یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و فیکری، لە چرکەساتێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی ستراتیژیدا لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا سەریهەڵدا. پاشەکشە سیاسی و سەربازییەکانی دوای ساڵی 1975 و دەرئەنجامەکانی رێککەوتننامەی جەزائیر، زەمینەیەکی گونجاو بوون بۆ لەدایکبوونی بزووتنەوەیەک کە بتوانێت لێکەوتە دەروونی و سیاسییەکانی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت. کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەر لە دیمەشق و راگەیاندنی لە یەکی حوزەیرانی 1975دا، تەنیا گۆڕانکاری لە نەخشەی حزبیی ناوچەکەدا نەبوو، بەڵکو گۆڕینی زمان و ئامرازەکانی گوتاری سیاسیی کوردی بوو لە قۆناغی بێئومێدییەوە بۆ قۆناغی رێکخستنەوەی هێز و گونجاندن لەگەڵ واقیعی نوێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدا. تێگەیشتن لە دینامیکیەتی گەشەسەندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، پێویستی بە شیکردنەوەی ئەو پێکهاتە ناوخۆییە هەیە کە لەسەر بنەمای (بەرەی فراوان) داڕێژرابوو. مام جەلال و هاوڕێکانی مۆدێلی ناوەندگەرێتی توندی حزبی کلاسیکییان تێپەڕاند و فەزایەکی رێکخراوەییان پێکێنا کە تێیدا ئاڕاستە چەپەکان، بە تایبەت کۆمەڵەی رەنجدەران وەک بزوێنەری تیۆری، لە پاڵ هێزە نەتەوەیی و دیموکراتەکاندا کۆبوونەوە. ئەم فرەیی و پانتاییە فیکرییە وایکرد بزووتنەوەکە خاوەنی گوتارێکی زیندوو و نوێخوازبێت، کاتێک ساڵی 1976 شۆڕشی نوێ دەستیپێکرد، شەڕی پارتیزانی تەنیا وەک تاکتیکێکی سەربازی تەماشا نەدەکرا، بەڵکو ستراتیژێکی گشتگیر بوو بۆ مانەوە و سەلماندنی ئەوەی، ئیرادەی سیاسی دەتوانێت لە بەرامبەر ئامێرە گەورەکانی سەرکوتکردنی دەوڵەتدا خۆڕاگربێت، تەنانەت لە دۆخی نابەرابەریی توندی هێز و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی وەک کیمیایی و شاڵاوەکانی ئەنفالیشدا. قۆناغی دوای راپەڕینی 1991 و گواستنەوەی خەبات لە شاخەوە بۆ شار، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی بزوێنەرێکی مۆدێرنی لە داڕشتنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا گێڕا، لەو ناوچانەی کە لەژێر کاریگەریی گوتارەکەیدا بوون، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ گەشەسەندنی ئازادیی رۆژنامەگەری، فرەڕەنگی و کرانەوەی کەلتوری رەخساند و هەوڵیدا چەمکەکانی دیموکراسی و دامەزراوەیی لە دەرەوەی چوارچێوە دەرەبەگایەتی و خێڵەکییە نەریتییەکان پێناسە بکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییە پێکهاتەییە، پێگەی حزبەکەی وەک هێزێکی کاریگەری سۆسیال دیموکرات لە پرۆسەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کرد و یەكێتی كرد بە ناوەندی راستەقینەی كوردایەتییەكی مۆدێرن و تازەخواز. وەرچەرخانی گەورەتر لە پێگەی ستراتیژیی یەکێتیدا، دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003 لە عیراقدا دەرکەوت، گواستنەوەی چەقی ململانێ و خەباتی سیاسی بۆ بەغداد بە سەرکردایەتی رابەرمان مام جەلال و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، قۆناغێکی نوێی لە پێگەی کورد لە دەوڵەتی فیدراڵیدا نەخشاند، مۆدێلی سەرۆکایەتیی مام جەلال لە بەغداد لەسەر بنەمای هاوسەنگی، رێککەوتنی نیشتمانی و رۆڵی داوەریی هۆشیار داهێنرا کە توانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییە جیاوازەکانی عیراق لەژێر یەک بنمیچی دەستووریدا کۆبکاتەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی راستەقینەی ئەو قوتابخانە سیاسییە بوو کە باوەڕی بە دیپلۆماسیی هەمەلایەنە و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان هەبوو لەپێناو بەرژەوەندیی باڵادا. مێژووی پارتە سیاسییە گەورەکان نیشانی دەدات، قۆناغەکانی گواستنەوەی سەرکردایەتی هەمیشە لەگەڵ ئاڵنگاری ناوخۆیی و قەیرانی ناسنامەدا هاوتەریب دەبن، لێکەوتەکانی کۆچی دوایی مام جەلالیش یەکێتی رووبەڕووی ئەم تاقیکردنەوە سەختە کردەوە، لە جیهانی هاوچەرخی سیاسەتدا، رابردوو بە تەواوی گەرەنتی ئایندە ناکات ئەگەر ئامادەیی بۆ گۆڕانکاریی هەمیشەیی بوونی نەبێت، ئێستا لەژێر سەرکردایەتی سەرۆك بافڵ تاڵەبانیدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرۆسەیەکی نوێی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و داڕشتنەوەی گوتاری سیاسیدا دەگوزەرێت، یەكێتی بە جەختکردنەوە لەسەر فرەیی و رەتکردنەوەی تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسیدا هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک جەمسەرێکی سەرەکی و هاوسەنگ لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی بڕیاردا لە بەغداد بەهێزتر بکاتەوە، ئەمەش بەردەوامیی ئەو لۆژیکە سیاسییەیە کە مێژووی حزبەکەی لەسەر دامەزراوە.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved