خوێندنەوەیەك بۆ گۆڕانكارییەكان لە سیاسەتی ئەمریكا بۆ دۆزەكانی ناوچەكە

گومان لەوەدا نییە، هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا، واتە وەرچەرخان لە كۆنترۆڵی سیاسەتی واشنتۆن لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام پرسیارێك كە هەمیشە دەكرێت ئەوەیە: ئاخۆ ئەو وەرچەرخانە وەك پێویست یەكلاكەرەوە دەبێت؟ چونكە سەرەتاترین تاقیكردنەوەیەك بەرەو رووی ترەمپ دەبێتەوە لە رادەی تێگەیشتنیدا دەبێت، بۆ ئەو گۆڕانكارییە جیۆسیاسییە گەورانەی، لە كاتی لادرانیەوە لە سەرۆكایەتی ئەمریكا، تا گەڕانەوەی روویانداوەو تادەگات بە وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی لە 20 ی كانوونی دووهەمی 2025 دا زیاتر پەرەدەسێنن. تائەم ساتە، ئاماژەیەك نابینرێت بەوەی ترەمپ دەرك بە دەرفەتە ستراتیژییە نوێیەكان و ئەو هەڕەشانەیش بكات، بەرەنگاری ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبنەوە. بەڵام ئەگەر هەیە لەگەڵ چوونە دەسەڵاتیدا بایەخ بە قەیرانە سەنتەرییەكانی ناوچەكە بدرێت، وەك ستراتیژی»بازنە، یان ناوچەی ئاگر Ring of fire»، كە ئێران لە دژی ئیسرائیل بەردەوام كاری لەسەر دەكات، ئێستا ئیسرائیل وەك بەرنامە ئیش لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سەركردایەتیی سیاسیی حەماس و سنوورداركردنی توانا سەربازییەكانی و تێكشكاندنی توونێلەكانی ژێر زەویی دەكات، هاوكات بە كوشتنی سەركردە سەرەكییەكانی، زەبری بەهێزیش بە»حزب الله»ی لوبنانییش دەگەێنێت، سەرباری تێكشكاندنی كۆگا گەورەكانی مووشەك و مەتەرێز و پێگە قایمكراوەكانی، بەردەوامیش دەبێت لە لاوازكردنی حەماس و حزبوڵڵا بۆ كۆتاییهێنان بە كۆڵەكە سەرەكییەكانی هەژموونی ئێران. ئیدارەكەی بایدنیش فشاری خستەسەر قەتەر بۆ دەركردنی سەركردەكانی حەماس.

پەكخستنی رێرەوی ئاویی كەناڵی سوێس و دەریای سوور 
جێی داخیشە كە حوسییەكانی یەمەنیش توانیویانە رێرەوی ئاویی كەناڵی سوێس و دەریای سووریش پەك بخەن، تائێستایش تەنها زیانی كەمی هاوشێوەی زیانەكانی بریكارەكانی ئێران و میلیشیا شیعەكانی عیراق و سوریایان پێگەێنراوە. ئێرانیش لە 26 ی ئۆكتۆبەری رابردوودا رووبەڕووی وەڵامدانەوەیەكی دیاری تۆڵەئامێزبووەوە، كاتێك ئیسرائیل هێرشی كردەسەر مووشەكە دژە ئاسمانییەكانی جۆری ئێس 300 كە لە رووسیای وەرگرتووەو  هێرشەكەی ئیسرائیل پێگەی بەرهەمهێنانی مووشەكەكانیشی گرتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا زیانەكانی ئێران سنووردار بوو، چونكە لەگەڵ زیاتربوونی فشارەكانی كۆشكی سپی پێش هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئیسرائیل هێرشی نەكردەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، یان ژێرخانی دامەزراوە نەوتییەكانی. بەڵام پرسیار و ئەو پرسەی ئەگەری گۆڕانی گەورەی لێدەكرێت، ئەوەیە:  ئایا ئیسرائیل رێوشوێنی یەكلاكەرەوەی تریش دەگرێتەبەر پێش رۆژی 20 یەنایری 2025؟  زەبرە ئاسمانییەكانی رۆژی 26ی ئۆكتۆبەری رابردوو وایكرد، تارانیش كۆمەڵێك هەڕەشەی چەندبارە بكات بە وەڵامدانەوە گەرچی جێبەجێی نەكردن. پێدەچێت سەركردە ئێرانییەكان، ئایەتوڵڵاكان، ترسیان لەتوانا سەربازییەكانی ئیسرائیل هەبێت، ئەمەیش وادەكات بتوانن بە ئارامی لە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل پاشەكشێ بكەن. ئەگەر تاران بڕیاری وەڵامدانەوە بدات، نیمچە سەلمێنراوێكە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل پشتشكێن دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر لەسەروبەندی گواستنەوەی دەسەڵاتدا بێت لە ئەمریكا. دژەهێرشێكی لەوجۆرە زیانی زۆر بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەی ئێران دەگەێنێت و دەبێتە مەترسیی بۆ بنچینەكانی دەسەڵاتی رژێمی ئێرانیش.

ترەمپ فشاری ئابووری بەكاردەهێنێتەوە
واشنتۆن لەو باوەڕەدایە ترەمپ لەمیانەی سەپاندنی سزای توندتر و بەرجەستەكردنی بەكارایی، دووبارە ستراتیژی «ئەوپەڕی فشار»ی ئابووری دژی ئێران بەكاردەهێنێتەوە، وێڕای هاوكاریی زیاتر و چەسپاوتر بۆ ئیسرائیل وەك چۆن لە ماوەی سەرۆكایەتیی یەكەمیدا كردی. بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بێت، دەكرێت تاران هەناسەی سەرفرازی هەڵبكێشێت و هیچ ترس و دڵەڕاوكێیەكی نەبێت، چونكە بەرنامەی كاری «ئەوپەڕی فشار»كە پێشتر ترەمپ بەكاریهێنا كاریگەری سنووردار و زۆر لەوەیش كەمتر كارابوو چاوەڕوانیی لێدەكرا، لەوەیش خراپتر ئەوەیە یەكێك لەنوێنەرانی تیمەكەی ترەمپ جەخت دەكاتەوە كە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا كاری « گۆڕینی سیستمی حوكمی ئێرانی نابێت»، ئەمەیش واتە دەرگا كراوەدەبێت، ئەگەر بە خەیاڵی زۆریش بێت، لەسەر ئەگەری گەیشتن بە رێكەوتنێكی فراوان لەگەڵ تاران لە ماوەی ئەم  سەرۆكایەتییەی ترەمپدا. وێڕای ئەمەو سەرباری هەوڵەكان بۆ دەرخستنی نیازپاكی لەلایەن بنیامین نەتەنیاهۆوە لەئاستی ترەمپ لە دواین لێدوانی تەلەفۆنیی نێوانیاندا، بەڵام پەیوەندیی نێوانیان لەسەر ئاستی كەسێتییان گرژە، ترەمپیش لەساڵی 2021دا رایگەیاند «یەكەمین كەسێك پیرۆزبایی لە بایدن كرد بیبی نەتەنیاهۆ بوو»، ئەو پیاوەی لەهەموو كەسێك زیاتر هاوكاریم كردووە. دەكرا بیبی بێدەنگ بوایە، بەڵام بەو پیرۆزباییكردنە لە بایدن هەڵەیەكی گەورەی كرد.ئەم گوتەیەیش بەلایەنی كردارییەوە واتا نابێ ئیسرائیل بەهیوای هەمان هاوكاریی پێشوو بێت لەلایەن ترەمپەوە، لەبەرئەوەی ترەمپیش بەپێی دەستوور ناتوانێت بۆ ویلایەتی سێهەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكاتەوە، بۆیە ترسی لە هیچ پەرچەكردارێكی سیاسیی ناوخۆیی نابێت ئەگەر هەندێك هەڵوێست بگرێتەبەر، پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل بێت لەبارەی دۆزە سەرەكییەكانەوە. لێرەیشەوە، رەوتی پرسەكان دەكەوێتەسەر ئەو هەلومەرجە نادیارانەی لە دوای 20 یەنایری 2025 وە دێنەڕێی ترەمپ، چونكە وێڕای رەتكردنەوەی بیرۆكەی گۆڕینی سیستمی حوكم لە ئێران، پێدەچێت ترەمپ لەپێگەی یەكەمدا فۆكەس بخاتەسەر كۆتاییهێنان بەكێشەكە بە زوویی، پێناچێت زۆریش دەربەستی چۆنێتییەكەی بێت، ئەم هەڵوێستە هاوڕەوتی بەرنامەی كارێتی دەرهەق بە ئۆكرانیاش، چونكە ئەو سوورە لەسەر ئەوەی هەردوو كێشەی ئێران و ئۆكراین روویان نەدەدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵات بمایەتەوە، ئەمەیش بانگەشەیەكە نە دەكرێت رەتبكرێتەوەو نەبشسەلمێنرێت، بەڵام ترەمپ وەك میراتێكی نابەدڵ كە بایدن بۆی جێهیشتووە دەڕوانێتە هەردوو شەڕەكە. ئەگەر ئیسرائیل پێش دەستبەكاربوونی ترەمپ سنوورێك بۆ ئامانجە ئەتۆمییەكەی ئێران دانەنێت، ئەو ئامانجە دەبێتە دیارترین و لەپێشترین كارەكانی ترەمپ، ئەگەر ترامپیش گەڕایەوە بۆ سیاسەتی»ئەوپەڕی فشار» لەڕێی سەپاندنی سزاوە، ئەوا جارێكیتر كۆتا حیسابی لەگەڵ ئێران دوادەخات و گێڕانەوەی سزاكانیشی وەك قۆناغی پێشووی سەرۆكایەتیی پێش چوار ساڵ كارێكی گران دەبێت، چونكە هەوڵە ناكاراو لاوازەكانی بایدن لە بەجێگەیاندنی سزاكاندا بووە هۆكاری ناپابەندیی لەسەر ئاستە جیهانییەكەیش. بۆیە رەنگە ترەمپیش نەتوانێت فۆكەسی تەواو، یان نیازی توندكردنی سزاكان و گەڕاندنەوەی هەبێت بۆ ئاستە كاراكەی پێشوو، هاوكات هاوكاریی زۆری نێوان رووسیا و چین و ئێران، واتا هاوپەیمانەكانی تارانیش ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن ئێران سزاكانی خۆرئاوا تێپەڕێنێت و خۆی لێبدزێتەوە، وەك چۆن لەگەڵ سزاكانی وڵاتانی خۆرئاوا دژی روسیا بەهۆی شەڕی لەگەڵ ئۆكراین كردیان.

قسە زۆر دەكات و هیچی لەدەست نایەت
لە ویلایەتی تەكساس زۆرجار دەوترێت، ترەمپ كەسێكە قسە زۆر دەكات و هیچیشی لەدەست نایەت، لێدوانی بەهێز دەدات بەڵام نایكات بەكردار، لەبەرئەوەی هیچ ئامادەباشییەكیشی دەرنەبڕیوە بۆ بڕیاردانی یەكلاكەرەوە، دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، دواجار هەموو قورساییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئیسرائیل، كە خۆی دووچاری كێشەی سیاسیی ناوخۆیی ئاڵۆز هاتۆتەوە. لەبارەی هاوكاریكردنی گەلانی ئێرانیشەوە بۆ رووخاندنی ئێران كە ترەمپ رقی لێیەتی، ترەمپ بایەخێكی كەمی بەم ئاراستەیە داوە، كە بووە هۆی لەدەستدانی هەلی دانسقە كە دەكرا لەگەڵ دەستوەردانی دەرەكیدا بەدەرفەت بزانرێت. ئەگەر مەلاكانی تاران خاوەنی حیكمەتبن، بەردەوام دەبن لەپێشنیاركردنی دەرفەتی زیاتری دانوستانی بێ سنوور بۆ سەرۆكی تازەهەڵبژێردراو، بەهیوای لابردنی سەرنجی، لەسەر وەبەرگرتنی هەنگاوی جددی بۆ چارەسەری هەڕەشە توندو بەردەوامەكانی حكومەتەكەیان. دواجار ماوەتەوە بڵێین: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە بەهێزترین تاقیكردنەوە لە نێوان ململانێ جیاوازەكانی بەردەم سەرۆكایەتیی ترەمپ، لەسەرەتای ویلایەتی دووهەمییەوە، واتا بڕیارەكانی لەم بارەیەوە تەنها لەلایەن وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە جێ بایەخ نابێت، بەڵكو جێ بایەخی چین و روسیا و وڵاتانی تری ركابەری ویلایەتە یەكگرتوەكانیش دەبێت، چونكە لێكەوتەی بڕیارەكانی فراوان و دوورمەودا دەبێت.
سەرچاوە: ئیندیپێدنت عەرەبی
* راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا
و: عەبدوڵڵا مەحموود زەنگنە
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved