وتەیەك هەیە دەڵێت: مرۆڤ بۆ بینینی جوانییەكانی فەرەنسا پێویستی بەدوو چاوی ترە. فەرەنسای خاوەنی كۆمۆنەی پاریس و راپەڕینی مێژوویی خوێندكارانی 1968ی پاریسی پایتەختی مۆدێرنە، بەداخەوە لەئێستادا لەلایەن خوێندكاران و گەنجان و چین و توێژە جیاوازەكانی ئەو وڵاتەوە تەڕ و وشكی بەیەكەوە دەسووتێنن.
خوێندكاران لەسەرەتاوە داوای ریفۆرم و چاكسازییان دەكرد لە بواری پەروەردە و خوێندندا، داوای كەمكردنەوەی كرێی خوێندن و زیاتركردنی مامۆستا و كەمكردنەوەی وانەكانی ئۆنلاین و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی پۆلەكان و چاككردنی كوالێتی خوێندن و كەموكووڕییەكانی تریان دەکرد.
بەشێکی تری خەڵکیش، بەبیانووی گرانیی ژیان و گوزەران، وەك گرانبوونی وزە و بەرزبوونەوەی كرێی خانوو، هەروەها گرانبوونی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستی رۆژانە، رژانە سەر شەقام. هەرچەندە داواكارییەكان رەوا و راست بوون، بەڵام حكومەت و كاربەدەستانی ئەو وڵاتە لەسەرەتاوە گوێیان نەدایە ئەم داواكارییانە و بەهەندیان وەرنەگرت و بێباك بوون بەرامبەر ئەو خۆپیشاندانانە.
تائێستا زیاتر لە 1500 دامەزراوە و ناوندی بازرگانی و بازاڕ و دوكان و شوێنە مێژووییەكانی ئەو وڵاتە سووتاون، نزیكەی هەزار پۆلیس بریندار بوون، ژمارەیەكیش لە خۆپیشاندەران بریندار بوون، بە هەزاران كەسیش دەستگیر كراون كە 85 ٪یان خوێندكاران و گەنجانن.
زۆربەی ئەوانەی كە كاری تێكدەرانە و دزی و تاڵانی و راوڕووت دەكەن، لەو کۆچبەرانەن کە رق و كینەیەكی مێژووییان بەرامبەر بەم وڵاتە هەیە، هەر جووڵەیەك ببێت، ئەوان یەكسەر دەكەونە سووتاندن و شكاندن و دزی و تاڵانی و فەرهود، وەكو دەڵێن (دز بازاڕی شێواوی دەوێت)، هەروەها گروپێكی تری رەگەزپەرست و دژە بێگانە بەناوی (Black Block)، پەیوەست بوون بە خۆپیشاندان و پشێوییەكانەوە.
لە راستیدا چاودێران و شرۆڤەكارانی رەوشەكە وای دەبینن كە هاوئاهەنگییەكی ژێربەژێر هەیە لەنێوان راستڕەوەكان و بلاك بلۆكەكان و چەپەكان و ئیخوانەكانی فەرەنسا بۆ روخاندنی دەسەڵاتی ئیمانوێڵ ماكرۆن و هەڵبژاردنی پێشوەختە كە هێشتا شەش مانگی ماوە، جاران لوبنانییەكان دەیانووت (فەرەنسا دایكێكی میهرەبانی ئیخوانەكان)ە.
شەڕی ئۆكرانیا چوار ساڵە بەردەوامە، لە راستیدا مەسرەف و تێچووی ئەو شەڕە ماڵوێرانكەرە گەلانی ئەوروپا باجەكەی دەدەن، پارەیەكی زۆری ئەوروپا هەڵدەلوشێ، ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و شتومەك و خواردەمەنی لە ئەوروپادا، جیاوازیی چینایەتی زۆر بووە، بەجۆرێك كەمینەیەكی زۆر دەوڵەمەند و زۆرینەیەكی زۆر هەژار و نەدار دروست بووە. گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و شتومەك، سەرتاسەری ئەوروپای گرتووەتەوە، هەر بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە یەككاتدا چەند وڵاتی ئەوروپای گرتووەتەوە فەرەنسا، ئیتالیا، بەلجیكا، ئەلبانیا، پورتوگال، ئیسپانیا، لەوانەیە وڵاتانی تری ئەوروپاش بگرێتەوە، ئەوەی لە فەرەنسا روویدا لە كاری تێكدەرانە و سووتاندن و دزی و راووڕووت، ئیتالیاشی گرتەوە.