گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە سوریا، زۆربەی چاوەڕوان کراو بوو لەوەی کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتی دەگوزەرێ بە گشتی و سوریا بەتایبەتی، ئەسەد و حکومەتەکەی کەوتن و هیچ دۆست و یار و هاوڕێیەکی بۆ نەما و تەنها روسیا نەبێ کە دەرگای بۆ کردەوە لە دواساتەکانی روخانیدا، سیاسەت هونەرێکی تۆکمە و جوانە بۆ بەرێوەبردنێکی گونجاو و شیاو بۆ هەموان و هیچ تایبەتمەندییەکی بەرژەوەندیی کەسێتی یان حزبی یان ئاینی نییە لە چوارچێوەی گشتیدا. 
ئەمڕۆی سوریا جیاوازە و هەموان چاویان لە حکومەتی نوێیە و دەوڵەتان بەگشتی و ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیل و ئێران و عیراق بەتایبەتی، هەریەکەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیەتی و هیچیان بەتەواوی ناتوانن خۆیان بکەنە خاوەن دۆخەکە.
 
ئۆپۆزسیۆنی پێشووی سوریا، بە کوردیشەوە لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی جیاوازترن لەوەی پێشوو کە ستەم و خۆسەپاندنی دیکتاتۆری و مەزهەبی و نەتەوەیی پێوە دیاربووە
ئۆپۆزسیۆنی رژێمی پێشوو و بە کوردیشەوە لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی جیاوازترن لەوەی پێشوو کە ستەم و خۆسەپاندنی دیکتاتۆری و مەزهەبی و نەتەوەیی پێوەدیار بووە، دەکرێت کورد پێشنیازی ئەوە بکات کە عیراق حکومەتەکەی فیدراڵییە و دەستوورەکەی مافی هەموانی تێدا پارێزراوە و زیاتر لە 78 وڵات پیادەی سیستمی فیدراڵی دەکەن و دەکرێت سوریاش لەسەر ئەم سیستمە رێک بکەوێت و بەشێوازێکی کاتی تاقیبکرێتەوە و هیچ دەوڵەتێک دەستتێوەردان نەکات لە دۆخی نێوخۆیی سوریادا. 
بە هەموانەوە گفتوگۆی چروپڕتر بکەن و شەڕ و داگیرکردن و سڕینەوە و پەراوێزخستنی لایەنێک، دەبێتە هۆکاری ئاژاوە و ناجێگیری و ناسەقامگیری. 
عەقڵیەتی ئەمڕۆ لەم سەردەمەدا ناکرێت دوور بێت لە بەرژەوەندیی سورییەکان کە خۆیان دەتوانن ئەم هەلە لەدەست نەدەن، بەوەی هەموو کارتە سیاسییەکانی خۆیان بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان بێت و شوێنی هەموانی تێدا ببێتەوە و بوار نەدەنە دەستتێوەردانی دەرەکی، پەیوەندیی سیاسی و ستراتیژیی عەقڵێکی دیموکراسی خوازی دەوێت دوور لە توندوتیژی و خۆسەپاندن، بەتایبەتی لە رووی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە.
لە سیاسەتدا شتێک نەماوە بەناوی سۆز و خاتر و دراوسێتی، بەڵکو هەمووی بووەتە بەرژەوەندییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دوژمن و دۆستی هەتاهەتاییش نییە و نەماوە و نامێنێ، بۆیە کورد لەم گۆڕەپانەدا هەلی باشی هەیە و بە یەکگرتوویی خۆی دەتوانێت ژمارەیەکی بەهێز و و کارا بێت و پشتیوانیشی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەوێت. 
سەرکەوتنی کورد لە سوریا، پێگەی سیاسی کورد بەهێزتر دەکات و قۆناغێکی تری گۆڕانکاری و پێشکەوتن دێتە ئاراوە. نەهامەتییەکانی کورد زۆرە و دەستکەوتەکانی کەمە و قوربانییەکانی لە رادەبەدەرە لە هەموو روویەکەوە. 
بۆیە دەکرێت هەموان پشتگیر و هاوشانی کوردانی سوریا بین، لەوەی کە هەیە ئێستا و بە پرۆژەی تۆکمەی باشەوە بەرچاوڕوونییان بدەینێ بۆ پێکهێنانی ئەو حکومەتەی کە خەریکە دێتە بەرهەم و نموونەی کوردی عیراق بۆ ئێستای سوریا گونجاوە و دەتوانن کاری 
لەسەر بکەن.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved