هەتا ئەم چركەیە هەركاتێك: هاوڕێ سادقم بیردەكەوێتەوە بە كوڵ بۆی دەگریم



من چۆن نەگریم سەد كەڕەتم دڵ دەشكێنی
مەی چۆن نەڕژێ شووشە لەسەد لاوە شكاوە



"نالی"


هەموو چركەیەك هاواری شەهید سادق لە گوێمدا دەزرنگێتەوە. ڕێژنەیەك گولەی بەركەوت. ئەو بە دەنگێكی بەرز دەیچریكاند:
-  بژی پێشمەرگە.
- بژی شۆڕش.
-  بژی كوردستان.
چریكە و ناڵەی لەمسەری سەگرمەوە بۆ ئەوسەری سەگرمە دەنگی دەدایەوە. نازانم چۆن شاخی زەردە هەرەسی نەهێنا؟ بریا ئەو ڕێژنە گولەیە، بەردڵی من بكەوتایە نەك ئەو. دوو دەقیقە، تەنیا دوو دەقیقە پێشتر، من و سادق شانمان بە شانی یەكترەوەبوو. ئەو سەرمای بوو، پاڵتۆكەی خۆمم پێیدا .
ئەو خاوەن خەونێكی گەورە، ورەیەكی بەرز و ویستێكی پۆڵاین بوو .ئای شەهید سادق چەند دڵی بە كۆمەڵە و شۆڕش خۆشبوو. بەدەم گیاندانەوە داوای لێبوردنی لە پێشمەرگەكان دەكرد، كە بەهۆی ئەوەوە تووشی سەرما و سۆڵە و ماندووبوون هاتبوون.
زۆركەمن ئەوانەی كتێبی (بە خەونی گەورەوە كەوتینەڕێ) خوێندۆتەوە، گەیشتونەتە ڕووداوی شەهیدبوونی سادق پڕ بەدڵ فرمێسكیان هەڵنەوەراندبێت .سادق بۆ هاوڕێكانی و ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە قەڵایەكی گەورە بوو. ئەو ڕۆژەی ئەو لە (١٩٧٧/١٢/٢٧) ماڵئاوایی یەكجارەكی لێكردین، هەستم كرد لە ناوەڕاستی بیاباندا بە قورسی هەنگاودەنێم.. ڕێگاش هەمووی دڕك و داڵە.
لەماوەی كەمتر لە چل شەودا شاسوار جەلال "شەهید ئارام" لە تەنگیسەر شەهید كرا. پاش ماوەیەكی كورت بەكر نوری قەرەداخی ناسراو بە "ئاشتی چاوشین" لە گوندی قارەمان دەستگیركرا. هەر لەو ماوەیەدا مامۆستا شەماڵ چاوشین "حەمە ئەمین پۆڵا" لە دێی میریاسی خواروو لە (١٩٧٨/٣/٢) شەهید كرا .
بەرانبەر ئەو زنجیرە كارەساتە گەورەیەدا، هەر هێزی كۆمەڵە و یەكێتی بوو، توانی بەرگەی ئەو هەموو لێدانە یەكلەدواییەكانە بگرێت.



مامۆستا جەعفەر
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved