رووناك سادق
(٣٣) ساڵ بەسەر كۆچی دواییتدا تێدەپەرێ، كەچی هێشتا تۆ نەك بۆمنی برازا، بەڵكو بۆهەموو كوردان، هێشتا رێنیشاندەری كاروانی كوردایەتی و هێشتا سەنگەر و هێشتا تۆ هەر سەركردە و چەكی دەستی پێشمەرگەیت و قەڵەمی دەستی نووسەرانی، مێژوونووسی كوردستانیت و چەكوشی دەستی عەدالەت و دادوەرانی.
كاكە دەبابە لەڕۆژگاری پاشایەتیدا و لە بەغدای پایتەختی بڕیاردا و لەسەرشەقام، پێشڕەوی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتى كردووە و رووبەڕووی هێزەكانی حكومی پاشایەتی بووەتەوە و نازناوی دەبابەى پێبەخشراوە و لە عومەر مستەفای كاكی كاكانەوە بوو بەعومەر دەبابە.
بەڵێ راستیان گوت، كاتێك جوڵانەوەی ئەیلول بەرپاكرا، تۆی پێشمەرگە تۆی فەرماندە، تۆی سەركردە، نەك هەر رۆڵی دەبابەیەكت لەبەرگریكردن لەخاكی كوردستان بینی، بەڵكو وەك هاوسەنگەرانی ئەوێ رۆژێ شاهێدیت بۆدەدەن، تۆ بەقەد دەیان تانك و تۆپ رۆڵت بینی.
رەنگە بۆمنی برازا كە تۆ پەروەردەت كردووم، هیچ هونەرێك نەبێ كە لەیادی(٣٣) ساڵەتدا بۆت بنووسم، هیچ هونەرێك نییە بۆ من کە لەبارەى پەسن و لێهاتوویت و یاساناسیت و دادوەریت و ناو و ناوبانگت بنووسم، بەڵام كاكی كاكان ئەوا هەرمن نیم بۆت دەنووسم و بیرتدەكەم، بەڵكو لەو یادەدا هەموو هاوسەنگەرانت و هەموو ئەوانەی بۆ تەبایی و یەكڕیزیی و پێكەوەیی كورد و عەرەب و توركمان و كلدو ئاشوور كاردەكەن، دەزانن تۆ چەندە هۆزان و لێزان و دڵسۆز و لێهاتوو وشیاوبووی.
تۆیەك لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، لەڕۆژانی نائومێدیی و فرمێسكبارانی كوردان، بەتەقەی تفەنگەکەى تۆ و هاوڕێکانت لە شۆڕشی نوێ-دا، رۆشنایت خستە نێودڵی خەڵك، ئەو رۆژگارە سەختەی شۆڕشی نوێى تێدابوو بوویتە داینەمۆ و وچانت نەدا و ناوی تۆ وەک سەرکردەیەک هەمیشە لەبیرى هەمواندابوو.
بەڵێ عومەر دەبابەی كوردایەتی، تۆ لەدوای راپەڕینیش جێدەستت دیاربوو لە دانانی بناغەی دادی كوردستانی ئازادكراو و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەكان و خستنەسەرپێی قانوون لە هەرێمی كوردستان، كۆچی دواییشت لە یەكەم كۆنگرەی یەكێتیدا هەربۆخۆی تایبەتمەندییەكیتربوو لەزیندوهێشتنەوەی ناوی تۆ كاكی كاكان، كاكە دەبابە.
ژیاننامەى عومەر مستەفا
عومەر مستەفا لە ساڵی(١٩٢٣) لەگەڕەكی قەڵاتی شاری كۆیەی سەر بەپارێزگای هەولێر لە دایكبووە. دەرچووی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی كۆیە و دەرچووی كۆلێژی ماف ساڵی(١٩٤٦-١٩٥١)ی بەغدایە و شارەزای زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی بوو..
عومەر مستەفا لە ساڵی(١٩٤٨) لە بەغدا پەیوەندی بەڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردەوە دەكات، ساڵی (١٩٥١) لەكۆنگرەی دووەمی نهێنی پارتی لە شاری بەغدا و بەدەنگی نوێنەرانی كۆنگرە بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵدەبژێردرێت، هەمان ساڵ لەسەر چالاكی سیاسی بۆ ماوەیەك بەند دەكرێت، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا ئازاد دەكرێت.
ساڵی(١٩٥٣) لەكۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن نوێنەرانی كۆنگرە بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە و دواتر بووتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی(١٩٥٦) بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی دەستنیشانكراوە، ساڵی(١٩٥٩) لەلایەن نوێنەرانی كۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردراوە.
لە دەستەی(٦٠) كەسی داواكارانی مۆڵەتی فەرمی كاركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ قۆناغی ئاشكرایە، ساڵی(١٩٦٠) لەكۆنگرەی پێنجەم بەدەنگی نوێنەرانی كۆنگرە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و پاشان مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەرچووە، ساڵی(١٩٦١) نێردراوی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە بۆ لای سەرۆك مستەفا بارزانی بەمەبەستی ئاگاداركردنەوە لە پەلاماری حكومەتی عێراق بۆ سەر كوردستان و گەیاندنی هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی لەمبارەیەوە.
ساڵی(١٩٦٢) لەبەشداربووانی كۆبوونەوەی فراوانی عەوداڵانی پارتی دیموكراتی كوردستانه و هەر لەوساڵەدا بەشداریی شەڕی قشڵەی رایاتی كردووە، ساڵی(١٩٦٣) پاڵێوراوی سەركردایەتی شۆڕش بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا لە حكومەتی عێراق، بەشداربووی كۆنگرەی گشتی كۆیەی ساڵی(١٩٦٣)یە و دواتر وەكو ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی لەگەڵ حكومەتی عێراق دەستنیشانكراوە، لەڕێكخەرانی كۆبوونەوەی ماوەتە كە لە نیسانی(١٩٦٤) بەسترا، هەر لە ساڵی(١٩٦٤) چووە پاڵ گروپی جەلال تاڵەبانی- ئیبراهیم ئەحمەد و لە كۆنگرەی شەشەم بەزۆرینەی دەنگی نوێنەرانی كۆنگرە لەڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دوورخرایەوە، لە(٢٩ی كانوونی دووەمی ١٩٩٢) لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و لە شاری كۆیە بە خاك سپێردرا.
بابەتی زیاتر