بەیانییەکى مانگى کانوونى یەکەمى(1985) لە گوندی "گەڕەدێ"وە رووم کردە گاپیڵۆن، بەفر سەراپاى دۆڵى جافایەتى داگرتبوو. پێشمەرگەکانى لە بنارى پیر ئەلیاسدا خەونیان بەوەرزێکى نوێوە دەبینى، بارەگاى تیپى (47)ى پیرەمەگرون لەم گوندەدا بوو. ناو بەناو مەفرەزەو کەرتی تیپەکە، بەپێى نەخشەیەکى دیاریکراو، خۆیان دەکرد بەناو شارداو چالاکییەکیان ئەنجامدەداو دەگەڕانەوە، لەناو چایخانە نایلۆنەکاندا گوێیان لەسەرکەوتنەکانیان دەگرت..
ئێوارەکەى سێبەرى پیرئەلیاس بەسەر ئاواییەکەدا کشا، هەوایەکى ساردى کانوون تێکەڵ بەهەناسەى گەرمى ئەو پێشمەرگانە دەبوو کە لەناو بەفرەکەدا پیاسەیان دەکرد، دواتر خۆیان دەخزانە ناو چایخانە نایلۆنەکانەوە بۆ ئەوەى گوێ لەهەواڵە پڕ لە حەماسە ئاگرینەکانى ئیزگەى دەنگى گەلى کوردستان بگرن، کە نازى هەموو خەونەکانى پێشمەرگەى هەڵدەگرت.
هەر لە چایخانەکە نزیک دەبوومەوە، گوێم لەهۆ کاکى پێشمەرگە بوو، لەناکاو کاک فەرهاد سەنگاوى، هەواڵى پڕ لەتراژیدیاى گولەبارانکردنى "ئارام، هیوا، سەردار"ى لەبەردەم ئامادەیی رۆشنبیردا راگەیاند. لەوکاتەدا ئازارێکى توند بەقەد تیژیی سەرماکە هورژمى بۆ کاسەى سەرم هێنا. دەرگا نایلۆنەکەم کردەوەو روومکردە گردەکەى خوار ئاوایی، بەتەنیا لەبەردەم چاوە رەشە هێمنەکانى "ئارام"دا، وەستام، گریانێکى بێدەنگ ناخى هەژاندم. دواتر رووەو هەورازەکەى گەڕەدێ هەنگاوم نا، ئەژنۆکانم قورسبوو کە ئاوڕمدایەوە، باڵاى ئارام و سەردارو هیوا لەسەر ئاسنگەرانەوە بینى، بەرەو لوتکەى پیرەمەگرون هەڵدەکشان، تالەچاو ونبوون.
هەرکە باڵى تاریکایی گوندەکەو سەراپا دۆڵى جافایەتى داگرت، تەنیا تروسکەى کزى چراى ئەو چەند ماڵەم دەبینى تێکەڵ بەقوڵایی شەوە زەنگەکەو ئاوێنەى سەرڕووى بەفرەکە دەبوو، ناوبەناو کزەى ساماڵى ئەو شەوە کپە، دیمەنى یادگارەکانى ئارامى دەگەیاندە کوخە بچکۆلەکەم، تا دواجار لەخەونێکى تردا ئارامیان لێ ون کردین .
باوک و دایک و خوشکەکانى زیندانی کران
شههید "ئارام محەمەد کەریم" ئەندامى کاراى رێکخراوى سلێمانى "کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان" بوو، دەیزانى خۆى و هاوڕێکانى لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرە کۆلۆنیالییەکانەوە دەگیرێن، پێش ئەوەى خۆى دەرباز بکات، لەهەوڵى ئەوەدابوو، ئەوانیش ئاگاداربکاتەوە. ئێوارەى (20/11/1985) روودەکاتە ماڵى هیوا، هەر کە دەست بەزەنگەکەدا دەنێ "قوات خاسە" دەرگاى لێدەکەنەوەو دەستگیرىی دەکەن، لەوێ سەردارو هیوا دەبینێ بە کەلەپچەکراوى.
هەرسێکیان راپێچى ئەودیوى دیوارە ئاسنینەکان دەکەن. تۆمەتى کوشتنى جەللادێکى تەعریب کراویان دەخەنەپاڵ. هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان لەسەر جەستەیان بەکارهێنا، بەڵام هیچیان نەدرکاند، دواى خۆیان هیچ کام لەڕێکخستنەکانى ناوشارى سلێمانى نەگیران. ئێوارەى (22/11/1985) خانەوادەی "ئارام و هیوا و سەردار" دەستگیرکران، شەش مانگ لە بەندیخانەى سەرەوەى سلێمانى بوون، دواتر بەدەستبەسەرى رەوانەى "سەماوە" کران، پاشان کەلوپەلى ماڵەکەیان تاڵان کرا.
سێ کەسیان گولەباران کرد
مامۆستا ئاواتى براى شەهید ئارام لەبارەى دەسگیرکردنى ئارام و کارەساتەکەوە وتى:
"نیوەڕۆى 17/12/1985 بوو، لەبەردەم یانەى ئەندازیاران چەند شۆفڵێک و ژمارەیەکى زۆر قوات خاسەم بینى، بەرەو سانەوى رۆشنبیر دەچوون، لەدڵى خۆمدا وتم :ئێستا دەبێ ماڵى کام پێشمەرگە بەسەریەکدا بڕوخێنن؟ ئێوارەکەى گوێم لەژنێک بوو وتى: ئەمڕۆ سێ کەسیان گولەباران کرد، کەوتمە گومانەوە، خۆم و هاوسەرەکەم سوارى تەکسییەک بووین، پێمووت: بمگەیەنە سانەوى رۆشنبیر. وتى: ناتوانم بگەمە ئەوێ، چونکە ئەو شوێنە بە قوات خاسە گیراوە.
لەچەند کۆڵانێک لەولاترەوە دابەزیم، کە گەیشتینە بەردەم دەرگاى سانەوییەکە، جۆگەلەى خوێنم بینى قەتماغەى بەستبوو، خورپەیەک کەوتە دڵمەوە، بڵێى ئارام و هاوڕێکانى گولەباران کرابن، بەڵام لەبەرئەوەى خۆم رووداوەکەم نەدیبوو، دڵنیانەبووم، کەوتمە پرسیار کردن لەم و لەو. کەس دڵى نەدەهات ئەو هەواڵە جەرگبڕەم پێ بڵێت، دنیا تاریک داهات، لە دەرگاى ماڵى ناسیاوێکماندا کە لەنزیک شوێنى رووداوەکەوە بوو. بەڕێکەوت ئەو کچە دەرگاى لێکردینەوە کە لەگەڵ ئارامدا لەیەک دائیرە بوون، منى ناسى، چونکە شێوەم لە ئارام دەچوو، گوێم لێبوو، بەدەنگێکى نزم بە هاوسەرەکەمى وت: وەک ئارام تیاچوو، بۆ ئەمیش تیا بچێت.
حەشارگەى تەرمەکە
لە (18/12/1985) مامۆستا ئاوات لەبەردەرگاى ماڵى باوکیدا وەستابوو، دڵسۆز قادر گەیشتبووە لاى و پێیوتبوو :
"لێرە مەوەستە، بەخێرایى ئێرە بەجێبهێڵە، بچۆ بۆ لای کاک تهحسینی برام. لە ماڵى کاک نورى مەلا مەحموده"
تهحسین قادر هەر کە مامۆستا ئاوات دهبینێ، نەیتوانى بوو نهێنییەکە بشارێتەوە، فرمێسک بەچاوەکانیدا دێتهخوارەوە، باوەش بەمامۆستا ئاواتدا دهكاو دهڵێ: دەبێت هەوڵبدەین تەرمەکە بدۆزینەوەو لە گردى شەهیدان بەخاکی بسپێرین .ئێوارەکەى مامۆستا ئاوات دهچێتهلاى ناسیاوێک کە لە شارەوانى فەرمانبەر دهبێ، بۆئەوەى جێگاى حەشارگەى تەرمەکەی نیشان بدات، ئەویش ئامادەیى خۆى نیشاندهدا. سەرلەبەیانى (19/12/1985) بەڵێنەکەى خۆى بەجێدههێنێ و پێکەوە دهچنە گۆڕستانى گردى جۆگە، شوێنى تەرمەکەى نیشانی مامۆستا ئاوات دهدات. ئەویش قەڵەم جافەکەى لەو شوێنەدا دهچەقێنێت و دهگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
تەرمەکەیان لە گردى جۆگەوە گەیاندە گردى شەهیدان
(20/12/1985) ئاواتى براى شەهید ئارام، بەهاوکارى هاوڕێ و چەند خزمێکیان سەرقاڵى جێبەجێکردنى نەخشەى دزینى تەرمەکەى ئارام بوون، بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە، بوون بەدوو بەشەوە. بەشێکیان بریتیبوون لە "نورى محەمەد ئەمین، محەمەد نورى محەمەد ئەمین، تەیب محەمەدو شەهید عەلى حسێن" چەند کەسێکى تر روویان کردە گردى شەهیدان بۆ ئەوەى گۆڕێکى بۆ ئامادە بکەن.
بەشەکەى تریان پێکهاتبوون لە "ئاوات محەمەد كەریم، تەحسین قادر، سەردار قادر" چەند کەسێکى تر چوونە گردى جۆگە بۆ ئەوەى تەرمەکەى دەربهێنن. ئەو رۆژە باران بەتاو دەبارى، خۆشکردنى بۆ نەبوو، دەستیان کرد بەهەڵدانەوەى حەشارگەکە، باران و قوڕ کارەکەى زیاتر لێ قورس کردن، چەند شان و قۆڵیان دەکوتا شوێن دەستیان دیار نەبوو، چونکە چاڵەکە بە حەفارە هەڵکەندرابوو، نزیکەى (3) مەتر قوڵ بوو. نایلۆنێکیاندا بەسەر چاڵەکەدا بۆ ئەوەى پڕ نەبێ لەئاو.
لەوکاتەدا خەڵکێکى زۆر تەرمى ژنێکیان خستبووە سەرشانیان روویان کردە گۆڕستانەکە بۆ ئەوەى بەخاکى بسپێرن، کە گەیشتنە ئەوێ زۆریان بەلاوە سەیر بوو، خەڵکێکى تر گۆڕ هەڵدەدەنەوەو سەرقاڵى دەرهێنانى تەرمن، کاک تەحسین رووداوەکەى بۆ گێرانەوە، ئەوانیش شانبەشانى ئەوان دەستیان کرد بەهەڵدانەوەى چاڵەکە، تەرمى ژنەکەیان لە نزیک چاڵەکە دانا. لەچوار دەورى شوێنەکەدا بازنەیان بەست، بۆ ئەوەى جاسوس و ئەمن بەکارەکەیان نەزانن، خەڵکەکە بە پەرۆشەوە هاوکارى تەواویان کردن.
دەستەى یەکەم ئارامگەکەیان لە گردی سەیوان ئامادەکردبوو، هاتبوون بەدواى ئەواندا، لەدوورەوە قەرەباڵغییەکهیان دیبوو، کەوتبوونە گومانەوە، سەریان لەو خەڵکە زۆرە سوڕمابوو، لە دەورى ئەو چاڵە کۆببوونەوە. کە تەرمەکەی ئارامى تیا حەشار درابوو، لەو دەوروبەرە. دووربەدوور وەستابوون، تا دڵنیابوون ئەو خەڵکە خاوەن هەڵوێستە، بۆیە بەوشێوەیە وەستابوون تا دوژمن دەرک بەنهێنى کارەکەیان نەکات. تەرمەکەیان دەرهێنا شەهید ئارام هەر بەجل و بەرگە خوێناوییەکەى خۆیەوە بوو، هێندە سروشتى جوان بوو، شەهید عەلى حسێن تووشى شۆك بوو، وایزانى کاک ئارام زیندووەو نەمردووە. نایلۆنێکیان تێوە پێچا، ماڵە خاوەن پرسەکە پەتۆکەیان لە تەرمى مردووەکەى خۆیان کردەوە لەجەستەى ئارامیان پێچا.
بەهێمنییەوە تەرمەکەیان بردە پاسەکەى شەهید عەلى حسێن بەرەو گردى سەیوان بەڕێیان کرد. لە شەقامى برایم پاشا قوات خاسە بازگهیان دانابوو، یەك یهك ئۆتۆمبێلەکانی سەرشەقامەکەیان رادەگرت، دەیان پشکنى، دواى ناسنامەو بەڵگەنامەیان دەکرد، ئەوان گەیشتنە بەردەمى ئەوان، پاسەکەیان راگرت، سەیری ناو پاسەکەیان کرد، تەرمەکەیان نەبینى، گەیاندیانە گردى شەهیدان .
دنیا بەرەو تاریکى دەچوو، تەرمەکەی ئارامیان داگرت. کلێتەیەکى عەسکەرى لەسەردابوو، لایان برد، هەردوو دەست و قاچى و هەردوو چاوى و دەمى بەسترابوون، جل و بەرگەکەى خۆى لەبەردابوو (13) دینار لە گیرفانێکیدابوو، گولەیەک سەر سنگى پێکابوو لە پشتیەوە دەرچووبوو، گولەیەکى تریش بەر گوێچکەى راستى کەوتبوو. کفنیان تێوە پێچاو ئارامیان بە ئارامگاى شەهیدانی سەیوان سپارد. عەلى حسێن کامێرایەکى پێ بوو، چەند وێنەیەکى ئەو مەرگەساتەى گرت. عەلى حسێن هاوڕێی شەهید ئارام و کاک تەحسین قادر بوو، لەکاتى راپەریندا لە (8/3/1991)دا، لە هێرشێکدا بۆ سەر ئەمنە سوورەکە پێکراو دوا هەناسەی سپارد.
____________
* ئەم بابەتە لە بەرگی دووەمی "رەشەبای ژەهرو ئەنفال"ی عهبدوڵڵا كەریم مەحمود" وەرگیراوە.
بابەتی زیاتر