پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دابەشبوونەوەی بە فۆڕمێکی نوێ بەسەر هەردوو دەڤەری یەک و دوو، لە مانگی رابردوو، ئاماژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ پێگە و رۆڵی پێشمەرگە وەک سوپایەکی رێکخراو بۆ ئایندەی خودی ئەم هێزە و جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ئیقلیمییەکاندا.
دەکرێت ئەم ئەنتیگراسیۆنە بە هەنگاوی کردەیی دابنرێت بۆ بە دامەزراوەییکردن و سوپاییکردنی پێشمەرگە و جێکردنەوەی لە چوارچێوەی مێژوویی خۆیدا، هەروەک زادەی تێگەیشتنێکی قووڵ و بابەتیانەیە بۆ ئەو ئەگەرانەی وەک مەترسی و ئاڵنگاریی لە پێشن دژی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت قسەکردن و گفتوگۆکانی دەستەبژێری عیراقی و زۆرینەی مەزهەبی لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر هەمواری دەستووریی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێم کە لە دەستووردا بە کۆمەڵێک ماددە و بڕگە جێگیرکراوە، بۆیە تاکە شورای پاراستنی قەوارەی هەرێم بە تونێلی پاراستن و رەوایەتی پێشمەرگەدا تێپەڕدەبێت و گرنگە رۆڵ و ناسنامە و دیرۆک و سەنگ و چوارچێوەی مێژوویی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت و بەراورد نەکرێت بە هیچ هێز و میلیشیا و دەستە و فیرقەیەکی چەکداری تردا لە عیراق و ناوچەکە.
پێشخستنی لایەنە تەکنیکی و لۆجستیکییەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەم کاتە هەستیارەی ناوچەکە و عیراقدا، دەرخەری ئەوەیە هەڕەشە و مەترسی لە ئارادایە بەرامبەر قەوارەی هەرێم و دۆخەکە ئاتاجی بە یەکخستنەوەی گوتاری پێشمەرگانە هەیە لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانی و فۆڕمەڵەکردنەوەیدا، ئەوە زانراوە میلیشیا و فەسائیل و هێزی ئایدۆلۆژی پەرت و عەقائیدی و مەزهەبی و ئیتنی و حزبی بەرەو لاوازیی دەڕوات و هەنگاوەکان دەستیان پێکردووە بۆ لەمەنگەنەدان و کۆنترۆڵکردنی چەکی نایاسایی و نا رێکخراو.
ئەو ئەزموون و هەنگاوانە بەکوێ دەگەن؟
بەدیوێکی تردا هەندێک ئەزموونی تێکەڵبوونەوە هاتنەپێش کە بۆ هەرێمی کوردستان مایەی هەڵوەستە و لەسەروەستان بوو، دەکرێت بزانین دەرەنجامی ئەو ئەزموون و هەنگاوانە بەکوێ دەگەن؟
یەکەم/ ئەنتیگراسیۆنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و تێکەڵبوونەوەیان بە سوپای نیشتمانی سوریا و دەستپێکردنی خەباتی دامودەزگایی و مەدەنی لە بری خەباتی چەکداریی، ئەگەرچی دۆخەکە دەڵەمەیە بۆ کورد و پێویستی بە تێگەیشتن و تۆلێرانسی نیشتمانی و شەقامی عەرەبی و دەستکاری عەقڵیەتی تەسک و بیری ناسیۆنالیزمانەی هەندێک رەوتی خێڵەکی عەرەبی و توندڕەو هەیە دژی کورد، وەک ئەوەی لەم رۆژانەدا و لە 26/10/2026 لە شاری گرێسپی و گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکاندا روویدا لە سوریا.
دووەم/ دۆخی ئاوارتەی تورکیا و ئەنتیگراسیۆنی تەڤگەری کوردی و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەستبەرداربوون لە خەباتی چەکداریی.
سێیەم/ چارەسەرکردنی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) و تێکەڵبوونەوەیان بە سوپای عیراق بۆ پاراستنی ناوچە جێناکۆکەکانی شەنگال و دەوروبەری کە ئەمەش ئەزموونێکی نوێیە بۆ کورد و دەشێت چاوەڕوانی کاردانەوەکانی ئایندە بین، بەڵام بەدەر لە هەموو ئەوانە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێگە و چوارچێوە مێژوییەکەی، جیاوازترە و ساڵانێکە لە ساڵۆنە دیپلۆماسییەکان و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و دەستووری عیراقی و پاراستنی هاوسەنگییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە و مەترسییەکانی جەنگی دژەتیرۆردا، بۆتە لۆگۆ و ئەمری واقیع، بۆیە دەبێ خۆی رێکبخاتەوە و لەو پەرتەوازەییە خۆی رزگاربکات، ئەگەرنا دەبێت چاوەڕوانی سەپاندنی یاسای قورس بێت لە دژی.
لەئێستادا دەستووریزەکردنی چەکی شانی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکانی باشوور، گرنگترین هەنگاوە بۆ گەردنی پێشمەرگە لەبری ناسنامەی حزبی و ئایدۆلۆژی، ئەوەش دەزانین کورد لە دۆخی حەشدی شەعبی و هیچ گروپێکی نافەرمی چەکدار و میلیشیاییدا نییە و خاوەنی دۆزی رەوا و نیشتمانی خۆیەتی و تاکە هێزە بێدەوڵەت مابێتەوە لە ناوچەکە.
بۆیە ئەم دیدگایە بۆ رێکخستنەوە و ئەنتیگراسیۆنی پێشمەرگە جیاوازە لە ئەنتیگراسیۆنی باکوور و رۆژئاوا و تەنانەت یەکینەکانی پاراستنی شەنگال کە لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیی پێکهاتنەوە و وەک یەکەیەکی سەربازی ماونەتەوە.
هەوڵدانەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، تەواو رادیکاڵانە و ناسیۆنالیزمانە و بەرپرسانە و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سامناکەیە کە ئیرادەیەک دەیویست دوو ئیدارەیی بکاتە ئەمری واقیع و ئامڕازی خۆی بۆ لێدانی راستەوخۆ لە قەوارەی هەرێم لە رێگای نیشاندانی جیاوازییەکانی پێشمەرگە و پەرتبوونەکانییەوە لە چەند ساڵی رابردوو.
پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا
ئەمەریکا تا ساڵی 2026 یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە هەبوو بۆ راهێنان و ناردنی هاوکاری ماددی و لۆجیستی پێشمەرگە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 و نوێکرایەوە تا ساڵی 2026.
ئەم مەتبەخە ئەمریکییە کاتێک هێزەکانیان عیراق و هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن نایانەوێت پێشمەرگە بەو پەرت و بڵاوییە جێبهێڵن و تەسلیمی قەدەری بکەن، ویستیان وابوو ئەم ئەنتیگراسیۆنە ناوخۆییە بەتۆپزیی رووبدات، پێش ئەوەی دەستێوەردانی ئیقلیمی بێتە ئارا و پێشمەرگە دابەشبێت لە سوپاوە بۆ میلیشیا، بەڵام گرنگە یەکگرتنەکە یەکگرتنی دوو دیدگای سەربازی نەبێت، بەڵکو دروستکردنی مۆدێلێکی سوپایی فۆڕماتیک و زانستی و جەوهەری بێت و پێشمەرگە پاکبکاتەوە لەو دیدە ئایدۆلۆژییە بەرتەسک و لۆکاڵییە و وەک سوپای رێکخراو بناسرێ تاوەکو نەکەوێتە بەردەم هەڵمەتەکانی هەڵوەشاندنەوە و هەڕەشەکانی هەمواری دەستووریی و تانەکانی دادگای فیدڕاڵی.
وەک چۆن ئێستا ئەم هەوڵانە لە پرۆسێسدایە لە کابینەکە نوێکەی عەلی زەیدی، دژی فەسائیل و گروپ و میلیشیا شیعەکانی عیراق و نابێ چەک بمێنێ لەدەستی گروپی نانیزامی و نادەوڵەتیدا.
کورد لە تورکیا، واتە باکووری کوردستان ئەنتیگراسیۆنی دیموکراسی بە تەرحی ئۆجەلان دەوڵەت باخچەلی بۆ چارەسەری دۆزی کورد خستۆتە واری جێبەجێکردن و رای گشتی ئەوەی پێی دەوترێ کۆمەڵگەی سۆسیالیزمی دیموکراسی، تەنانەت وەک پڕۆژەیاسا بەناوی یاسای چوارچێوە لە 10/8/2026 دەنگی لەسەردرا لە پەرلەمانی تورکیا و پەکەکەیان هەڵوەشاندەوە وەک رێکخراوێکی چەکداریی لە 12-5-2025، دواتر بە چەند قۆناغێک گەریلاکان لە ناوچە هەستیارەکان.
گۆڕانێک هەیە دەبێ کورد هۆشیار بێ و بەئاگا بێ تیایدا، یان چەکی نیزامی و دەوڵەتیانەی پێبێت یان دەبێ بێچەک بژی لەناو دامەزراوەکان و کۆمەڵگەی دیموکراسی و خەباتی ناتوندوتیژیی پەرەپێبدات، ئەوەی ئۆجەلان بە سەدەی کۆمار و سۆسیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی دیموکراسی ناوی دەبات، لەگەڵ ئەوەی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی دیموکراتی، هێشتا زەماناتی ناوخۆیی و دەستەبەریی ئازادییەکان و دیموکراسیی رەهای نییە و مافی هیوا فەراهەم نییە و دۆزی کورد لەبەردەم هەڕەشەدایە، بەڵام ئەم قۆناغە وا دەخوازێت.
لەو ڕوانگەیەوە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنتیگراسیۆنی هێزەکانی 70 و 80 لە رۆژی 21-9-2028 دەشێت پەیوەست بێت بەو پەرەسەندنانە و قووڵاییەکی ئەمریکی هەبێ، ئەگەرچی ئیرادەی کوردی تێدایە بۆ دۆخە پێشبینیکراوەکان، تا دووربخرێتەوە لەهەر دەستێوەردانێکی دەرەکی، پێشمەرگە گرنگە لەو چوارچێوە مێژوویی و شۆڕشگێڕییەدا حسابی بۆبکرێ و لەچنگی بەرژەوەندی ناوچەیی و حزبی و تاکڕەوی رزگاری بێت، ئەگەرنا تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بۆ کورد لەسەردەمی گرێبەستە نهێنییەکان و کۆنتراکتە هەواڵگرییە شاراوەکان و تیۆرەکانی ترەمپیزم و تۆم باراک، سەخت دەبێ، مامەڵەی سۆزداری و ئینسانی گواستراوەتەوە بۆ دۆخی بەرژەوەندییە نەوتییەکان و رێککەوتنی گەورە.
جووڵانەوە چەکدارییەکانی ناوچەکە
مێژووی بزووتنەوە چەکدارییەکان بەهۆی ئەوەی دەوڵەتیان نەبووە، هەمیشە چارەنووسیان بەستراوەتەوە بە سووڕانی بەرداشی بەرژەوەندیی دەوڵەتانەوە، لە کۆمەڵی ئیسلامی میسرییەوە تا بزووتنەوەی حەماس و پەکەکە و هەسەدە و یەپەشە و هەتەشە و حوسی و حزبوڵڵاکان، زنجیرەیەکی درێژە، ئینجا با هەندێک نموونەی پارت و جووڵانەوە چەکدارییە هەڵوەشاوەکان باس بکەین کە هەندێکیان تەواوبوون و هەندێکیان بوونە دەوڵەت.
سوپای رزگاری کۆسۆڤۆ لە ساڵی 1999 لەسەر خواستی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوەشایەوە، سوپای رزگاریخوازی ئیرلاندا کە بۆ یەکگرتنەوەی خاکی ئیرلەندا دژی بەریتانیا خەباتیان کرد و جەنگان، لە ساڵی 2005 خۆی هەڵوەشاندەوە. بزووتنەوە چەکدارییە توندڕەوەکانی تاڵیبان ئەفغانی و کۆمەڵە ئیسلامییە توندڕەوەکانی پاکستان و چیچان و قەوقاز و میسر بزووتنەوەی پڵینگەکانی تامیل لە وڵاتی سریلانکا، لە ساڵی 2009 دوای دەیان هەزاران قوربانی و خوێنڕشتن، تراژیدیانە کۆتاییهات.
کۆتایی بزوتنەوەی ئێتا-باسک لە ئیسپانیا لەساڵی 2011، پاشان بزووتنەوەی سێلیکا لە ئەفریقا لە 2013 دواتر دەسەڵاتیان وەرگرت. سوپایەکی بەهێزی چەپگەرای مارکسی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبی بەناوی فاڕك وەک رێکخراوێک لە ساڵی 2016 رێککەوتنی ئاشتییان واژۆکرد و بە تەواوی چەکیان دانا و وەک حزبێکی سیاسی مەدەنی خۆیان ناساند.
بۆیە پێشمەرگە و چەکی پێشمەرگە لەبەرئەوەی شەرعیەتی نەتەوەیی هەیە و خاوەنی هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆی فیدراڵە، بەپێی بەندە دەستوورییەکان مەترسیی نەبووە لەسەر بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەکە، گرنگە سوپاکەشی بە یاسایی بکرێت و پێگە و رۆڵ و کاریگەریی هەبێت و هاوشانی سوپای عیراقی بوەستێت و دەستەبەری مافەکانیان بۆ بکەن و داهاتوویان پارێزراو بێت لەهەر بچووککردنەوە و سڕینەوەیەک.
«یاسایەکی ئەسپسواریی هەیە کە زۆرجار ئەسپە رەسەنەکان خۆیان رێک و موستەقیم دەڕۆن و هەستیاریی ناوچە شاخاویەکانیش دەپارێزن، بەڵام خاوەن و سوارچاکەکانیان زۆرجار ریگاکانیان لێ ون دەکەن بەرەو کەندەڵان، نابێ ئەمە رووبدات».