بیانووەکانی ترەمپ بۆ وازهێنان لە هاوپەیمانی ناتۆ گەلێ زۆرن، بەگشتی لە جەنگدا بۆ سەر ئێران، پشتی ئەمریکایان نەگرت، ئیسپانیا ئاسمانی خۆی لەبەردەمیان داخست، ئیتالیا نەیهێشت بنکە سەربازییەکەی بەکاربێنێت، فەرەنسا مەرجی  توندی بۆ دانا، ئەڵمانیا رەخنەی لە کردەوە سەربازییەکەی دژ بە ئێران گرت، ترەمپ ئەمانە هەمووی بە خیانەت دەزانێت،  جگە لەوەش ناهێڵن ترەمپ دوورگەی گرینلاندی دانیمارکی داگیربکات.
لەدوا دیداری سکرتێری ناتۆ و ترەمپدا، بەئاشکرا گلەیی و گازندە و دڕدۆنگی خۆی بۆ بەیانکرد و مەیلی خۆی دووپات کردەوە لە وازهینان لەو هاوپەیمانیەتییە.
بەپێی گۆڤاری Politico ی ئەمریکی بێت، سەرۆکی ئەمریکا چەند بژاردەیەکی لەبەردەمدایە و ئەگەری ئەوە هەیە یەکێک یان چەندیان بەیەکەوە پیادەبکات، یەکەمیان ئەوەیە کە ترەمپ هێرشە زارەکییەکانی دژی ناتۆ پەرەپێبدات، واتە ئەوەی بەسەر زاریدا بێت لە رێگەی میدیاکەوە بیڵێت و ناتۆ تەنگەتاو بکات، دووەمیان ئەوەیە کە ترەمپ وەک ئەندامێکی سەرکێش یان تێکدەر لەناو هاوپەیمانییەکەدا مامەڵە بکات، واتە سەرۆکی ئەمریکا لەناو کۆوبونەوەی  هاوپەیمانییەکەدا، لە بڕیارە گرنگەکان، لیژنەکان ئیفلیج بکات یان لەوانەیە هاوکاری و پشکی ئەمریکا لە بودجەی گشتیدا رابگرێت، گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بژاردەی سێیەم بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەوروپا، ئێستا نزیکەی 85 هەزار سەرباز لە ئەوروپا جێگیرکراون و لە 31 بنکەی هەمیشەیی و 19 بنکەی  سەربازیدا دامەزرێندراون، گەورەترین بنکەی بە 10 هەزار سەربازەوە لەناو ئەڵمانیادا هەیە، ترەمپ بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە کە ئەمە بکات، دوا بژاردەش کە کەمترین ئەگەری هەیە ئەوەیە کە ترەمپ بە رەسمی کشانەوەی لە ناتۆ رابگەیەنێت، بەڵام ئەمە ئاستەنگی یاسایی سەختی تێدایە، چونکە ترەمپ پێویستی بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران هەیە تا بە رەسمی هاوپەیمانییەکە بەجێبهێڵێت، ئەمەش سەرناگرێت.
لەدوا دیداری سکرتێری ناتۆ و ترەمپدا، بەئاشکرا گلەیی و گازندە و دڕدۆنگی خۆی بۆ بەیانکرد و مەیلی خۆی دووپات کردەوە لە وازهینان لەو هاوپەیمانیتییە
رۆژنامەی Die Welt ی ئەڵمانی دەڵێت، بەپێی پەیماننامەکەی ناتۆ(هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی ئەندام، ئەوا بەهێرش بۆسەر هەموان لە قەڵەم دەدرێت و دەبێ بەرگری لێبکەن)، پاساوی ئەندامانی تری رۆژئاوایی ئەوەیە کە ئەمریکا پەلامارنەدراوە، تا ئەوان داکۆکی لێبکەن، بەڵکو پەلاماردەر و هێرشبەری سەر ئێرانە و بەبێ راوێژ و پرسی ئەندامەکانی تر، ئەوەی کردووە، بۆیە ئەوان بەشێک نابن لەو جەنگە،  ئەو پێشمەرجەی لای ترەمپ، تەنها پارچە کاغەزێکە، بۆیە ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بە راشکاوی رایبگەیەنێت کە بە شێوەیەکی چالاک بەرگری لە هاوپەیمانەکانی ناکات، بێ ئەوەی بکشێتەوە ئەوا ناتۆ کۆتایی پێدێ، بەڵام لەوەناچێت ئەمەش بکات، بەڵکو هەڕەشەیە و لە چوارچێوەی گوشار ناچنەدەرەوە، دواجار ناتۆ ناچاردەکات کە لە کردنەوەی گرێ کوێرەکانی تر هاوبەش و هاوکاری بن، لەوانە کرانەوەی هورمز و هەموو ئەو کێشانەی تریش کە دێنەپێشەوە.
New York Times نووسیویەتی، ئەوروپا بێزارە بووە لە خۆبەدەستەوەدان بە ترەمپ، دوای زیاتر لە ساڵێک لە گەڕانەوەی ترەمپ، ئەوروپییەکان و بەشێکی زۆری جیهان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ملکەچبوون، لە باشترین حاڵەتدا، رەزامەندییەکی زووتر بەدەستدەهێنێت بۆ پاراستنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵیدا، لە شیکاریەکی   رۆژنامەی  Le Monde ی فەرەنسیدا هاتووە، تەقینەوەکانی ترەمپ دژی ناتۆ بە شێوەیەکی حاشا هەڵنەگر ناتۆی لاواز کردووە. قسەکانی ئەو پابەندبوونی ئەمریکا بەدەستووری ناتۆوە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لە سەرانسەری زەریای ئەتڵەسیدا ناتۆ پشت بە متمانە دەبەستێت، ئێستا ئەو متمانەیە نەماوە، لەکۆتاییدا رۆژنامەی Frankfurter Rundschauی ئەڵمانی دەنووسێت، ناکۆکییەکان لەگەڵ ترەمپ، گوشارەکان لەسەر ئەندامانی ناتۆی ئەوروپا زیاد دەکات بۆ ئەوەی زیاتر بارگرانییەکانی سیاسەتی بەرگریی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی لە ئەستۆ بگرن، دەبێت وردە وردە سەربەخۆتر بن و لە واشنتۆن پشتی پێنەبەستن، ئەو دەزانێت ئەوروپا تا چەند وابەستەی هێزی سەربازیی ئەمریکایە، لە جەنگدا، پشت بە دەیان هەزار سەربازی ئەمریکی و رێگری ئەتۆمی و هەواڵگری و سیخوڕی دەبەستێت، کشانەوەیەکی خێرا و سەرچاوەکانی ئەمریکا لێکەوتەی جددی دەبێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved