سەباح مەرگەیی
ئێوارەی(٤/٥ى١٢ى ساڵى ١٩٨٠) گەیشتینە نێوان گوندی"قەڵاسنجی سەرو، قەڵاسنجی خوارو" هەشتا بۆ نەوەد پێشمەرگە ئەبووین بێجگە لە دەستەی پارێزگاری لە ملازم سەید كەریم، بۆ ئەوەی نەبینە بارگرانی بەسەریەك گوندەوە، كاك سەید نیوەی هێزەكەی نارد بۆ قەڵاسنجی خوارو، ئێمەش لەگەڵ كاك سەید چووینە قەڵاسنجی سەرو، دابەشبووین بەماڵاندا و من و چەند پێشمەرگەیەك لەگەڵ كاك سەید كەریم و كاك حەمە تۆفیق رەحیم چووینە ماڵێك و حەرەسمان دانا تا نان خوراو پاشان چووینەوە بۆ مزگەوت.
لە مزگەوت چوار حەرەسمان دانا بەدەوری مزگەوتەكەدا، مزگەوتەكە لۆكسی هەبوو ئەوشەوە تا درەنگانی شەو بەخۆشییەوە دانیشتین و شێرزادی برای ئازاد خۆشناو بە نوكتەی خۆش و پێكەنین نەیهێشت زوو بخەوین، هەر هەمانكات كەمینەكانی بەری بەیانی دیاریكران و بۆ بەدلكردنی كەمینەكانیش حەرەسی بەیانی دیاریكرا، یەكەم حەرەس كاك ئەنوەری حاجی غەریب بوو، بەیانی هەڵساین دوای دەم و چاو شۆرین چووینەوە بۆ ئەو ماڵانەى کە باتانییەکانمان لێ هانیبوو.
كاتژمێر(٧)ی بەیانی بوو کەشێكی ساردى هەبوو لەناكاو دەستڕێژێك كراو دوایی بوو بەچەند دەسڕێژێك، یەكەم دەسڕێژ كاك ئەنوەر كە حەرەسی یەكەم بوو، بەداخەوە جاشەكان شەهیدیان كرد و چەكەكەیان بردبوو، تۆزێ كشابوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەقەیان لە كەمینەكە كرد و مامۆستا"كاوە"ش شەهید كرا كە رابەرسیاسی یەكێك لە كەرتەكانی هەرێمی(٨) بوو، شەڕەكە گەرم بوو بەشی سەرەوەی گوندەكە جاشەكانی یاسینۆك هەولێری كە مەفرەزە خاسە بوو لەگەڵ ئیستخباراتی عەسكەری هێزێكی زۆریان هێنابوو، كاك سەید كەریم و دكتۆر خدر و كاك تۆفیق گەرەوانی ناسراو بە"شوانە"و پاشتریش كاك جەلال مەسۆیی، هەرلەگەڵ شەهیدبوونی كاك ئەنوەر، لە جاشەكان هاتنەدەست و لەولاشەوە پێشمەرگەكانیتری هەرێم هەندێكی كەمیان رووبەڕووی جاشەكان و ئیستخباراتی عەسكەری بوونەوە شەڕێكی سەخت كرا.
من لە خۆمەوە دەستپێدەكەم، لەگەڵ یەكەم دەستڕێژ هیچم بۆ نەكرا جگە لەڕاكردن بەرەو خوار گوندەكە، هەروەها زۆربەی پێشمەرگەكان ڕایانكرد ئەمە راستییە! لەبەرئەوەی كاتێكی زۆر خراپبوو هەموو سەرمانلێشێوا نەماندەزانی كوێمان لێگیراوە. بەتایبەت من نارنجۆك ئەندازم پێبوو لەگەڵ دەمانچەكەی خۆم، ئەوانەی شارەزاشبن لەنارنجۆك ئەنداز ئەزانن بۆ شەڕی دەستەویەخە نابێ، واتە لەگەڵ كڵاشینكۆف شەڕی پێ ناكرێ، شەڕەکە شەڕی دەستەویەخەبوو واتە سێ مانگ بوو بووبووم بەپێشمەرگە هیچ شارەزاییم نەبوو.
ڕامانكردە خوار گوندەكە و لەلای رۆژهەڵاتی گوندەكە گردێكی بەرزی لێیە خۆمان كوتا بۆ ئەوێ، جاشەكان چاویان لەئێمەبوو كە رامانكرد بەسەدان فیشەك لەملاولای داین و بەرنەكەوتین، لە جاشەكان وایە هەمووهێزەكە شكاوە بۆیە كە هاتنە پێشەوە، كاك سەید كەریم و كاك دكتۆر خدر و كاك تۆفیق گەرەوانی و جەلال مەسۆیی، لێیان هاتنەدەست لەگەڵ هێزەكانیتری لای رۆژهەڵاتی گوندەكە بەتایبەت كاك ئەحمەد وەڵزی و هەندێ پێشمەرگەیتر، جاشەكان شكانەوە، ئێمەش گەیشتینەسەر گردەكە و لەوێوە هێرشمان بۆ جاشەكان كردەوە و جاش و عەسكەری شكا، لەو قۆڵەی لای كاك سەید كەریم، یاسینۆكی ئامر مەفرەزەی جاشەكان و(٥) جاشی تر و نائیب زابتێك كوژراو جوندییەك بەجیهازێكی كۆڵەپشتەوە گیراو، یەكەم شت كاك سەید لێی پرسیبوو بروسكەت كردووە بۆ كۆپتەر یاننا؟ جوندییەكە وتبووی بەڵێ، بەڵام پێیانووتووین غاراتی فڕۆكەی ئێرانی هەیە ناتوانین بێین بەهاوارتانەوە.
كاك سەید هەرلەدوای تەواوكردنی قسەكانی، جیهازەكەی لێسەندبوو دەستبەجێ جوندییەكەی بە سزای گەل گەیاند، هەروەها دوو جاشیش بەدیلیگیران، شەڕ تا نزیكی نیوەڕۆی خایاند، دوای هەڵاتنی جەیش و جاش، هەندێك پێشمەرگە لە پشت گوندەكە ماینەوە و گەڕاین بەدوای شەهید و برینداردا هەندێ بریندارمان هەبوو برینەكانیان سوكبوو كە بریتیبوون لە كاك فاروقی عەلی مەولود كە رابەر سیاسی هەرێمی(٨) بوو، هەروەها كاك سەفینی مەلاقەرە و كاك قاسم كە ناسرابوو بە"كرێكار" هەروەها كاك سەید كەریم پریشكی فیشەكی بەركەوتبوو. بەڵام تا دوای گەڕانەوە لە سولاوك بوو یا سماقوڵی بۆی باسكردین وتی لەوێ قسەم نەكردووە تا ورەتان نەڕوخێ، لە هەمانكاتیشدا كاك دكتۆر خدریش پریشكی بەركەوتبوو.
بەهەرحاڵ دوای كۆتایی هاتنی شەڕەكە هەموو لە ناوگوندی قەڵاسنج كۆبووینەوە، هەردوو جاشە دیلەكە لە دواوە دەستمان بەستبوونەوە لە نزیكی مزگەوتەكە هەموو خەڵكەكە هاتبوون سەیری جاشەكانیان ئەكرد، شەوی پێشووتر مەفرەزەیەك چووبوون بۆ ئۆردوگای بەستۆرە لەوێ بەپێی زانیاری رێكخستن، جەیش شەعبییەكیان بەكڵاشینكۆفێكی شەعبییەوە هێنابوو رۆژی شەڕەكەی قەڵاسنج هاوەنەكەیان پێ هەڵگرتبوو، لە هەمووی سەیرتر ئەم جەیش شەعبییە ئەیووت ئێستا ئەگەر ئەم دووجاشە بدەنەدەست من رەمییان ئەكەم وەك خۆی خائین نەبووبێ، ئەم جەیش شەعبییە كاتی خۆی مێردی زەكێ خانی ئەندامی یەکێ لە سەركردایەتی حزبی سۆشیالیستی كوردستان بوو.
بەهەرحاڵ بابێینەوە سەرباسی ئەساسی ئەو دووجاشەى كە دەستگیرمان کردبوون، هەویەی مەفرەزە خاسەی ئیستخباراتی مەنزومەی شیمالیان پێبوو لە مەفرەزەكەی یاسینۆكی هەولێری بوون، یەكێكیان ناوی"ئازاد" بوو خەڵكی گوندی قەڵاسنج بوو ئەویترم بیرنەماوە ناوی چی بوو، لەوكاتەدا كاك سەید قسەی بۆ خەڵكەكە كرد وتی:
"لە تۆڵەی شەهید ئەنوەر و مامۆستا كاوە ئەو دوو جاشە گولەباران ئەكەم، بەتایبەت مادام یەكێكیان خەڵكی ئێرەیە، واتە ئیخباریتان كردووین ئێمە بەرگریی لە خاكی كورد و میللەتەكەمان ئەكەین خەڵكی خائینیش جەیش و جاشمان بۆ دێنن..!"
لەوكاتەدا مەلایەكی بەتەمەنی پیر ریشێكی سپیی زۆری بەردابۆوە و مەندیلی بەسەرەوە بوو، من ئەمە وەك راستییەك باسدەکەم کە لە زهنمدا دێت و دەچێ، كەس گلەییم لێ نەكات، مەلاكە قورئانێكی بەدەستەوە بوو وتی:
"كاك سەید بیكە بەخاتری ئەم قورئانە ئەو دووجاشە مەكوژە و بەریاندە، مادام خۆت سەلامەتی.."
كاك سەید چاوێكی لێدەرپەڕاند و دەستی بەریشی خۆیدا هێنا و هەتا هێزی تیابوو یەك زلەی لە مەلادا مەندیلەكەی كەوتە زەوی، كاك سەید پێیووت:
"گەواد تۆ پێتوایە ئێمە بۆ بەرژەوەندی خۆمان پێشمەرگەین و شەڕ ئەكەین و كوڕی خەڵكی شەهید ببێ، بەڵام لەبەرئەوەی من هیچم لێ نەهاتووە بەریان بدەم.."
یەكسەر بانگی سێ پێشمەرگەی كرد و پێیووتن:
"میلی تفەنگ راكێشن."
هەرسێكیان ئامادەبوون و كاك سەید وتی:
"هەردوو جاشەكە گولەباران بكەن."
دەستبەجێ سەر و مەخزەنیان تێدا خاڵی كردنەوە و بەسزای گەل و شۆڕش گەیەنران، دوای ئەوە شەهیدەكانمان بەوڵاخ باركرد و هەروەها بریندارەكانیش رۆیشتین بەرەو گوندی خۆران، بەدرێژایی زیاتر لەسێ كاتژمێر بەڕێگادا رۆیشتین تا گەیشتینە خۆران خوێن لە شەهیدەكان ئەچۆڕا و رێگاكەیان بەخوێن ئاودا، پاشان لە خۆران شەهیدەكانمان بەجلوبەرگی خۆیانەوە ناشت لەپاڵ بەردە گەورەكانی قەبرستانەكەی خۆران.
بۆ مێژوو ئەم چەند وشەیە ئەنووسم ئەگەرچی كەم تازۆر پێشمەرگەكان بەشداریانكرد لەوشەڕەدا، بەڵام ئەگەر ملازم سەید كەریم بەڕۆڵی سەرەكی و كاك دكتۆر خدر و كاك تۆفیق گەرەوانی ناسراو بە "شوانە" و كاك كاك ئەحمەد وەڵزی و کاک جەلال مەسۆیی لەگەڵ نەبوونایە نیوەمان زیاتر شەهید دەبووین. لەڕاستیدا شەڕێكی بێوێنە كرا كە تا دنیاماوە جێگای شانازییە. پێویستە هەموومان شانازی بەو رۆژ و ڕۆژگارانەوە بكەین، چونكە پێش ئەوشەڕە لە ناوچەی خۆشناوەتی گرنگییان بەهێزەكانی یەكێتی نەئەدا لەبەرئەوەی ناحەزەكان پڕوپاگەندەیان كردبوو گوایە یەكێتی بەشێكە لەڕژێم، بەڵام دوای ئەوشەڕە خەڵكی گوندەكان بیانزانیایە كاك سەید لە هەركوێیەكە خۆیان ئەگەیاندەلای و روومان لە هەرگوندێك ئەكرد لە دوورەوە بەرەو پیری هێزەكەمان و كاك سەید كەریم ئەهاتن.
ئەوشەڕە دەنگدانەوەیەكی بێوێنەی تۆماركرد لای جەماوەر بەگشتى، هەموو خائینانی هێنایە لەرزین. لەوشەڕەدا بەدیلەكانەوە(١٠) كوژراو لەبەردەستی پێشمەرگەدابوون، بەیاسینۆكی رەئیس جاشەوە، دەیانیشیان لێ برینداربوو بەسەریشۆڕەوە هەڵاتن بەرەو هەولێر. دەستكەوتەكان(٩) كڵاشینكۆف بەتاقمەكانیانەوە و جیهازێكی كۆڵەپشت و جیهازێكی دەستیبوو، هەروەها دواتر لەڕێگای رێكخستنەكانەوە زانیاریمان بۆهات كە ژمارەی كوژراو و بریندارەكان زیاتر لە(٥٠) جاش و عەسكەری بووە. شەهیدەكانیش مامۆستا"كاوە مەخموری و ئەنوەر حاجی غەریب"بوو کە خەڵكی شارى سلێمانی بوو.
بەبۆنەی یادی ئەو داستانە مەزنەوە هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەم داستانە و شەهید ملازم سەید كەریمی قارەمان. سەربەرزی بۆ خزم و كەسوكارە سەربەرزەكانیان و سڵاو لە هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" كە ئەوێ ڕۆژێ بەشداربوون لەو داستانە مەزنەدا.
بابەتی زیاتر