عەبدوڵڵا كەریم مەحمود
لەساڵی(١٩٨٣) حەمە تیماری بوو بەهاوڕێی حەبیب برایم خانی دەلۆ، ناسراوبە(هەژار) لەسەر پێشنیازی مەلا ئەحمەدی گەرمیان، لە كۆنفراسی ناوخۆی كۆمەڵە، حەمە تیماری، لەبەر ئازایەتی و لێهاتوویی لەگوندی تەپە گەروس كرا بەفەرماندەی مەفرەزە..
تیماری هەموو بەها جوانەكانی پێشمەرگایەتى تیابوو فەرماندەیەکى نموونەیی بوو، لەچالاكییەكاندا بەدەستوبردبوو، لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەكانیدا، كەسێتییەكی خاكی و قسەخۆش و رووخۆش و دەم بەپێكەنین بوو، بەرامبەر بەداگیركەرانی نیشتمان جەربەزە و زەبروەشێنبوو. لەكاتی داستان و نەبەردییەكاندا، بروسكە ئاسا هەڵمەتی بۆسەرهێزەكانی سوپای عێراق و جاش دەبرد، هیچ تارماییەكی ترس و گومانی لانەبوو پارتیزانانە، بەهەست و نەست، دڵی لای پەلەپیتكەی چەكەكەی بوو، سڵی لەهیچ گولە و دەستڕێژێكی هێزەكانی سوپاو جاش نەدەكردەوە. ئازایەتی و جەربەزەییەكەی بەجۆرێكبوو، هیچ كاتێك، لەو بڕوایەدا نەبوو، دەستڕێژیی گولەی دوژمن جەستەی بپێكێ، لە نەبەردی و چالاكی و داستانەكاندا بەپێوە دەوەستا بۆ ئەوەی نیشانەكانی بەتەواوی بپێكێت گرنگی بەخۆپاراستن نەدەدا، لەشەڕی زینانەدا چەند جارێك هێرشی كردەسەر سەنگەرەكانی دوژمن.
(یەكەم پێشمەرگەی ناو بێتواتە)
حەمە تیماری لەچالاكی و داستانەكاندا، بەپێی هەلومەرجی شەڕەكان جارێك بەچەكی(ژێ سێ )و جارێكیتر بە(ئاڕبیجی)و هەندێجار بە(بیكەیسی) زەبری تووندی لەهێزەكانی دوژمندەدا، لەشەڕی بێتواتەدا(٢٠) بپێشمەرگە بوون، تیماری لەكاتی هەڵمەتبردن بۆسەر رەبایەكان، دوای گرتنی رەباییەكان لەپێش هەموو پێشمەرگەكانەوە بوو یەكەم كەسبوو، روویكردە ناو ناحیەكە.
(هێمای سەركەوتن بوو)
پێشمەرگەكانی تیپی(٥١)ی گەرمیان، حەمە تیماریان لا ببوو بەهیمای سەركەوتن، دەیانزانی لەهەرشەڕێكدا ئەویان لەگەڵدابێت دوژمن دەشكێنن. شوێن دەستی لەهەموو نەبەردی و داستان و چالاكییەكانیدا دیاربوو وەك چالاكی و داستانەكانی(شارباژێڕ، ناوچەی زەنگاباد، گرتنی ناحیەی سەنگاو، بێتواتە، شاخی گوڵێن، خاڵی پشكنینی سەنگاو، قەیوان - ماوەت).
(گوڵان)
لەشەڕی گوڵاندا، چەند سەربازێكی سوپای عێراق خۆیان بەدەستەوە نەدەدا، بە بەردەوامی بەرگریان دەكرد و تەقەیان دەكرد، بواریان بە پێشمەرگەكان نەدەدا، بگەنە شوێنی دیاریكراو، حەمە تیماری بەنهێنی خۆی گەیاندە نزیكیان و نارنجۆكێكی بۆ فڕێدان، هەمووسەربازەكانی بە مەرگ سپارد و لەگەڵ هاوڕێكانیدا شوێنەكەیان گرت.
(سەربازەكەی بەدەست گرت)
جارێك جەلال مەسۆیی و شێخ حەسەن و حەمە تیماری، بەپێی نەخشەیەكی دیاریكراو، بۆ چالاكییەك بۆسەیەكیان دانا، دەبوایە هێرش بكەنەسەر چەند سەربازێكی عێراقی، لەشوێنێكی دیاریكراو، لەنێوان قادر كەرەم و كۆرمۆردا، جەلال مەسۆیی و شێخ حسین بەخێرایی هەڵمەتیان برد بۆ ئەو شوێنە، وایاندەزانی خۆیان لەپێشی پێشەوەن كە گەیشتنە ئەو شوێنە، حەمە تیمارییان بینی لە پێش خۆیانەوە بوو، هەڵمەتی بۆ سەربازێك برد و بەدەستی گرتی و چەكی كرد، سەربازەكانی تر بە بەردەوامی بەرگریان دەكرد، هەموویانى كوشت و بێزیان بەدەستكەوتەوە گەڕانەوە.
(بروسكە بوو)
حەمە تیماری لەهەموو شەڕە پڕ لە مەترسییەكاندا، بروسكە ئاسا، دەهاتەدەست، دەیزانی چۆن دەست لە دوژمن دەكاتەوە، خاوەن دڵ و دەروونێكی پاك بوو، لەگەڵ هاوڕێكانی هەست ناسك و میهرەبان بوو، خۆشی دەویستن بەهەموو توانایەکیەوە یارمەتی هەموویانیدەدا و هاوكاریی دەكردن.
ئەم فەرماندە خاكییە لەهەموو جەولەكاندا، چەكی قورسی(ئاڕبیجی )و (بیكەیسی) بۆ هاوڕێكانی هەڵدەگرت، پێكهاتەی جەستەی حەمە تیماریی بەجۆرێك هەڵکەوتبوو بەهێز و پتەوبوو، ماندووبوونی نەدەزانی.
(ئابڵۆقەكەیان تێكشكاند)
لە مانگی پایزی(١٩٨٥) كەرتی دوو و كەرتی یەكی تیپی(٥١)ی گەرمیان، لەخوارووی گەرمیان بوون، سوپای عێراق بەهەموو چەكێكی قورس و تەكنەلۆژیای نوێی سەربازییەوە بەچەند دەبابە و و كۆپتەر و تۆپی قورس پەلاماری گوندەكانی(سەید جەژنی، فەتاح هۆمەر، هۆمەرمل، توكن، عەزیز قادر)یدا، لەوكاتەدا كەرتی دوو و كەرتی یەك لە بناری گلی نزیك قادركەرەم بوون، چەند كیلۆمەترێك لەو گوندانە دووربوون. هەر كە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی تۆپباران و دەسڕێژەكان بوو، بەخێرایی روویانكردە شەڕگەكە، كاتێ گەیشتنە ئەوێ هیزەكانی سوپای عێراق ئابڵۆقەی پێشمەرگاكان و گوندەكەیاندابوو، چەند پێشمەرگەیەك و هێزی پشتگیری بەرگریان دەكرد، حەمە تیماری و پێشمەرگەكان هەڵمەتیان برد و هێزەكەی سوپای عیراقیان تێكشكاند و هەڵاتن.
سەرچاوە: عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، ئەفسانەكەی برزوت، بالۆسە، كوردستانی نوێ، ژمارە(٤٣٧٢)(١٣/١٠/٢٠٠٧) ل٩.
بابەتی زیاتر