ڕامانێکی ڕەخنەییانە لە کتێبی "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا*"ـی ئەمیر حەسەنپوور

سەرەتا
        ڕەوشی زمانی کوردی هەمان ڕەوشی نەتەوەکەیەتی. هەمان چارەنوسی دابەشکردن و دابڕان و ترازانە. هەروەها هەڵوەدای مانەوە و سەربەخۆیی و پاراواییە. هاوشێوەی ژیانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی، پڕە لە هەوراز و نشێوی بەرخودان و بەرەنگاری. هەر لەو سۆنگەیەوە زمانی کوردی پڕە لە شۆڕش و بەرەنگاریی زمانی. ڕووناکبیرانی ئەم بوارە، وێڕای دەرفەت و تەقەلای مانەوە و بەرگری، سەرقاڵی چالاکیی زمانی و پێشخستنی زمانی کوردی بوون. هەوڵدراوە زمانی کوردی لە هەژموون و ژێردەستەیی سەربەستبکەن و بیکەنە خاوەن_دەربڕینی پاراو و پتەو. ئەگەر لە ژیانی سیاسیی کورددا، سەربەستی ئاسۆی تێکۆشان بێت، ئەوا لە ژیانی زمانیدا، پاراویی ئاسۆ و ئاکامە. جگە لە هەوڵدان بۆ پاراوکردنی زمانی کوردی لە پێناو پاراستنی ناسنامە و ڕۆنانی پێگە، بیرمەندان و ڕووناکبیرانی کورد، هیچ دەرەتانێکی تریان نەبووە.
ناساندن کتێبی "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا: تیۆری، سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی"، کە مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور نوسیویەتی، تۆماری هەڵسەنگاندنی سەدەیەکی بەرەنگاران و تێکۆشەرانی بیر و زمانەوانانی ئێمەیە. ئەو کتێبە لە ڕووکاردا لە چوار بەش پێکهاتووە، دۆخەکانی زمانی کوردی و هەوڵەکان بە پێی قۆناغەکانی مێژوو هەڵسەنگێنراوە. هەروەها لە سێ قۆناغدا سەرنجدراوەتە زمانی کوردی: واتە پێش ڕاپەڕین (لە دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق)ەوە، دوای راپەڕین (١٩٩١)، دوای ڕووخانی بەعس (٢٠٠٣)، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بە چنینی بەڵگەی یەک لە دوای یەک، دەیان پرس و کێشەی زمانەوانی و پەیوەندییان بە سیاسەتەوە، بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە هەڵسەنگێنراوە.
        لە کتێبەکەیدا مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور، هانای بۆ شێوازی شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە بردووە و بە میتۆدی دیالێکتیک دۆخی زمانی کوردی لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا لێکدەداتەوە. هەروەها زمانی کوردی لە بەستێنی زانستی زمانناسیی نوێدا، هەڵدەسەنگێنێت و لە توێی شیتەڵەکانیدا بۆچوون و پێشنیاز و چارەسەر دەخاتەڕوو.
پێشەکی
دەستوەردان لە کاروباری زمانی کوردیدا لە لایەن ئەو ڕووناکبیرانەی بە بیرۆکە سیاسییەکان بارگاویکراون، ئاژاوە و پەشێوییان بە سەر زماندا هێناوە. ئەو بیرۆکە سیاسییانەیش بریتین لە ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و سەرمایەدارە نوێیەکانی کوردستانی باشوور. هەرچەندە لە چەند بۆنەیەکدا، نوسەری کتێبەکە بە ئاشکرا ئاماژە بە هەوڵ و هەڵەی ناسیۆنالیزمەکانی کورد دەدات، بەڵام بە شاراوەیی هێما بۆ ڕوانینی ئیسلامیزم و سەرمایەداری دەکات. هەروەها ئەو خوێندەوارانەی بە زمانی تر بیردەکەنەوە و دەست لە زمانی کوردی وەردەدەن، بە تایبەت ئینگلیزی_زانەکانی کوردستان، کاریگەرییان کەمتر نییە لەو ڕەوت و گرووپانەی دۆخی زمانی کوردییان شێواندووە.
        ئاکام و ئەنجامی ئەو دەستتێوەردانانە، بە تایبەت ڕەوتی پەتیکردنی زمان، بووەتە هۆی هەژاریی زمانی کوردی. بە جۆرێک ئێستا زمانی کوردی وەک پێویست دەرەقەتی زانستە مۆدێرن و نوێباوەکانی جیهانی نوێ نایەت. ئۆباڵی ئەو هەژارییەیش، دەخرێتەئەستۆی ئەو ڕووناکبیرانەی هەوڵیاندەدا زمانی کوردی پەتی و پاراوبکەن. ئەو ڕەوتە لە دەیەی بیست و سیی سەدەی ڕابردووەوە، لە تۆفیق وەهبییەوە دەستپێدەکات و تا ئێستایش بەردەوامە. ڕووناکبیرانی کورد، لە بریی ئەوەی زانستییانە و بە تیۆری تایبەتی زمانەوانی دەست لە زمانی کوردی وەربدەن، بە مۆدێلی تایبەت لاسایی تورک و فارس و عەرەبییان کردووەتەوە. بۆیە لە چەندین بۆنەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە: "دەستتێوەردان لە کاروباری زمان، خۆی سیاسەتە". ڕووناکبیرانی کورد، لە بریی ئەوەی ڕەهەندە دیموکراتییەکەی زمان لە ناو زمانی کوردیدا بپارێزن و ڕێگە بە وشە و چەمکی بێگانە بدەن، هەوڵیانداوە وشە و پیت و ڕێنوس و ڕێزمانی کوردی پەتیبکەن. هەروەها لە ناو شێوەزارەکانی خودی زمانی کوردییشدا، ئەو دیموکراتییە ڕەچاونەکراوە و بەها و بایەخ بە شێوەزارێکی تایبەت دراوە.


خستنەڕووی کێشەکە
        نوسەری کتێبی "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا"، پرسیارێک دەوروژێنێت و لەوێوە دەست بە شرۆڤەکانی دەکات. ئەو پرسیارەیش بریتییە لەوەی داخۆ ڕووناکبیر لە بارودۆخی ئێستادا، چۆن بەرەنگاری کێشەکانی زمان دەبێتەوە؟ لەوێوە دەستپێکی ئاریشەکە دەخاتەڕوو. پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە کوردستانی باشووردا، ناکۆکیی سەرەکی لە نێوان زمانی کوردی و دەوڵەتی عیراق، یان کوردی و عەرەبیدا بوو، لێرەوە ناکۆکیی تریش بەدیدەکرێت، ئەم جارە لە نێوان ئاخێوەرانی کوردی (لەهجەکان و ناوچەکان) و لە نێوان کوردی لە لایەک و ئینگلیزی و تورکی و فارسی لە لایەکی ترەوە. هەرچەندە ئەمڕۆ دەسەڵاتی زمانی بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر دابەشبووە و ناکۆکیی نوێ هاتوونەتەگۆڕێ و چارەسەرکردنیان پێویستی بە تیۆری زانست و سیاسەتی ئاڵۆزتر لە جاران هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا ستانداردکردنی زمان پڕۆسەیەکی گۆڕانی وشیارانەیە -بە بەرنامە و مەبەست-، چونکە ئەگەر بێت و دەستتێوەردان لە ئەلفوبێ، ڕێنوس، وشە و ڕێزماندا لە لایەن ئاخێوەران پەسەندنەکرێت (لە نوسین و خوێندنەوە و قسەکردندا)، دەستتێوەردانەکە توشی بەرهەڵستیی زۆر دەبێت و ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت. هەروەها دوور نییە دەستتێوەردانەکە، بە بارێکی لاردا بەکەوێتەوە.
ئەو ئاڵۆزییە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەی بە سەر زمانی کوردیدا هاتووە، وایکرد ڕووناکبیرانیش کەمتر توخنی زانستەکانی زمان بکەون و زۆرتر چاویان لە ئەزموونی زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی بێت. بە جۆرێکە، ئێستا کەمتر ئاوڕ لە مێژووی سەد ساڵەی خەبات بۆ ستانداردکردنی کوردی دەدرێتەوە و تەنانەت بەشێک لە هەوڵ و تەقەلا و هەروەها بنچینەی بیرۆکەکان ونبوون.
مەرجی پەیڤین بە کوردی
لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەت_نەتەوەی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، هەروەها یەکێتیی سۆڤیەت، قۆناغێکی نوێ لە کوردستان هاتەئاراوە. لە تورکیا و سووریا و ئێران، بەکارهێنان و ئاخاوتن بە زمانی کوردی قەدەغەکرا، بەڵام لە یەکێتیی سۆڤیەت و عێراق، بە هۆی دوو هۆکاری جیاوازەوە، ڕێگەیان بە پەیڤین بە زمانی کوردی دەدا. لەو ڕووەوە، زمانی کوردی و ڕووناکبیرانی کورد، وەخۆکەوتن و چەند هەنگاوێک زمانی کوردییان بزواند.
دەستپێکی بزواندنەکە؛ لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتە بە ڕاداندراوەکەوە دەستپێدەکات، چونکە مەرجی سەربەخۆیی عێراق بۆ بوون بە ئەندامی "عصبه الامم" ئەوە بوو، مافی کەمایەتییەکان بە شێوەی قانوونی و بە فەرمی بناسێنرێت. کاربەدەستانی ئەو کاتەی عێراق بە هاوکاریی بەریتانیا، ڕەشنوسی قانوونی "لوغاتی مەحەللی"یان گەڵاڵەکرد، بەڵام ئەمین زەکی بەگ لە دوو عەریزەدا لە ساڵی ١٩٣٠ و ١٩٣١ ڕەخنە و تانەی لە قانوونەکە دا و عەریزەکانی ئاڕاستەی مەلیک فەیسەڵ و مەندووبی سامیی بەریتانیا لە عێراق کرد. هەروەها داوایکرد: وشەی مەحەللی لە سەردێڕی لایحەکە هەڵبگیرێت". شەرتی تەوزیفی مەئموورانی لە کوردستان دەبێت، بە پێی قەراری عصبە الامم، کوردبوون بێت نەک کوردیزانین. هەروەها کوردی بکرێت بە زمانی خوێندن لە گشت قەزاکانی کوردستان لە هەر سێ ئاستی سەرەتایی و ناوەندی و باڵادا. پاشان کوردی بکرێتە زمانی گشت کاروباری دەوڵەت. هەروەتر مادەی ٨ لاببرێت لەبەرئەوەی ئیختیاردەدات بە پێنج قەزای موسڵ بۆئەوەی: ئەگەر بیانەوێت لوغەتی کرمانجیی غەربی "بادینان" بەکاربهێنن. ئەوەیش یەکێتیی زمانی کوردی دەشێوێنێت. ئەوەیش دوای ئەوە هات، کە کاربەدەستانی عێراق لە کاتی نوسینی قانوونەکەدا لە ناکاو درکیان بەوە کرد زمانی کوردی لە عیراقدا پتر لە زاراوەیەکە و دوو زاراوەی گەورەیشی هەیە. ئەوەیشیان کرد بە بیانوو بۆئەوەی ڕێگەنەدەن زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت. دواتریش ڕێگەیان لەوە گرت لە سنووری بادینان خوێندن و کاروباری دەوڵەت بە کوردی بێت.
سیاسەت و قانوون بۆ کپکردنی زمان
کاتێک ئەمین زەکی بەگ لە چاپخانەی مەریوانی لە بەغدا، عەریزەکانی چاپکرد. حکومەتی عێراق ڕێگەینەدا کتێبەکە بڵاوببێتەوە و دەنگی زەکی و داواکارییەکەی کپکرد. لە ڕاستیدا سانسۆرکردنی دەنگی زەکی، تەنیا کردەیەکی قانوونی نەبوو، بەڵکو هەم کردەوەکە و هەمیش قانوونەکە، بنچینەیەکی سیاسی هەبوو بۆئەوەی زمانی کوردی وەک زمانی زارەکیی ماڵ و کۆڵان و عەشیرەت بمێنێتەوە و زمانی عەرەبی بە تەواوی بە سەر زمانی کوردیدا زاڵببێت. ئەوەیش خواستی حکومەتی ئینتیداب بوو.
هەر لەو سۆنگەیەوە، زمان دوو رۆڵی سیاسی هەرە گرنگی لەو دەمەدا بۆ کورد و بۆ حکومەتی ئینتیداب دەگێڕا. لەلایەکەوە ئازادیی زمانەوانی کوردی، گەلی کوردی بەرەو دابینکردنی مافی چارەنووسی خۆی دەبرد. لەولایشەوە زمانی عەرەبی، بۆ حکومەتی بەریتانیا زمانی جەیش و پۆلیس و دەوڵەت بوو، هەروەها ئامرازی هەرە گرنگ و سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق بوو. بۆیە لەو بەستێنەدا، زمانی کوردی دەبووە زمانی ئەوانەی خۆیان جیادەکەنەوە و جیاوازخوازن.
سیاسەت و قانوونی پەراوێزخستن و وەلانانی زمانی کوردی، دۆخێکی نوێ و ترسناکی لە کوردستان هێنایەئاراوە، چونکە ڕۆشنبیران دەیانزانی زمان ئەگەر نەبێتە زمانی پەروەردە، داهاتوویەکی پڕ لە مەترسی دەبێت، بەڵام زمان دیاردەیەکی یەکجار ئاڵۆزە و جموجوڵەکانی لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدا ناسرەوێت. بۆیە لە کوردستانی باشوور، تا ئەو دەمەی زمانکوژی و زوڵمی زمانی لە ئارادا بوو، وەک کێشەیەکی (ناسنامە) لە زمان دەنۆڕدرا. هاوکات دەستتێوەردانەکانیش لە زمان، هەم ڕەهەندێکی سیاسی هەیە و هەم پاڵی بە بیرۆکەیەکی سیاسییەوە داوە، کە لە سەرچاوەی کوردایەتی و نەتەوەییەوە ئاودەخواتەوە.
نوسین وەک دیاردەیەکی سیاسی
یەکەم دەستتێوەردان لە زمانی کوردی بریتییە لە جیاکردنەوەی زمانی نوسین لە زمانی زارەکی. کورد بە چی شێوە و زارێک بنوسێت؟ هۆکاری ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی نوسین بە زمانی کوردی و جیاوازیی لە ڕێژەی ئاخێوەراندا، کە بە سەر شێوەزارەکاندا دابەشبووە. هەرچەندە بنەمای زمانی نوسین، بریتییە لە زمانی زارەکی، بەڵام زمانی نوسین دیاردەیەکی سیاسییە، چونکە پەیوەندیی نوسین و دەسەڵات وەک پەیوەندیی نێوان زار و دەسەڵات نییە. نوسین بریتییە لە دەربڕینی ئەو پرس و کێشانەی بیریلێکراوەتەوە و دواتر داڕێژراوەتەوە. پاشان توێژە تایبەت و خوێنەوارەکان دەیخوێننەوە. هەروەها پڕۆسەی نوسین، بۆ مانەوە و فێرکردن و هاندان و بیرکردنەوەیە لەو پرس و کێشانەی تۆمارکراون، بەڵام قسەی زارەکی، فرەتر بۆ کاروباری ئاسایی ڕۆژانەیە. هەرچەندە لە چەند بەشێکی کوردستاندا قسەکردن بە کوردی قەدەغە بوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن نوسین وەک هەڕەشەیەکی گەورەتر لێکدەدەنەوە. دەسەڵاتدارانی عێراق و بریتانیا، بە دروستکردنی کێشە لە مامەڵەی نێوان زاراوە کوردییەکاندا، هێندەی تر پرسی جیاکردنەوەی زمانی نوسین لە زمانی زارەکییان ئاڵۆزکرد و ڕێگەیان لەوە گرت، کورد لە باشووری کوردستان هەنگاو بەرەو ستانداردبوونی زمانەکەی بهاوێت. هەروەها بە ڕێگرتن لە بڵاوکردنەوەی کتێب و چاپەمەنییەکان، دەرکەوت دەسەڵاتداران ترسیان لە زمانی نوسینە و خۆیان لەگەڵ زمانی زارەکی ڕاهێناوە.
دەستوەردان لە سەپاندنی ئەلفوبێدا
دەستتێوەردانی دووەم، بریتی بوو لە هەڵبژاردنی ئەلفوبێ. زمانی کوردی لەگەڵ کام ئەلفوبێدا دێتەوە و لەگەڵ کامیاندا سازگارە؟ کورد بە سەر چەند وڵاتێکدا دابەشبووە و لە هەر وڵاتێکدا ئەلفوبێیەکی بە سەردا سەپێنراوە. ئەوانیش بریتین لە عەرەبی و فارسی، سیریلییش لە یەکێتیی سۆڤیەت، بەڵام هیچ یەکێک لەو ئەلفوبێیانە بە تەواوی و پڕ بە پێستی زمانی زارەکیی کوردی نین و ناتوانێت دەنگ وێنەبکات، چونکە دەنگەکان لە زمانی کوردی زیاتر و جیاوازترن لەو پیتانەی بۆ زمانی عەرەبی و فارسی و سیریلی دانراوە. لێرەوە، پرسی ئاڵۆزی لە نێوان دەنگ و پیتییش هاتەگۆڕێ و پرسیاری ئەوەی داخۆ دەنگ بۆ پیت دادەنرێت، یان پیت بۆ دەنگ دادەنرێت بەرۆکی کوردیشی گرت و تا ئێستایش هەر بەردەوامە. ڕۆشنبیرانی کورد پێش تورکیا، ئەلفوبێی لاتینییان بۆ نوسینی زمانی کوردی پێشنیازکرد. لە ساڵی ١٩٢٠ (کتابی ئەوەڵەمینی قیرائەتی کوردی- Kitabi Awalamini Qiraati Kurdi) لە لایەن محەمەد زەکی ئەفەندی و میرزا محەمەد باشکا-وە نوسرا و دایرەی مەعاریف لە بەغدا بڵاویکردەوە. ئاشکرایە ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی لەگەڵ پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا، پێکنایەتەوە و ئەو پرسە پشتئاودەخرێت، بەڵام تا ئێستا لە کۆڕی ڕووناکبیری و ئەکادیمی و تەنانەت سیاسییشدا، پرسی هەڵبژاردنی ئەلفوبێیەکی گونجاو بۆ کوردی، گەرموگوڕیی خۆی هەیە. داخۆ زمان لەگەڵ ئەلفوبێ بگونجێت، یان ئەلفوبێ لەگەڵ زماندا؟ پرسێکی گەرمی ناو کۆڕی ڕووناکبیرانی زمانە.
دواتر کە حکومەتی پاشایەتی لە عێراق جێگیربوو، کوردیش بە شێوەی خۆی بەردەوامیدا بە خەبات و بەرەنگاری، پێش ئەوەی کێشەی ئەلفوبێی گونجاو بۆ زمانی کوردی چارەبکرێت، ڕادیۆ و قەوان بوونە میوانی زۆر ماڵان. بیر و مەبەستەکان لە ڕێی دەنگەوە دەگەیەنران. گوێگرەکان بیریان لەوە نەدەکردەوە چ ئەلفوبێیەک لە پشت زمانی زارەکیی ڕادیۆوەیە. درەنگتر کورد وەخۆهاتەوە و هەمدیس پرسی ئەلفوبێی شیاو کامەیە؟ برەویپەیداکردەوە. ڕووناکبیران بە پەیڕەویکردن لە پاشخانی خوێندنی خۆیان لە حوجرەکان، یان خوێندنگەکانی سەردەمی عوسمانی و لە ژێر کاریگەریی ئەدەبی فارسی بۆچوونی خۆیان دەخستەڕوو. هەروەها وەک هەڵوێستێکی سیاسی و نەتەوەیی، هەوڵیاندەدا کورد لە عەرەب و تورک و فارس جیابکەنەوە، بەڵام لە میتۆدی ئیشکردندا، لاسایی ئەوانیان دەکردەوە. لە لایەکی ترەوە، بەرەی نەریتی و مۆدێرنیش پەیدابوو، بەڵام تێکڕا هەڵوێستە نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی و ناسیۆنالیزمییەکانیان دەکردە بنەمای ئیشکردن، نەک بۆچوون و بیرۆکەی زانستی. یەکێک لە بۆچوونەکان، وەک هەڵوێستێکی سیاسی و تەنانەت ئاینی لە بەرانبەر عێراقی بە ڕادان دراوی عەرەبیدا، پشتیدەکردە ئەلفوبێی عەرەبی. پێیوابوو، زمانی کوردی دێرینتر و پاکژترە لەوەی بتوانرێت بە ئەلفوبێی عەرەبی دەرببڕدرێت. لە ڕاستیدا ئەمەیش تەنیا بۆچوون و هەڵوێستێکی کوردانە نییە لە بەرانبەر زمانێکی دیاریکراودا. بۆ نموونە بەشێک لە ڕووناکبیرە ئەوروپییەکان، زمانی چینی و زمانی عەرەبی بە زمانێکی نازانست و دڕندە دەزانن. هەروەها بەشێکی تر لە ڕووناکبیرەکان بە پەیڕەویکردن بە پاشخانە ئاینییەکەیان، ئەلفوبێی عەرەبی بە پیرۆز دەزانن و پێیانوایە ئەو ئەلفوبێیە پیرۆزە، چونکە لە خواوەیە، بۆ زمانی کوردییش گونجاوە و دەستدەدات.
ڕێنوسی پیرۆز و پاکژ
لە دەستتێوەردانی سێیەمدا، پرسی ڕێنوس بەرۆکی زمانی کوردی دەگرێت. داخۆ چۆن پیتەکانی ناو زمانی کوردی، لەبەرگیراوەی دەنگی زمانە زارەکییەکە بن؟ هەروەها دەنگە تایبەتمەندەکانی ناو زمانی دراوسێ، لە ناو زمانی کوردیدا جێیبکرێتەوە یان بپەڕێنرێت؟ داخۆ ئەو پیتانەی نانوسێنرێن بە پیتی پێش و پاشی خۆیانەوە، چۆن چارەبکرێت؟ لەم سۆنگەیەوە، بۆچوونی ناسیۆنالیزمیانەی کوردی، بەو پاساوەی بەشێک لەو دەنگانە لە زمانی کوردی پەتیدا نین، هەوڵ دەدات تەنگژە بۆ پیتەکانی <ع>، <غ>، <ح>، <ق> و... هتد دروستبکات و دەیانگۆڕێت بۆ ئەو دەنگانەی لە زمانی کوردیدا ئاسانتر گۆدەکرێن. وەک <ئـ>، <هـ>، <ک>. ئینجا چەند سەر و بۆرێک بۆ چەند پیتێکی عەرەبی زیاددەکەن بۆئەوەی بتوانرێت دەرەقەتی دەنگە کوردییەکان بێت. وەک: <ڵ>، <ۆ>، <ڕ>، <ڤ>، <ێ>. بەشێک لەو پیتانە لە ساڵی ١٩٠٩ لە وەرگێڕانی ئینجل لە زمانی یۆنانییەوە بۆ کوردی دانراوە، وەک هەردوو پیتی <ڵ>، <ڕ>. پاڵنەری ئەو پەتیکردنەی زمان، جگە لە هەڵوێستی سیاسی، کە باوەڕی بە خۆماڵی/بێگانە هەیە. بۆ بۆچوونی نموونەیی و باڵایی زمانی کوردییش دەگەڕێتەوە، بەڵام زانستی زمان دەریخست هیچ ئەلفوبێیەک بە تەواوی ناتوانێت دەرقەتی هەموو زار و شێوەزارەکانی کوردی بێت. هەروەها تێکڕا زمانەکانی جیهان، لە ڕێنوس و ئەلفوبێدا کێشەیان هەیە و هیچ زمانێک نموونەیی و باڵا نییە. بۆ نموونە لە زمانی ئینگلیزیدا، کە ئێستا بە زمانی زانست و سیاسەت و ئابووری و پەیوەندی ناسراوە، دەنگی /k/ بە ١٣ شێوە دەنوسرێت و زۆر جار دوو پیت یان سێ پیت، ئەرکی گواستنەوەی ئەو دەنگە لەئەستۆدەگرن، یان لە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و عەرەبیدا، چەند پیتێک لە وشەدا دەنوسرێت، بەڵام گۆناکرێن.
لێڵکردنی ڕێی زمان
دەستتێوەردان لە ڕێزمان، لە سەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە جوانی دەردەکەوێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆیە و خەریکی کاروباری ئابووری و دیپلۆماتیکییە و ئێستا کوردستانی باشوور جێی کۆمپانیای نەوت و کونسوڵخانە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییە، پەیوەندیی نێوان زمانی کوردی و زمانی نێودەوڵەتی دەچێتە قۆناغێکی ترەوە. ئاخێوەران لە گشت زمانێکدا، ڕێزمانی زمانەکەی خۆیان دەزانن، بەڵام ناتوانن لێکدانەوەی ڕێزمانی بۆ زمانەکەی خۆیان بکەن. بە تایبەتی لە زمانی زارەکیدا زانینی ڕێزمان لە لایەن ئاخێوەرانەوە بە جوانی دەردەکەوێت. ئاخێوەر خوێندەوار بێت، یان نەخوێندەوار، دەزانێت چۆن ڕستەی بێگرێ و بە پێوانەی ڕێزمانی دەرببڕێت، بەڵام لە باشووری کوردستان لە سەر تابلۆ و نوسراوی حکومی و تەنانەت کتێب و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندندا، هەڵەی زۆر زەقی ڕێزمانی دەبینرێت. بۆ نموونە: نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، جەنگی جیهانیی دووەم، قوتابخانەی مەولانا خالیدی سەرەتایی، فێستیڤاڵی کەلاری نێودەوڵەتی و... هتد. ئەو هەڵانە ئاکامی دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە لە ڕێزمانی کوردیدا. دەستتێوەردانەکەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، خوێنەوارانی کورد بە کوردی بیرناکەنەوە و پێکهاتەی زمانی تر دەکەن بە کوردی. هەروەها هێندە سەرنج لە سەر پەتیکردنی وشە و ڕێنوس و پیت بووە، هێندە سەرنجی ڕستەسازی و پێکهاتەی ڕستەی کوردی نەدراوە. بە هۆی گۆڕانە خێراکان لە ماوەی دوو دەیەی کۆتایی، چ لە ئاستی کوردستان و جیهان، خوێندەواران فریانەکەوتن بیر لە هێنانەئارای وشە و ڕستە و دەربڕینی کوردی بکەنەوە و فرەتر عەرەبی و فارسی و ئینگلیزییەکەیان کردووەتەوە بە کوردی. ئەوەیش کاریگەریی زمانی خوێندنی عەرەبی و فارسی و تورکی بە سەرەوە دەبینرێت. هەرچەندە ئەو دەستتێوەردانە ڕێزمانییە، تا ڕادەیەک جیهانی و گشتییە، بەڵام بەشێکیشی بۆ پرسی نەزمی زمانەکە خۆی دەگەڕێتەوە. هەروەها ئەوانەی هەوڵی پەتیکردنی زمان و ڕێزمان دەدەن، لە باکوور دژی تورکین و لە ڕۆژهەڵات دژی فارسین و لە باشوور و ڕۆژئاوا دژی عەرەبین، بەڵام کەمتر لایان لە دەستتێوەردانی ئینگلیزی کردووەتەوە. ئەوەیش لە کاتێکدایە، ئێستا ئینگلیزی بە هۆی پێگە و کاریگەرییەکەیەوە، زمانێکی باڵادەست و باڵکێشە. لە لایەکەوە ڕێ لە زمانی دراوسێ گیراوە و لە لایەکی تریشەوە باوەش بۆ زمانی ئینگلیزی کراوەتەوە.
نەزۆککردنی وشە
دەستتێوەردان لە فەرهەنگ، پەیڕەویکردن لە سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای تایبەت ڕۆڵە گرنگەکەی فەرهەنگی لە ستاندارکردنی زماندا لەرزۆککرد. بە جۆرێک ڕێبازی پەتیکردنی زمانی کوردی، هێز و توانای وشەخواستنی لە زمانی کوردیدا کوشت. هەروەها وشەکان لە فەرهەنگە کوردییەکاندا، واتای خۆیان بەدەستەوەنادەن و دووردەکەونەوە لە واتا ڕەسەنەکەی خۆیان. واتە لە فەرهەنگەکاندا، چەمک و وشە زانستییەکان بە جۆرێک لێکدراونەتەوە، کە واتای تەواوی خۆیان ناپێکن و خوێنەر لێیانتێناگات. ئەوەیش وادەکات زمانەکەمان بۆ کاری ڕووناکبیری و زانستی نوێباو کۆڵەوار و تەمەڵ بێت. بۆ نموونە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا، چەمکەکانی وەک Abstract, possibility, evolution, rationalism وەک پێویست واتاکانیان بۆ زمانی کوردی نەگوازراوەتەوە. هەروەها لە فەرهەنگەکاندا، کێشەی ناو و ئاوەڵناو لەبەرچاونەگیراوە. چەمكێک وەک ناو هێنراوە، بەڵام واتاکەی وەک ئاوەڵناو لێکدراوەتەوە.
لێکەوتەی وەکیەکلێکردن
بە هۆی پەتیکردن و باڵادەستیی ڕوانینە ناسیۆنالیزمەییەکانی زمان، ئێستا زمانی کوردی زمانێکە دەرەقەتی زانستی نوێباو نایەت. پەتیگەری زمانەکەمان هەژاردەکات، تەنیا زمانەکەی کۆڵەوارنەکردووە، بەڵکو هونەریشی وێرانکردووە، چونکە لە ڕۆمانە کوردییەکاندا هەموو کەس بە یەک زمان قسەدەکەن. نە زمانی منداڵ و گەورە، نە زمانی ژن و پیاو، لەبەرچاونەگیراوە. یەکێتیی زمانی تەنیا لە خەیاڵاتدا هەیە و بە جۆرێک بەرهەم و لێکەوتەی ئاینەکانە. هیچ زمانێک یەکدەست و یەکگرتوو نییە. پەتیگەری لە هزرێکەوە دێت، کە سیاسەتی وەکیەکلێکردنی هەموان پەیڕەودەکات. بە سیاسەتی پەتیکردنی زمان، ناتوانرێت بەرەنگاری دنیای نوێباوی زانست ببینەوە.
لە دەستتێوەردان لە زماندا، مۆدێل جێی تیۆری گرتووەتەوە و وایکردووە بۆچوونە زانستییەکان پشتئاوبکەون، وازهێنان لە مۆدێل و دەستگرتن بە تیۆر و زانستەوە وادەخوازێت، لێکۆڵینەوەی زمانناسییانە لەمەڕ زار و شێوزار و بنزارەکان بکرێت. هەروەها ڕێککەوتن لە سەر ڕێنوس و دانانی فەرهەنگی کوردی-کوردیی تێروتەسەل و وەرگێڕانی زانست و بوارە نوێباوەکان، پێویستییەکی هەنووکەیی زمانی کوردییە. پەرەدان بە پەخشانی ئەدەبی و زانستی بەبێ گوێدان بە پەتیکردن، زمانەکەمان پێشدەخات.
هێشتا ئاڵۆزییەکانی ڕێزمان و ڕێنوس و ئەلفوبێ چارەنەکراون و چەمک و وشەکان لە فەرهەنگەکاندا وەک خۆیان واتا نەکراونەتەوە. زمانی کوردی لە دۆخێکدایە، لە ناوخۆ یەخسیری جیهانبینیی ناسیۆنالیزمە و لە دەرەوە توشی ناسیۆنالیزمی زمانکوژانەی دەوڵەت_نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب بووە. دەبێت لە هەمان کاتدا بەرەنگاری ئیمپریالیزمی زمانیش بێتەوە.
هەڵەسنگاندن
        هەرچەندە ڕەخنەی پەتیکردنی زمانی کوردی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، لە جێی خۆیەتی، بەڵام وادەردەکەوێت ڕووناکبیرانی کورد هیچ دەرەتانێکی ئەوتۆیان جگە لەو پاراوکردن و پەتیکردنەدا نەبووە. دۆخی ئێستای زمانی کوردی، نیشانیدەدات بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی سیاسی و ڕووناکبیری و کولتووری و کۆمەڵایەتی، ئەوەی کراوە دوائاستی شیاوێتی بووە.
مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە چەند بۆنەیەکدا، زمانی فارسی و تورکی بە نموونە دەهێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەدات، لە زانستی زمانناسیدا هەرکاتێک وشەی زمانێک لە لایەن زمانێکی ترەوە خوازرا، ئیتر وشەکە دەبێتە موڵکی زمانی دووەم، بەڵام ئەو دۆخەی بە سەر زمانی فارسیدا هاتووە، چ لە ڕووی ئەلفوبێ و ڕێنوسەوە چ لە ڕووی ڕێزمان و فەرهەنگەوە، دۆخێک نییە تا لاساییبکرێتەوە، یان هەوڵبدرێت ئەزموونی ئەوان دوبارەبکرێتەوە. هەروەها ئەو بۆچوونەی، کە گوایە ئێستا زمانی فارسی و تورکی بە هۆی خواستنی وشە و ئەلفوبێی عەرەبییەوە، ئاسانتر دەرەقەتی زمانی زانستی نوێباو دێت، بۆچوونێکی لەرزۆکە. ڕاستە ئەو زمانانە دۆخیان لە زمانی کوردی باشترە، بەڵام بەشدارییەکی ئەوتۆیان لە زمانی زانستی جیهانیدا نابینرێت و تەنیا لە وڵاتەکانی خۆیان، یان ئەو وڵاتانەی هەژموونی سیاسی و سەربازییان هەیە، گرنگی بە زمانەکەیان دەدرێت. هەروەها پێشخستنی زانست بە تەنیا ڕەهەندی زمانەوانی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی بنچینەیی تری هەیە. ئەوەیش خۆی لە فەلسەفە و هزری فەلسەفیدا دەبینێتەوە. تا بیر و هزری فەلسەفی پێشنەکەوێت؛ زمان پێشناکەوێت. ئاکام و ئەنجامی پاراوکردنی زمانی کوردی لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا، دەرفەتی گەورەی لە بەردەم خوێندن و توێژینەوە و بیرکردنەوە بە زمانی کوردی کردووەتەوە. وێڕای سەرەنج و ڕەخنەکان، وادەدەکەوێت زمانی کوردی هێندەیش کۆڵەوار نییە.
ئەگەر خواستنی وشە لە زمانی بێگانەوە ڕێگە ڕاستەکە بێت، چەند ساڵێکە بەشە زانستییە پزیشکییەکان لە زانکۆکانی کوردستانی باشوور دەستیان بە دامێنی زمانی ئینگلیزییەوە گرتووە، بەڵام نەتوانراوە زمانێکی زانستیی تۆکمە ڕۆبنرێت. بگرە فرەتر پشتیان لە زمانی کوردی کردووە و زیاتر ڕوویان لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییە. وشە خوازراوەکان لە لایەن پزیشکانەوە نەبووەتە زمانی خەڵک. هەروەها بەشی قانوون لە زانکۆکاندا، دەستیان بە دامێنی عەرەبییەوە گرتووە و تا ئێستا بە دەگمەن نەبێت، نەتوانراوە زمانێکی تۆکمەی ئەو بوارە ڕۆبنرێت و هێمان لێکدانەوەی بڕگە و مادە قانوونییەکان بارتەقای زمانی کوردی نین. ئەو دوو بوارە هەستیارە، واتە پزیشکی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە لەش و تەندروستیی خەڵک و قانوون، کە پەیوەستە بە ژیانەوە. بە زمانێک لێکدەدرێتەوە، خوێنەواری بوارەکانی تریش بە ئەستەم تێیدەگەن.
وشە و چەمکی بوارە تایبەتەکان، بە تەنیا لە لایەن فەرهەنگنوسەوە واتاکانیان لێکنادرێتەوە، بەڵکو بیرمەندان و توێژەران بە پەیڕەویکردن لە فەلسەفەی تایبەت بە خۆیان، چەمکەکان بە واتای نوێ و خۆماڵی بارگاویدەکەن. ئەوەیش کێشەیەکی ڕووناکبیری و ئەکادیمییە، تا ئێستا کورد تێیدا لە پاشە، بەڵام ئەگەر بۆ چەمکەکانی زانست و فەلسەفە وشەی بیانی بخوازین، پڕۆسەی چەمکسازیی لە کوردیدا شکستدەهێنێت و بەو جۆرە، بەشێک لە بیرکردنەوە لە زمان و واتا و تێگەیشتن، لەرزۆک و فشۆڵدەبن. لە ڕاستیدا فەرهەنگنوسەکانی کورد، فرەتر ڕۆڵی وەرگێڕیان هەیە و کەمتر دەرەقەتی چەمکسازیی و لێکدانەوە و ڕۆنانی چەمک هاتوون. بۆیە بە سەرەنجدان لە چەند فەرهەنگێکی کوردی، تێدەگەین واتای ڕووکەشیانەی وشە وەرگیراوە و بە لای واتای قووڵی چەمکدا نەچوون. ئەو وشانەی نوسەری کتێبی سەدەیەک خەبات بە نموونە هێناویەتیەوە، تێکڕا چەمکی فەلسەفین و لە بواری فەلسەفەدا لە زمانی کوردیدا، تا ڕادەیەک واتای تەواو و پڕبەپێستیان لێکدراوەتەوە، بەڵام لەو فەرهەنگانەی نوسەر ناویهێناون، ئاماژە بەو چەمکە کوردێنراوانە نەدراوە.
زمانی کوردی بە هۆی پەراوێزخستن و پشتئاوکەوتنیەوە لە لایەک و پرسی زمان وەک ناسنامە لە لایەکی ترەوە، پاراوکردن و پەتیکردنی پێویستی بە ڕوانینێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی هەیە. ئەگەر ڕووناکبیرەکان نەتەوەیی نەبوونایە و ئەو خەمەیان لەکۆڵنەنایە، وەک زۆر نوسەر و ئەدیبی تر بە عەرەبی و فارسی و تورکی دەیانزوسی و زمانی کوردی لەو بزواندنە دەکەوت و لە جێی خۆی نەدەبزوا. بەو جۆرە ئێستا زمانی کوردی وەک کۆمەڵێک شێوەزاری بچکۆلەی ئاخێوەری لادێکان دەمایەوە، بەڵام ئێستا و لە سایەی هەوڵ و تەقەلای ئەو ڕووناکبیرە نەتەوەییانەوە، زمانی کوردی بووەتە زمانێک کتێبی فەلسەفە و زانست و ئەدەب و زمانەوانی پێدەنوسرێت. هەڵبەتە وێڕای تێبینییەکان لە پێناو چاکترکردنیدا.


*سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا: تیۆری، سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی: ئەمیر حەسەنپوور. بنکەی ژین، ٢٠١٥.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved