فره‌حزبی یه‌كێكه له پایه‌كانی پێكهاتنی دیموكراسی و تا ئێستا به باشترین سیستمی حوكمڕانی له کۆمه‌ڵگەدا داده‌نرێت، فره‌حزبی چه‌ندین شێوه‌ی وه‌رگرتووه، له‌وانه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، هه‌ندێ جاریش له ره‌هه‌ند و فۆڕمدا لێك نزیك ده‌بن یان له‌یه‌ك ده‌چن.
دەوترێت ده‌وڵه‌ت (حكومه‌ت)، ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای قبووڵكردنی گشتی بنیات بنرێت، كار بۆ خۆشگوزه‌رانی و په‌روه‌رده‌ی ئاشته‌وایی کۆمەڵگە بكات، ئه‌گه‌ر واینەکرد، ده‌بێت به شێوه‌ی ئاشتییانه و بێ به‌كارهێنانی هێز هه‌وڵی گۆڕینی بدرێت.
له عیراق ساڵی 2003، پاش روخانی ده‌سه‌ڵاتی تاك حزبی، دوای خۆپیشاندان و داواكاریی رێپێدانی فره‌حزبی له شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق، یاسای فره‌حزبی ژماره 36 له ساڵی 2015 ده‌رچوو، له‌و كاته‌وه كێبڕكێی فره‌حزبی له عیراق په‌ره‌ی سه‌ندووه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان 22 ساڵ پێش عیراق، هه‌ر له دوای راپه‌رین، له ساڵی 1992 چه‌ندین حزب ركابه‌رییان كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان، پاشان له ساڵی 1993له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه یاسای فره‌حزبی به ژماره 17 له دووتوێی 23 ماده‌دا ده‌رچوو.
ئه‌و حزبه‌ی له هه‌لومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریدا وه‌ك پێویستیی قۆناغه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، حزبی راسته‌قینه‌یه، چونكه به‌رنامه و ئامانجه‌كانی فریادڕه‌سه، له هه‌لومه‌رجێکدا كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك پشتیوانی ده‌كات، وەک دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ره‌هه‌ند و فۆڕمی حزبه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
ده‌توانین به گشتی حزبەکانی هه‌رێمی كوردستان له سێ فۆڕمدا جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌وانیش، عه‌لمانی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی.
له‌هه‌ر یه‌كێك له‌و ره‌هه‌ند و فۆڕمانه چه‌ندین حزب دروستبوون كه په‌یڕه‌و و به‌رنامه‌كانیان زۆر لێك نزیكن، بۆ نموونه حزبه ئاینییه‌كان وه‌ك ئیسلام كه یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه و یه‌ك ئامانجیان هه‌یه، ئه‌ویش پیاده‌كردنی ده‌قه‌كانی قورئانە له سیستمی حوكمڕانیدا. حزبه عه‌لمانییه‌كانیش به هه‌مان شێوه ئامانجی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییان تا ئاستێكی زۆر لێك نزیكن.
ئه‌و حزبانه‌ش كه بانگه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن چ كورد و چ توركمان و چ ئاشووری و كلدانی، هه‌ریه‌كه‌یان چەند حزبێکیان دروست كردووه، بۆ نموونه نه‌ته‌وه‌ی توركمان له هه‌رێمی كوردستان 22 حزبیان دروستكردووه.
چەندین حزبی كوردی هه‌یه كه هه‌موویان باس له چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه هیچ له‌و حزبانه هه‌وڵی یه‌كگرتن ناده‌ن و هه‌ر 4 ساڵ جارێكیش حزبێكی نوێ دروست ده‌كرێت.
هه‌ندێ حزب ناتوانێت به‌های یه‌ك كورسی په‌رله‌مان ده‌نگده‌ر كۆبكاته‌وه، كه‌چی خۆی حه‌ل ناكات، یان حزب هه‌یه ده‌یان ساڵه به‌بێ بوونی جه‌ماوه‌ر و هاوڕا ماوه‌ته‌وه و نه هه‌وڵی یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ حزبێكی هاوئامانج ده‌دات، نه گۆڕانكاریی له‌خۆیدا ده‌كات.
ده‌ڵێم حزبی نوێ دروست ده‌كه‌ن، ناڵێم حزبی نوێ له‌دایك ده‌بێت، چونكه دوو شتی جیاوازن، ئه‌و حزبه‌ی له هه‌لومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریدا وه‌ك پێویستیی قۆناغه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، حزبی راسته‌قینه‌یه، چونكه به‌رنامه و ئامانجه‌كانی فریادڕه‌سه، له هه‌لومه‌رجێکدا كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك پشتیوانی ده‌كات، وەک دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
دووبه‌ره‌كی و جیابوونه‌وه گرنگترین سیمای حزبه‌كان
هه‌ندێ له‌و حزبه نوێیانه له ده‌ره‌نجامی دووبه‌ره‌كی و ململانێی ناوخۆیی سه‌ركرده‌كانی حزب دروستده‌بن، هه‌رچه‌نده پڕوپاگه‌نده‌ی جیاوازیی فكری و به‌رنامه ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا ململانێی پێگه‌ی سیاسیی و پۆست و داهاته.
هه‌ندێكی تر له‌و حزبانه له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیی خاوه‌ن ناو و ناوبگەوە دروستده‌كرێت به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی پله و پۆستی په‌رله‌مان، هه‌ندێك حزبیش له‌لایه‌ن ناحه‌زانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی كورده‌وه دروستكراوه كه له كاته جیاواز و هه‌ستیاره‌كاندا ده‌شێت به‌كاریبهینن.
حزبه گه‌وره‌كان كه خاوه‌ن ئابووری و پێگه‌ی سیاسی و سه‌ربازین و جه‌ماوه‌ری فراوانیان هه‌یه كه له كات و ساتێكی مێژوویی خۆیاندا له‌دایكبوون، حزبی تریان دروستكردووه به ئامانجی سیاسی. زۆریش له‌و حزبانه ته‌نانه‌ت خاوه‌ن باره‌گا و ده‌نگده‌ری خۆشیان نین، به‌ڵام دانیان پێدانراوه به‌پێی یاسای فره‌حزبی له هه‌رێمی كوردستان.
سوودو زیانه‌كانی فره حزبی له هه‌رێمی كوردستان
فره حزبی سیمای پێشكه‌وتن و دیموكراسییه، بێگومان جێی دڵخۆشییه كه خه‌ڵكی كوردستان پاش دەیان ساڵ گیرۆده‌بوون له‌ژێر حوكمی دیكتاتۆریی تاك حزبی له عیراقدا، رزگاری بووه و به ئازادنه ده‌نگ به‌و حزبه ده‌دات كه ئامانج و خواستەكانی خۆی تێدا ده‌بینێتەوە، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان زیانی گه‌یاندووه، چونكه فره حزبیی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست پیاده ناكرێت و ئەم دیاردەیە بۆته ئه‌و كه‌لێنه‌ی هه‌میشه نەیارانی ده‌وروبەرمان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستوەردانیان کردووە، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆخی سیاسیی ناوچه‌یی و جیۆپۆلە‌تیكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نائارامه و نەیارانیش به‌پێی توانا و به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌وڵی تێكدانیان داوه.
بەم هۆکارەش ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له نێوان حزبه‌كاندا تائێستا به‌شێوه‌ی ئاسایی و ته‌ندروست وه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتوو ته‌نانه‌ت وه‌ك عیراقیش پیاده نه‌كراوه، كه ماوه‌ی 32 ساڵه ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێوه‌ی ده‌ناڵێت.
بابەتی زیاتر