ئەم کتێبە یەکێکە لە توێژینەوە هەرە گرنگەکان لەسەر ئێزدییەکان. لە پێشەکی چاپی سێیەمدا نوسەر دەڵێت: لە کاتی گفتوگۆکانی یەکێتی لەگەڵ رژێمی سەدام لە ساڵی ١٩٨٤، یەکێک لەو مەسەلانەی دەبوایە ساغ بکرێتەوە، سنوری دیموگرافی کوردستان بوو. کوردستان کوێ دەگرێتەوە و کورد کێن؟ ئێزدی، کاکەیی، زازا و فەیلی چەند تیرە و دیالێکتیکی زمانی کوردین لە باسی کورد بوون و ناسنامەی کوردا یارییان پێدەکرێت و هەوڵ دەدرێ بە غەیرە کورد بناسرێن.
حکومەت لە ساڵی ١٩٨٤ مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی کە ئێزدییەکان کورد نین، واتە شەنگال و شێخان و ئەو دەڤەرانە کوردستانی نین.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەو کاتەدا دەستیپێکرا و لە ١٩٨٥ دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ بە چاپ گەیەنرا.
نوسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم نامیلکەیە بە زمانی کوردی لە ماوەی ساڵانی نێوان (١٩٦١-١٩٩٠) دا، تاکە نامیلکە و توێژینەوەیە لەو بارەوە کرابێت. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە چاپی یەکەمدا بە هەڵە لە جیاتی وشەی ئێزدییەکان، وشەی (یەزیدییەکان) بەکار هاتووە.
ئەم نامیلکەیە لە ٧٢ لاپەڕەدا چەندین بابەتی جیاواز شرۆڤە دەکات، لەوانەش:
ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ناوچەی شەنگار و شێخان. لەم بەشەدا نوسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ناوچەکەدا مێژووییەکی زۆر کۆنی هەیە. هەر لە سەردەمی ئاشوری و حەیسی و میتانی کلدانەییەکانەوە تا دەگاتە سەردەمی فارس و رۆم، ناوچەکە مەیدانی شەڕ و پێکدادان بووە.
پەیوەندی ئایینی ئێزدی بە ئایینە کۆنەکانی دیکەی کوردستانەوە بەشێکی دیکەی ئەم نامیلەکەیە. نوسەر ئایینی زەردەشتی بە نمونە باس دەکات، دواتریش کاریگەری ئیسلام بەسەر ئەم ئایینەوە روون دەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی نامیلکەکەدا، نوسەر ئاماژە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئێزدییەکان دەکات و دابەشبوونیان بەسەر چین و توێژە جیاوازەکاندا شیدەکاتەوە.
لە دوا بەشی کتێبەکەدا نوسەر دەچێتە سەر باسکردنی ئەو فەرمان و قڕکردنانەی بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە کراونەتە سەر ئێزدییەکان.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی کتێبەکە ئەلینکە دابگرە: