بە گەڕانەوە بۆ بنەماکانی ئایدیۆلۆژیای هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە هەردوولایان بە حزبی سۆشیال دیموکرات، یان دیموکراتخواز خۆیان ناودەبەن، کارێکی ناوازە و بگرە تاوانیش دەبێت ئەگەر رەنگدانەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیایە لە پێکهێنانی حکومەتێکی شەراکەتی راستەقینەی پێکهاتوو بەدینەکرێت، بەڵام زۆرجار بەرجەستەکردنی بنەمایەکی ئایدۆلۆژی و خستنەکاری، یان پراکتیزەکردنی، کارێکی ئاسان نابێت بەتایبەتی کاتێک کە پێکهێنانی حکومەتێک کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ئاڵنگاریی سیاسی و فاکتەری جیاوازی دەرەکی و ناوخۆیی کاریگەرییان هەبێت لەسەری. لەگەڵ ئەمەشدا، بەجێگەیاندنی بەهاکانی دیموکراسییەت و سۆشیال دیموکراسی، کە بوونەتە ئایدۆلۆژیای کارپێکراوی ئەم دوو حزبە، خۆی دەبنە مایەی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشەی درێژخایەنی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان کە هەردوو حزبی براوەی هەڵبژاردنەکانی 20ی ئۆکتۆبەری 2024 دەیانەوێت بیکەن بە کاری داهاتووی حکومڕانییان لە هەرێم.
بە کورتی، بەهاکانی سۆشیال دیموکراسی وەکو ئازادی، یەکسانی، بەرقەراربوونی دادپەروەری و هاوپشتیکردنی سۆشیال دیموکراتەکان، دەکرێ ببن بە سەرەتایەک بۆ داڕشتنی بەرنامەی کابینەی داهاتووی حکومەت. ئازادیی بیروڕا، چ لە سەر ئاستی تاکەکەس، یان حکومەت، گرنگییەکیی ئێجگار زۆری هەیە لە تەعبیرکردن لە خواست و پێداویستیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بەهەمان شێوەش، دابینکردنی کەشێکی دروست و یەکسانیی پارێز لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان دەبێتە مایەی متمانە پەیداکردنەوەی خەڵکی کوردستان بە سیستمی پێکەوەژیان و هەڵسان بە راپەڕاندنی ئەرک و بەدیهێنانی مافەکانیان.
لەلایەکی تریشەوە، دادپەروەری لە ساکارترین دەرەنجامەکانییەوە دەبێتەمایەی پەیداکردنەوەی نیشتمانپەروەری و دروستکردنەوەی هەستی خۆشەویستی نێوان کەس و نیشتمان. لە کۆتاییشدا، هاوپشتی و یەکگرتویی هێزە سۆشیال دیموکراتەکان، بەتایبەتی هەردوو حزبی براوە لە هەڵبژاردنەکان، توانا و هێزی حکومەتی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان پتر دەکات.
دەمێنێتەوە سەر چۆنیەتی پراکتیزەکردنی ئەم بەهایانە بەتایبەتی لە دانوستانەکانی نێوان هەردوو وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەگەر تەنانەت بە پێوەرە لۆجیکییەکانیشەوە سەیری شێوازی ئەنجامدانی دانوستان بکەین، لەوانەیە ئاسانتر و دوورتر بێ لە حەساسییەتی حزبی کە هەر یەکێک لەو بنەمایانە بکرێنە ناوەندی گفتوگۆکان. بۆ نموونە ئەگەر باس لە بەرنامەی وەزارەتێک، یان هەر تەوەرێکی حکومڕانی بکرێ، لەسەر بناغەی ئازادیی لە بڕیار، یەکسانی لە هاوبەشیکردن، دادپەروەریی بەرەو رووی کۆمەڵانی خەڵک، بەدیهێنانی پشتیوانیی حزب و رەوتە سۆشیال دیموکراتەکانی هەرێم و جیهان، لەسەر ئەم بناغەیە بنیات بنرێت، بەرنامەی ئەو وەزارەتە لە دەرەنجام دەکەوێتە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەردوو حزبەکە و لایەنی تریش کە هاوپەیمانیان بن سەرکەوتن بەدەست دەهێنن و لە پێگەی جەماوەریی خۆیانەوە بەهێزتر دەبن.
ئەمە کارێکی تیۆری دوور لە پراکتیزەکردن نییە و ئەستەم نییە رەفتار نەکرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم بەهایانە نەکرێنە پارسەنگی داڕشتنی بەرنامەی کاری کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لاسەنگی و ناتەواوی دەبێتە خەسڵەتی دیاری ئەو بەرنامەیە و رەنگدانەوەی زۆر نالەباریشی دەبێت لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی.
لە کۆتاییدا، حزب بۆیە بانگەشەی هەندێک بەهای فکری و ئایدیۆلۆژی دەکات تا لە کاتی رەخساندنی بوار بۆی کە حکومڕانی بکات، ئەو بەهایانە بەکار بهێنێت. ئەگینا وەکو حزبە کارتۆنییەکان لە زۆر سەردەم پەیدابوون و لە ناوچوون، تەنها دەبن بە بارگرانی بۆ حکومڕانی و نەهامەتییش بۆ نیشتمان و کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکە.
بۆیە دووبارە کارێکی حەتمی و لۆجیکییە کە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەها جوانەکانی دیموکراسییەت و سۆشیال دیموکراسی بکرێنە سەرچاوەی گفتوگۆکردن و بەرنامەداڕێژی و تەنانەت پێوەریش بۆ هەڵسەنگاندنی جۆری بەجێگەیاندنی بڕگەکانی ناو بەرنامەکەش.
*ئەندامی سەرکردایەتیی ی.ن.ک و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە