کاتێک بەرخودانی دەستەبژێری رووناکبیرانی کورد لە کوردستانی باشوور، بە خەباتی زمان و کەلتورەکەی دەستی پێکرد، هەر لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو لە یەکەم دەسەڵاتی کوردی سەردەمی حەفیدزادەوە بە خوێندن و نووسینی زمانی کوردی، تەنانەت ئەوسا ئەلفوبێیەکیش نەبوو؛ دەبوو نووسەرانی کورد خۆیان یەکێکیان دابهێنن، لە بەغدای پایتەخت سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیستەوە دەور درابوون و دژایەتی جۆراوجۆری خەونی کورد و گەلانی دیکەی عیراق دەکرا، بەتایبەتیش کەمینە نەتەوەیەکی وەکو ئاشوور و کلدان، بەڵام بە هەوڵی بێ وچانی دەستەبژێرێک لە منەوەرانی کورد ئەو شتەی لەژێر ئەو بارودۆخەدا مومکین بوو بۆ مافی زمان و کەلتورەکەی بەدەستی هێنا.
خۆشبەختانە ئەمڕۆ خاوەنی دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەین، سەدان گۆڤار و کتێبی کوردی و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی هەمەچەشنمان هەیە کە لە رێگەیانەوە زمانی کوردی و زمانی کەمینە نەتەوەییەکانی کوردستان هەوڵ دەدەن رێبازی زانستیی خۆیان دروست بکەن، بەڵام کێشەیەکی «بچووک» دەمێنێتەوە: کە زمانی کوردی و زمانەکانی وەک سریانی بە نموونە تەوەری باسەکەی ئێمەیە، لە بەراییەکانی زۆرینەی رەهای خواستی خەڵکەکە دابەزیوە، یان لە پرۆسەی دابەزیندایە. 
راستە ئەزموونی حکومەتی کوردستان لە هەمبەر پێکهاتە و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە چاو وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەردا،  بۆ دابینکردنی مافی زمان و کەلتورییان تا رادەیەک ئەزموونێکی ناوازەیە، چونکە کوردستان هەر لە دێرزەمانەوە زێدی نیشتەجێبوون و داڵدەدانی پەیڕەوانی چەندان ئایینی وەک میترایی و زەردەشتی و ئێزیدی و جوولەکە و کریستان و ئیسلامی و هەروەها ناوەندی هزری و خوداپەرستی و مرۆڤایەتی و نەتەوەی جیاواز بووە.
دوای جەنگی یەکەمی جیهان و پاش داگیرکردنی کوردستان و ئیلحاقکردنی بە قەوارەی عیراقی تازەوە، بە دامەزراندنی مەملەکەتی عیراقی هاشمی لە ساڵی 1925 بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا یاسای بنەڕەتی کە بە (قانونی ئەساسی) ناسراوە، بێ راپرسی نوێنەرانی هاووڵاتییانی کوردستان و عیراق دەرچوو، بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە زمان و کەلتوری نەتەوەکانی غەیری عەرەب نەکرا، تەنانەت کورد کە نەتەوەی دووەمی ئەو وڵاتە بوو، لەو قانوونەدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی زمان و کەلتوری نەتەوەیی نەکراوە، چما بە مافی زمان و کەلتوریی پێکهاتە و کەمینەکانی دیکەی وەک تورکمان و کلدان و ئاشوور و ئەرمەن و جوو و سریان و ئێزیدی و مەندائییەکان و...هتد، هەر بۆیەش دەبینین پێشەنگی بەرگریکار لە مافی زمانی کوردی و پێکهاتەکانی کوردستان، کەسایەتی نیشتمانپەروەری وەک ئیسماعیل بەگی رەواندزی و بیرمەند و مێژوونووسی گەورەی کورد ئەمین زەکی بەگ و زمانناسی ناودار تۆفیق وەهبی بەگ، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا بە پرۆژە و داواکارییەکی نەتەوەییەوە بۆ باشووری کوردستان، داوای مافی خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن لە دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن و دادگاکان و تەنانەت لە کۆلیژی عەسکەری و فەرمانگە میرییەکان، دوابەدوای ئەم زاتانەش کەسانی دڵسۆزی تر دێنە سەر خەت و لە ململانێدا دەبن لە گەڵ دەسەڵاتی نەتەوەپەرست لە عیراقدا، کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون حاشا لە مافی رەوای گەلەکەمان بکەن، بەتایبەتیش لە بواری زمان و کەلتوردا، بەڵام کاتێ عیراق دەیەوێت ببێت بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان-عصبە الامم- بەو مەرجەی کە ددان بنێت بە مافی رەوای گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان و عیراق، هەر بۆیەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا، یاسای زمانە لۆکاڵییەکان (قانون اللغات المحلیە)، ژمارە (74)ی ساڵی 1931دەردەچێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا نەبێت کاری پێ ناکرێت، بەهاتنی دەسەڵاتی کۆماری لە ساڵی 1958 لە دەستووری کاتی عیراقدا ئاماژە بە هاوبەشی برایەتی نەتەوەی عەرەب و کورد دەکرێت (بێ هیچ ئاماژەیەک بە مافی زمان و کەلتوری پێکهاتە و کەمینە نەتەوەکانی تر)، بە هاتنی دەسەڵاتی نەتەوەیی و بەعسییەکان لە ساڵی 1964و دواتر کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1968، رەوشەکە بە کەمێک جیاوازتر وەک خۆی مایەوە، ئەگەرچی لە دوای رێککەوتننامەی ئاداری 1970 ئاماژە بە مافی زمان و کەلتوری گەلی کورد دەکرێت، لە ساڵی 1972 ئاماژەیەک بە مافی زمان و کەلتوری تورکمان و ئاخێوەرانی سریانی دەکرێت، بەڵام لە بواری کردار و پراکتیکدا هەمیشە دەوڵەتی عیراق بە پلان و بەرنامە و ئەجیندایەکی رەگەزپەرستانە لە هەوڵی جینۆسایدی کەلتوری و بە عەرەبکردنی کورد و کەمینە نەتەوەکانی دیکە بووە، تا دەگات بە رووخانی رژێمی سەدام لە نیسانی ساڵی 2003دا. 
لە دەستوری عیراقی نوێدا لە ساڵی 2005 دا لە مادەی (4)دا زمانی کوردی هاوتای زمانی عەرەبی دەبێتە زمانێکی فەرمی لە تەواوی عیراق و هەرێمی کوردستاندا و زمانەکانی پێکهاتەکانی وەک سریانی و تورکمانیش لە ناوچەکانی خۆیان بە فەرمی دەناسرێن. لە هەرێمی کوردستاندا یاسای زمانە فەرمییەکانی ژمارە (6)ی ساڵی 2014 دەردەچێت و بە فەرمی مافی زمان و کەلتوری پێکهاتەکانی سریان و ئەرمەن و تورکمان دابین دەکرێت، تا یاسای زمانە فەرمییەکان لە عیراقدا ژمارە (7) ی ساڵی 2014 بە رەسمی دەردەچێت.
وەک چۆن دوای شکستی سیاسی هەوڵەکانی نوێنەرانی کورد لە بەغدادا لە زمانی کوردیدا چڕتر کردەوە، کە ئەم دابەزینە سیاسییەی ئێستا پاڵ بە خەڵکی زیاترەوە بنێت کە بایەخ بە زمانی کوردی بدەن و  بیخەنە پێشەنگی گوتاری گشتییان، بەڵام بارودۆخی ئێستا جیاوازییەکی ریشەیی هەیە لەوەی کە سەدەیەک لەمەوبەر هەبووە؛ هەوڵ و دەستپێشخەری زمانەوانی بە بێ پشتیوانی هێزێکی سیاسی نەتەوەیی تا چەند دەتوانێ بڕوات و تا چەند دەتوانێت پێشبکەوێت؟ تا چەند دەتوانێت گەشە بکات و بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات؟ ئایا دەکرێت بزووتنەوە مەدەنییەکانی دیکەی هاوشێوە سەرهەڵبدەن؟ بەڵام راستییەکە هەروایە کە هەرچەندە ئەو بارودۆخانە لەباربن، ئەگەر ئێمە ئیرادە و کۆڵنەدان و هەوڵمان نەبێت، تەنانەت لەبارترین بارودۆخەکانیش بەلاماندا تێدەپەڕن.
 لەم بابەتەدا سەرنج دەخەمە سەر پرسی خوێندن و نووسین بە زمانی پێکهاتەکان بە تایبەتیش ئاخیوەرانی سریان. کاتێک سەیری کایەی گشتی دەکەین، لە کوێ ئێمە چووینە ناو قۆناغێکەوە کە پێویستە ئاوڕێک لە دواوەی خەبات و قوربانییەکانی ئەم گەلە بدەینەوە و لێیان بکۆڵینەوە کە لە کوێدا ئێمە هەڵەمان کردووە. تا ئەو جێگایەی هەلومەرج رێگەم پێدەدات، بەدواداچوون بۆ ئەو نووسین و پۆدکاست و ڤیدۆیانە دەکەم کە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەرهەم هێنراون، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و سریانی. مخابن بەشێک لە تۆندڕۆیە بە ناو ئاشوورییەکان هەمیشە کورد بەوە تاوانبار دەکەن بە داگیرکاری موڵک و کوشتنی هاووڵاتییانی کریستان لە کوردستاندا، لە کاتیکدا ئاوڕ لە تاوانەکانی دەوڵەتی عیراق نادەنەوە لە کۆمەڵکوژی و بەعەرەبکردنیان، کە چی دەرهەق بەو پێکهاتە رەسەنەی کوردستان کردووە، هەر بۆ نموونە: لە ساڵی 1933 جینۆسایدی کریستانەکان بەتایبەت ئاشوورییەکان لە سێمیل روویدا. لە 18ی ئابی 1969 سوپای بەعس 77 ژن و منداڵی کورد و ئاشووری لە گوندەکانی خورت و دەکان لە سنووری قەزاری شێخان لە ئەشکەوتێکدا بە زیندوویی سووتاند. هەر لە 1969 لە گوندی سوریای دەڤەری بادینان 39 کەسی لە کریستان  و کورد شەهید کردن، لەناویاندا قەشەی گوندەکەی تێدابوو. لە ساڵانی  1914 تا 1917 داعش 43 کەنیسەی وێران کرد.
مافی زمانی سریانی بە نموونە
 کلدان و ئاشوور پێکهاتەی نیشتەجێی کوردستانن و سەدان ساڵە هاوبەشی خەم و خەون و ئازار و قوربانییەکانی کوردییانکردووە، بۆیەش بە مافێکی رەوای دەزانین شکۆدارانە گوزارشت لە خواست و ئارەزووەکانیان بکەن، بەتایبەت لە مافە کەلتورییەکانیان، لە کەرتی پەروەردە و فێرکردندا لە هەرێمی کوردستان زمانی سریانی بە رەسمی ناسراوە، واتە لە کەنیسەیی و بنەماڵەییەوە بۆ قوتابخانە فەرمییەکان گۆڕاوە، ئەم هەنگاوە ئامانجی پاراستنی زمان و پێشخستنی فرەچەشنی کەلتورییە. خوێندنی زمانی سریانی لە ساڵانی 1992 و 1993 بە فەرمی لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە پرۆگرامەکە فراوانتر بووە و قوتابخانەکانی هەولێر و دهۆکیش دەگرێتەوە، هەروەها بەشەکانی زانکۆ تایبەتمەند بە راهێنانی مامۆستایانیش. چالاکانی کلد و ئاشوور پێیان وایە کە پەروەردەی سریانی بەشداریی کردووە لە زیندووکردنەوەی زمان و کەلتورەکەیان لە ژیانی رۆژانە و دروستکردنی نەوەیەکی نوێی شارەزا لە خوێندنەوە و نووسین و قسەکردنیدا، بەمەش پاراستنی فرەچەشنی کەلتوری و زمانەوانی لە هەرێمی کوردستان وعیراقدا بەهێزتر بووە.
لە پارێزگای دهۆک (22) قوتابخانە بە زمانی سریانی هەیە، بە گوێرەی وتەکانی شلیمۆن ئۆراها، بەڕێوەبەری پەروەردەی سریانی، نزیکەی 1650 خوێندکار لە دهۆک و زاخۆ ناویان تۆمارکردووە. ئۆراها باس لەوەش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ستاف و پرۆگرامی خوێندن و کتێبی دەرسی و پێداویستی قوتابخانە، هاوشێوەی سیستمی خوێندنی کوردی و تورکمانی خوێندنی زمانی سریانی دابین دەکات.
د. کەوسەر نەجیب بەڕێوبەری پەروەردەی گشتی خوێندنی سریانی دەڵێت:  لە هەولێر لە شارۆچکەی عەنکاوە 9 قوتابخانە هەیە، کە یەک وانەی سریانی تێدا دەخوێنن، قوتابخانەی ئەربائیلۆ هەموو وانەکانی بە زمانی سریانییە و  14 خوێندکاری هەیە، هەروەها  6 ئامادەیی هەیە، پێنجیان یەک وانەی سریانی دەخوینن، بەڵام قوتابخانەی ئور هەیە هەموو وانەکانی بە زمانی سریانییە و 32 خویندکار لەوێدا دەخوێنن. لە قەزای شەقلاوە قوتابخانەیەک هەبوو ئێستا داخراوە،  بەڵام یەک وانە هەیە، لە شارەدێی  هەرمۆتە یەک وانەی سریانی هەیە، لە قەزای سۆران لە دیانە قوتابخانەیەک هەبوو دواتر داخرا، لە هاودیانە-ئاودێیان نییە، بەڵام لە دەوروبەر دەخوێنن. زمانی سریانی لە کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەددین کێشەی هەبوو، لەنێوان موسڵ و دهۆکدا خوێندکار نەهاتن، ئیستا قۆناغەکانی  3 و 4 هەیە، نزیکەی  4 بۆ 5 قوتابی هەیە، قۆناغی چوارەمیش (24) قوتابی هەیە، بەڵام بۆ خوێندنی باڵا- ماستەر 6 تا 7 وەجبە تەواویان کردووە. 
بەکارهێنان، یان نەبوونی زمانی پێکهاتە و کەمینە نەتەوەییەکان و ئەو کێشانەی کە لێیەوە سەرهەڵدەدەن، لە بوارەکانی خوێندنەوە و نووسیندا وەک هەمیشە لەژێر سێبەری سیاسەتدا دەمێنێتەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە ئەجێندای سیاسی لە ئێستاوە باری زۆری لەسەرە، گفتوگۆکان سەبارەت بە زمان جارێکی دیکە پرسێکی پەراوێزخراون، کە هێشتا کاتی نەهاتووە بە راشکاوی قسەی لەسەر بکرێت، بۆ نموونە بەشێک لەو کەموکووڕییانە دەکەوێتە ئەستۆی خودی ئاخێوەرە سریانەکان کە نایانەوێ بە زمانی سریانی دایک بخوێنن (لە شارۆچکەی عینکاوە 4 خوێندنگەی ئەهلی و ناحکومی هەیە)، ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگەی تایبەت و ناحکومییەکان کە بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن نەک سریانی، خەمساردی خۆیانی لێ دەکەوێتەوە نەک هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم رەت بکرێنەوە، دیارە لۆژیکی زاڵ ئەوەیە: با ئەمە بۆ دواتر دوابخەین؛ 
مەسەلەی خەریکبوون لەگەڵ زمانی سریانی لە دێرزەمانەوە لە کەنیسەکاندا مێژووی خۆی هەیە، یان باشترە بڵێین، نوێنەرایەتی دووبارەبوونەوەی مێژوو دەکات، دوای ئەوەی کریستیانەکانی کوردستان هەموو ئومێدێکیان لە سیاسەتدا نەمابوو، سەرنجی خۆیان بۆ پرسی زمان برد، لە کاتێکدا هەلومەرجی گونجاو بۆ کردەی سیاسی کاریگەر بوو لەناوچووبوو. بۆ نەوەی ئیستایان کە لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردووەوە خەریکی کاری سیاسی بوون، پرسی زمان وەک نیگەرانییەکی لاوەکی و دواخراو لە پەراوێزدا مایەوە. بەهەمان شێوە زمانی کوردی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لە کارنامەی کادیرانی سیاسیدا نەبوو. لە کاتێکدا راستە کە قەدەغەکردنی زمانی کوردی بەرە بەرە لە سایەی خەباتی کوردەوە هەڵگیرا، بەڵام بۆ ئەوان ئەمە لە خەباتێکی رووکەش و فۆرماڵی زیاتر هیچی تر نەبوو؛ رۆشنبیرانی سریان زیاتر روویان لە زمانی عەرەبی کرد و بەرهەمە ئەدەبی و هزرییەکانیان هەر بە زمانی عەرەبی دەئافراند، لەوانەش ئالفرید سەمعان و جان دەمۆ و قەشە یوسف سەعید و دەیان ناوی تر، لە بەرنامەی حزبەکانیشدا سیاسەتی «برایەتی» بەمەبەستی بە دیموکراسیکردن رێگر بوو لەوەی لە کایەی سیاسیدا جێگایەک بۆ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بەدەست بهێنێت. لە کاتێکدا کە هەندێک پێشکەوتن لە ئەدەب و چاپ و بڵاوکردنەوەدا هاتە ئاراوە، بەڵام واقیعی ئێستا بە روونی سنووردارکردنی سروشتی زمانێک کە چوارچێوەیەکی سیاسی نەتەوەیی نییە، یان بەپێچەوانەوە بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەکتیڤکردنی زمانەکانی وەک زمانی کوردی و پێکهاتەکانی تر لە ناوەڕاست و باشووری عیراقدا ئاشکرا دەکات کە لە پراکتیکدا بوونی نییە، یان زۆر لاوازە.
 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved