هەر لەگەڵ دەستپێکی داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکدا، گەلی کوردستان ئاشنا بووە بە پەیوەندیی و بەرهەم و دەستکەوتی جووڵەی دیپلۆماسی. ئەم زاراوەیە، هەر تەنیا لە چوارچێوە کۆنەکەی نەماوەتەوە، کە بریتی بووە لە پەیماننامەی نێوان دوو وڵات، یاخود زیاتر، واتا و سنوورەکەی فراوانتر بووە، کە ئەمڕۆ زیاتر رووی لە ئاقاری راوێژکاری و هاوکاری و پشتیوانی و گۆڕینەوەی بیروڕاش کردووە.
لە مێژووی کورددا، وەک هەر نەتەوەیەکی دنیا، ئەو جووڵەیە، سەرەتا بە دەسەڵاتی میر و میرنشینەکان گرێدراوە. ناوی شەریف پاشای خەندان وەک سەرتۆپی دیپلۆماتکارانی کورد دەهێنرێت. گەنجینەی وڵاتانی گەورە و بڕیاربەدەست پڕن لە هەوڵی دەستەجەمعی و تاکەکەسی نوێنەرانی کورد بۆ پەیوەندیی گرێدان و پشتیوانی بۆ کوردایەتی، لە سەردەمی حکومدارێتی شێخ مەحمود و کۆماری کوردستاندا گرنگی بەو بوارە دراوە. لێرەش لە سەرەتاکانی شۆڕشی ئەیلول سەردانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ئەوروپا و پاشان جەولە مەکوکییەکەی مام جەلال لە ساڵی 1963 لە کوردستان بۆ بەغدا، دوایی قاهیرە پاشان بۆ فەرەنسا و ئینجا بەریتانیا روویەکی دیکەی بە بزاڤی کورد و ناسینی دا. بۆ شۆڕشی نوێش، هەر کەسێک نامە نهێنی و تایبەتییەکانی مام جەلال ببینێت، دەزانێت هەر لە ساڵی 1975دا بە چ میکانیزمێک هەوڵیداوە پشتیوان و کۆمەک بۆ شۆڕش بەدەستبهێنێت و رووی راستەقینەی کوردایەتی بە وڵاتان نیشان بدات، نموونە زۆرە و بەڵگەش زیاتر.
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە، ئەمڕۆ چۆن بزاڤی دیپلۆماسیەتی کوردستانی کۆبکەینەوە، تا لە دۆخی گەرمی ئەمڕۆی ناوچەکە بگەین! لێرە کۆمەڵێک وڵات نوێنەر و کونسوڵخانەیان هەیە، ئایا ئەمانە دەتوانن و کار بۆ ئەوە دەکەن، کە رووی راستەقینەی ئەم  هەرێمە وێنا بکەن و بۆ وڵاتەکانیان بگوازنەوە، یاخود وەک تەماشاکارێک رووداوەکان دەنووسنەوە! هەر چۆنێک بێت پێویستە بەشێوازێکی دیکە و بە میکانیزمێکی تر، شەمەندەفەری دیپلۆماسیەتی باشوور بخرێتەسەر هێڵی تەندروست و باشتر بکەوێتەکار.
ئایا ئێمە دەتوانین و دەستووری عیراق رێگەدەدات دیپلۆماسیەتی خۆمان بەڕێوەببەین، بەڕای من پەیوەندیی و زمانی ئاخافتن و گوێگرتن و هاوکارییەکانمان بایی ئەوەندە تەڕایی تیایە، کە جووڵە بکەین، بە تایبەتیش بوونی کۆمەڵێک دۆستی کێشەکەمان لە وڵاتاندا. دەکرێت نەوەستین و بەرهەممان هەبێت و دەستووریش ئیستفزاز نەکەین.
پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار لەم باشوورەدا دەوڵەمەندە، دەکرێت پێکەوە سەردانی وڵاتان بکەن و لەیەک مێزدا لەگەڵیان کۆببنەوە، بەتایبەتیش وڵاتانی بڕیار بەدەست. ئەمڕۆ وەختێتی لە بواری دیپلۆماسیدا بەجووڵە بکەوین و پرسیاری ورد لە کەیسی ئەم هەرێمە بکەین. کاتی ئەوەیە لە حکومەت و حزبدا کوتلەیەکی دیپلۆماسی خاوەن ئەزموون پێکبهێنرێت، مەرج نییە ئەندامی ئەو دوو حزبەش بن، زۆر گرنگە تا زووە ئەم کەیسە بجووڵێنرێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved