە ناوچەكانى خۆى، ئەو رۆژە بەڕێگاوەبووين تا شەومان بەسەرهات و لە قەڵاتوكان ماينەوە، بۆ بەيانى بەڕێكەوتين، ژمارەى هێزەكە نزیکەی (٢٠٠) پێشمەرگە دەبوو، تاوناتاوێک بارانێكى بەخوڕ ئەباری و تەڕی ئەکردین، تا گەيشتينە گوندی ماخۆبزنان و دووگۆمان و زە نگلان، تەمتومانێكى بەهێزيش شاخى كێوە ڕەش و ناوچەکەی داپۆشيبوو.
شەوى پێشووتر كاك عەبدوڵڵا سورى ئامر هەرێمى(١٤)ى حزبى سۆشياليست يەكێك لەڕەبايە عەسکەرییەكانى رژێمی لە شاخی كێوەڕەش گرتبوو، بەوهۆیەشەوە ئەو رۆژە بەو باران و تەمتوومانە، كۆپتەر لە شوێن رەبايەكە و دەوروبەرى ئەدا، بەهەرحاڵ هێزەكەى ئێمەش لە برسانا و لەبەر تەڕبوونى جلوبەرگەكانمان و سەرما تواناى رۆيشتنى خێرامان كەم بووبۆوە، بۆيە بەناچارى بەشێك لە هێزەكە لە گوندى مەمكان مايەوە بۆ نان خواردن تاپشوويەك بدەن. بەشەکەی ئێمەش چووينە گوندى جەلكان كاتژمێر (٢)ى دوانيوەڕۆ بوو، كاك سەيد كەريم بە هێزەكەى وت:
"نان بخۆن و كاتژمێر سێ ئامادەبن ئەڕۆين بەرە و دۆڵى شاورێ.."

دەنگى کۆپتەر دێ

بيرمە هەندێكمان شلە شاريانە گۆرەويیەكانمان شۆرى و چووينە ماڵان بۆ نان خواردن دابەشبووين لە گوندی جەلكان، باران خۆشى كردبۆوە نانمان خوارد و هاتينەدەرەوە هێزەكە ریزبوو بەدوایيەكدا بڕوا، كاتژمێر(٣)ى تەواوبوو رۆژى (١٨/١١/١٩٨٠) پێشمەرگەيەك وتى:
"دەنگى كۆپتەر دێت.."
هەموو بەجارێ سە يرى ئاسمانمان ئە كرد، كاك ملازم سەيد كەريم وتى:
"لە نزمى سەير بكەن.."
كە سەيرمان كرد(٢) كۆپتەرى سەمتى زۆر بەنزمى بەرەوڕووی ئێمەدێن و گەيشتنەسەر گوندی جەلکان، هەرئەوەندە فرياكەوتين ملازم سە يد كەريم و كاك حەمە تۆفيق رەحیم و كاك ئاواتى شێخ جەلال و كاك ئومێد و من بەداواى لێبووردنەوە نازانم کێی کەشبوو لە بيرم نەماوە. خۆمان گەياندە بندارە گەورەكانى پشت ماڵان، ئەودارانە ئەوەندە گەورەبوون بەهەرچواردەوری خۆیدا لقەكانى لە زەوى نزيكببۆوە. ئێمە نە ئەبينراين لاى كۆپتەرەكانەوە، پێش ئەوەى كۆپتەرەكان دەستڕێژ بكەن، ملازم سە يد كە ريم هاوارى كرد وتی:
"كە س تەقە نەكات لە كۆپتەرەكان.."
مەبەستى ئەو ئەوەبوو تا گوندەكە زەرەرمەندنەبن بەهۆى ئێمەوە، پێدەچوو ئيخبارى كرابين بۆيە لەكاتى تەوقيتكراوى (٣)ى دواى نيوەڕۆ كۆپتەر هاتەسەرمان جا ئايا پياو خراپ هەبوو لەناو گوندەكەيا هەرشتێكى تر کە نەزانرا، كۆپتەرەكان دەستيان كرد بەدەستڕێژ بەناو دارستانە چڕەكەى تەنيشتى گوندەكەدا، بەڕیز لە هێزەكەیدا و هەرچواردەورى گوندەكەى دەكوتا، هەم بەدۆشكە و بە ساروخ و تەنانەت روممانەيشى وەك گەڵاى دار فڕێئەدايە خوارەوە، من لەوكاتەدا نارنجۆك ئەندازێكم پێبوو، بەكاك سەيد كەريمم وت:
"با بەنارنجۆك ئە نداز تەقەيان لێ بكەم بەڵكو لە دەنگى تە قينەوەكەى بترسن و بڕۆن.."
كاك سە يد لێم توڕەبوو وتى:
"جا بۆ كەشفمان ناكەيت گوندەكەش وێران دەكات بەهۆى تۆوە.."
ماوەى(٣) چارەگە سەعات، واتە يەك سەعات چارەگێ كەم كۆپتەر لێیداين و بەئارەزووى خۆيان، چەندين پێشمەرگەيان لێ شەهيد و برينداركردين، مام رۆستەم و هێزەكەى کاک عەبدوڵڵا سوور لە گوندی مەمكانەوە گولە ئارپيجیيەكيان گرتە كۆپتەرەكان و دەم و دە ست كۆپتەرەكان رايانكردوو رۆيشتن، بەڵام دواتر چى ببينين، دوايى كەوتينە سۆراخى هێزەكە و بانگكردنى يەكترى تا بزانين كێ ماوە و كێ نەماوە، كاتێ سە يرئەكەين بەڕیز شەهيد و بريندارمان هەيە، ئەوەى من لە بيرم مابێ و هەڵە نەبم پێموايە(٧ يان ٨ شەهيد و ١٤ بريندارمان هەبوو) هەندێكیتريش برينداربووبوون، بەڵام بەسووكى، لە بندارەكان درۆ نييە بڵێم لافاوى خوێن هەڵسابوو بەداخەوە يەكەم كەس گەيشتينەسەر تەرمى شەهيد جەميل رەنجبەرى شاعير و کادر و پێشمەرگەى شۆڕشگێر.
شەهيد جەميل پاڵى دابوو بەدارێكەوە تفەنگ و جانتاكەى لە تەنيشتى كەوتبوو، بەداخەوە ورگ و ریخۆڵەكانى هاتبووەدەرەوە و تەواو ببوو، بەڵام چاوەكانى هەركراوە بوو بۆ ئايندەيەكى دوور دەيڕوانى بەندە و کاک مەلا غەفوری کادر و چەند پێشمەرگەیەکی تر، ريخۆڵەكانیمان خستەوە ناو ورگى و پێچامان، شەهيد مەلا غەفور زۆر گریا بۆ شەهید جەمیل رەنجبەر. بەهەرحاڵ دواى ئەوە تەماشا ئەكەين تەرمەكان بەڕیز كەوتوون لە بندارەكاندا و وڵاخمان پە يداكرد و دەستمانكرد بەگواستنەوەى شەهيد و بريندارەكان  بۆ گوندی پیرانەڕەشە.
كاك عومەرى سەيد عەلى زۆر بەخراپى پێکرابوو، بەڕاستى كارەساتێكى جەرگبڕی خوێناوى زۆر ناخۆشبوو، هەرچەندە پێشمەرگەكانى كۆمەڵە و يەكێتى خاوەن بيروباوەڕبوون بەحەق خەڵكى شۆڕشگێر و خۆڕاگربوون، بەڵام كە چاومان بەو هەموو شەهيد و بريندارە كەوت گريانمان دەهات كە كوردى چڵكاوخۆر و خۆفرۆش لەناو نەتەوەكەمان، بەشى دوژمنايەتى شۆڕشگێرەکان لە هەموو سووچێكى ئەم وڵاتە هەرهەن و کۆتاییان نایەت، هەندێك لە بريندارەكانمان لە گوندى جەلكان تەداوى كرد بەپشتيوانى شەهيد دكتۆر مە جيد و چەند شارەزايەكى تر لەو بوارەدا و دوايى شەهيدەكانمان بەوڵاخ بە ڕێكرد بۆ گوندى پيرانە رەشە و بريندارەكانيش بەهەمانشێوە.
دواتر بەهاوكارى و پشتيوانى خەڵكى لە خۆبردوى پيرانە رەشە و هاوکاریی پێشمەرگەش لەگەڵيان، گۆڕێكى درێژى( ٧ تا ٨) كەسى لێدراو شەهيدەكان بەڕیز بە جلوبەرگى خوێناویيەوە نێژران، زۆر بەداواى لێبوردنەوە جگە لە شەهيد جەميل رەنجبەر و شەهید دڵشادی کادرناوی ئەوانى ترم لە ياد نیيە، بريندارەكانيش كاك عومەرى سەيد عەلى و کاک سابیر و کاک مەحمود بەنزین و کاک سەباحی برای کاک فاروقی عەلی مەولود و هەندێكیتربوون یادم نەماوە.
كاك عومەرى سەيد عەلى، زۆر بەسەختى برينداربووبوو، تەنانەت كە هەناسەى دەدا خوێن فيچقەى ئەكرد لە پشت و سەرسنگیيەوە ئەهاتەدەرەوە.


کارەساتى ناو مزگەوتەكە


ئێوارە باران دە ستیپێكردەوە شەو بڕياردرا كاك فەرەيدون عەبدولقادر و كاك عەلى بچكۆل و كاك ئەبو شەهاب و مامۆستا نازم و ئەوانیتر بەزۆربەى هێزەكەوە بچنە سەرشاخ و دەوروبەرى گوندى پيرانە رەشە، تا بەيانى كەمين بن، نەوەك رژێم بە جەيش و جاشەوە هجوم بكا بۆ ناوچەكە، ئەوشەوە ئەوان لەبەرڕەحمەتى بارانى پايزدا بوون بەو سەرمايە، ئێمەش مەفرەزەكەى ملازم سەيد كەريم لەگەڵ ژمارەيەكى تری پێشمەرگەبووین لە مزگەوت، تا بەيانى كەس نەخەوت هەر خەريكى بريندارەكان بووين ئەوەى زۆر جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو، كاك عومەرى سەيد عەلى بە كاك سە يد كەريمى وت:
"سەيد ئێوە بڕۆن و دەمانچەكەم بۆ بەجێبێڵن ئەگەر دوژمن هجومى هێنا فيشەكێك ئەنێم بەسەرمەوە، با هێزەكەمان هيچى لێ بەسەرنەيەت و ئێوە سەلامەت بن.."
كاك سەيد يەكەمجار بوو فرمێسك بەچاويا هاتەخوارەوە و پێیووت:
"كاك عومەر گيان ئەگەر هەموو پێشمەرگەكان و هەموو هێزەكەش يەك كەس دەرنەچێ بەخۆيشمەوە جێتناهێڵین.."
ئەوەى زۆر ناڕەحەت و هيلاكى كردبووين لەبەرئەوەى بريندارەكان بەردەوام خوێنيان لێ دەچۆڕا، بۆن و بەرامەى مزگەوتەكە هەموومانى كاس كردبوو، جگە لە زڕەزڕى ماوەى(٣) چارەگ مانەوەى كۆپتەرەكان بەسەرسەرمانەوە لە جەلكان، هەرچەندە بەو باران و سەرمايە دەرگا و پەنجەرەكانى مزگەوتەكەمان خستبووە سەرپشت، تا بۆن و بەرامەی خوێن چیتر کاسمان نەکا. بەڵام ئەوەى جێگاى سەرسوڕمان و نيگەرانى و بێزاريمان بوو، ئەو شەوە هەتا بەيانى درۆ نييە بڵێم زياتر لە(٥٠) پشيلە لە پەنجەرە و دەرگاوە خۆيان دەكرد بەژووری مزگەتەکەدا و پەلامارى برينى بريندارەكانيان ئەدا، قريشكەى پێشمەرگەى بريندار ئەگەيشتە کەشکەڵانی فەلەک، تا لە دەرگاوە راومان ئەنان لە پەنجەرەوە ئەهاتنەوە ژوورەوە، بەتێڵاو بەپێڵاو و بەسۆندە و بە قۆناغە تفەنگ چارەسەرمان بۆ نەئەكرا، یەک پێشمەرگە نەنان و نە چايشى نەخوارد تا بەيانى راوڕاوێنى پشيلەمان ئەكرد، تەنانەت پێشمەرگەيەك ميلى تفەنگى راكێشا خەريك بوو تەقە لە پشیلەکان بكات نەمانهێشت.
هاوڕێیان پێشمەرگە دێرينە راستەقينەكان هەموو چين و توێژەكانى كۆمەڵگەى كوردەوارى گەلەكەم، خۆزگە لەوكاتەدا كامێرايەكى ڤيديۆى لێبوايە و ئەوانەمان تۆمار بكردايە و بەكاسێت يان بەسیدی ئێستا گە نج و هەرزەكارەكانمان ياخود بڵێين نەوەى نوێى ئەم سە ردەمە بيان ديبايە، ئاخۆ ئەم هەموو قسە و قسەڵۆكە خراپانەى كە دەكرێ بەرامبەر پێشمەرگەی دێرین، هيچيان ئەوت كە هەندێجار ئەبنە مايەى نيگەرانى خەڵكە تێكۆشەرە ماندونەناسەكان.
بۆيە من لێرەوە پێیاندەڵێم: ئەگەر خەبات و قوربانیدانى رۆڵە تێكۆشەرەكانى شۆڕشى نوێى گەلەكەمان نەبوايە، بەڕابەریی كۆمەڵە و"يەكێتیی نيشتمانیی كوردستان"و لايەنە هاوهەڵوێستەكانى ئەوا لە زوڵم و زۆر و ستەمى بەعس و بەعسيیەكان و نۆكەرانى رزگارمان نەدەبوو. ئەگەر ماندوبوون و شەونخونى و بێنازیی و خۆڕاگریی لە سەرما و سۆڵە و برسێتى و چڵكنى و رشکنی و ئەسپێیاویی و سڵنەكردنەوە و قارەمانەتى و بێوچانی خاوەن بيروباوەڕى پۆڵاینی ئەوێ دەمێ نەبوايە و خەڵاتى خوێنى شەهيدان و كەمئەندام بووەكانى سەنگەرى راستەقينەى هاوڕێیانی كۆمەڵە و"ى.ن.ك" نەبوايە راپەڕين و كۆتايهێنان بەڕژێمی بەعسى رەفتارفاشى مەحاڵ بوو، بۆيە وەك ئەركێكى نيشتمانى و نەتەوەيى پێوسيتە لە سەرمان سەربارى هەموو كەمووكوڕییەكان و ناعەدالەتيیەكان و گەندەڵى و پاوانخوازیی و خۆسەپاندن و دەيان و سەدان پۆخڵەوات و ناجۆرى پەيدابووى ناو كۆمەڵگاكەمان. ئەم هەرێمە و ئەم وڵاتە كە نيشتمانى باوباپيرانمانە بپارێزين، باهیچیتر مەجال و زەمينەسازیى بۆ دوژمنانى نەتەوەيمان خۆش نەكەين كە دابڕمان كەن لە يەكترى، هەزاران درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم داستانە و تێکڕای شەهیدانی بەرگری لە کوردستان.

*پێشمەرگەى دێرین.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved