ئاوڕدانەوە لە ڕێڕەوە پڕ لە حەماسەتەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چەخماخەی یەکەم تیشکی شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ، پێمان دەڵێت کە ئەم کێلە سەرکەشە هەمیشە لە ناو جەرگەی ڕەخنە و داواکاریی گۆڕانکاریدا بووە، بەڵام ئەوانەی سەرزەنشتی ئەم کاروانە دەکەن، غافڵن لەوەی یەکێتی تەنانەت لە ژێر ڕەهێڵەی گوللەی سەر شاخ و لە قووڵایی خەباتی چەکداریدا، چرکەیەکیش خەونی ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی فەرامۆش نەکردووە. ئەم حزبە هاوشانی بڵێسەی تفەنگ، کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی بەبێ دواکەوتن گرێ دەدا و تۆوی مەدەنیەتی لە ڕێگەی دامەزراندنی سەندیکا و یەکێتییە پیشەیییەکانەوە دەچاند، بۆیە ئەوانەی لاپەڕەکانی ئەم حزبە بە نەیاری نوێبوونەوە دەزانن، یان لە حیکمەتی مێژووەکەی تێنەگەیشتوون یان لە ئاوێنەی بەرژەوەندیی کاتیی خۆیانەوە سەیری ڕاستییەکان دەکەن.
ڕاستە مێژووی یەکێتی پڕ بووە لە هەوراز و نشێوی تاقیکەرەوە، بەڵام سازشکردن لەسەر نوێبوونەوە لە فەرهەنگیدا نەبووە، تەنانەت دوای سەرۆک مام جەلال، کە نەیاران وایانزانی ئاوابوونی خۆر نزیکە، ناسنامەی وجودیی ئەم حزبە لە سەرووی هاوکێشە باوەکانی مێژوو و جوگرافیاوە وەستایەوە. کۆنگرەی پێنجەم وەک بڵێسەیەکی نوێ سەریهەڵدا کە نەک هەر خەونی لاوازکردنی یەکێتیی پووچەڵکردەوە، بەڵکو پێخەفی خەونی غەفڵەتی ناحەزانی بۆ هەمیشە پێچایەوە.
ئەمڕۆ یەکێتی بە پەیڕەو و پڕۆگرامێکی هاوچەرخەوە بەرەو داهاتوویەکی ڕوون هەنگاو دەنێت و ئەم بازدانە گەورەیەش لە ڕێگەی گەشەپێدانی جومگەکانی حزب و هێنانەپێشەوەی کادیرانی خوێندەوار، خاوەن مەعریفە و پەروەردەکراوی حزبییەوە دێت، وزەیەکی نوێ لە دەمارەکانی ئەم قەڵایەدا دێت و دەچێت کە هیچ دیدگایەکی کۆن و ژەنگاویی ناتوانێت بڕستی لێ ببڕێت، بۆیە بەرجەستەکردنی ئەم نەخشەڕێگایە و پاسەوانیکردنی دەستکەوتە مێژووییەکان لە ئەستۆی کادیرە دڵسۆزەکاندایە و ئەرکی هەمووانیشە ببینە پشتیوانی ڕاستەقینەیان، چونکە گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی گشتگیر لای ئێمە تەنها یەک مانای هەیە، باڵادەستبوونی بەرژەوەندیی گشتی، تێکشکاندنی پاوانخوازی، تۆراندنی ڕۆحی تۆڵە، وەلانانی موڵکداریی تایبەتی و دواجار کۆکردنەوەی گشت خەرمانەکان بۆ ناو ماڵە گەورەکەی هەمووان، ماڵە سێبەردارەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved