سوریا لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵکراو ئێستا دۆخی ئەو وڵاتە  لە قۆناغی دوای ئەسەددایە، بەڵام ڕووداوەکان لێرەدا ناوەستن و درێژەیان دەبێت. رووداوەکانی سوریا شۆڕ دەبنەوەو لێکەوتەی تریان لەناو سوریا دەبێت، شۆڕیش دەبنەوە بۆ ڕۆژاڤا و دواتر عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
لێکەوتەکانی سوریا
بێگومان دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانی سوریا و گروپەکانی تر کە دۆخی سوریایان تەقاندەوە و رووخانی ئەسەدی لێکەوتەوە، نزیکن لە تورکیاوە.
هەرچەندە ئەم گروپانەی نزیک لە تورکیا دەستپێشخەرییان کرد و شەڕیان دژی ئەسەد ڕاگەیاند، بەڵام هاوکێشەی نێودەوڵەتی نەیهێشت شانازی کۆنترۆڵکردنی دیمەشق بۆ ئەم گروپانە بێت، بەڵکو دروزییەکان و هێزە عەرەبییەکانی تری ناوچە سنورییەکانی ئەردەن و ئیسرائیل ئەم شانازییەیان دەستکەوت، سەرباری ئەوەی راگەیاندنی عەرەبی زۆر زوومی لەسەر تەحریر شامە.
گەر دیقەت بدەین، لە حمس و هەندێک ناوچە بەربەست بۆ تەحریر شام دروستکراو هێزەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی خجڵ کران، بۆیە لە ساتەوەختی کەوتنی ئەسەد هێزەکانی تری سنوری ئەردەن زووتر تەنگیان بەدیمەشق هەڵچنی.
گروپەکانی سوریا زۆرن، هەمووشیان خاوەن هێزو چەکن، سەرباری ئەوەی پێشبینی دروستبوونی شەڕ دەکرێت لە نێوانیان، بەڵام جۆلانی ژیرانە مامەڵە دەکات، خیتابی نەرمە، ئاماژە بە مافی کەمینەکان دەکات و جەخت لەپێکهێنانی حکومەتی مەدەنی دەکاتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە بە ئەستەم دەزانرێ ئەم گروپانە پێکەوە هەڵبکەن. بۆیە سوریای داهاتوو لەبەردەم کێشمەکێش دا دەبێت، جا کێشمەکێشی سیاسی بێت یاخود پێکدادانی سەربازی.
لەکاتێکدا گروپە چەکدارەکانی سوریا بە ئازادکردنی زیندانی و زۆر شتی ترەوە سەرقاڵن، ئیسرائیل خەریکی ئیشی خۆیەتی و سنورەکانی لەگەڵ سوریا توندوتۆڵ دەکات، بەفڕۆکە و جبەخانە و چەکە قورسەکانی سەردەمی ئەسەد بۆردوومان دەکات تا نەکەونە دەست ئەم هێزە نوێیانەی سوریا.
ڕۆژاڤا!
قۆناغی داهاتووی سوریا لەهەموو لایەک زیاتر مایەی مەترسییە بۆ هەسەدە و ڕۆژاڤا، چونکە ئەو هێزانەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەن جێبەجێکاری ئەجێندای تورکیان و بێگومان لە قۆناغی داهاتوودا ڕووی چەکەکانیان لە کورد دەکەن.
ڕاستە کورد پێشڕەوی کردووە و ٤٠٪ ی سوریای کۆنترۆڵکردووە، بەڵام هێزە سورییەکان و تورکیاش کە یاریکەری سەرەکی سوریایە ڕێگە نادات ئەو دۆخە هەروا بمێنێتەوە.
ڕاستە لەمدیوی فوراتەوە ئەمەریکا پاڵپشتی هەسەدە دەکات، بەڵام لە دیوەکەی تری فورات دۆخەکە جیاوازترە، ئەمە جگە لەوەی توانای سەربازی هەسەدە بەرگەی ئەو فشارە گەورەیە ناگرێت، گەر ئەمەریکا لە ساحەکەدا نەبێت.
بۆیە هیچ گومانی تێدا نییە، لەقۆناغی داهاتوودا پێکدادان لە نێوان هەسەدە و گروپەکان ڕوودەدات بە شێوەی زۆر فراوانتر،  بەڵام ئایندەی پێکدادانەکان و قەبارەی دەسەڵاتی داهاتووی کورد لەسوریا ڕوون نییە. مادام تورکیاش ئامادەگی لە سوریای دوای ئەسەد هەیە، تەنانەت دۆخی کورد لە هاوکێشە تازە نێودەوڵەتییەکانیشدا نادیارە، بۆیە دەبێت کوردی سوریا بۆ قۆناغی داهاتوو هەموو جۆرە ئامادەکارییەک بکات.
عێراق و هەرێمی کوردستان!
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد زنجیرەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سوریا بچڕاو لەگەڵ حیزبوڵاش دوورتر کەوتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمجارە عێراق ببێتە قوڵایی ناکۆکییەکان.
عێراق دەبێتە سەنگەری پێشەوە بۆ ئێران و پێدەچێت ئێران بیر لە توندوڵکردنی ئەم سەنگەرە بکاتەوە زیاتر لە جاران، ئەمەش هاوکێشەی دیکە دەهێنێتە ئاراوە.
زۆر پێشبینی دروستبوونی شەڕ و زیندووکردنەوەی سوننە دەکرێت، لە راستیدا واقیعەکە پێمان دەڵێت ئەم ئەگەرە دوورە، بەڵکو ئەوەی زیاتر نزیک و چاوەڕوانکراوە دروستکردنی کێشەیە لە نێو هێزە شیعەکان خۆیان و لاوازکردنیانە، لە ئێستاشەوە بە هەڵوێستی ئەم هێزانە بەرامبەر واقعی سوریا هەست بە ناکۆکی دەکرێت.  یاخود ئەگەرێکی تر ئەوەیە هەوڵی بەهێزکردنی حکومەت بدرێت و  لەڕێگەی حکومەتەوە کار بۆ جڵەوکردنی ئەو گروپانە بکرێت. بێگومان ئێرانیش تا پێی دەکرێ، هەوڵی رێگەگرتن لەم سیناریۆیانە دەدات.
لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ توندوتۆڵکردنی سەنگەری پێشەوەی کە عێراقە، هەست بە سەرهەڵدانەوەی فشارەکانی سەر هەرێم دەکرێت، بەتایبەت ئەمڕۆ لە میدیای ئێرانی پارتی تۆمەتبارکراوە بەوەی پابەند نەبووە بە دەرکردنی حزبە کوردییەکانی ئێران و لە میدیاکانیشیەوە موقابەلەیان دەکات.
ئەم جۆرە خیتابەی میدیا ئێرانییەکان ئاماژەی سەرهەڵدانەوەی فشاری بۆ سەر هەرێم تێدایە. خیتابی هێزە کوردییەکانی هەرێمیش بەرامبەر رووداوەکانی سوریا هیچ جیاوازی نەبوو لە خیتابی هێزە عێراقییەکان و ئاماژەی روونی بۆ پاڵپشتی رۆژاڤا تێدا نەبوو، جگە لەوەی گۆڕان.
سەرچاوە:سایتی هاوڵاتی
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved