پرسی کورد بە یەکێک لە پرسە ئاڵۆز و مشتومڕاوییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.  
دەیان ساڵە کورد لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین، وەک تورکیا، سوریا، عیراق و ئێران، هەوڵی بەدیهێنانی مافە کەلتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دەدات.  
لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، لەوانەش ململانێی چەکداری و گۆڕانی جیۆپۆلۆتیکی، ئایندەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر و دژوارتر بووە.
دۆخی ئێستای کورد لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

کورد لە عیراق
 دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003، کورد لە عیراق، توانی دەستکەوتی بەرچاو بەدەستبهێنێت، دیارترینیان دانپیادانانی دەستووریی بە دامەزراوەی فیدراڵی بوو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەتایبەتی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017دا، تەحەددای گەورە سەریان هەڵداوە.  
دژایەتییەکی توندی عیراق و ئێران و تورکیا هەبوو، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی خواستەکانی سەربەخۆیی. سەرەڕای ئەمەش کورد لە عیراق وەک هێزێکی سیاسی کاریگەر لە حکومەتی فیدراڵی عیراقدا دەمێنێتەوە، و نفوزی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا دەپارێزێت.
 
 کورد لە سوریادا
 لە سوریا، کورد سوودمەند بوو لەو شەڕ و ئاژاوەگێڕییەی  ناوخۆی سوریا، بەو پێیەی توانیان ناوچەیەک لە باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە دابمەزرێنن، لەژێر ناوی “ئیدارەی خۆسەری باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا. ” بەڵام ئەم دۆخە هەروا بە هەستیاریی ماوەتەوە، بەو پێیەی حکومەتی سوریا دژایەتی دەکات و تورکیا بەشێک لە هێزە کوردییەکان لە سوریا بە مەترسی ئەمنی دەزانێت بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە.

گۆڕانکاریی سیاسیی ناوخۆیی
 هەرچەندە لە هەندێک وڵات وەک عیراق و سوریا، حکومەت هەیە کە مەیلی ناسیۆنالیستیی عەرەبی هەیە، هێزی کوردییش هەیە کە هەوڵی بەهێزکردنی یەکڕیزی کورد دەدات لەسەر ئاستی هەرێم،  بەڵام رەنگە جیاوازیی هەڵوێستی سیاسیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە وڵاتانی جیاجیادا، دووبەرەکی و ململانێی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە، کە ئەمەش رێگری لە گەیشتن بە خواستە سیاسییەکانیان دەکات.
 سەرەڕای ئەو ئاستەنگە زۆرانەی کە کورد لە ناوچەکەدا رووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام هێشتا دەرفەتی بەدەستهێنانی سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتری لەبەردەمدایە.  

ئەم دەرفەتانە بەندە بە چەند هۆکارێکەوە: 
-1 کارکردن بۆ پتەوکردنی هاریکاری کورد و عەرەب، باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و وڵاتانی عەرەبی، رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە سەقامگیریی رێژەیی.  رەنگە داننان بە مافەکانی کورد لەو وڵاتانەدا گرژییەکان کەم بکاتەوە و ئاسۆی هاوکاریی ناوچەیی بەرز بکاتەوە.
-2 رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:   کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی کورد لە ناوچەکەدا ببینێت، گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکومەتە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بەشدار بن لە دڵنیابوون لەوەی کە مافەکانی کورد رێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێت.
-3 گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی: باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کورد، هۆکارێکی گرنگە بۆ باشترکردنی بارودۆخی سیاسی کورد. 
لە ناوچەکانی وەک هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی ئابووری، دەتوانێت بەشداربێت لە زیادکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و کەمکردنەوەی کاریگەریی هێزە دوژمنکارەکان.
-4 رەوتی فیدراڵی و خۆسەری: کورد لە عیراق و سوریا، دەتوانێت بەردەوام بێت لە داوای فیدراڵی و یا کۆنفیدراڵی یان بەشداریکردنی لە حکومەتە خۆجێیەکاندا زیاد بکات، ئەمەش رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ئەوان لە ئایندەی سیاسی ناوچەکەدا.
سەرەنجام ئایندەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە، لەوانە گۆڕانکاریی جیۆپۆلۆتیک، گۆڕانکاریی ناوخۆیی و رۆڵی زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.  
سەرەڕای ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم کورد، هێشتا ئاواتەکانیان بۆ بەدەستهێنانی مافە کەلتووری و سیاسییەکان و هیواکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ماوەتەوە کە مافەکانیان وەک بەشێک لە داهاتووی هەرێم لە ساڵانی داهاتوودا مسۆگەر بکات.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved