"تاڵب ساڵح مهحمود" ناسراوە بە تاڵبی ساڵحی حاجی مەحمودی گەنكێ، ساڵی(۱۹٥۷) لە گوندی گەنكێ سەربەقەزای چوارتا له دایك دەبێت. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە چوارتا تەواو دەكات. لە ساڵی(۱۹۷۸) پەیوەندی دەكات بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، لەساڵی(۱۹۷۹) ژیانی هاوسەرێتی پێكدەهێنێت لەگەڵ خاتوو چیمەن كە پورزای خۆی دەبێت..
وەك كادیرێكی بەتواناو چالاك لە خزمەتی رێكخستندا دەبێ و بەردەوام لە هەوڵ و ماندووبووندا دهبێت بۆ سەرخستنی پەیامەكەی. شەهید تاڵب بەپێی ئەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی زۆر بەهێز بووە، خەڵكێكی زۆری ناسیوەو ئەو فراوانییە لە پەیوەندییەكانیدا كردبووە خزمەتی رێكخستن و حیزبەكەیەوە، ئەو پاك بوو بەپاكیش تێدەكۆشا، ئەو بۆخاتری كۆمەڵە ئامادەبوو خۆی و خێزانەكەشی بكاتە قوربانی چجای ئەوەی بیانكاتە خزمەتی شۆڕش و پێشمەرگە.
شەهید تاڵب سەرسام دەبێت بەشەهیدی سەركردە شەهید ئارام تا ئەو رادەیەی، هەمیشە وتویەتی كوڕەكەم ناو دەنێم "ئارام" تا گەورەبوو شەهید ببێت و خەڵك بەمن بڵێن باوكی شەهید ئارام، بەو رادەیە سەرسام بوو بەشەهید ئارامى سەركردە. شەهید تاڵب قۆناغەكانی پلەی رێكخستن دەبڕێت و دواتر لە ساڵی(۱۹۸۱) پەیوەندی دەكات بەتیپی(۳۷)ی شارباژێڕ و وەك پێشمەرگە گیان لەسەر دەستە بۆ خزمەتكردن و هیچ كاتێك لە شەهیدبوون نەترساوە سڵی نەكردۆتەوە، شەهید تاڵب تا پلەی فەرماندەیی دەبڕێت.
بەداخەوە لە(17/2/1985) دوابەدوای داستانە مەزنەكەی دابان هەلاج بەكارەساتی خنكاندن لە ئاوی واژە شههید دهبێت، بەداخەوە سیمی پەڕینەوەی سەرئاوی واژە دەپسێت و گیانی پاكی دەسپێرێ و دوای چەندین رۆژ لەگەڕان تەرمی پیرۆزی دەدۆزرێتەوەو لە زێدی خۆی لە گوندی گەنكێ بەخاك دەسپێررێت. لەدوای خۆی دووكوڕ و كچێك بەناوەكانی ئالان و ئارام و سازیان بەجێدەهێڵێت.
نووسهرو رۆژنامهنووس "ئازاد سهراوی" له مهرگی ئهم شههیدهدا پهخشانه شیعرێكی بۆ نووسیوه، دهقی پهخشانهكه وهك خۆی دادهبهزێنینهوهو ههمان پهخشانیش له پهخشانه كتێبی"ونناوهكانی شۆڕش"ی نووسهردا، بڵاوبۆتهوه.
بۆ شەهید "تالب گەنكێیی"
بە گەردنی بەرزو بڵندی گەنكێوە، دارمێوێكی گەردن بەرزیت لە باخەكانی بەردێوە، یەكەم نۆبەرەو بەرسیلەی رێكخستنەكانی چوارتا بوویت، لە دەم زێوە، باڵاتان كردو گەورە بوون، بوونە دەیان هێشووە ترێ، ئەفسانە بوون، دەیان داستان و وانەبوون، له مەرگیشدا هەر راوەستاون بەپێوە. تا دوا هەناسەی نەسرەوت، هێند گورج و گۆڵ و خێرا بوو، پێش هەورەكانیش دەكەوت، قاچەكانی تێك دەهاڵان كە دەڕۆشت و رێ دەكەوت، هەورازو نشێوی شۆڕش، سەختی رێگا چی هاتەڕێ كۆڵی نەدا، هەتا ئەوان چۆكیان بۆدا.
چەمی سنكێ و قوتابیان و باخی ئاشی، یەكە یەكە، ناو بەناو ئێوەی دەناسی، ئەگەر بەدەم رەشەباوە پەڕەیەك با بیبردایە، بەر پەرچەمی شۆڕەبیەك، یان لە دارێكی گوێ چەم و وردە شەپۆلێك گیر بوایەو بهاڵایە، نەیان دەهێشت دێڕێكی لێ كاڵ بێتەوە، لە قەراغی شەپۆلەكانی گوێ چەمدا هەڵیان دەخست هەتاكو وشك بێتەوە، دەیانزانی ئەو مەفرەزە پێشمەرگەیەی بەو گوێ چەمەدا رەت بووە، ئەمڕۆ سبەی چەند رۆژێ تر بەوێدا دەگەڕێتەوە.
تازە بەفر تێك دەهاڵاو لە سەرو بەژنت دەهاڵان، بە پەنجە پروشەی بەفر سەرو بسكت تەڕ دەبوون و دەهاڵۆسكان، هەندێك جار بایەكی خێرا هەڵی دەكرد قاچەكانت تێك دەهاڵان، بەدەم ڕێوە، هەندێك جار تەم و خومارو هەندێك جاریش دەبوە تۆفان و كڕێوە، جاریش هەبوو باران و بەفر پێكەوە دایان دەكرد لە دەم گوێ چەمی سنكێوە، وردە وردە بەفری كوێستانان دەچۆڕاو دەتوایەوە، دەشت و دەر سەوزی دەپۆشی تا دەگەیشتە خاكە لێوە.
هەنگاوەكان خێرا دەبوون، هەندێك جاران رەشاییەك بەدی دەكرا، جێگە پێكان دەردەكەوت، جار هەبوو لەچاو ون دەبوون نوقمی تاریكی شەو دەبوون، هەر دەڕۆیشتن و بێ پشودان، بێ سرەوتن، تا بگەنە بن هەناسەی تاشە بەردو قەدپاڵ و لاپاڵی دابان.
ئەو رۆژانەی لە دەفتەری بیرەوەریت دوا دێڕەكانت نوسیەوە، شەوێكی ساردو كزەبا لە گەڵ پروشەی بەفردا بناگوێ و سەرو لامل و پەنجەكانیشی دەتەزان، لەو شەوە تارو تەزیوو لەرزیوەدا بەلەپیتكەی سەر تفەنگت ترازاندو بوویتە قرمژن و قریوەی سەركەوتنی داستانە گەورەكەی دابان، وریشەو ناڵەی گوللە بووی بەسەر سەری چەرماوەندو ریزە فیشەكی گڕدار بووی لە سەری سەركەشی ژیلوان
دابان دوا وێستگە بو بۆ تۆ، دوا هەڵمەت و دوا سەنگەر بوو، بۆ یادی تۆ، دوا میدالی سەركەوتن بوو لە گەردنت، شێرە هەڵۆ، سنكێش دوا ئێش و برینی نەبڕاوەیە، نامەیەكی پڕ لە ڕازو نەهێنی، نەكراوەیە، تا هەتایە دێڕ بەدێڕی وشەكانی لە شەپۆلەكان داڵێنن، ئەو شەپۆلە سەركێشانەی، هەتا ئێستاش دەناڵێنن.
لە دوای مەرگی بەسوێی تۆوە، لەڕێبەندانی هیچ ساڵێ، چۆمی سنكێ هەڵنەچووە، هەر دەڵێی كۆستی كەوتووە وا رۆچووە، لە ناڵەو لرفە كەوتووە، لەو دەمەوە نە وردە شەپۆلەكانی لەنجە ئەكەن، نە گوڵەكانی گوێ چەمی باخی ئاشتی خونچە ئەكەن، نە قوتابیان گۆرانییەكی وتووە.
بابەتی زیاتر