لە مێژووی سیاسی هەر وڵاتێکدا، هەڵبژاردنەکان ئاوێنەیەکن بۆ نیشاندانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، هەڵبژاردنی 2024 لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە خاڵی وەرچەرخان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم حزبە کە بۆ ماوەیەک کەوتە دۆخێکی ناجێگیرەوە، ئەمجارەیان بە 408.000 دەنگ توانی سەرکەوتنێکی گەورەو بەرچاو تۆمار بکات.
دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی
ئەم ئەنجامە نەک تەنها نیشانەی گەڕانەوەی هێزە بۆ یەکێتی بەڵکو ئاماژەیە بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، ئەم سەرکەوتنە دەرخەری ئەوەیە کە یەکێتی توانیویەتی خۆی لەگەڵ داواکارییە نوێیەکانی کۆمەڵگەدا بگونجێنێت و متمانەی جەماوەر بەدەست بهێنێتەوە، هەروەها دەرفەتێکی گرنگیشە بۆ هاوسەنگی سیاسی لە هەرێمدا و دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی دینامیکێکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسییەکان و پرۆسەی بڕیاردان لە کوردستاندا.
با ئاوڕێکی خێرا لە رابردوو بدەینەوە، لە ساڵی 2018ەوە تا 2021، یەکێتی رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەوە، کە بووە هۆی دابەزینی ژمارەی دەنگەکانی، ئەم دابەزینە بەرهەمی چەند فاکتەر بوو: کێشە ناوخۆییەکانی حزب، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە، کاریگەریی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئەم دۆخە سەرەڕای ئەوەی کە بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی یەکێتی و پەرتەوازەیی پێگەی کوردیش لە بەغدا و ناوچەکە بە گشتی، بەڵام هەر ئەمە دواجار بوو بە هاندەرێک بۆ بیرکردنەوە لە ستراتیژی نوێ و خۆڕێکخستنەوە.
گەڕانەوەی متمانەی جەماوەر
ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2024دا روویدا، تەنها زیادبوونی ژمارەیەک دەنگ نەبوو بۆ یەکێتی، بەڵکو نیشانەی گەڕانەوەی متمانەی جەماوەر بوو بەم حزبە، ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی چەند فاکتەرێکی گرنگ بوو: یەکەم، رەمزیەتی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و توانای یەکێتی لەخۆڕێکخستنەوە و داڕشتنی ستراتیژییەکی نوێ کە لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکدا بگونجێت. دووەم، پابەندبوون بە بنەما و بەها بنەڕەتییەکانی حزب کە بووەتە هۆی راکێشانی سەرنجی ئەو بەشە لە کۆمەڵگە کە بە دوای بەها مرۆیی و نیشتمانییەکاندا دەگەڕێن. سێیەم، یەکڕیزی ناوخۆیی یەکێتی کە توانی پەیامێکی یەکگرتوو و بەهێز بگەیەنێتە دەنگدەران.
بێگومان، ئەم سەرکەوتنە کاریگەریی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی رکابەردا دەبێ و دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان دوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان، هەروەها دەبێتە دەرفەتێکی تریش بۆ یەکێتی تا رۆڵێکی کاریگەرتر لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی هەرێم دا بگێڕێت.
سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ یەکێتی
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سەرکەوتنە بە مانای کۆتایی کار نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ یەکێتی، زیادبوونی دەنگەکانی مانای زیادبوونی چاوەڕوانییەکانی خەڵکیشە لە یەکێتی، ئەمەش ئەرکێکی قورستر دەخاتە سەر شانی سەرۆک و سەرکردایەتی، بۆیە گرنگە یەکێتی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا بکات و هەوڵ بدات بە کردەوە وەڵامی متمانەی خەڵک بداتەوە و بە هیچ کلۆجێک نەچێتە ژێرباری پێکهاتەیەکی حکومڕانییەوە کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک کەمتر بێت.
بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەم دەستکەوتە، یەکێتی پێویستە بەردەوامی بداتە کاری پیشەگەرانە و گەشەپێدانی کاری ئۆرگانی حزبی، ئەوەی ماوە لەم پێناوەدا دەبێ تەواوی بکات، گرنگە حزب لە پێناو بەرژەوەندییە گشتییەکاندا کار بکات و خۆی لە بەرژەوەندییە تەسکەکان بەدوور بگرێت و ریزەکانی لە خەڵکانی نا کارا و نا پیشەگەر و هەلپەرست بژار بکات، هەروەها پێویستە بەردەوام گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرێ و بە تەنگ چارەسەرکردنی کێشەکانیانەوە بێت.
دەرفەتێکی ناوازە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی
جێگەی خۆیەتی ئەمەش بووترێ، ئەم سەرکەوتنەی یەکێتی تەنها سەرکەوتنی حزبێک نییە، بەڵکو دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و فرەیی سیاسی و زیندوکردنەوەی گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمدا، هاندەریش دەبێت بۆ بەشداری سیاسی زیاتری هاووڵاتیان و دروستکردنی هاوسەنگی باشتر لە نێوان هێزە سیاسییەکان، دەرفەتێکیشە بۆ یەکێتی تا رۆڵێکی کاریگەرتر لە چاکسازی و گەشەپێدانی سیستەمی سیاسی و ئابووریی هەرێمدا بگێڕێت.
یەکێتی، سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتییەکی کۆدەنگ و جەماوەرێکی خۆرسک و حەماسەت بزوێنی هەیە، دەتوانێت بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی سیاسەتەکانی و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک، بێگومان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگیش لە داڕشتنەوەی داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانیش بگێڕێت، ئەمەش ئەرکێکی مێژووییە ویەکێتی پێویستی بە هەوڵی بەردەوام و پابەندبوون بە بەها دیموکراسی و نیشتمانییەکان و ریفۆرمی بەردەوام هەیە لە خۆیدا.
بابەتی زیاتر