رێگەی ئاوریشم یەكێكە لە كۆنترین رێگە بازرگانییەكان، مێژووەكەی بۆ ساڵی 130 پێش زاین دەگەڕێتەوە، ئەم رێگەیە لە سەردەمی شانشینی (هان)ەوە سەریهەڵداوە، خۆرهەڵاتی ئاسیا بە دەریای ناوەڕاستەوە گرێدەدات، رێگەیەكە تەنیا لە ئاڵوگۆڕی ئاوریشم، بەهارات، كاغەز، بارووت و كانزاكان...هتد خۆی نەدەبینییەوە، بەڵكو رێگەیەك بوو بۆ گەیاندنی مەعریفە، ئایین، كولتور لە رێگەی وشكانی و دەریاییەوە.
لەسەر بنەمای ئەم میراتە مێژوویە، ساڵی 2013 (شی جینپینگ) سەرۆكی چین رێگەی ئاوریشمی نوێی لەژێر ناوی(دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە) راگەیاند، كە تێیدا ئاسیا بە ئەوروپا و ئەفریقاوە گرێ دەدات، رێگەكە بەشێكی فراوان لە پرۆژەكانی وزە و گواستنەوەی كاڵا و رێگەكانی ترانزێت، بۆرییەكانی نەوت و گاز، بەندەرەكان، فڕۆكەخانەكان، رێگای شەمەندۆفێر لە خۆدەگرێت بە سەرمایەی چینی و بە بەهای یەك ترلیۆن دۆلار.
پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی
رێگەی ئاوریشمی نوێ تەنیا لە چوارچێوەی رێگەی وشكانی و دەریاییدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو رێگەی ئاسمانیش دەگرێتەوە، یارمەتی گەیاندنی شمەك و كەلوپەلەكان دەدات بەخێراترین شێوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەم رێگەیە بەراورد بە دوو رێگەكەی تر زۆر خێراترە، لەم سۆنگەیەوە لەپاڵ بەندەرە دەریاییەكان و سەنتەرە بازرگانییەكاندا، بایەخ بە فڕۆكەخانەكان و دروستكردنی كۆگای گەورە و عەمباركردنی كەلوپە بازرگانییەكان لە نزیك فڕۆكەخانەكان دەدات.
دەستپێشخەری رێگەی ئاوریشمی نوێ بەوەوە نەوەستا، بەڵكو بۆ یەكەمجار ساڵی 2015 لە (كتێبی سپی)دا رێگەی ئاوریشمی زانیارییەكان خرایەڕوو كە بە رێگەی ئاوریشمی ژمارەیی یان دیجیتاڵی ناسراوە، ئامانجەكەی پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و پەیوەندییە تەكنۆلۆژییەكانە لەنێوان چین و وڵاتانی تر لەگەڵ گواستنەوەی زانیاری، بازرگانی ئەلیكترۆنی، پەیوەندییەكان، تاكو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكان ئاسانتر و خێراتر بن.
زۆربەیان وڵاتانی تازەپێگەیشتوون
ئێستا چین رێكەوتنی رێگەی ئاوریشمی ژمارەیی لەگەڵ 17 وڵات ئیمزا كردووە، زۆربەیان وڵاتانی تازەپێگەیشتوون لەگەڵ هەندێك لە وڵاتانی پێشكەوتووی وەك كۆریای باشوور، لێرەوە دەردەكەوێت سەكۆكانی بازرگانی نێودەوڵەتیی ئەلیكترۆنی زۆر بە خێرایی گەشە دەكات، بەتایبەت چین گەورەترین سەكۆی بازرگانی ئەلیكترۆنی هەیە لە جیهاندا، وەك كۆمەڵەی (عەلی بابا) كە ٪80ی ئەو كەرتەی قۆرغ كردووە، ساڵانە فرۆشی دەگاتە زیاتر لە 170 ملیار دۆلار.
بۆ گەشەپێدانی رێگەی ئاوریشمی ژمارەیی، چین بەرێژەی ٪30 باجی لەسەر سەكۆی بازرگانی ئەلیكترۆنی نێودەوڵەتی هەڵگرتووە، هەربۆیە چین دەیەوێت لەم رێگەیەوە بازاڕێكی نوێ بۆ كۆمپانیا تەکنۆلۆژییەكانی بكاتەوە، لەگەڵ بەهێزكردنی كاریگەریی چین لەبواری (سایبەر سكیۆریتی)دا، لەگەڵ خێراكردنی گەیشتنی چین بە سەركردایەتیی تەکنۆلۆژیی جیهانی و بەكارهێنانی ئەم پەیوەندییانە بۆ دروستکردنی كاریگەریی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی.
كۆنتڕۆڵكردنی داتا لە سەردەمی نوێدا
كەواتە چین لە رێگەی ئاوریشمی ژمارەییەوە جگە لەوەی ئامانجی ئابووریی هەیە، بەتایبەت لە كەمكردنەوەی تێچووی بازرگانیدا، هاوكات كاریگەریی ئەمنی و سیاسیشی هەیە، چین ئەم رێگەیە وەك هێزێكی نەرم بەكاردەهێنێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی داتاكان لەدەستی خۆیدا، بەتایبەت لە جیهانی ئەمرۆدا بەردەوام مەترسی هێرشی (سایبەری) و دزینی داتا هەیە، هەندێك وڵات لە رووی ئاسایشی ئەلیكترۆنییەوە لاوازن و رەنگە رووبەرووی هەڕەشە ببنەوە.
ئەگەر وڵاتێك بۆ خزمەتگوزارییە گرنگە دیجیتاڵییەكان پشت بە دابینكەرێكی دەرەكی ببەستێت، ئەوا لە كاتی ناكۆكیی سیاسیدا، لەوانەیە لە دژی بەكار بهێنرێت بۆ سنوورداركردنی خزمەتگوزاری، نوێنەكردنەوەی سیستم، یان دروستکردنی كێشە لە دابینكردنی پارچەکانی سیستمەکەدا، یان فشاری ئابووری بۆ دروست بكات. لەبەرئەوە لەداهاتوودا هەر وڵاتێك سەروەری دیجیتاڵی مسۆگەر بكات فەرمانڕەوایی جیهان مسۆگەر دەكات، چونكە كۆنتڕۆڵكردنی داتا لەسەردەمی نوێدا بەمانای هێز و دەسەڵات دێت.
شورایەکی مەزن بۆ ئینتەرنێت
ئەوانەی باسی چین دەكەن، ناتوانن خۆیان لە باسی شورای مەزنی چین ببوێرن، لە چین ئێستا ئینتەرنێتیش شورایەكی مەزنی هەیە بەناوی (Great Firewall) كە ئیدارەدانی ئینتەرنێتیان لەسەر بنیات ناوە و رێگری دەكات لە چوونەناوەوەی هەزاران پێگەی ئەلیكترۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبوك، تویتەر، ئینستاگرام و سناپچات ..هتد، لەبەرامبەردا پرۆگرامی تایبەت بەخۆیان هەیە وەك ویچات و تاوداو ..هتد.
هەندێك رێگەی ئاوریشمی نوێ بە ئەژدیهایەك دەچوێنن كە سێ قاچی هەیە، قاچێكی لەناو دەریادایە ئەوی تری لە وشكانییە و قاچی سێیەم هێزی نەرمە، بەڵام لە راستیدا ئەژدیهاكە سێ قاچی نییە، بەڵكو پێنج قاچی هەیە جگە لە سێ قاچەكەی تر كە باسكرا، دوو قاچی تری هەیە، ئەوانیش رێگەی ئاوریشمی ئاسمانیی و رێگەی ئاوریشمی ژمارەییە، كە چین هەوڵ دەدات لەرێگەی پێشكەوتنە ئەلیكترۆنییەكانەوە هەموو كایەكان كۆنتڕۆڵ بكات.
لەكۆتاییدا دەتوانین بڵێین، هەموو ئەو شارستانییەتانەی لە میژوودا هاتونەتەسەر تەختی شانۆ و رۆڵی كاریگەریان بینیوە، لەقۆناغێك لە قۆناغەكان داهێنانێكی وەهایان هەبووە گەلی تر نەیبووە، لەبەرئەوە سەركەوتن و رووخانی شارستانییەتەكان بەندە بەداهێنانەكانییانەوە، هەر شارستانییەتێك لە داهێنان وەستابێت، بەرەو پوكانەوە و لەناچوون چووە، دواجار شوێنی خۆی بۆ شارستانییەتی تر چۆڵكردووە، ئێستاش چین بەردەوامە لە داهێنان، پێناچێت بە ئاسانی شوێنی خۆی بۆ كەس چۆڵ بكات.