نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی وڵاتی سوید، گڕوتینی زیاتری بەخشیوەتە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و لایەنە سیاسییەكان، بە تایبەتی حزبی سۆسیال دیموكراتەكان و هاوپەیمانەكانیان. هەروەها هەڵمەتی فراوان و چڕتر بەڕێوە دەبەن و ئەم هەڵبژاردنە و بە چارەنووسساز بۆ داهاتووی وڵاتەكەیان وەسفی دەكەن. هاوکات رەوەندی كوردی و بەشێكی زۆری پەنابەرەکانی ئەم وڵاتە، سەرنەكەوتنی سۆسیال دیموكرات و هاوپەیمانەكانی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە رێگەی زۆرترین دەنگی پەرلەمان و ئەنجومەنی هەرێمەكان و ئەنجومەنی شار و كۆمونەكان، بە مەترسی بۆ دواڕۆژی وڵاتەكە وەسف دەكەن. هەروەها لە ئەگەری سەرنەکەوتنی سۆسیال دیموکراتەکان، چوار ساڵی پڕ لە گۆڕانكاری بنچینەیی دژ بە چەپەكان و پەنابەرەکان و داهاتووی وڵات لێکدەدرێتەوە. هەرچەندە ماوەی چەند ڕۆژێكە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان دەستی پێ كردووە بەڵام هەڵبژاردنی گشتی وڵاتی سوید بڕیارە لە ڕۆژی 13/9/2026 بەڕێوەبچێت كە بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن 165 حزب و پارتی سیاسی، كێبڕكێ دەكەن بۆ بردنەوەی زۆرترین كورسی پەرلەمان. پەرلەمانی سوید لە 349 كورسی پێكدێت و 173 لایەن و پارتی سیاسی بۆ هەرێمەكان و 380 پارتی سیاسی بۆ كۆمۆنەكان كاندیدیان هەیە و ژمارەیەكی زۆر كورد خۆی كاندیكردووە بۆ هەرسێ هەڵبژاردنەكەی وڵاتی سوید بەتایبەت لەڕیزی سوسیال دیموکراندا. لە وڵاتی سوید، بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە، سێ هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، کە بریتییە لە:
1 - هەڵبژاردنی پەرلەمان- Riksdagen: ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە. دەنگدەر دیاری دەکات ئەو 349 ئەندامی پەرلەمانە کێ بن و لە ئەنجامدا کام لایەن بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.
2 - هەڵبژاردنی هەرێم- Region: لێرەدا دەنگدەر دەنگ دەدات بەو حزب و کاندیدانەی کە کاروباری هەرێمەکەی بەڕێوەدەبەن. گرنگترین ئەو بوارانەی پەیوەستن بە کاروباری هەرێمەکەوە، بریتییە لە نەخۆشخانە و تەندروستی، گواستنەوەی گشتی، گەشەپێدانی هەرێم.
3 - هەڵبژاردنی شارەوانی- Kommun: ئەمە زیاتر پەیوەندی بە شار و ناوچەی كەسی دەنگدەرەوە هەیە. ئەو لایەنەی هەڵبژاردنەکە دەباتەوە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە بەسەر بابەتەکانی وەک: قوتابخانە و پەروەردە، خانووبەرە و پلاندانانی شار، خاشاک و ژینگە، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، ڕێگا و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی. 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەشت حزب ئەندامیان هەیە لە پەرلەمانی سوید ئەوانیش: سۆسیال دیموکراتەکان (S)، دیموکراتەکانی سوید (SD)، مۆدێراتەکان (M)، حزبی ناوەند (C)، حزبی چەپ (V)، دیموکراتە مەسیحییەکان (KD)، حزبی ژینگە (MP)، لیبراڵەکان (L). ئەوانیش دابەشبوون بەسەر دوو ناوەند و دوو جەمسەردا، ئاراستە و جەمسەری چەپ و ڕاستن. جەمسەری لای چەپ یان چەپڕەوەکان، کە لە حزبە چەپەکان و حزبێکی ناوەند پێکدێت، بریتین لە: سۆسیال دیموکراتەکان، حزبی چەپ، حزبی ژینگە لەگەڵ حزبی ناوەند. هەرچی حزبی مۆدێراتەکان، دیموکراتە مەسیحییەکان، لیبڕاڵەكان لەگەڵ دیموکراتەکانی سوید جەمسەری لای راست یان راستڕەوەکان پێکدەهێنن. دیموکراتەکانی سوید، بە گشتی بە حزبێکی ڕاستی نەتەوەیی دادەنرێت و هاوكاری حکومەتی ئێستای وڵاتی سوید دەكات بەڵام خۆی ئەندامی حکومەت نییە. پشتگیری کەمکردنەوەی کۆچ و پەنابەر یان توندکردنەوەی یاساکان دەكات و بەرنامە و هەوڵەكانی لەلایەن پەنابەرەکانەوە بە مەترسی دەزانرێت بۆ داهاتووی مانەوە و ژیانیان لەم وڵاتەدا چونكە لەئێستادا ڕاستڕەوەكان لەهەڕەمی دەسەڵاتدان و چەندین بڕیاریان دژ بە پەنابەرەکان دەركردووە، لە پەرلەمانیش دەنگیان لەسەر داوە. حزبی سۆسیال دیموكرات و چەپ و هاوپەیمانە ئۆپۆزسیۆنەكانیان نەیانتوانیوە ڕێگرییان لێ بكەن، هەر بۆیە حزبە چەپەكان و هاوپەیمانەكانیان بەگرنگییەكی زۆرەوە لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازە دەڕوانن و پەڕۆشن بۆ گەڕانەوەی سۆسیال دیموكراتەكان بۆ هەڕەمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات.
 لەم هەڵبژاردنەدا و بەپێی دوایین ئامار و زانیاری دەزگای هەڵبژاردنی سوید، زیاتر لە 8 ملیۆن و 46 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. وڵاتی سوید دابەشكراوە بەسەر 290 كۆمۆن و 21 هەرێم، كە 54 هەزار و 212 كاندید خۆیان پاڵاوتووە بۆ هەڵبژاردنەكان. ئەگەر ڕاستڕەوەكان كە بەگروپی ڕێكەوتننامەی Tidö ناسراون و حكومەتی سویدیان پێكهێناوە، دووبارە سەربكەونەوە و جارێكی تر بتوانن حكومەتی سوید بگرنە دەست، ئەوا پیلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی توندیان بۆ گۆڕینی دەستووری سوید و زۆر بابەتی گرنگ و پەیوەست بە داهاتووی پەنابەران هەیە، هەستیارترین بەرنامەیان ئەوەیە کە كۆچ و پەنابەران كۆنتڕۆڵ و سنووردار بكرێت، یاسای سەختتر بۆ تاوان و گروپە چەکدارەکان جێبەجێ بكەن و مەرجی سەختتر بۆ هاووڵاتیبوون دابنێن. لە ئەگەری سەركەوتنی سۆسیال دیموكراتەكان و هاوپەیمانەكانیدا، واتا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی (S) سەرکەوتوو بێت، گرنگی زیاتر دەدرێت بە خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت و تەندروستی و قوتابخانە و پشتگیری خێزان و کرێکاران و کەمکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو خاڵانەش خاڵی جەوهەرین بۆ وڵاتێكی وەك سوید. چونکە هاووڵاتی لە سويد 100 ساڵە مافی دەنگدانی گشتی هەیە. هەر بۆیە ڕەوەندی كوردی و بەشێكی زۆر لە پەنابەرەکان و سۆسیال دیموكراتەكان و هاوپەیمانەكانی، بۆ پاشەكشەنەكردنی دیموكراسی و لاواز نەبوونی، هەروەها بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی چینایەتی لەم وڵاتەدا، داوای زۆرترین رێژەی دەنگدان دەکەن و داواش دەکەن دەنگ بە كاندیداكانی سۆسیال دیموكراتەكان بدرێت.
بە درككردن بە مەترسییەكان لەسەر داهاتووی دیموكراسی لەو وڵاتەدا، سۆسیال دیموكراتەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە و بە شێوازێكی دیار و لە ئاستی باڵادا، بە رەسمی داوای پشتیوانیان لە یەكێتیی نشتمانیی كوردستانی كرد بۆ ئەوەی پشتگیریان لێ بكەن و بانگەشەیان بۆ بكەن . هەر لەو چوارچێوەیەدا، ناوەندی دەرەوەی یەكێتی، بەشدارییەكی دیار و كاریگەری هەبووە و زۆر كوردستانیانە و كوردانە و دوور لە ئایدۆلۆژی حزبایەتی و فكری و ناوچەگەرێتی، پشتگیری لە هەموو كاندیدە كوردەكان كردووە و لە زۆربەی هەرێم و كۆمۆن و شارەكانی سویددا، هەڵمەتی فراوانی گەڕان و بەسەركردنەوە و كۆڕ و كۆبوونەوەی بۆ ڕەوەندی كوردی ڕێكخستوە. لەكۆڕ و كۆبوونەوە و دیدار و بەسەركردنەوە و كەمپەینەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەشدارێكی كارا بووە و داوای کردووە دەنگ بە لیستی سۆسیال دیموكراتەكان و كاندیدە كوردەكان بدرێ بەبێ جیاوازی ئایدیۆلۆژی حزبی و ناوچەیی. ئەمەش مایەی دڵخۆشی و سوپاسگوزاری سۆسیال دیموكراتەكان و ڕەوەندی كورد بوو لەو وڵاتەدا. هەروەها یەکێتی بە درككردن بە مەترسییەكانی سەر دیموكراسی و یەكێتی كوردانە، پەیامێكی كوردستانی بۆ هەمووان هەیە و جیاوازی ناكات لەنێوان كوردانی پارچەكانی كوردستاندا و كار بۆ سەرخستنی سۆسیال دیموكرات و كاندیدانی كورد بەبێ جیاوازی لەهەموو شارەكانی سویددا دەكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە سوید بە یەکێك لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی باکووری ئەوروپا (لە ناوچەی سكەندەناڤیا) دادەنرێت و حزبی سۆسیال دیموکراتیش یەکێکە لە کۆنترین و بەهێزترین حزبەکانی ئەو وڵاتە کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە دروستکردنی سیستەمی خۆشگوزەرانی و ئابوورییدا، کە بەشێوەیەکی گشتی خۆی لە هێنانەدی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەبینێتەوە.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved